9 . خەزەڵوەر . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژکۆحەفتەوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

ڕوانگەی کۆمەڵە سەبارەت بە چەمکی ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک

ڕوانگەی کۆمەڵە سەبارەت بە چەمکی ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک
8 . خەزەڵوەر . 2726

کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر چەمکی «ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک" راگەیاند و لەبەشێکی راگەیاندراوەکەدا هاتووە:"خەتی «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» بە هاوردەیەکی نادروست و ناتەبا لەگەڵ مێژوو، ناوەرۆک و دروشمی بزووتنەوەکەمان، ناتەبا لەگەڵ ویست و ئاواتی گەلی کورد لە ئێران دەزانین."

دەقی راگەیاندڕاوەکە:

لە ماوەی ڕابوردوودا چەمکێک و دەستەواژەیەکی نوێ بەناوی ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک لە فەزای مەجازی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان هێنراوەتە ئاراوە و وەکوو ڕێگە چارەیەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە قەڵەم دراوە. ئەوەش لە هەمووان ڕوونە کە سەرچاوەی هێنانە گۆڕی ئەو بابەتە و پێشکەش کردنی، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان واتا پژاکە. ئەو بابەتە کاردانەوەشی لێکەوتۆتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵات ڕەخنە و تێبینی خۆیان خستۆتە ڕوو.

با پێشەکی جارێکی دیکە دووپاتی بکەینەوە کە ئێمە بە مافی هەموو هێزە سیاسییەکان و هەموو تاکێکیشی دەزانین کە ڕوانگە، سیاسەت، پێشنیار و گەڵاڵەکانیان، هەروەها ڕەخنەکانیان، لە ئاستی کۆمەڵگادا بهێننە گۆڕێ و بیدەنە بەر باسی گشتی. هەر بەو پێوەرە، دەبێ ئامادەش بن وەڵامیان بدرێتەوە و پرسیار و ڕەخنە و تێبینیان ئاراستە بکرێت.

ئێمە بەدوای تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە و بە لەبەر چاو گرتنی بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە و مەترسییەکانی بەردەم کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە پێویستمان زانی ڕوانگە و هەڵوێستی خۆمان لەو بارەیەوە ڕوون و ڕاشکاوانە و بەکورتی بە ئاگاداری هەمووان بگەیەنین. ئێمە بەتایبەتی لەو بڕوایەداین کە ڕوانگەی «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک»، ئەگەر بێوەڵام بمێنێتەوە، دەتوانێ چەواشەییەکی گەورە بخوڵقێنێ و زیانێکی گەورە بە بزووتنەوەکەمان و دەسکەوتەکانی بگەیەنێت.

کۆمەڵە، وەکوو حیزبێک کە هەزاران شەهید و هەزاران کەم ئەندام و بەندکراوی سیاسی لەپێناو ڕزگاری کوردستان و دەستەبەر کردنی مافەکانی گەلی کورد و ئازادی و بەختەوەری خەڵکەکەی پێشکەش کردووە و بست بە بستی ئەو نیشتمانەی بەخوێنی گەشی ڕۆڵەکانی نەخشاندووە، وەکوو هێزێکی پێشەنگ و ڕچەشکێن کە توانیویەتی خەبات بۆ مافی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری لەگەڵ داکۆکی کردن لە ئازادی و دادپەروەری و بەها دێمۆکراتیک و پێشکەوتنخوازانەکان لێکهەڵپێکێ و کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی پێ دەوڵەمەندتر بکا، وەکوو هێزێک کە بەرپرسایەتییەکی گەورەی بۆ ڕابەری کردن و بەرەو پێش بردنی ئەو بزووتنەوەیە لە ئەستۆ بووە و ئێستا لە هەمیشە زیاتر هەیەتی، بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێ کە لەسەر ئەو چەمکە بدوێ و ڕەخنە و ڕوونکردنەوە و هۆشدارییەکانی پێشکەش کۆمەڵانی خەڵک بکات.

١- گرفتێکی سەرەتایی چەمکی «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» لێڵ بوون و ناڕوون بوونی ناوەرۆکی کۆنکرێتی ئەو بابەتەیە. زۆر لە «کۆمەڵگەکان»ی نێو وڵاتی ئێران دەدوێ بەڵام دیار نییە دەقیقەن چ مافێک بۆ کورد دەستەبەر دەکا، هیچ کیانێک، هیچ پێگەیەک و هیچ چوارچێوەیەکی یاساییش بۆ داهاتووی کورد باس ناکرێت. بەگشتی، دەنگ و هەرایەکی زۆر و ناوەرۆکێکی کەم و نادیار.

بەڵام گەورەترین و بنەڕەتیترین گرفتی ئەو بابەتە ئەمەیە کە کورد نەک وەکوو نەتەوەیەک، نەک وەکوو گەلێکی ستەملێگراو بەڵام خاوەن ماف، نەتەوەیەکی بێدەوڵەت بەڵام خاوەن نیشتمان، بەڵکوو وەکوو کەمینەیەکی فەرهەنگی، وەکوو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵگای چل تیکەی ئێراندا دەبینێ و بەو پێیەش هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکا و هەر بەشی ئەوەندەش مافی بۆ دەخوازێ.

«ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک»، پرسی کورد لە ئێران لە پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی و ناسێنەخوازانەوە دادەبەزێنێ و بەرتەسکی دەکاتەوە و تەنیا وەک پرسی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی- فەرهەنگی کە هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی نەتەوە، پێناسەی دەکا.

٢- بە هەڵکەوت نییە کە جێگەی مافي دیاری کردنی چارەنووس، وەکوو مافی بنەڕەتیی هەموو نەتەوەیەک، لە چەمکی ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیکدا بەتەواوی خاڵییە. ئەمەش لەگەڵ هەموو ئەزموونی مێژوویی شۆڕشەکانی کورد و لەوانە کوردی ڕۆژهەڵات و هەر وەها لەگەڵ باوەڕ و پڕەنسیپی سیاسی کۆمەڵە ناتەبا و نەگونجاوە.

هەر لەو ئاراستەیەش دایە کە لە «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک»دا هیچ کیانێکی کوردی، لە خودموختارییەوە بگرە تا نیزامێکی فێدرالی و هەتا سەربەخۆیی، بەدی ناکرێ و بوونی نییە. ئەو ڕوانگەیە پرسی کورد، نەک وەک پرسێکی سیاسی، بەڵکوو وەکوو پرسی کەمینەیەکی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی چاو لێدەکا، بۆیە هیچ داخوازی سیاسی بۆ کورد تێدا نییە، کیانێکی کوردی ناوێ و بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی داوا ناکا. 

بەگشتی، سیاسەت، دەوڵەت، دەسەڵات و بەشداری لە دەسەڵات، کیانی سیاسی و ئیداری، بە ڕەسمی ناساندنی مافەکانی کورد و زەمانەت کردنی لە یاسای بنەڕەتیدا و هەموو ئەو شتانەی کە دەگەڕێنەوە سەر پرسی داخوازیی سیاسی جێگەیەکیان لەو دیدگایەدا نییە و وەکوو دیاردەگەلی ڕێبازی «کلاسیکی» و حیزبی «کلاسیکی» ڕەت دەکرێنەوە.

٣- هەڵەیەکی گەورەی دیکەی ئەو هێڵە فکرییە، نادیدە گرتن، یان ئەگەر بە زەقی باسی بکەین لێسەندنەوە و داماڵینی کوردە لە سەرزەمین و نیشتمان. ئەو چەشنە ئەنتێگراسیۆنەی وەکوو نوسخە بۆ چارەسەری پرسی کوردی ڕۆژهەڵات دەینوێنن، لەڕاستیدا بۆ پەنابەران یان کۆچبەرانێک دەتوانێ گونجاو بێ کە لە سەردەمێکدا وڵاتی خۆیانیان بەجێ هێشتووە و لە وڵاتی دووهەم، بۆ نموونە کورد لە سوێد یان تورک لە ئاڵمان یان عەرەب لە فەڕانسە، جێگیر بوون و هەڵبەت ناتوانن نیشتمان و کیانی سیاسی و فێدڕاڵی و شتی وا داوا بکەن. بۆ ئەوان، دانپیانان بە مافی فەرهەنگی و لەوانە گونجاندنی دەرسێک بە زمانی دایک لە بەرنامەی پەروەردەی ئەو وڵاتەدا یان تەرخان کردنی بوودجەیەک لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ یارمەتی بە پاراستنی فەرهەنگ و پەرە پێدان بە چالاکیی هونەری و کولتووریی خۆیان، دەتوانێ بەرنامەیەکی شیاو و هەنگاوێکی دێمۆکراتیک و مرۆڤدۆستانە بێت. 

بەڵام داسەپاندنی ئەو مۆدێلە بە سەر کوردستان و بزووتنەوەکەی، لە ڕاستیدا جگە لە بنکۆڵ کردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و لێسەندنەوەی ڕەوایی ئەو ماف و داخوازییانە، مانایەکی دیکەی نییە. کورد خێڵێک یان کەمینەیەکی کۆچبەر و پرژ و بڵاوی بێ خاک و بێ نیشتمان نین. کوردستان نیشتمانی هەزاران ساڵەی کوردە و هیچ چەشنە ڕۆمانتیزە کردنی چەمکی «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» ناتوانێ و ناشبێ ئەم ڕاستییە مێژووییە لەبەر چاوان ون کات.

٤- یەکێک لەو چەمکانەی کە لایەنگرانی «ئەنتێگراسیۆن» بە خەستی بەسەر خوێنەریدا دەبارێنن، چەمکی دێمۆکراسی و وشەکەیەتی. بەڵام بەداخەوە لێرەشدا هەڵە و چەواشەکاری جێگەی تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەی لە ڕۆڵ و کارکردی دێمۆکراسی گرتۆتەوە و ئەو بابەتەی بە لاڕێدا بردووە. کەس لە سەر ڕۆڵی ئەرێنی و گرنگی دێمۆکراسی، بەتایبەت لە وڵاتێکی وەک ئێران کە بەدەست ڕژیمێکی تۆتالیتێری مرۆڤکوژ بەڕێوە دەچێ، قسەی نییە، گومانیش لەوەدا نییە کە ئەو دێمۆکراتیزە بوونە خزمەت بە پرسی کوردیش دەکا.

حیزبە کوردییەکانیش هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە ئەوەیان بەباشی دەزانی. کۆمەڵە هەر لە سەرەتاوە لەسەر دێمۆکراسی لە ئێران بەگشتی، وە هەروەها لە کوردستاندا، پێداگر بووە، خەباتی بۆ کردووە و شانازیشی پێوە دەکات.

بەڵام دێمۆکراسی بە هەموو گرینگییەکەیەوە، جێگرەوەی چارەسەری پرسی نەتەوەیی نییە، ئەم بابەتە بەرنامەی خۆی و گەڵاڵەی خۆی و خەباتی خۆی پێویستە و بۆ چارەسەر کردنی هەبوونی پڕەنسیپی سیاسی دروست، بەرچاو ڕوونی و لێکدانەوەی دروستی بارودۆخ و گەڵاڵەی گونجاوی پێویستە. هەر وەکوو هەمووان دەزانن، کۆمەڵە بۆ چارەسەری ئەو پرسە لە چوارچێوەی ئێراندا بەرنامەی مافی فێدرالی لە ئێرانێکی دێمۆکراتیکی فرەچەشنی سێکولاری هێناوەتە ئاراوە.

دێمۆکراسی، کۆسپی ئیستیبدادمان لە بەرپێ لادەبا، زەبر و زەنگ و کوشت و بڕی دیکتاتۆریمان بە سەرەوە ناهێڵێ و ئیمکانی خەباتی ئازادانەتر و بەربڵاوتر لە پێناو مافەکانمان بۆ فەراهەم دەکا. بە واتایەکی تر، دێمۆکراسی جێی خەبات لە پێناو مافە نەتەوییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو دەروازەیەکمان بۆ دەکاتەوە کە ئازادانەتر، کاریگەرتر، بە بەردەنگێکی زۆرترەوە و بە ئەگەری توندوتیژی کەمترەوە لە دژمان، بۆ ئامانجەکانمان تێبکۆشین. بەداخەوە، «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» چەکی دێمۆکراسی نەک بۆ مسۆگەر کردنی مافەکانی کورد بەڵکوو بە مەبەستی سڕینەوە و پشتگوێ خستنی ئەو مافانە بەکار دێنێت و کەڵکی خراپی لێوەردەگرێت.

لە کۆتاییدا، بە لەبەر چاو گرتنی هەموو ئەو بابەتانەی سەرەوە، ئێمە خەتی «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» بە هاوردەیەکی نادروست و ناتەبا لەگەڵ مێژوو، ناوەرۆک و دروشمی بزووتنەوەکەمان، ناتەبا لەگەڵ ویست و ئاواتی گەلی کورد لە ئێران دەزانین. لە خەونێکدا کە «ئەنتێگراسیۆن» بۆی دیوین، نە مافی دیاری کردنی چارەنووس، نە هیچ بەرنامەیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد، نە هیچ کیانێکی کوردی، نە هیچ مافێکی یاسایی و نە هیچ ستاتووسێک بۆ کورد، نە هیچ میکانیزمێکی یاسایی بۆ بەشدارییەک لە دەسەڵاتی سیاسی، بەدی ناکرێت. باڵاترین بەرهەمێک کە ئەو ڕوانگەیە دەتوانێ بۆ کورد بەدەستی بهێنێت، لە خۆتواندنەوەیەکی دڵخوازانە زیاتر هیچ نییە. «ئەنتێگراسیۆنی دێمۆکراتیک» چەمکێکی هاوردەیە کە بە هیچ شێوەیەک بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات گونجاو و قابیلی قبووڵ نییە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی ناوەندی

٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، ٣٠ ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ی زایینی