لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا فایلێکی دەنگی له وتەکانی چەند ساڵ لهمهوبهری هاوسەرۆکی ئێستای پژاک، ئەمیر کەریمی، لە کۆبوونەوەیەکی ناوخۆیی ئەم حیزبه و ڕوو له حدکا و کۆمەڵە بڵاو بۆتەوە. لێرە دا زۆر به کورتی ئەم وتانە و کاردانهوه سیاسیهکانیان هەڵدەسەنگێنم. وەک پرەنسیپێکی پێشکەوتنخوازانه له هەموو کۆمەڵگایەکی دێمۆکراتیک یا دێمۆکڕاسیخوازدا ڕەخنەگرتنی لایەنێکی سیاسی له حیزب و لایەنە سیاسیەکانی دیکه نەک تەنیا ڕێگەپێدراوه بەڵکوو پێویستێکی بنچینەییە. له ڕاستیدا کلتووری ڕەخنه گرتن یەکێک لە پێناسەکانی دێمۆکراسیه. لە وتەکانی کەریمیدا، گەرچی ناوهڕۆکی ڕهخنهکانی به تهواوی قەبووڵکراو نیه، بهڵام زۆرێک لەو بابهتانهی که بوونهته ئامانجی ڕهخنه، گرینگن و شایستهی باس و مشتوومڕی تهندروست و گونجاون: بۆ نموونە هەڵس و کەوتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان له به رامبهر ناسنامەی ئێرانی، بۆچوونیان له سەر ئەو سنوورانەی کوردستانیان دابەش کردووه، مەسەلەی ناوچەگەرایی له کاری حیزبیدا، بابهتهکانی پێناسهکردنی ناسنامهی نهتهوهیی (کێ کوردە؟ کوێ ڕۆژهەڵاتە؟)، پاسیڤ بوونی سیاسی و سیاسەتی چاوەڕوانی، پهیوهندیی نێوان سیاسهتی سۆسیالیستی و پرسی نهتهوهیی، و یا دێموکراسیی ناوخۆیی حیزبی. بەڵام مخابن شێوازی دەربڕینی ڕەخنەکانی کەریمی به چهند هۆکار خزمەت به خوڵقاندنی کەشێکی دیموکراسییانه و بهرههمهێنهرانهی سیاسی لە ڕۆژهەڵات ناکەن، و نە تەنیا بەردەنگی خۆیان له ناو پژاک له فەرهەنگی شرۆڤه و پرسیارگەری ڕەخنەگرانەی داهێنەر (و نەک ڕووخێنەر) دوور دەکەنەوە، بەڵکوو زەرفیەتی به جددی وەرگرتنی ڕەخنەکان له لایەن بەردەنگی دەرەوی پژاک و لایەنەکانی ڕەخنە لێگیراویش لە ناو دەبەن یا زۆر لاواز دەکەەن. هۆی یەکەم ئەوەیه که بەستێنی مێژوویی و سیاسی ئەو دیاردانەی که ڕەخنەیان لێ دەگیرێت یان هێرشیان دەکەرێته سەر هەر باس ناکرێن یا زۆر کهم بایهخیان پیدهدریت. هۆی دووهەم ئەوەیه کە ئەم ڕەخنهگهله له مەنتقێکی گشتی پەیڕەوی ناکەن واته جیا لە وەی کام یەکه و تا چ ڕادەیەک دروستن، ئەو ڕەخنانە که له حیزبەکانیتر دەگیردرێن لە گەڵ هیچ چەشنه ڕەخنه له خۆیەک هاوڕێ نین. له هەوڵی گەشەپێدانی دێمۆکڕاسی و ئازادی ڕادەربڕین له کۆمەڵگا و لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، ڕەخنەگرتن لە خود گرنگترە لە ڕەخنەگرتن لە لایەنەکانی دیکە. هۆی سێهەمی نەڕێنی بوونی ئاکامی ڕەخنەکانی کەریمی ئەوەیه که ئەو ڕەخنهگهله (دیسانیش جیا له وەی ناوەڕۆکی کامیان و تا چ ڕادەیک دروسته) تێکەڵاو دەکرێن له گەڵ کۆمەڵێک ئیدەعا، تۆمهت و گشتاندنی بێ بەڵگه و بۆیەش بەردەنگ لە خۆیان نامۆ دەکەن و ئێعتباریان له دەست دەدەن. پارادۆکسێکی تری قسەکانی کەریمی ئەوەیه که بەشێک له ڕەخنەکانی و شیّواز و ئەو ووشە و دەستەواژانەی بۆ دەربڕینیان بە کاریان دهبات زۆرتر باری ئەخلاقیان هەیە تا سیاسی و هاوکات لە گەڵ ئامانجەکانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» و خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی ڕەگەزی و جێندەری ناتەبایه. بێجگه لەمانه لە بار و دۆخی ئێستای کوردستان، ڕۆژهەڵات و ئێران بڵاو بوونەوەی ئەو وتانەی ئەمیر کەریمی بە داخەوە دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنی بەرچاو لە ئاستی سیاسیدا بەدوای خۆی بهێنێت. دیاره ماوەیەکی کورت له دەست بە کار بوونی «ناوەندی دیالۆگ» که بۆ یەکەم جار حەوت حیزبی سیاسی سەرەکی ڕۆژهەڵات و لە وانە «پژاک» له خۆ دەگرێ تێپەر بووه. خەسارێکی گەورە بۆ بزاڤی سیاسی ڕۆژهەڵات دەبێ ئەگەر بڵاو بوونەوەی ئەم وتانەی کەریمی ئەم هەنگاوە گرینگە بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی زۆرتری حیزبەکانی رۆژهەڵات تووشی لێک ترازان یا ئاستەنگ بکات ئەویش له کاتێکدا که ئێران و ناوچەکە بە گشتی ڕووبەڕووی قەیران و گۆڕانکاری گەورە و دیرۆکین. بێگومان ناهاوئاهەنگی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات له قۆناغێکی ئاوا دا توانایی ئەوان بۆ کاردانەوە له سەر ڕەوتی ڕووداوەکانی چاوەڕوانکراوی داهاتوو لە ئێران دا زۆر کەم دەکاتەوە. له هەمان کاتدا، حیزبی سیاسی بەرپرس که قاچی لە سەر عەرزی واقعی سیاسەتدایه، هەڵقووڵاوی کۆمەڵگایه و ڕەنگدانەوەی ویست و داخوازی نەتەوکەیەتی، دەبێ هەر دەم هەوڵ بدات قەیران بکاته دەرفەت بۆ خزمەت بە بەرژەوەندی بەرزی گەلەکەی که خۆی بە نۆینەری دەزانێ، جا ئەم قەیرانەه چ دەرەکی بێ و بە ئەنقەست له لایەن دوژمنانەوە دروست کرا بێ و چ ناوخۆیی بێ و نەخوازراوانه له لایەن خۆی یا لایەنێکی هاوبەرەی خۆی بەرهەم هاتبێت. بە سەرنج دان بە هەمووی ئەو خاڵانەی باس کرا و بە تایبەت بۆ پاراستنی ئیمکانی هاوئاهەنگی و دیالۆگی نێوان حیزبەکان پێویستە که ڕێبەرایەتی هەموو حیزبەکان زۆر بە هەست بە بەرپرسیاریەتی بجووڵێنەوە و هەوڵ بدەن که ئەم ڕووداوە به قەڵشت خستنه ناو «ناوەندی دیالۆگ» به قازانجی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی کۆنەپەرەست، فاشیست و دژە کوردی ئەم دوڵەتە تەواو نەبێ. لەم نێوەدا پژاک بەرپرسایەتی سەرەکی لە ئەستۆ دایه بۆ بەرتەسک کردنەوەی دەرئەنجامە سیاسییە نەرێنییەکانی بڵاو بوونەوەی ئەم فایله. بۆ دەستەبەر کردنی ئەم ئامانجه کەمترین کارێک کە پژاک دەتوانێ بیکات ئەوەیه که داوای لێبوردن بکا له تەواوی ئەو کەس و لایەنانەی که به وتەکانی ئەمیر کەریمی هەستیان بریندار بووه. بێ گومان وەها کردەوەیەک له لایەن پژاک هەم ئێعتباری لای خەڵکی کوردستان بەرز دەکاتەوە، هەم دەتوانێ ڕێگا خۆش بکا کە حیزبەکانی دیکهش ڕەخنەگرانه له ڕابردووی دوور و نزیکی سیاسەتگەری خۆیان بڕوانن و بە شێوەی گونجاو و لە جێگای پێویست له خەڵک و ئەندامانی خۆیان داوای لێبوردن بکەن. حدکا، لایەنەکانی کۆمەڵە و باقی حیزبەکانیش دەبێ له مامڵه کردن لە گەڵ ئەم دۆخه ئەو ڕاستیه له بەر چاو بگرن کە ئەم وتانه له کۆڕێکی داخراوی ناوخۆیی و له کاتێکدا کە کەریمی ئەندامی ڕێبەرایەتی پژاک نەبووە پێشکەش کراون. بەو پێیه و له بەر پێداویستی هەرە گرینگ و ستراتێژیکی هەنووکەیی بۆ درێژه و گەشە پێدان به هاوئاهەنگی و هاوکاری سیاسی نێوان حیزبەکان له ناوەندی دیالۆگ، ئەندامان و لایەنگرانیان هان بدەن که شەڕی ڕاگەیاندن و (سۆشال) میدیایی ڕاگرن بۆ ئەوەی کەشەکە ئارام بێتەوە و ئیمکانی لێک تێگەیشتن و دانووستاندن بمێنێ. هاوکات، وانەیهکی گشتیتری ئەم ڕووداوە بۆ هەموو حیزبەکان تێگەیشتن لەم ڕاستییە که زمان و کلتووری سیاسی ناوخۆیی حیزب ئێجگار گرینگه و له هەڵس و کەوتی ڕوو له جەماوەری حیزبەکان و ئەندامانیان ڕەنگ دەداتەوە. ناکرێ له قسەو باسی ناوخۆیی حیزبەکاندا لایەنەکانیتر به زمانی دوژمن و نەک ڕەقیبی سیاسی له ململانەیهکی دێمۆکراتیکدا پێناسه و باس بکرێن و چاوەڕوان بین ئەندامان و لاینەگرانی هەر ئەو حیزبانه له دەرەوە و له گۆڕەپانی ڕاگەیاندن دەستپێشخەری ڕەخنەی داهێنەر و مشت و مڕی سیاسی مەنتقی و دوور له بێڕێزی بن. بەو هیوایه که بە هەست به بەرپرسایەتی سیاسی هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات پیلانی کۆماری ئیسلامی و دوژمنانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ کەڵک ورەگرتن لەم ڕووداوە پووچەڵ بێتەوە.