30 . ڕەزبەر . 2725
هەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techسەبەتە 0

زانکۆی کوردی-ئه‌ڵمانی و پێویستیی دامه‌زراوه‌ییسازیی لێکۆڵینه‌وه‌ کوردی

زانکۆی کوردی-ئه‌ڵمانی و پێویستیی دامه‌زراوه‌ییسازیی لێکۆڵینه‌وه‌ کوردی
29 . ڕەزبەر . 2725

«زانکۆی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م ده‌بێت ئیمتیازی مه‌عریفیی باکوری جیهان له ‌بیر بکات و له‌ مه‌عریفه‌ناسییه‌ باشوورییه‌کان فێر بێت تاکوو جیهانێکی چه‌ندجیهانی دابمه‌زرێنێت، جیهانێک که‌ تێدا هیچ زانستێک نه‌توانێت لافی جیهانیبوونی خۆی بدات.
— بواونتۆرا د سۆسا سانتوس

زانکۆی کوردی-ئه‌ڵمانی و
پێویستیی دامه‌زراوه‌ییسازیی لێکۆڵینه‌وه‌ کوردی
(پێشکه‌شکراو له‌ ڕێوڕه‌سمی دامه‌زراندنی زانکۆی کوردی-ئه‌ڵمانیی درێسدن)
◄بێهرووز چه‌مه‌ن‌ئارا

دیاره‌ ئه‌مه‌ ده‌سپێکی ته‌نیا یه‌ک دامه‌زراوه‌ی زانستی نیه‌ به‌ڵکوو ده‌سپێکی به‌رپرسیارییه‌تییه‌کی مێژویییه‌. ئه‌م زانکۆیه‌ ده‌توانێت ببێته‌ سه‌ره‌تای وه‌رزێکی نوێ له‌ پێکهێنانی «که‌شی زانستی کوردی»، شوێنێک که‌ تێدا زانست، زمان و دیرۆکی کوردی ئیدی نه‌ وه‌ک مژاری لێکۆڵینه‌وه‌ی بیانییه‌کان، به‌ڵکوو وه‌کوو بکه‌ری ناسین و هزر به‌رهه‌م بێت.
مێژووی ئەوەی پێی دەوترێت «کوردناسی» هەر لە سەرەتاوە مێژووی پەراوێزخراوی بووە. جا چ لە فەزای ئەکادیمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت یان لە ئەکادیمیاکانی ئەوروپادا، ئەم لێکۆڵینه‌وانه‌ هەمیشە وەک لقێکی لاوەکی دیسیپلینەکانی وەک ئێرانناسی، تورکۆلۆژی یان ئیسلامناسی پێناسە کراون. ئەم بوارانەش، زمان و فه‌رهه‌نگ، هونه‌ر و دیرۆکی کوردییان بە پێی پێوەره‌ زانستییه‌کانی خۆیان لێکدەدایەوە. بەم شێوەیە زانین له‌ سه‌ر کورد له‌ دوو ئاستی جیا له‌ یه‌ک، بوو به‌ دواڕه‌وی ئه‌ویدییه‌کانی خۆی: ١. لە ڕووی فیکرییەوە، بە چەمک و میتۆده‌ بیانییه‌کان و ٢. لە ڕووی دامەزراوەییەوە، بە پێکهاتەکانی ئه‌وانه‌وە. ئەمە دۆخێکە کە دەتوانین پێی بڵێین «پەراوێز لە پەراوێزدا»- جۆرێک لە کۆلۆنیالیزمی زانستی بێدەنگ کە درێژەپێدەری هەمان پێکهاتەی دەسەڵاتە کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا لەگەڵ ڕۆژهەڵاتناسیی کلاسیکدا دامەزراوە.
ئێدوارد سەعید نیشانی دا کە ڕۆژهەڵاتناسی هەرگیز زانستێکی بێلایەن نه‌بووه‌ و نیه‌، به‌ڵکوو ئامرازێک بوو بۆ بنیاتنانەوە و کۆنترۆڵکردنی «ئەویدی». ئەم شێوازە لە بەرهەمهێنانی مەعریفە لە سەدەی بیستەمدا بە شێوەی نوێ لە ئێرانناسی، تورکۆلۆژی و ئیسلامناسی بەردەوام بوو، هەریەکەیان بە شێوازی خۆی کوردیان وەک دیاردەیەکی لاوەکی، شێوه‌زاری، یان فۆلکلۆریک هێشتەوە.

زۆرمان دیوه‌ و بیستوومانه‌، ئه‌و کاته‌ که‌‌ ئاغایه‌ک ده‌مرد، نه‌وکه‌ر و ده‌ره‌به‌گه‌کانی زۆرتر له‌ هه‌مووان قوڕیان به‌ سه‌ری خۆیاندا ده‌کرد و ئازیه‌تبار ده‌بوون و نه‌ریت و چیرۆکی ئاغا بۆ هه‌میشه‌ له‌ ماڵیان زیندوو ده‌مایه‌وه‌. بۆچی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ «نه‌زمه‌ باوه‌که‌»ـیان لێ ون ده‌بوو هه‌رچه‌نده ئه‌و نه‌زمه‌ باوه‌، لێوانلێو له‌‌ زوڵم و زۆریش بووبێت. چیرۆکی ئێمه‌ و چه‌مکی کوردۆلۆجی/کوردناسیش دوور له‌ چیرۆکی ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌کانی نیه‌. ئاغاکان، یان هه‌مان دامه‌زرێنه‌رانی نه‌زمی زانستی له‌ سه‌ر کورد، ڕۆژاوایییه‌کان بوون. ئه‌وان کوردیان وه‌کوو بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌ بینیوه‌ نه‌ وه‌ک سه‌رچاوه‌ی زانین. بۆیه‌ له‌ پاشگره‌کانی -لۆژی (-ناسی) یان -ستیک (وه‌کوو کوردولۆژی و کوردیستیک) که‌ڵکیان وه‌رگرتووه‌. هه‌مان چه‌شنه‌ پاشگرانێک که‌ بۆ ناسینی نه‌خۆشی (پاتولۆژی)، ژنتیک (ژنولۆژی)، زه‌وی (ژێۆلۆژی)، ئه‌ستێره‌ (ئاسترۆلۆژی)، و هتد که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گیرا. ئێستا و له‌ دوای شه‌ڕی مه‌عریفیی ڕۆژهه‌ڵاتناسی و لێکۆڵینه‌وه‌کانی دژه‌کوڵۆنیاڵیزم، ده‌مێکه‌ ئیدی ڕۆژاواییه‌کان وازیان له‌ -لۆژی و ستیک هێناوه‌ که‌چی ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌ زانکۆه‌کانمان هێشتا باسی کوردناسی و کوردۆلۆجی ده‌که‌ین. واته‌ هه‌رچه‌نه‌ ئاغا ده‌مێکه‌ مردووه‌، به‌ڵام نه‌ریته‌که‌ی له‌ ماڵی ده‌ره‌به‌گه‌کان وه‌ک خۆی به‌جێ ماوه‌!
ئێستا ئیدی کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئاغا ماڵاوایی بکه‌ین و پشت به‌ زانستی خۆماڵی ببه‌ستین و خۆمان وه‌کوو وڵاتانی خاوه‌ن زانست ببینین. بۆیه‌ کاتی ئه‌وه‌یه‌ واز له‌ کوردولۆجی و کوردناسی بهێنین و بڵێین: لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی

ئینجا ئه‌گه‌ر ئه مڕۆ باس له خوێندنی کوردی بکه‌ین، نابێ دایبه‌زێنین بۆ ئاستی ته‌نیا چه‌ند دیسیپلینی ئه‌کادیمیک؛ بەڵکو پێویستە وەک هەوڵێک بۆ وەرگرتنەوەی سەربەخۆیی زانستی لەبەرچاوی بگرین. ئامانج تەنیا «زیادکردنی لێکۆڵینەوە لەسەر کورد» نیە، بەڵکو گۆڕانکارییە لە خودی پارادایمی لێکۆڵینەوەدا- واتە لێکۆڵینەوە بە چەمک و ئەولەویەت و بناغەی به‌های جیاواز.

لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات که‌ کورد لە «ئۆبژە/بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌ و مه‌عریفه‌وه‌» به‌رز بکرێته‌وه‌ و بگۆڕدرێ بۆ «سووژه‌ یان بکه‌ر و خاوه‌نی مەعریفە». ئەم گۆڕانکارییە پێویستی به‌ دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت هه‌یه‌ و پێویسته‌ زمانی لێکۆڵینەوەش کوردی بێت.
تیۆرییەکانی کۆلۆنیالیزم- لە توهیوا سمیسەوە تا دی سۆسا سانتۆس و واڵتەر میگنۆلۆ- فێرمان دەکەن کە کۆلۆنیالیزم نەک تەنها به‌ کوڵۆنیکردنی خاکەکان تێر نابێت، بەڵکو به‌ شێوه‌ی هاوکات زانینیش کۆلۆنی دەکات. ڕزگاری سیاسی بەبێ ڕزگاری ئیپیسته‌مۆلۆژیک خه‌ونه‌! چونکە تا ئه‌و کاته‌ی که‌ چەمکەکانی تێگەیشتن لە جیهان لە سیستەمە فیکرییە بیانییه‌کانه‌وه‌ قەرز دەکرێن، سه‌ربه‌خۆیی و ڕزگاریی فیکری بەدی نایه‌ت.

دژه‌کویلایه‌تیی ئیپیسته‌مۆلۆژیک بە مانای ڕەتکردنەوەی زانستی ڕۆژئاوایی نیە، بەڵکو بە مانای شکاندنی پلەبەندییەکانییه‌تی. واتە ڕێکخستنی مەعریفە نه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ناوەند-پەراوێز، بەڵکو لەسەر بنەمای دیالۆگی به‌رابه‌ر و ئیمکانی وەرگێڕانی دوولایه‌نه‌. لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی دەتوانێت ڕێپیشانده‌ری ئەم جۆرە زانینە بێت- تاقیگەیەک بۆ دیالۆگی داهێنەرانە لە نێوان نەریتە خۆماڵییه‌کان، بیری ئیسلامی و ئه‌ندێشه‌ی ڕۆژئاوایی.

زانکۆکانی کوردستانیش بێبەری نین لەم دۆخه‌ ناله‌باره‌دا و سەرەڕای پێگەی جوگرافی و کولتوورییان، بەڵام زۆرێکیان ئەو بنەما فەلسەفی و ئیپیسته‌مۆلۆژییانەیان نیه‌ که‌ بۆ پێکهێنانی کولتوورێکی سەربەخۆی مەعریفی پێویستن. زۆرجار به‌رنامه‌ و وانه‌کانیان لەسەر بنەمای مۆدێلی پەروەردەیی ئێرانی، تورکی یان عێراقی دامەزراون؛ زمانی فێرکردن زۆرجار فارسی، تورکی، عەرەبی یان ئینگلیزییە. ئێستاش که‌ به‌ ته‌واوه‌تی ڕووی زانکۆه‌کانمان له‌ بۆلۆنیا و سیسته‌می ئه‌مریکاییه‌‌ و هیچ خه‌به‌رێک له‌ ئاوردانه‌وه‌یه‌ک له‌ مودیلێکی کوردی نیه‌. بەم شێوەیە دیسانه‌وه‌ هەمان دواڕه‌وه‌یی ئیپیستمۆلۆژی بەرهەم دەهێننەوە کە لە ڕووی سیاسییەوە هەوڵی دەربازبوونیان دەدەن. تا ئه‌و کاته‌ی که‌ پێکهاتەیەکی دیاریکراو بۆ «لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی» لە چوارچێوەی ئەو سیستەمانەدا بنیات نه‌نرێت، ئەم پچڕانی پەیوەندییه‌ له‌ نێوان زانکۆ و کۆمەڵگەی کوردی بەردەوام ده‌مێنێت.

دامەزراوەییکردن بە مانای دیوانسالاری یان برووکراسی نیە، بەڵکو به‌ واتای دروستکردنی چوارچێوەیەکی سەقامگیرە به‌ مه‌به‌ستی ١.بەردەوامی و ٢.فراوانبوون و ٣.گواستنەوەی مەعریفە. مەعریفە بەبێ دامەزراوە ته‌سک و لاواز ده‌بێ و ته‌مه‌نی که‌م ده‌بێته‌وه‌ و به‌پڕانی به‌ستراو و قه‌تیس ده‌مێنێته‌وه‌‌ بۆ چالاکیی تاکه‌کان یان پڕۆژە کاتییه‌کان. دامه‌زراوه‌یه‌ کە به‌ستێنی یادگه‌ و بەردەوامی و دینامیزمی فیکری ساز دەکات.

دامەزراوەییکردنی خوێندنی کوردی بۆ داهاتووی کوردستان پێویستییەکی ژیانبه‌خشه‌. ئەم کارە مسۆگه‌رکه‌ری بەردەوامی بەرهەمهێنانی زانستی ڕەسەنی خۆماڵی و ده‌سه‌ڵاتی خۆپێناسەکردنی سه‌رله‌نوێیه‌‌. تەنیا کاتێک کە ئامرازە مەعریفییه‌کان لە دەستی خۆدی کورددا بێت، دەتوانێت لە دەرەوەی نەخشە سەپێنراوەکانی ئەوانی دی لە مێژوو و زمان و ئەدەب و فەلسەفە و مۆسیقا و کۆمەڵگای خۆی تێبگات.
لەم ڕوانگەوە، دامەزراوەییکردنی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی نه‌ک تەنیا ڕێکخستنی دیسیپلینێکی ئەکادیمیک، بەڵکو بنیاتنه‌ری ڕەمزیی نەتەوەسازی و «کۆخۆئاگایی»ـیه‌.

■ زانکۆی کوردی چییه‌؟
دیاره‌ هه‌رکه‌س به‌ چه‌شنێک ئه‌م چه‌مکه‌ لێکده‌داته‌وه‌. هه‌ندێ که‌س زمان ده‌که‌نه‌ پێوه‌ر، هه‌ندێکی دی خاک، به‌هاکان و هه‌ندێکیش وه‌ک من زانست و ئێپیسته‌مۆلۆژی. ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ به‌رانبه‌ر به‌ چه‌مکی یونیڤێرسیتی لانیکه‌م سێ وشه‌مان هه‌یه‌ خۆی له‌ خۆیدا ڕووبه‌ڕووی پرسیارێکی ئێپیسته‌مۆلۆژیکمان ده‌کاته‌وه‌. زانکۆ، زانینگه‌، زانستگا ئاماژه‌ به‌ سێ چه‌شنی تێگه‌یشتن ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌ یه‌ک چه‌مک، له‌ کاتێکدا هه‌رسێکیان له‌ سه‌ر بنه‌مای چاوگی زانینه‌وه‌ ساز کراون. له‌و لاوه‌، یوونیڤێرسیتی، ئوونیڤێرسیتات، ئوونیڤێرسیته‌ و چه‌شنه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م چه‌مکه‌ هه‌موویان ئاماژه‌ به‌ بابه‌تێکی «جیهانی» ده‌ده‌ن که‌ زانستیش به‌شێکی ئه‌و جیهانه‌یه‌. عه‌ره‌ب به‌ باشی له‌مه‌ تێگه‌یشتووه‌ و وشه‌ی «جامعه‌»ـی بۆ داتاشیوه‌ نه‌ک وشه‌یه‌کی دی له‌ سه‌ر بنه‌مای «علم». دیاره‌ ئێمه نه‌ک دواڕه‌وی ڕۆژاواییه‌کان به‌ڵکوو‌ دواڕه‌وی فارس بووین و «دانشگاه‌»ـی فارسیمان وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی. هێشتا ئه‌وه‌ یه‌که‌م وشه‌یه‌، ئێمه‌ هێشتا له‌ دانانی وشه‌ی به‌رانبه‌ر بۆ فاکه‌لتی و کولۆکیۆم و هتد ناسه‌رکه‌وتوو ماوین. ئه‌مه‌ نه‌ک نیشانه‌ی ناته‌وانیی زمانی کوردی به‌ڵکوو ده‌رخه‌ری ناته‌واویی هزری خۆمان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دونیای تازه‌ و پێداویستییه‌کانییه‌تی.

هه‌ر بۆیه‌، زانکۆیه‌کی کوردی-ئه‌ڵمانی ده‌توانێت ببێته‌ پردی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان فه‌لسه‌فه‌ و دیالێکتیکی ئه‌ڵمانی و هزری کوردی، قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت و لێکۆڵینه‌وه‌ی کورد و هه‌روه‌ها یاریده‌ده‌رمان بێت بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌ و تێفکرینی ڕه‌خنه‌گرانه‌ و بوێرانه‌.
دامەزراندنی زانکۆیەکی کوردی لە شاری درێسدن دەتوانێ هەنگاوی یەکەمی ئەم ئاراستەیە بێت- هەنگاوێکی ڕەمزی و مێژوویی بۆ نیشاندانی ئه‌وه‌ی که‌ سەربەخۆیی فیکری نەک خۆ له‌ دوورگه‌ ڕاگرتن، بەڵکو لە دیالۆگ و کرانەوەدا لەدایک دەبێت. ئەم زانکۆیە ئه‌گه‌ر ته‌نها پابه‌ندی ئەرکه‌که‌ی بمێنێته‌وه‌، نەک تەنها پەروەردە ناکات به‌ڵکوو هزر و وریایی واته‌ مه‌عریفه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت. هه‌موومان باش ده‌زانین که‌ مه‌عریفه‌ و ئازادی لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. ئەم زانکۆیە دەتوانێ خاڵی دەستپێکی ئەم ڕێبازە بێت و به‌ره‌و ئازادی و ئازایه‌تی بمانبات.