17 . خەزەڵوەر . 2725
مالەوەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techفرۆشگەسەبەتە 0

ژنی پێشمەرگە؛ مرۆڤێکی ئازاد لەپێش هەر ئیدئۆلۆژیەک

ژنی پێشمەرگە؛ مرۆڤێکی ئازاد لەپێش هەر ئیدئۆلۆژیەک
16 . خەزەڵوەر . 2725

سوێند بە فورات
یوونس ڕەزایی
Preis: 7,85 €
Verfügbar: 1,00

نووسین: کەژاڵ حاجی عەبباسی
(وتارەکان بۆچوونی نووسەرانن و رۆژهەڵات نیوز لێی بەرپرس نیە)

ئەم نووسینە وەڵامێکە بۆ قسەکانی ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پژاک، کە بە ڕوالەت بانگەشەی یەکسانیی ژن لە ڕیزەکانی حیزبەکەیدا دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕووکەشانە و بێ بنەما، ژن وەک ئامرازێکی ڕابواردن بۆ پیاوان لە ڕیزی حیزبەکانی دیکەدا پێناسە دەکات.

ئەو بەڕێزە ڕەنگە نە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزانێ، نە لە ڕۆڵی ژنانی کوردی لەو خەباتەدا، چ وەک پێشمەرگە و چ وەک خەباتکار. باسی ناو و هێمای پێشمەرگەش لەنێو هەناوی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات هەر ناکەم.

بەرێزیان وا وێدەچی کە خانەکانی مێشکی شۆرابێتەوە و لە بیری چووبێتەوە کە لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ژنان ڕۆڵێکی بنەڕەتی و کاریگەریان لە بزووتنەوەی ڕزگاریی و ئازادیخوازیدا گێڕاوە. لە یەکەم ڕۆژەکانی دامەزراندنی خەباتی چەکداری و مەدەنییەوە، ژنان نەک تەنیا وەک پشتیوان، بەڵکوو لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بوون و لە هیچ هەوڵێک درێغییان نەکردووە.

ئەمیر کەریمی نایهەوێت بزانێت کە ژنانی پێشمەرگە لە ڕاستیدا لە چەندین ڕەهەندی بەرگرییدا، هەم وەک ژن، هەم وەک کورد و هەم وەک پێشمەرگە خەباتیان کردووە و بوونەتە بەشێک لە یادەوەریی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا.


هەر لە دەیەکانی ١٣٢٠ هەتاوی را، هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ژنان لە چوارچێوەی ڕێکخراوە و کارە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک بوون. هەرچەندە لەو کاتەدا بارودۆخی کۆمەڵایەتی هێشتا نەریتی و سنووردار بوو، بەڵام بەشداریی ژنان لە چالاکییە کلتووری و پەروەردەییەکاندا بوو بە هۆی دامەزرانی بنەماکانی کۆمەڵایەتی ژنان.پێشەوا قازی لە کۆماری کوردستاندا، وەک یەکەم کاربەدەستی فەرمی بەدامەزراندنی یەکییەتی ژنان و هێنانی هاوژینی خۆی بۆ نێو ئەو ریکخراوە هاندەری هاتنی ژنان بوو. دوای ئەو دوکتور قاسملوو وەک جیگرەوەی قازی ، بەرگری لە یەکسانیی ڕەگەزی و خەباتی ڕزگاریخوازیی ژنان کرد ، هەر چەندە دەیزانی کە دوو هێندە دژوارترە لە خەباتی پیاوێک لە کۆمەڵگای کوردستان، بەڵام ژنانی هان دەدا کە ئەرکی خۆیان بە جێ بگەیەنن.

دوای هەرەسهێنانی کۆماری ساوای کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی و هاورێکانی، ژنانی کورد نە تەنیا لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی وکۆمەڵایەتی دوور نەکەوتنەوە، بەڵکوو لە پاراستنی ناسنامەو زمان و داب و نەریتی کوردی دا بە شێوەی نهێنی تێدەکۆشان.

لەگەڵ دەسپێکردنی بزووتنەی ڕزگاریخوازی و دەستپێکی خەباتی چەکداری لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧، ژنانی ڕۆژهەڵات هاتنە رێزی پێشمەرگەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی. ئەوان وەک پێشمەرگە چوونە ناوسەنگەر و شانبەشانی پیاوان لە شەڕدا بەشدارییان کرد،چارەسەری برینی پێشمەرگە بریندارەکانیان دەکرد، لە رایەڵکەی پێوەندییەکانی دا پەیامەکانیان گواستەوە, وەک مامۆستای شۆڕش ڕۆڵی سەرەکییان لە پەیوەندی و پەروەردەدا گیرا. لەم سەردەمەد، پێشمەرگەی ژن تەنیا هاوسەر یان خوشکی خەباتکار نەبوو؛ بەڵکوو بوو بە بەشێک لە هێزی ڕزگارییدەر…

ژنانی خەباتگیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باجێکی قورسیان دا: زۆرێکیان بەند کران، ئەشکەنجە و تەنانەت لە سێدارە دران. ژمارەیەکیان لە سەنگەردا گیانیان بەخت کرد، ژمارەیەکی دیکەش لەگەڵ ئەوەیکە ساڵانێکی درێژە لە تاراوگەیی دا دەژین بەڵام ڕووحی بەرگرییان هەرگیز نەکوژاوەتەو لەبواری کوردایەتی دا هەروا چالاکن…

بەڵام بەداخەوە لە ڕەوتی وەک پژاک و پەکەکەدا، لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای ژنۆلۆژیدا، چەمکێک لە ژنی پێشمەرگە (گەریلا) نیشان دەدرێت کە ڕێگریی لە خۆشەویستی، هاوسەرگیری و دایکایەتی ژنی گەریلا دەکات، بەو پاساوەی کە دڵداری دەبێتە لەمپەر لە ئازادیی بەکۆمەڵ. جەنابی کەریمی بە تێڕوانین لەم وتارە، ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەی ڕووخێنەر لەسەر پێگەی ژنی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەیهەوی ئاوا نیشان بدات کە ئەوان تەنیا ئامرازی دامرکاندنی پیاوان بوونە.
ناوبراو بە ئانقەست و ئاگاهانە لە بیرخۆی دەباتەوە کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەی ١٣٥٠ی هەتاوییەوە تا ئێستا، هاوکات هەم خەباتکار بوون،هەم دایک ، هەم هاوسەر و هەمیش کارفەرما بوون . ئەوان تێگەیشتوون کە خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەکەیان، بەشێکە لە ژیان، نەک جێگرەوەی. لە چیاکان و شارەکاندا، زۆرێکیان نەک تەنیا شەر و خەباتیان کرد ، بەڵکوو خێزانیان دروست کرد، منداڵەکانیان لە ڕێگەی هۆشیاری و ئازادیدا پەروەردە کرد، و نیشانیان دا کە خۆشەویستی و پابەندبوون دەتوانێت هێزێک بێت بۆ بەردەوامی دان بە بەرگری، نەک ڕێگرگرتن لە بەردەمیدا.

ئایدیۆلۆژیای ژنۆلۆژی، بە ڕواڵەت ژن وەک “ناوەندی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد” دەخاتە ڕوو.
بەڵام بە کردەوە بە سەپاندنی قەدەغەکردن لەسەر خۆشەویستی و هاوسەرگیری و تەنانەت هەستی مرۆڤی، ئازادی ڕاستەقینە بە جۆرێک لە سۆفیگەریی ئایدیۆلۆژی دا دەگۆڕێت وژن دەکاتە ڕۆبۆت و ڕووحۆی داهێنانیان تێدا دەکوژێت .
ئەم هەڵوێستە هەرچەندە بە ڕواڵەت بەدوای ڕزگارکردنی ژن لە هەژموونی پیاوسالارییە، بەڵام لە ڕاستیدانکۆڵى لە سروشتی ئینسانی ژن دەکات و فۆرمێکی نوێی کۆنترۆڵ و دیسپلین بەسەر جەستە و مێشکیاندا دەسەپێنێت. لەم ڕوانگەیەوە ژنان ئامرازن بۆ ئیدئالێک، نەک مرۆڤێک کە خاوەن هەست و ئارەزوو و ژیانی کەسێتی بێت.

لە ڕوانگەی فەلسەفەی ئازادییەوە، هیچ ئامانجێک ناتوانێت لە سەرووی کەرامەتی تاکەکەسییەوە بێت. ئەگەر ژن ناچار بێت بۆ دڵسۆزی بۆ ئیدئۆلۆژی، چاوپۆشی لە خۆشەویستی و ژیانی خۆی بکات، ئیتر ئازاد نییە؛ بەڵکوو قوربانیی سیستەمێکی نوێی کۆت و ڕێکخستنە. لەم پێکهاتەیەدا، جەستەی ژن دەبێتە سیاسی، نەک مرۆڤی. ئەمە هەمان دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پیاوسالارییە لە قاڵبێکی نوێدا، بە زمانی ڕزگاری بەڵام بە لۆژیکی کۆنترۆڵە.

ژنانی پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە پێچەوانەی ئەم ڕێبازە، نیشانیان داوە کە دەکرێت هاوسەنگی لەنێوان خۆشەویستی و خەباتدا دروست بکرێت. ئەوان باوەڕیان وایە کە ژن، کاتێک ئازادە کە بتوانێت هەم بجەنگێت و بەرگری لە نیشتمانی بکات هەمیش خۆشەویستی بکات و ژیانی کەسیی خۆی هەڵبژێرێت. لە ئەزموونی مێژوویی پێشمەرگەکاندا، ژنانێک هەبوون کە هاوسەرگیرییان لەگەڵ هاوڕێیانی خەباتیاندا کردوە، خێزانیان پێکەوەناوە و لەگەڵ ئەوەشدا، لە سەنگەرەکانی بەرگریدا تا دواپشوو ماونەتەوە. ئەمە خۆی نیشان دەدات کە ئازادیی ڕاستەقینە، لە سڕینەوەی هەستەکاندا نییە، بەڵکوو لە دەسەڵات و هەڵبژاردندایە.

پێشمەرگەی ژن، بە پێچەوانەی وێنەی وشک و ئیدئۆلۆژی، مرۆڤێکی تەواوە، خاوەن هەستە ، ژیرە و لە خۆشەویستی وەک بنەمای ژیان دەڕوانێ. ئازادیی بەبێ مافی خۆشەویستی و هەڵبژاردن، ئازادییەکی ناتەواوە. کۆمەڵگەیەک کە بە ژن بڵێت “ئازاد بە بەڵام عاشق مەبە”، لە ڕاستیدا لە مافی بنەڕەتیی مرۆڤبوون بەتاڵی کردووە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەزموونی ژنانی پێشمەرگە شایەتی ئەوەیە کە خۆشەویستی، لاوازی نییە؛ خۆشەویستی،ڕەگ و ڕیشەی خۆڕاگرییە.

لە کۆتاییدا، ژنە پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نموونەیەکی زیندووی مرۆڤی ئازادە کە پێش هەر ئیدیۆلۆژییەک، مافی ژیان، خۆشویستن و هەڵبژاردنی خۆی پاراستووە. ئەو نیشانی داوە کە ڕزگاریی نەتەوەیی و ڕزگاریی تاکەکەسی، دوو ڕووی یەک دراون و ناتوانرێت یەکێکیان لە پێناوی ئەوی دیکەدا قوربانی بکرێت. ئازادیی ڕاستەقینە، لە هەڵبژاردنی تەواودایە...