Weather widget for website
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟

ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟

10 . ڕێبەندان . 2723

راپۆرتی تایبەتی: رۆژهەڵات نیوز

عومەر ئیلخانیزادە جێگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێری کوردستانی ئێران دەڵێ حدکا بەرپرسی ناوەندی هاوکارییەو دەبووا ئەوان داوای کۆبوونەوەو یەکگرتوویان کردبا، لەبەرامبەردا محەمەد نەزیف قادری ئەندامی ناوەندیی بەرێوەبەری حدکا پێیوایە ئەگەرچی هەموو پشتیوانییەکی تەشکیلاتیان لێکردوون، بەڵام کۆمەڵە دەبووا بەر لە راگەیاندنی مان گرتن قسەی لەگەڵ کردبان.

رۆژی دوای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد کە پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش بوون، بەناوەکانی موحسین مەزلوم، پێژمان فاتحی، وەفا ئازەربار و محەمەد فەرامەرزی، کۆمەڵەی شۆرشگێرانی کوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا داوای مانگرتنی گشتی بۆ رۆژی سێشەممە ١٠ی رێبەندان کرد، دواتر عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری ئەو حزبەش لە تویتێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئیکس رایگەیاند کە ئەوان دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنی و مافی مرۆڤییەکان ئەو بڕیارەیان داوە.

هاوکات لەگەڵ راگەیاندراوەکە چەندین رێکخراوی مافی مرۆڤ پشتیوانیان لەو مانگرتنە کرد، دواتر پارتی ئازادی کوردستان (پاک) و کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و رێکخراوی راهی کارگەریش بە راگەیاندراوی جیاواز پشتیوانیان لە داواکاری مانگرتن بۆ رۆژی سێشەممە کرد.

بەڵام دوو لایەن ئەگەرچی بەتووندی لەسێدارەدانی ئەو چوار پێشمەرگەیەی کۆمەڵەی شۆرشگێریان مەحکوم کرد، بەڵام حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەراگەیاندراوەکەیاندا بەدیاریکراوی باسیان لە داوای مانگرتن بۆ رۆژی ١٠-ی رێبەندان نەکردبوو. ئەوەش جگە لە ناکۆکییە قووڵە چاوەروانکراوەکەی کۆمەڵەی شۆرشگێری کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستانی دەرخستەوە، هاوکات ئالۆزی دۆخی ناوەندی هاوکاری و بەدیاریکراوی پەیوەندی نێوان حدکا و کۆمەڵەی شۆرشگێری وەبیرهێناینەوە.

عومەر ئیلخانیزادە جێگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سەبارەت بەو پرسە بە رۆژهەڵات نیوز-ی راگەیاند کە لەئێستادا حدکا بەرپرسی ناوەندی هاوکارییەو پێیوایە ئەوان دەبووا داوای کۆبوونەوەو بڕیار لەسەر کاردانەوەیەکی هاوبەش بکەن، بەڵام ئەو کارە نەکراوە. ئەو لێدوانەی ئیلخانیزادە لەکاتێکدایە کە ماوەیەکە ناوەندی هاوکاری مەیلەو سڕکراوەو راگەیاندن و کردارێکی ئەوتۆی نەبووە.

محەمەد نەزیف قادری ئەندامی ناوەندیی بەرێوەبەری حزبی دیموکراتی کورستانی ئێران بە رۆژهەڵات نیوز-ی گوت کە ئەوان خەمەکەیان بە خەمی گشتی زانیوەو لەئاستی جیاجیادا هاوخەمیان لەگەڵ کۆمەڵەی شۆرشگێر کردووەو مستەفا هیجری پەیوەندی بە عەبدوڵڵا موهتەدی کردووە. هاوکات بەگوتەی قادری حدکا تەشکیلات و رێکخراوەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە بە تەواوی پشتگیری لە کەمپەینەکان بکەن و لە سەرجەم چالاکییەکانی پەیوەندیداریشدا بەشداری بکەن و رۆڵێکی باشیشیان هەبووە. ئەو گوتیشی پێشوەختە راگەیاندنیان داوەو ئامادەیی هەموو پشتیوانیەکیشیان راگەیاندووە، بەڵام لەسەر رۆژی مانگرتنەکە پرسیان پێنەکراوەو لایەنی کۆمەڵەی شۆرشگێر پەیوەندی پێوە نەکردوون.

سەبارەت بە گلەیی کۆمەڵە و بەشێک لە رای گشتیش ئەندامی ناوەندیی بەرێوەبەری حدکا بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە باسوخواستی ئێستا پەیوەندی بە ناوەندی هاوکارییەوە نیە، چوونکە هەردوولا دەزانن کە بۆچوونی جیاوازی قووڵیان لەسەر ناوەندەکە هەیە. بەگوتەی محەمەد نەزیف قادری حدکا پێیوایە دەبێ پێداچوونەوەی جیدی بە ناوەندی هاوکاریدا بکرێت، ناوەند دیموکراتیزە بکرێت و لایەنەکانی دیکە تێیدا بەشدار بن. قادری دەشڵێ نابێ کێشەی ناوخۆی کۆمەڵە کاریگەری لەسەر بەرفراوانکردنی ناوەندی هاوکاری دابنێت و پێیوایە کە ناوەندی هاوکاری پلاتفۆرمێکی پتەوی دیکەی پێویستە.
لەگەڵ ئەوەش عومەر ئیلخانیزادە جێگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێیوایە کە ناوەندی هاوکاری دەبێ کاری خۆی بکات، لەگەڵ ئەوەی رای جیاوازیان لەسەر پرسەکان هەیە، بەڵام بۆچوونی هاوبەشیش کەم نین و دەبێ لەسەر بۆچوونە هاوبەشەکان کاربکرێت، بۆ نموونە داواکاری فیدەرالیزم یەکێک لەو خاڵانەیە کە هەمووان دەبێ لەسەری هاوڕابن. سەبارەت بە گلەیی حدکا لە مەنشووری مەهساش ئیلخانیزادە بە رۆژهەڵات نیوزی گوت کە شەخسی عەبدوڵڵا موهتەدی کاری زۆری بۆ یەکریزی کوردستان کردووە، نوێنەرایەتییەکی باشی پرسی کوردیش‌بووە. لەسەر مەنشووری مەهساش نایشارێتەوە کە پێشتر لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باسکراوە، شەخسی یەکەمی حدکا رەشنووسی مەنشوورەکەی دیتووە، بەڵام بەگوتەی ئەو گلەیی حدکا ئەوە بووە کە بۆچی لەکاتی واژۆکردنیدا ئاگادار نەکراونەتەوە.
بەڵام ئەندامی ناوەندیی بەرێوەبەری حدکا راستەوخۆ پشتیوانی نەکردن لە داوای مانگرتنی کۆمەڵەی شۆرشگێر بۆ پرسێکی دیکە دەگەرێنێتەوەو پێیوایە دەبووا کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەر لە راگەیاندراوەکەیان گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کردبا و تەنانەت رۆژانی پێشتریش هەوڵی کۆبوونەوەو هاوفیکری لەگەڵ لایەنەکان دابا. لەبەرامبەردا عومەر ئیلخانیزادە بە رۆژهەڵات نیوز-ی گوت کە ئەوان پێشوەختە لەگەڵ سەید ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و هاوکات پارتی ئازادی کوردستان پاک قسەیان کردووە. سەبارەت بە مانگرتنەکەش جێگری سکرتێی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند کە پێشوەختە چەندین رێکخراوی مەدەنی و مافی مرۆڤ داوای مانگرتنیان کردبوو، لەگەڵ ئەوەش نایشارێتەوە کە ئەگەر ئەوانیش داوایان نەکردبا، ئەوان هەر راگەیاندنی داواکردنی مانگرتنیان بڵاودەکردەوە، چوونکە لەسەرکەوتنی هەتا رادەیەکی زۆر دڵنیا بوون.

ناکۆکییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دوای بەشداری عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێر لەجۆرج تاون و دواتر واژۆکردنی مەنشووری مەهسا دەستیپێکرد. لەو مەنشوورەدا رەزا پەهلەوی بەشداری سەرەکی بوو، لەکاتێکدا حدکا لەسەر زاری کەسی یەکەمی رایگەیاندبوو کە هاوکاریکردن لەگەڵ رەزا پەهلەوی بۆ ئەوان هێڵی سوورە. ناکۆکییەکە دوای لێکترازانەوەی کۆمەڵەی شۆرشگێری کوردستان ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان قووڵتر بوویەوە. لایەنی کۆمەڵەی شۆرشگێر بە ئینشعاب و لایەنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشیش بە سەرنەکەوتنی پرۆسەی یەکگرتنەوە ناویان برد. بەڵام هەرزوو حدکا دانی بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نا و کۆبوونەوەی فەرمیان لەگەڵ کرد و ئەوەش‌ناکۆکی حدکا و کۆمەڵەی شۆرشگێری کوردستانی ئێرانی قووڵتریش کردەوە.
ئەو ناکۆکییە کاریگەری لەسەر راگەیاندنی داواکردنی مانگرتنی گشتی لەکوردستان دانا، بەهۆی سڕبوونی ناوەندی هاوکاری حدکا پێیوایە کە هەتا پێداچوونەوە بە ناوەندی هاوکاریدا نەکرێت، ناکرێ وەکوو میکانیزمێک بۆ کاری پێکەوەی ئەو دوو لایەنە سەیر بکرێت. بەڵام عومەر ئیلخانیزادە جێگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێ ئەگەر ناکۆکی و کێشە یان پلانێکیش بۆ داهاتوو هەیە، دەبێ لەناو ناوەندی هاوکاریدا باسی لێوەبکرێت. ناوەندێک کە محەمەد نەزیف قادری ئەندامی ناونەدیی بەرێوەبەریی حدکا داوای پێداچوونەوە بە ناوەرۆکی و بەرفراوانبوونی دەکات.


15

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین