نووسینی: محەمەد ساڵح قادری لە ڕای گشتیدا وا وێناسازی کراوە کە کێشەی ئۆرمیە و ناوچە باکوورییەکانی تا دەگاتە چۆمی ئاراز، پەیوەندی بە بابەتی ناسیۆنالیزمی کورد و تورک و دەسەڵاتداریی هەرکام لە نەتەوەکانی کورد و ئازەری لەو دەڤەرەدا، یان پرسی سنووریی نێوان کوردستان و ئازەربایجان لە "میدیای بچووک"دا هەیە. ئەم لێکدانەوەیەش پشتی بە کۆمەڵێک فاکتەری مێژوویی، جوگرافیایی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری، ئەمنیەتی و ئیدارییەوە بەستووە کە لە قۆناخە جیاجیاکانی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی ئەم دەڤەرەدا، کورد و ئازەرییەکانی ئاوێتەی چارەنووسێکی هاوبەش و لە هەمانکاتدا بەریەککەوتنی بەردەوام لەو دەڤەرەدا کردووە، بەلام هیچکامیان نەیانتوانیوە ئەویتر لەنێو ببات، یان نکۆلی لە واقیعی بوونی یەکتر لەو هاوبەشیانەدا بکات. کوردانی ڕەوادی و شەدادی و هەزەبانییەکان کە سەدان ساڵ بووە شارەکانی تەورێز و ئۆرمیە و گەنجە، جوگرافیای "میدیای بچووک" ناوەندی دەسەڵاتیان بووە، لە نێوەڕاستی سەدەی یازدەدا دوای هاتنی تورکە ئۆغۆزەکان و سەلجۆقییەکان لە ئاسیای نێوەراستەوە بۆ ئەو ناوچانە، ئیتر کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەوان هێنراوە و پڕۆسەیەکی نوێی دەسەڵاتداریی تورکە سەلجۆقییەکان لەو ناوچەیەدا دەستی پێکردووە و وردەوردە بناغەی ناسنامەیەکی دەسکردی دەرەکیی "تورک"یان بۆ ئازەرییەکانی پاشماوەی "ئاترۆپات" فەرماندە و دەسەڵاتداری بەناوبانگی کوردانی میدیای بچووک لە سەردەمی هەخامەنشییەکاندا، داتاشیوە و زمانی خەڵکی نیشتەجێی ئەو ناوچانە لە پڕۆسەیەکی دووسەد ساڵەی زەمەنیدا بۆ تورکی گۆردراوە و لەو کاتەوە تاکو ئێستا لەو دەڤەرەدا ئیتر ئەویتری کوردان، ئازەریی تورکیئاخێو بووە و هەرچی ناکۆکییەک لەنێوان کورد و دەسەڵاتی ناوەندی لە مەمالیکی مەحرووسە و دواتریش لە جوگرافیای سیاسی ئێراندا بووبێ، یەکەم بەریەککەوتن لەگەڵ ئازەرییەکان بووە کە بە هۆی دوژمنایەتییان لەگەڵ کوردەکان، بوونەتە سپەری بەڵاگێڕەوەی دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێراندا. لە سەردەمی شەڕی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکاندا، ئازەرییەکان بە ناسنامەی ئایینی شیعە لەدژی تورکانی عوسمانیی سوننە مەزهەب شەڕیان کردووە و خۆیان بە ناسنامەی تورکبوونەوە نەبەستووە و، خۆیان وەک ئازەریی شیعەی سەفەوی پێناسە کردووە. ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت و دروستبوونی دەوڵەتی ئازەربایجان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر گەشەسەندنی هەستی نەتەوەیی ئازەرییەکانی ئێران دانا، لە دوو دەیەی ڕابردوودا کێشەیەکی ستراتیژی و مەترسیدارتری دیکە بەرۆکی کوردەکانی ئەو دەڤەرەی گرتووە، ئەویش ئەمەیە کە هەرکام لە وڵاتانی تورکیە و ئازەریایجانی باکۆ چاویان بڕیوەتە پێگەی ژێئۆپۆلیتیکی ئەم ناوچە بەرتەسکە سنوورییە و بۆ ئەوەی بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و پشتێنی کۆریدۆری زەنگەزۆر بۆ پێکەوەگرێدانی تورکیە و ئازەربایجان بە ئاسیای نێوەراست و قەفقاز بەهێز بکەن، بە ڕێگای ئازەرییە پانتورکەکانەوە هەوڵ دەدەن بوونی کوردەکان لەو سنوورانەدا وەک کێشەی ئەولەهی و کۆسپی سەرەکی لەبەردەم ئامانجی ژێئۆپۆلیتیکیی خۆیان پێناسە بکەن و هەوڵی پاکتاوکردنی کوردەکان لەو دەڤەرەدا بدەن. پانتورکەکانی تورکیە لە دوو دەیەی ڕابردوووە لەنێو ئازەرییەکانی ئێراندا بە شێوەیەکی سیستماتیک بە ڕێگای کۆمەڵێک ڕێکخراوی سیاسی و چالاکانی مەدەنی و دەزگای ڕاگەیاندنەوە، بیری پانتورکیزم بڵاو دەکەنەوە و لەپێناو سەرخستنی پرۆژەی پانتوورانیزم و لێکگرێدانی تورکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئاسیای نێوەڕاست و قەفقازەوە، بوونی کوردەکان لە ئۆرمیە، سەڵماس، کۆتۆل، کەلا خوێ، ماکوو و پۆلدەشت وەک کۆسپێک لەبەردەم جێبەجێکردنی ستراتیژییەکەیاندا دەبینن و دەیانهەوێ بە دنەدانی ئازەرییەکان لەدژی کوردەکان شەڕێک لەو ناوچانەدا وەڕێ بخەن و ئەو بابەتە بکەنە بیانووی هەڕەشەی ئەمنیەتی بۆ سەر سنوورەکانی خۆیان و لە کۆتاییدا بۆ پشتگیریی ئازەرییەکان دەستێوەردان بکەن و کوردەکان لەو ناوچانە پاکتاو و دەربەدەر بکەن و چارەنووسی ئۆرمیە وەک عەفرین لێ بکەن. لە وەها دۆخێکی مەترسیداردا کە پیلانی سیستماتیک و هەڕەشەی بەردەوامی پانتورکەکان مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ژیان و ئەولەهیی خەڵک و ناسنامەی کوردستانیبوونی ئۆرمیە و دەوروبەری پێکهێناوە، پێویستە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئەکادیمی و ڕووناکبیرانی دەروەست و کوردانی دیاسپۆرا بە سیاسەتێکی ڕوون و وتاری یەکگرتووانە، وێرای بەرگریی بێخەوش لە ناسنامەی کوردستانیبوونی ئۆرمیە و ناوچە باکوورییەکانی تا پۆلدەشت و چۆمی ئاراز، نەهێڵن چارەنووسی خەڵک و خاکی ئەم دەڤەرە بکەوێتە بەر مەترسیی پاکتاوکردن و داگیرکاری. هەروەها پێویستە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندە سیاسییە بڕیاربەدەستەکان لە لێکەوتەکانی وەها پیلانێکی مەترسیدار ئاگادار بکرێن و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک بەرپرسی یەکەمی وەها پیلانگێڕی و لێکەوتە نەخوازراوەکان بە ڕای گشتی بناسێندرێت. لە لایەکی دیکەوە دەیان ساڵە ئازەرییەکان بە پشتیوانیی دەسەڵاتی ناوەندی و لایەنی دەرەکی هەوڵی سەپاندن و چەسپاندنی سەروەری و باڵادەستیی ڕەهای خۆیان لە بواری سیاسی، ئیداری، ئابووری، کولتووری و ئەمنیەتی لە شارە کورد و ئازەرینشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لە پارێزگای "ئۆرمیە" دەدەن و بۆ ئەو مەبەستە بە شێوەیەکی سیستماتیک لەدژی کوردەکان کار دەکەن و سیاسەتی ئینکار و سڕینەوەی کوردەکانیان گرتووەتە بەر. کوردەکانیش لە بەرانبەر وەها سیاسەتێکی پاوانخوازی و ئینکاردا، وەک زەروورەتێکی مێژوویی و ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، بەرگری لە ناسنامە و خاکی خۆیان دەکەن و دەیانهەوێ ئەو دۆخە نالەبار و مەترسیدارە نەمێنێ و ژیان و ئەولەهییان پارێزاو بێ و دەرفەتیان هەبێ تاکو دوور لە هەرچەشنە هەڵاواردن و پاوانخوازییەک، بتوانن لەگەڵ ئازەرییەکان و پێکهاتەکانی دیکە، لە ڕەهەندەکانی ئیداری، ئابووری، فەرهەنگی و ئەمنیەتیدا، بە مکانیزمێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ بەشدارییان هەبێ و پێکەوەژیانێکی ئاشتییان لەو دەڤەرەدا هەبێت. بەڵام عەقڵیەتی تورکە پاوانخوازەکانی نیشتەجێی ئێران بەدوور لە بنەمای هاوسەنگی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و چەمکی دادپەروەری، بە دنەدانی ڕێژیمی ئێران لە لایەک و، لە لایەکی دیکەوە بە پشتیوانیی لایەنە ڕەگەزپەرەستەکانی تورکیە و باکۆ، دژایەتیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و چاوی تەماحیان بڕیوەتە خاکی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ نموونە سەرەڕای زۆرینەبوونی کوردەکان لە پارێزگای ئۆرمیە، بەڵام لە بواری ئیداری و بەڕێوەبەریی شارەکانی تێکەڵاو لە کورد و ئازەری، لە کەرتی ئیداری، ئابووری، کولتووری، وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریدا، نەتەنیا دەرفەتی وەک یەک بۆ بەشداریی کوردەکان پێک ناهێنن، بەڵکوو وەک میوان و کۆچەر ناویان دەبەن و دژایەتیی بەڕێوەبردنی ئاشتییانەی بۆنەی نەورۆز و چالاکیی هونەریی گرووپی هەڵپەرکێ و تیمی وەرزشیی فووتباڵ و هەرچەشنە خەباتێکی مەدەنیی کوردەکان لەو شارانەدا دەکەن و بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی، فەرهەنگی، وەرزشی و بگرە دروستکردنی مزگەوت بۆ کوردەکان، کۆسپی گەورەیان بۆ دروست دەکەن و مۆڵەتیان پێ نادەن، ڕێگری لە دانانی ناو و هێمای کوردی بۆ شەقام و شوێنە گشتی و تایبەتەکان دەکەن و بەو سیاسەتە هەڵاواردنە بەربڵاوە، بەردەوام کوردەکان لە پەراوێزدا ڕادەگرن. پێویستە کوردستانیانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە و کەسایەتییە باوەڕپێکراو و دەروەستەکان و چالاکانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، لەپێناو چارەنووسی هاوبەشیان لە بەرانبەر هەڕەشە و مەترسییە پێشبینیکراوەکاندا، بە ڕێوشوێنی ئاشتییانە و شارستانیانە پشتگیری لە چالاکڤانانی مەدەنی و گرووپەکانی هونەری، وەرزشی، ژینگەپارێزی و کولتووری و مافە مەدەنی و نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن و بە بەهێزکردنی پێگەی ئەو خەباتە و، پێکهێنانی هاوپێوەندی و یەکگرتوویی لەنێوان چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا، ڕەسەنایەتیی شارستانییانە و ئاستبەرزیی کوردستانیان بۆ خاوەندارێتی لە ناسنامە و مافەکانیان پێشانی جیهان بدەن.