16 . سەرماوەز . 2725
مالەوەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techفرۆشگەسەبەتە 0

ژنکوژی وەک دیاردەیەکی جیهانی و بەردەوام

ژنکوژی وەک دیاردەیەکی جیهانی و بەردەوام
11 . سەرماوەز . 2725

شەمەندەفەری شکاو

Preis: 3,97 €
Verfügbar: 1,00

ژنکوژی وەک دیاردەیەکی جیهانی و بەردەوام

نووسین: ڕۆژیندا بەیان
بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥ی زایینی بڵاو کراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا هەموو ڕۆژێک ١٣٧ ژن و کچ لە جیهاندا لەلایەن هاوژین یان ئەندامانی بنەماڵەیانەوە کوژراون. بەگوێرەی ئەم ئامارە، هەر ١٠ خولەک ژنێک بە دەستی پیاوانی بنەماڵەکەی کوژراوە. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژنکوژی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بوونی هەیە و هەموو ساڵێک دەیان هەزار ژن و کچ ئەبن بە قوربانی و هیچ ئاماژەیەک نییە بەوەی دۆخەکە باشتر ئەبێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ساڵی ٢٠٢٤ ز. بەگشتی ٨٣ هەزار ژن و کچ کوژراون، ٦٠ لەسەدی ئەو ژنانە لەلایەن پیاوانی بنەماڵەکانیان کوژراون. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە زۆربەی نموونەکاندا ئەکرێت بەر بە کوشتنی ژنان و کچان بگیردرێت، بەڵام بە هۆکاری جیاوازی یاسایی، کولتووری و ... هەوڵی جیددی نییە بۆ ئەوەی بەر بەم دیاردەیە بگیردرێت. ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەیییە هەروەها ئاماژە بەوەش داوە کە پێ دەچێت ئەم ئامارە ئامارێکی ڕاستەقینە نەبێت، لەبەر ئەوەی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی دنیا زانیاریی دروست و ڕاست لەسەر کوشتنی ژنان بڵاو ناکرێتەوە. لە لایەکی ترەوە زۆر جار لە زۆر شوێنی جیهاندا، کوشتنی ژنان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە تۆمار ناکرێت، یان بە هۆکاری جیاواز هەوڵ دایپۆشینی دەدرێت.

شارەزایان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ناسەقامگیریی ئابووری، شەڕ، کۆچی زۆرەملێ و ناچاری و ... هۆکارن بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان پەرە بسێنێت و ژنان زۆر جار بەم هۆکارانە ڕووبەڕووی مەرگ ئەبنەوە. ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، بەشێکە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پرسی کوشتنی ژنان بەدەستی پیاوانی بنەماڵەکانیان. بێگومان کوشتن وەک بەرزترین ئاستی توندوتیژی دژی ژنان دەناسرێت. ژنان تاکوو ئێستەش لە دنیا و بەتایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و کۆنسێرڤاتدا، لە بەردەم هەڕەشەی توندوتیژیدان بە هەموو شێواز و جۆرەکانییەوە، تەنانەت تاکوو دەگاتە هەڕەشەی کوشتن و لەناوبردن. لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا زۆربەی ئەو ژنانەی لەلایەن پیاوانی بنەماڵەوە دەکوژرێن، بە تاوانی شەرەف و شۆردنەوەی شەرەف ئەبن بە قوربانی. کولتووری پیاوسالاری و زۆر جار پیاوسالاری - ئایینی ئەو ڕێگەیە بە پیاوان ئەدات کە لەپێناو ئەو شتەی خۆیان ناوی ئەنێن شۆردنەوەی شەرەف، دەست بدەنە کوشتنی ژنان و ژنان ببن بە قوربانی.

کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف و نامووس لەلایەن پیاوانی نزیک و بنەماڵەوە؛  ئەم دیاردە قێزەون و ناشارستانییە شتێکی تازە نییە و تەنانەت دەشتوانین بێژین تایبەت نییە بە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو. هەرچەند ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا زۆر زیاترە، بەڵام لە هەر کوێی جیهاندا دیدی پیاوسالاری و دەسەڵاتی پیاومەزنی بوونی ببێتو زاڵ بێت، دیاردەی ژنکوژی کەم تا زۆر بوونی هەیە.

بەداخەوە زۆر جاران دەبیستین و دەخوێنینەوە کە ژنان دەبن بە قوربانیی ئەم تێڕوانینە کۆن و دواکەوتووانەیە. تێڕوانینێک کە ژن وەک ئۆبژەیەک لەناو چوارچێوەی کۆمەڵگە و بنەماڵە و خێڵدا دەبینێت و ئەو ڕیگەیە بە پیاو ئەدات کە بە مەبەستی پاراستنی یاساکانی خێڵ، کۆمەڵگە، بنەماڵە و … بە مەبەستی  پارێزگاریکردن لەو شتەی ناوی دەنێت شەرەف و نامووس یان هەر شتێکی تری لەم چەشنە، بە هەر شێوەیەک کە بیهەوێت ڕەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵ ژندا بکات. لەم ڕوانگەوە ژن بەشێکە لە موڵکی خێڵ و بنەماڵە و عەشیرە و پارێزگاریکردن لێی ئەرکی پیاوانە. ئەم  دیدی پیاومەزنییە لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان و بەتایبەت ئەو کۆمەڵگەیانەی کە هەڵگری کولتووری عەرەبی – ئیسلامین، لە ئێستەدا زیاتر لە زۆربەی کۆمەڵگەکان درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات و خەرێکی نوێکردنەوەی خۆیەتی. کولتوور، دابونەریت و ئایین وەک سێ کوچکەی پشتیوانی و پشتگیریکردن لە ئایدیۆلۆژیی پیاومەزنی، چاویان لێ دەکرێت و هەرسێکیان بەردەوام لە جێگۆڕکێدان بۆ پتەوترکردنەوەی بنەماكانی پیاوسالاری و پیاومەزنی لە کۆمەڵگەدا. سیستەمی پیاوسالاری، ژن وەک موڵک دەبینێت و پیاو ئامادەی پارێزگاریکردنە لەو موڵکەی کە بووە بە خاوەنی.

کە پیاوێک، هاوژینێنێک یان هەرکام لە ئەندامانی بنەماڵە، ئەو ڕیگەیە بە خۆی ئەدات بە بیانووی پارێزگاری لە شەرەف، نامووس و … خوشک، ژن یان کچی خۆی بکوژێت، لە ڕاستییدا لەبەر ئەوەیە لەلایەن کولتوور و دابونەریت و یاسا و ئایینەوە ڕێپێدراوە. ناکرێت هیچ کامێک لەم هۆکارانە بە کەم بزانین و لە بەرچاوی نەگرین لە پەیوەندی بە کوشتنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا. بە ئێستەشەوە لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهاندا، ژن وەک (ڕەگەزی دووەم) دەبینرێت، لە بەشێکی زۆری کایە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دوور ئەخرێتەوە؛ مافی بەشداریکردن لە بەشێکی زۆر لە کایە سیاسییەکانی پێ نادرێت. ئابووریی جیهان بە ئێستەشەوە ئابوورییەکی پیاوسالارانەیە؛ سیستەمی ئابووریی جیهان بە دەستی پیاو دەگەڕێت.

یاسا لە بەشێکی زۆر لە وڵاتان و بەتایبەت ئەو ڵاتانەی یاسا بەپێی ئایین داڕێژراوە، یاسایەکی دژەژنە، یاسایەکە ئەو ڕێگەیە بە پیاو ئەدات توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بنوێنێت، لێی بدات، ڕێگەی سەفەری پێ نەدات، مافی هەڵبژاردنی ژیان، لەبەرکردن (پۆشش) و زۆر مافی تر لەلایەن یاساوە لە ژنان ئەسێنرێنەوە و ئەوە پیاوانن دیاری ئەکەن ژنان چی لەبەر بکەن، چۆن بگەڕێن، بۆ کوێ بچن، چی بخوێنن، چی بکەن، لەگەڵ کێ ژیان پێک بهێنن و ... ئەگەر ژنێکیش دژی ئەو سیستەمە بوەستێتەوە، دەکرێت بە قوربانی.

لە ڕۆمانی "گرەوی بەختی هەڵاڵە"، لە نووسینی "عەتا نەهایی"، هەڵاڵە کە کاراکتێرێکی کوردە، ئەبێت بە قوربانی و لەلایەن پیاوێکەوە کە هاوژینی بووە و هەڵاڵە لێی جیا بووەتەوە، لە وڵاتێکی ئورووپایی بە چەقۆیەک کە باوکی هەڵاڵە بە پیاوەکەی بەخشیوە، ئەکوژرێت. ئەو چەقۆیە هەمان ئایدیا و بیرکردنەوەی پیاوسالارییە کە ساڵانە ژنان ئەکات بە قوربانی. هەڵاڵە وەک ڕەمز و سیمبولێک بۆ کچی کورد، ئەکرێت یەکێک بێت لەو سەدان کچە کوردەی کە لە جیهانی ڕۆژاواش بە دەستی سیستەمی پیاوسالاری کوژراون، وەک چۆن "فاتیمە شاهینداڵ" لەلایەن بنەماڵەکەیەوە کوژرا.

ئەم باسە کێشەیەک ئەخاتە ڕوو کە ئەویش سیستەمی پەروەردەیە، بەگشتی پەروەردە، هەر پەروەردەی خێزان تا دەگاتە پەروەردەی خوێندنگە، پەروەردەی سیاسی و ... هەموویان پیاوسالارن و بەشێکن لەو بازنەیەی کە ڕەوایی بە توندوتیژی ئەبەخشن بەرانبەر بە ژنان.

بەگشتی ئەم دیاردەیە لە هەموو جیهاندا بوونی هەیە؛ کوردستان دوور نییە لەو دیاردە کارەساتبارە و لای خۆشمان ڕۆژانە هەواڵی کوشتنی ژنان بە دەستی پیاوان بڵاو ئەبێتەوە. زۆر هەواڵیش بڵاو ناکرێتەوە و بێدەنگی لێ ئەکرێت. زۆر جاریش کوشتنی ژنان بە ناوی خۆکوژی یان ڕووداوێکی وەک ئاگرکەوتنەوە یان کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و ... دادەپۆشرێت. یاسا، سیستەمی پەروەردە، دابونەریت و ... هەموویان ڕەوایی بەم کردەوە نامرۆڤانەیە ئەدەن. تەنیا ڕێگەش یەکگرتنە، یەکگرتن بەرانبە بەم دۆخە؛ وەستانەوەیە بەرانبەر بەم سیستەمە و هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هۆوشیار، کۆمەڵگەیەک مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتییەکان پێوەر بن، نەک بەها ڕەگەزی و جێندەرییەکان.