8 . خەرمانان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

بۆچی ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆمبی ئەتۆمی دژی ژاپۆن بەکار هێنا؟

بۆچی ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆمبی ئەتۆمی دژی ژاپۆن بەکار هێنا؟
15 . گەلاوێژ . 2725

نووسینی: دکتور محەمەد حوسێنزادە

نیگەرانی دژبەرانی چەکە ئەتۆمییەکان و خوازیارانی وەلانان و سڕینەی ئەو چەکانە نیگەرانییەکی ڕاستەقینەیە. چەکی ئەتۆمی وەک باقی چەکەکان بۆ شەڕ درووست کراوە و تا ئەو کاتەی لە جبەخانەکاندا کەڵەکە کرابێتن، مەترسی بەکارهێنانیان لەئارادایە. ئەگەر چاو لە هەڕەشە بەردەوامەکانی ڤلادیمیر پۆتین دوای دەستپێکردنی شەڕ دژی ئوکراینا سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییش داپۆشین، هەر ساڵی پار (۲۰۲٤) بوو کە لیندزی گراهام پیاوماقووڵی بەناوبانگی ئەمریکا ئامۆژگاری ئەوەی دەکرد کە ڕێگە بە ئیسرائیل بدرێت هەموو جۆرە چەکێک و لەوانە چەکی ئەتۆمی دژی غەزە بەکار بهێنێت. گراهام وتی، وەک چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای هێرشی ژاپۆن بۆ سەر پێرل هاربێر ناچار بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دووەمی جیهانی و هەڕەشەی ئاڵمان و ژاپۆن شارەکانی هێرۆشیما و ناگازاکی بۆردومانی ئەتۆمی بکات، ئیسرائیلیش [دوای ڕووداوەکانی ۷ی ئوکتۆبەر] ئەو مافەی بەرامبەر دوژمنەکانی هەیە! ئەگەر هەڕەشەکانی پۆتین سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمییەکان دژ بە وڵاتانی زلهێز بن، ئەوا هەڕەشەکانی گراهام دژ بە نەتەوەیەکی لاوازی بێ دەوڵەتن. ئەم بەو واتایە دێت کە چەکە ئەتۆمییەکان بۆ هەمووان مەترسین. بەم پێشەکییە تەنیا ویستم ڕێگە بکەمەوە بۆ ئەوەی بپرژێمە سەر هۆکارەکانی یەکەمین هێرشی ئەتۆمی، واتە بوردۆمانی ئەتۆمی هێرۆشیما و ناگازاکی لە لایەن ئەمریکاوە.

وەک دەزانین، ٨۰ ساڵ لەمەوبەر و لەم ڕۆژانەدا – ڕۆژانی ٦ و ۹ی ئاگۆستی ساڵی ۱۹٤٥- بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆمبی ئەتۆمی لە دژی ژاپۆن و لە شارەکانی هێرۆشیما و ناکازاکی بەکارهێنا کە لەو کاتەدا لە ڕووی سەربازی و پیشەسازییەوە لە هەرەگرینگترین شارەکانی ژاپۆن بوون. ئەوەی پێویستە سەرەتا بزانرێت، ئەوەیە کە ئەو بڕیارە و ئۆپەراسیۆنەکە لەناکاو نەبوو و دەرئەنجامی لانیکەم نزیکەی شەست ساڵ کێبڕکێی وڵاتانی زلهێز و لەو نێوەدا ژاپۆن و ئەمریکا بوو.

تا ساڵی ۱٨٦٨ واتە دەستپێکی ڕێفورمەکانی سەردەمی میجی کە ژاپۆن دەستی کرد بە پیشەسازی و نۆژەنکردنەوە و نوێبوونەوە، ئەو وڵاتە لە ڕیزی وڵاتانی پاشکەوتە و دواکەوتوو بوو. هیچ کام لە خسڵەت و تایبەتمەندییەکانی وڵاتێکی گەورەهێزی نەبوو. بەڵام زۆری پێنەچوو و کەمتر لە ۳۰ ساڵ دوای ڕێفۆرمەکانی میجی، ژاپۆن شیاوی ئەوە بوو وەک مەزنەهێزێک هەژمار بکرێت و بایەخی پێ پدرێت.

لە ساڵی ۱٨۹٥دا ژاپۆن توانی لە شەڕێکدا چین ببەزێنێت. چین بە ناچار نیمچەدوڕگەی لیاودۆنگ کە بەشێک بوو لە مەنچۆریا لەگەڵ تایوان و دوڕگەکانی پسکادۆری ڕادەستی ژاپۆن کرد؛ هەروەها ناچاریش بوو دان بە سەربەخۆیی کۆریادا بنێت کە بەو واتایە دەهات لەوەبەدوا ڕازییە کۆریا لەژێر کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی ژاپۆندا بێت. جگە لەوانە، ژاپۆن ئیمتیازی ئابووری فرەیشی لە چین وەرگرت و بگرە خەسارەت و غەرامەی شەڕەکەیشی پێ بژارد. بەڵام سێ مەزنەهێزی ڕووسیا، فەرانسە و ئاڵمان بەوە ڕازی نەبوون و لەکۆتاییدا توانییان ناوچەی لیاودۆنگ لە ژاپۆن وەربگرنەوە. ڕووسیا نەک مەنچۆریای وەرگرتەوە، بەڵکوو دژی کۆنتڕۆڵکردنی کۆریا بوو لە لایەن ژاپۆنەوە و حەزی نەدەکرد ژاپۆن ببێتە وڵاتی باڵادەست لە ناوچەکەدا. دەکرێت بڵێین، دوای شکست و دۆڕانی چین، ڕووسیا وەک سەرەکیترین دژبەری داگیرکارییەکانی ژاپۆن دەرکەوت و ڕکابەری سەرەکی تۆکیۆ بوو لە ناوچەکەدا. ژاپۆنییەکان چاری ناچار پێشنیاریان کرد مەنچۆریا بەشێک بێت لە ڕووسیا و لە بەرامبەردا ئەویش ڕازی بێت ژاپۆن کۆریا کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام ڕووسیا ئەو تەگبیرەشی ڕەت کردەوە. هەر بۆیە ژاپۆن کە لە ساڵی ۱۹۰۰وە ئیتر خۆی وەک بەهێزترین و پڕزۆرترین وڵاتی ئاسیای ڕۆژهەڵات دەنواند، بڕیاری یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکەی لە ڕێگەی شەڕەوە دا. شەڕ هەڵگیرسا و ژاپۆن لە ساڵی ۱۹۰٥دا لە زەوی و دەریادا سوپای ڕووسیای تێکشاند و لە نیمچەدوڕگەی کۆریا دەستی باڵای گرت. بەو حاڵەش، ڕووسیا ئەو هێزە نەبوو کە بە ئاسانی پشتگوێ بخرێت. بۆیە ژاپۆن لە ساڵی ۱۹۰۷دا قبووڵی کرد بەشێک لە هەرێمی مەنچۆریا ڕادەستی مۆسکۆ بکات. بەڵام بۆ کۆریا داشکانی نەکرد و لە ساڵی ۱۹۱۰دا بە تەواوەتی کۆریای هاوپێچی خاکی خۆی کرد.

شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ۱۹۱٤دا دەستی پێ کرد و ژاپۆن چووە ڕیزی “وڵاتانی هاوپەیمان” کە بریتیبوون لە فەرانسە، بەریتانیا، ئەمریکا و ڕووسیا. ئەم بەرەیە دژی بەرەی “وڵاتانی یەکگرتوو” کە بریتیبوون لە ئیمپراتورییەتەکانی ئاڵمان، بۆلغاریا، ئوتریش-مەجارستان و عوسمانی شەڕی دەکرد. ژاپۆنی هەلپەرەست هەلەکەی قۆستەوە و دوڕگەکانی مارشال، کارولین، ماریان و شاری تسینگتاووی لە نیمچەدوڕگەی شاندۆنگی چین داگیر کرد. تڕی لە خۆ دەرچوو و لە ساڵی ۱۹۱٥دا هەندێ مەرجی سیاسی -ئابووری خستە بەردەم چین کە بە کردە بەو واتایە دەهات کە دەیەوێت ئەو وڵاتەش وەک کۆریا بکاتە بەشێک لە خۆی. ئەمریکا بەوە ڕازی نەبوو و گوشاری خستە سەر ژاپۆن کە لە ئاست و ڕێژەی داواکارییەکانی کەم بکاتەوە. ژاپۆن وای کرد و دوای ئەوە چین ناعیلاج مەرجەکانی قەبووڵ کرد.

ساڵی ۱۹۱٨ کەمتر لە ساڵێک بەسەر شۆڕشی کمۆنیستی لە ڕووسیا تێپەڕ ببوو و ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای ئەو بۆچوونەی لینین کە پێی وابوو شەڕی جیهانی یەکەم شەڕی ئیمریالیستەکانە و ڕووسیا هەڕەمەکی و بە گۆترە خۆی تێکەڵ کردووە، هێزەکانی خۆی کشاندەوە و بڕیاری دا چیدیکە بەشداریی ئەو شەڕە نەکات؛ لەوە بەدوا دەرگیری کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بوو. لەو کاتەدا وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکاش دەستوەردانیان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتە دەکرد و لە شەڕە نێوخۆییەکاندا یارمەتی دژبەرانی حیزبە مارکسیستییەکەی لینینان دەدا. ژاپۆن ئەوەی بە دەرفەت زانی و هێرشی کردە سەر باکووری مەنچۆریا. ئەمجارەیان فەرانسە، ئەمریکا و بەریتانیا بێدەنگ بوون چونکە حەزیان دەکرد گوشار بخرێتە سەر ڕووسیا بۆ ئەوەی لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە و دیسان دژی ئاڵمان و هاوپەیمانانی ئەو وڵاتە بێتەوە گۆڕەپانی شەڕ. بە حەزی ئەوان نەبوو و ئەوە ڕووی نەدا و ڕووسیا پاشگەز نەبووەوە. بەڵام شەڕی یەکەمی جیهانی لە ۱۹۱٨دا بە سەرکەوتنی ئەمریکا و هاوپەیمانان کۆتایی هات.

هەر دوابەدوای شکستی ئاڵمان و هاوپەیمانەکانی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بە تایبەت لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسا نەزم و سیستەمی نوێی دنیایان لەسەر لاشەی ئێمپراتوریەتە شکستخواردووەکان دادەڕشتەوە هەستی بەوە کرد کە ژاپۆن سەرەڕای ئەوەی کە هاوپەیمانە بەڵام زیادلەئەندازە هێزی گرتووە، بۆیە فشاری بۆ تۆکیۆ هێنا واز لە هەندێ لەو ناوچانە بێنێت کە بە تایبەت لە چین دەستی بەسەردا گرتبوون. بێگومان ژاپۆن ئەو هەڵوێستەی هاوپەیمانانی پێشووی پێ خۆش نەبوو و هەستی بە یانەت دەکرد، بەڵام ناعیلاج هەندێ ڕێکەوتنی ئیمزا کرد کە ڕێژەی داگیرکاری و دەسەڵاتەکەی کەم دەبووەوە. سەرباری ئەو ناڕەزایەتییەش، لە هەموو ساڵانی دەیەی ۱۹۲۰دا ژاپۆن تووڕەیی زۆری پێوە دیار نەبوو چونکە دەیزانی بەرامبەر ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا هیچی پێ ناکرێت.

لە دوای ۱۹۳۰ وردە وردە مەیلی زێدەخوازی ژاپۆن دەرکەوت و ئەو وڵاتە بە ئاشکرا بیری لە پەلهاوێشتن دەکردەوە. لە ساڵی ۱۹۳۱دا ناوچەی مەنچۆریای داگیر کرد. ساڵی ۱۹۳۷، دژی چین شەڕی دەستپێکرد؛ ئامانجی ئەوە بوو دەست بەسەر باکووری چین و ناوچە ستراتیژییەکاندا بگرێت. هەمان ساڵ و ساڵی دواتردا چەند جارێک پەلاماری سنوورەکانی یەکێتی سۆڤیەتی دا، بەڵام بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت کە شکستەکەی ساڵی ۱۹۰٥ی لەبیر کردبوو و بەتایبەت دوای بەرنامەی پیشەسازییەکەی ستالین لە لووتکەی هێزدا بوو، دوو جار تووشی شکست هات. بۆیە ئیتر گیری بەو وڵاتە نەدا و سەری نەخستە سەری.

لە هەموو ئەو ساڵانەدا ئەمریکا بە شێوەیەکی جیددی و قورس و قۆڵ بەرامبەر ژاپۆن نەوەستاوە، بەشێکی لەبەر ئەوەی ستراتیژی سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا لەو سەردەمەدا گۆشەگری بوو و زۆر خۆی تێکەڵ بە کاروباری جیهان نەدەکرد، بەشێکیشی لەبەر ئەوەی کە پێی وابوو هەم چین و هەم بەریتانیا و فەرانسا ئەوەندە هێزیان هەیە کە بەرەنگاری ژاپۆن ببنەوە و ڕێگری لە فراوانخوازی و پەلهاوێشتنەکانی بکەن.

شەڕی دووەمی جیهانی لە ساڵی ۱۹۳۹دا دوای هێرشی هێزەکانی هیتلەر بۆ سەر پۆلۆنیا هەڵگیرسا. ئاڵمان وەک برووسک لە مانگی ژۆئەنی ساڵی ۱۹٤۰دا فەرانسەی داگیر کرد. ساڵی دواتریش لە ۲۲ی هەمان مانگدا بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی مۆلۆتۆڤ-ڕیبۆنترۆپ هێرشی کردە سەر یەکێتی سۆڤیەت. بەم شێوەیە بوو کە بە یەکجاری هاوسەنگی هێز بە قازانج و لە بەرژەوەندی ژاپۆن گۆڕدرا. چونکە ئەمریکا هێشتا نەهاتبووە گۆڕەپانی شەڕ و تەنیا بەریتانیا مابووەوە و ئەویش هەر ئەوەندەی پێ دەکرا خاکەکەی خۆی بەرامبەر شاڵاو و هێرشەکانی ئاڵمان و ئیتالیا بپارێزێت.

لەو هەلومەرجەدا و لە پاییزی ساڵی ۱۹٤۱دا، ئەمریکا ناچار بوو هێزەکانی ڕەوانەی ئاسیای ڕۆژهەڵات بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەلهاوێشتنی ژاپۆن بکەن. هێشتا هیچیان نەکردبوو کە ژاپۆن هێرشێکی سەرکەوتووانەی کردە سەر بنکەی دەریایی پێرل هاربێری ئەمریکا. گوتراوە کە نزیکەی ۲٥۰۰ کوژراو و ۱۲٥۰ برینداری لێ کەوتەوە. ئەمریکا کە تا ئەو کاتە ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی دووەمی جیهانی نەکردبوو، بە فەرمی هاتە نێو شەڕەکەوە. وەک پێشتر ئاماژەم کرد، هەمان ساڵ هێزەکانی هیتلەر دوای داگیرکردنی فەرەنسا هێرشیان کردبووە سەر یەکێتی سۆڤیەتیش. بۆیە ئەمریکا لەوەش دەترسا کە سەرکەوتنی ئاڵمان بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت ئەو وڵاتە بکاتە هێژمۆنی ئەورووپا و ژاپۆنیش ببێتە هێژمۆنی ئاسیای ڕۆژهەڵات. ئەوە بۆ ئەمریکا قەبووڵکراو نەبوو و پێی گران بوو دوو ڕکابەری زلهێز لە ئاستی جیهاندا بەرامبەری قیت ببنەوە. هەر ئەوەش وای کرد کە ستالینی مارکسیست کە تا ئەو کات لە ئەمریکا بە شەیتان وەسف دەکرا بووە “مامە” و لەوەبەدوا دوو دوژمنی تینوو بە خوێنی یەکتر، واتە ئەمریکای سەرکردەی وڵاتانی لیبرال و یەکێتی سۆڤیەتی سەرکردەی بەرەی کۆمۆنیزم، بوونە هاوپەیمان دژی هەڕەشەی هاوبەش کە بریتیبوون لە هیتلەر و ژاپۆن.

لە ماوەی شەش مانگ دوای ئوپەراسیونی پرێل هاربێردا، ژاپۆن لانیکەم ٥۰ جار هەڵیکوتایە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە مالێزیا، برۆنی، هۆنگکۆنگ، سوماترا و گینەی نوێ و لە نزیک لە هەموویاندا سەرکەوتوو بوو. بەم شێوازە، بەشێکی زۆر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای داگیر کرد.

ئەمریکا پاڵی لێ نەداوە و بەگەرموگوڕی کەوتە بەربەرەکانێ. بەتایبەت بڕیاردەرانی کۆشکی سپی هەموو جۆرە فشارێکیان هێنا بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی تۆکیۆ تەنانەت بیر لە یارمەتیدانی هیتلەر بۆ هێرش بۆ سەر یەکێتی سۆڤیەت نەکەنەوە، چ جای ئەوەی بە کردە کاری وا بکات. ئەمریکا هەوڵیشی دەدا ڕێگری لە پەلهاوێشتنەکانی ژاپۆن لە نێو خاکی چین بکات؛ بۆ ئەو مەبەستە دەستی گرت بە سەر هەموو دارایی و پووڵ و پارەی ژاپۆندا و بە تەواوی ئابڵۆقەی خستە سەری. مەرجی دا نا و وتی هەر کات ژاپۆن ئەو ناوچانەی بەجێ هێشت کە داگیری کردوون، ئەویش کۆتایی بە بایکۆت و ئابڵۆقەکان دێنێت و چیدیکە گەمارۆی نادات. ژاپۆن لە وڵامی ئەو پێشنیارەدا ڕەزامەندی نیشان دا کە هێزەکانی لە بەشێکی زۆر لە ناوچە داگیرکراوەکان بکشێنێتەوە، بەڵام مەرجی ئەوە بوو هێزەکانی بۆ ماوەی ۲٥ ساڵ لە چین بمێننەوە و ئەگەر دوای ئەوە ئاشتی و تەبایی ڕاستەقینە هاتە دی ئەوسا هێزەکانی لەو وڵاتەش بباتە دەرەوە. بەڵام ئەمریکا بەوە ڕازی نەبوو و هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەکرد. بۆیە ژاپۆن لە نێوان دوو بژاردەی چۆکدادان و شەڕکردن لەگەڵ ئەمریکا، دووەمیانی هەڵبژارد. هەڵبەت هەندێک لە شارەزایان دەڵێن سەرکردەکانی ژاپۆن وایان بیر دەکردەوە کە ئاڵمان بە زوویی هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت تەفروتوونا دەکات و ئەوسا ئەمریکا ناچار دەبێت بەشی زۆری هێزەکانی بگوازێتەوە بۆ ئۆرووپا بۆ ئەوەی دژ بە ئاڵمان شەڕ بکەن و ئەوەش دەرفەتێک بۆ ژاپۆن دەخولقێنێت کە ئەگەر شکستیش بە ئەمریکا نەهێنێت، لانیکەم بتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات. هەڵبەت هێندێکیش دەڵێن سەرکردەکانی ژاپۆن هەر لە بنەڕەتدا سەهوویان کرد و پێیان وانەبوو ئەمریکا بە ڕاستی دژی ئەوان بەو شێوازە کە دواتر کردی، شەڕ بکات. ئەم گریمانەیە ڕێی تێدەچێت چونکە وەک پێشتر وتم، لەو ساڵانەدا گۆشەگری ستراتیژی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو.

بەڵام ڕووداوەکان بە دڵی ژاپۆن نەبوون و ئەمریکا بەوپەڕی هێزەوە هاتە گۆڕەپانەکە و هێزەکانی ژاپۆن تا هاوینی ۱۹٤٥ بە ئاشکرا تێک شکان. هەڵبەت سەرسووڕهێنەر نەبوو، چونکە ئەمریکا هەم ئابووری ئەو وڵاتەی لێکهەڵوەشاندبووە و هەم بەسەر ئاسمانەکەیدا زاڵ ببوو. لە مانگی مارسی ۱۹٤٥وە ئەمریکا بە بۆردومانی ئاسمانی جەحەنەمی هێنایە بەرچاوی هاوڵاتیانی ژاپۆن. دەوترێت تەنیا لە شاری تۆکیۆ نزیکەی ۱۰۰ هەزار کەس و بە گشتی لە هەموو شارەکاندا نزیک بە ۷٨٥ هەزار کەسی کوشت و نزیک لە ٨ ملیۆن و ٥۰۰ هەزار کەسیشی ماڵبەدەر و لانەواز کرد. دەرکەوت ئەمریکا تەنانەت لە بۆمبی ناپاڵم کەڵکی وەرگرتووە. بەمجۆرە، ژاپۆن لاواز ببوو و لەڕاستیدا لە کۆتاییەکانی مانگی حەفتدا ۱۹٤٥دا بە کردە لە ئاسمان و دەریادا کۆڵی دابوو و تەنیا چاوی لە هێزە زەمینییەکانی بوو و هیوای دەخواست کە نەبەزن. ناحەقیشیان نەبوو؛ سوپای وشکایی وڵاتەکەیان وەک باقی هێزەکانی تریان ملی نەدەدا و زۆر پڕتاقەت و گیانسەخت بوو. بە گشتی چەکدارانی ژاپۆن تەسلیمبوونیان بەبێ شەرەفی دەزانی و هەر لە گەرمەی شەڕیشدا هیچ ڕێزێکیان لەوانە نەدەگرت کە خۆیان ڕادەستی دوژمن دەکرد.

ئەمریکا هەم لە لاوازی و دۆخی نالەباری ژاپۆن بە شێوەیەکی گشتی ئاگاداربوو و هەم هەستی بە مەترسی هێزە زەمینییەکەشی دەکرد. لە ۲٥ ژووییەی ۱۹٤٥ لە میانەی کۆنفرانسی پۆتسدامدا، هاری ترۆمەن سەرۆکی ئەمریکا، ستالین سەرکردەی یەکێتی سۆڤیەت و چرچیل سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دوایین مەرجەکانی تەسلیمی بێمەرجیان خستە بەردەم ژاپۆن و وتیان لە ئەگەری قەبووڵنەکردنی لە لایەن ژاپۆنەوە ئەوا ئەو وڵاتە بە خێرایی و بە تەواوەتی تەفروتوونا دەبێ.

ژاپۆن بەوەش ملی ندا. ئەوە بوو ئەمریکا لە ڕۆژی ٦ی مانگی ئووتدا چەکی ئەتۆمی لە هێرۆشیما و سێ ڕۆژ دواتر ئەو چەکەی لە ناگازاکی بەکارهێنا؛ قسەکردن سەبارت بە هۆکارەکان باسی زۆر هەڵدەگرێت. بەڵام بە گشتی لایەنگرانی بەکارهێنانی ئەو چەکانە زیاتر جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمریکا نەیدەویست لە ڕێگای هێزی زەمینییەوە شەڕەکە یەکلایی بکاتەوە، چونکە قوربانی زۆری دەدا و ژمارەیەکی زۆر لە هێزە زەمینییەکانی دەکوژران. پێش هێرشە ئەتۆمییەکان ئەمریکییەکان پلانیان دانابوو بۆ هێرشێکی زەمینی بەنێوی Downfall بەڵام گەیشتبوونە ئەو قەناعەتە کە ژمارەی کوژراوەکان زۆر و لەنێوان ۲٥۰ هەزار تا ۱ ملیۆن کەس دەبن. بۆیە، دەسەڵاتدارنی ئەمریکا پێیان وابوو ژاپۆن تەنیا بە نواندنی هێزێکی سەرسامکەر بەتەواوەتی چۆک دادەدات. لایەنگرانی بەکارهێنانی ئەو چەکانە لەم ڕووەوە ڕەوایی بە هێرشەکە دەدەن. لەپاڵ ئەوەدا دەڵێن ئەمریکا دەیویست هەرچی خێراترە کۆتایی بە شەڕی دووەمی جیهانی و کارەسات و مەینەتەکانی بێنێت و بۆ ئەوەش ناحەقی نەبوو پەنا بۆ ئەو چەکانە ببات. لایەنگرانی ئەو بوردومانە زیاتر جەخت لەسەر ئەو دوو خاڵە دەکەنەوە.

بەڵام بڕیادەرانی واشنتۆن مەبەستی دیکەشیان هەبوو. لەڕاستیدا ئەمریکا دەیویست بە نمایشکردنی ئەو چەکە نوێیە هێز و باڵادەستی خۆی بەرامبەر باقی ڕکابەرەکان و بە تایبەتی یەکێتی سۆڤیەت بنوێنێ. لەم بارەوە، نێلسۆن ماندێلا ساڵی ۲۰۰۳ بە گوترە نەیوت کە بۆمبەکانی ئەمریکا بۆ ژاپۆنییەکان نەبوون، بەڵکوو مەبەستیان تێگەیاندنی یەکێتی سۆڤیەت بوو بۆ ئەوەی پێی بڵێن ئەگەر بیر لە دژایەتیکردنی ئێمە بکەیتەوە، چارەنووست ئەمە دەبێ کە دەیبینی! هەر سەبارەت بە هۆکارەکان دەستەیەکیش دەڵێن ئەمریکا ئاگادار کرابووەوە کە ژاپۆن لە ئاڵمان یارمەتی وەرگرتبوو بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆمی و ئەو هێرشانە بەجۆرێک هێرشی پێشدەستانە بوون بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی ئەو هەڕەشەیە. ئەمەیان گریمانەیەکی بەهێز نییە. هەندێکیش دەڵێن ڕەنگە ئەو دەردەی ئەمریکا بە ژاپۆنی دا لە تۆڵەی پێرل هاربێر بووبێت کە سووکایەتییەک بە ئەمریکا بوو؛ بەڵام لایەنگرانی ئەو بوردومانە نەک ئەم دوایین هۆکارە قەبووڵ ناکەن بەڵکو دەڵێن بەپێچەوانەوە ئەمریکا بیری لەوە دەکردەوە کە بە وەستاندنی شەڕ ڕێگری لە مردنی زیاتری هاووڵاتییان و خەڵکی مەدەنی لە هەموو ئاسیا و بە تایبەت لە چین و هەروەها لە خودی ژاپۆن بهێنێت. هەڵبەت بۆچوونێکی نابەجێش نییە، مەزەندە دکرا بەبێ هێرشی ئەتۆمیش نزیکەی دە ملیۆن کەس لە ژاپۆن، فیلیپین، مالایا و سەنگاپور بەس لە برسێتیدا بمرن. بەهەر حاڵ، هۆکارەکان هەرچی بوون، بەو شێوازە بوو کە یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆمبی ئەتۆمی تاقی کرایەوە.

بێگومان ئەنجامەکان وێرانکەر و کارەساتبار بوون. بە هەزاران کەس ئەوکات و دواتر لە هێرۆشیما و ناگازاکی گیانیان لە دەست دا. هەرچەند بەو حاڵەش هێزەچەکدارەکانی ژاپۆن هێشتا بەپێچەوانەی سەرکردایەتی سیاسی وڵاتەکەیان ڕازی بە نەرمینواندن و خۆڕادەستکردن نەبوون و لە ئۆپەراسیونەکانیان بەردەوام بوون و ئەوەش درگای بۆ یەکێتی سۆڤیەت کردەوە شەڕ دژی ژاپۆن ڕابگەیێنیت. ئەمە ئیتر دوایین بزمار بوو کە لە ئیمپراتوریەتی ژاپۆن درا.

بەو حاڵەش هێشتا کە هێشتایە جیاوازی ڕا و بۆچوون هەیە سەبارەت بەوەی کە ئایا بوردومانەکە ئەخلاقی بوو یان نائەخلاقی و پێویست بوو یاخود ناپێویست. ئەم باسە کاتێک ئاڵۆزتر دەبێت کە دەبینین ڕوانگەکان هێندە جیاوازن کە هەندێ کەس لە خودی ئەمریکا ئەو هێرشانە وەک تیرۆری دەوڵەتی، جینایەتی جەنگی و تەنانەت تاوان دژی مرۆڤایەتی و شارستانییەت وەسف دەکەن و لەم بارەوە زانایەکی وەک چۆمێسکی بە قیزەونترین تاوانی مێژوو ناوی دەبات و لە نێو فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکاشدا کەسانێک هەبوون کە پێیان وابوو ئەوە هێرشێکی ناپێویست بوو و ژاپۆن تەنانەت بە گەمارۆی دەریایی خۆی ڕادەست دەکرد، بەڵام لەبەرامبەردا لە ساڵی ۲۰۰۷دا فۆمیۆ کیوما، وەزیری بەرگری ژاپۆن کە خۆی خەڵکی ناگازاکییە ڕایگەیاند کە بۆردومانی ئەتۆمی ئەمریکا دژی ژاپۆن تاقە ڕێگە بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دەنا ژمارەیەکی زیاتر دەمردن. گەرچی دواجار بە هۆی ئەو تووڕەییەی کە دوای قسەکانی سەری هەڵدا، ناچار بوو دەست لەکار بکشێتەوە. دەرئەنجام، من ئێستاش لەگەڵ ئەو قسەیەی فرانسیس لاکوست باڵوێزی فرانسەم کە شەش مانگ دوای بوردومانەکان سەردانی هێرۆشیمای کردبوو و وتبووی: ڕەنگە هەرگیز باس و مشتومڕەکان سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو هێرشەی ئەمریکا ژیرانە بوو یان گەمژانە کۆتاییان نەیەنێت و نەگەنە ئەنجام!