22 . گەلاوێژ . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

لوبنان لە هەنگاوێکی مێژووییدا یاسای سزای سێدارەی هەڵوەشاندنەوە

لوبنان لە هەنگاوێکی مێژووییدا یاسای سزای سێدارەی هەڵوەشاندنەوە
22 . گەلاوێژ . 2726

لوبنان لە هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییدا وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاسای سزای سێدارەی هەڵوەشاندەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢۶، پارلەمانی وڵاتی لوبنان کە لە ١٢٨ ئەندام و چەند فراکسیۆن پێک هاتووە، بە ئامادەبوونی عادڵ نەساری، وەزیری دادوەریی ئەو وڵاتە، یاسای سزای سێدارەی هەڵوەشاندەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە تەنیا فراکسیۆنی "حیزبوڵڵا" دژی ئەم بڕیارە بووە، پارلەمان بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان و فراکسیۆنەکان بڕیاری هەڵوەشانەوەی یاسای سزای سێدارەی پەسەند کرد و وەزارەتی دادوەریی لوبنانیش پێشوازیی گەرمی لەو هەنگاوەی پارلەمانی وڵاتەکەیان کردووە و عادڵ نەساری، هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایەی بە هەنگاوێکی مێژوویی لەقەڵەم داوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وێڕای ئەوەی کە تاکوو پێش پەسەندکردنی ئەم بڕیارە ٨۵ کەس لەو وڵاتە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، بەڵام دەزگای دادوەریی وڵاتی لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٤ی زایینییەوە تا هەنووکە هیچ سزایەکی سێدارەی جێبەجێ نەکردووە و به کردەوە ئەو یاسایە ڕاگیراوە.

شایانی باسە کە لوبنان یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبییە کە بڕیاری هەڵوەشانەوەی یاسای سزای سێدارەی پەسەند کرد و ڕێکخراوە نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، وێڕای پێشوازی لەو بڕیارە، داوایان کردووە ئەم بڕیارە بەفەرمی جێبەجێ بکرێت.