Weather widget for website
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟

ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟

4 . ڕێبەندان . 2723

وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز

ماڵپەری ئێکۆنۆمیستی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئامریکا دەڵێ، ئەگەری ئەوە هەیە لێکدانەوەیەکی هەڵە شەڕێکی گەورەی ناوچەیی لێبکەوێتەوە، ئەوکات ئەمریکا هیچ چارەیەکی نیە، جگە لەوەی هێرشی راستەوخۆی سەربازی بۆ سەر سوپای پاسداران بکات.

زیاتر لە ١٠٠ رۆژ لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر تێدەپەرێ، ئەمریکاییەکان لەلایەک هاوکاری ئیسرائیل دەکەن و لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵی ئەوە دەدەن، شەڕەکە زیاتر تەشەنە نەکات و نەبێتە شەرێکی ناوچەیی و راستەوخۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەو خۆدوورگرتنەوەی واشنتن لەشەڕەکە سوودێکی ئەوتۆی نەبووە، چوونکە شەڕەکە لەمێژە لەدەرگای داوەو ناچارە دەرگاکەی لێبکاتەوە. هەر لەسەرەتای قەیرانە نوێکەی غەززە چەکدارانی نزیک لە ئێران نزیکەی ١٤٠ هێرشی مووشەکی و درۆنیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کردووە. ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا سەنتکام بە ئاشکرا رایگەیاند بەهێزترین هێرش بۆ سەریان لە ٢٠-ی ژانویە بۆ سەر بنکەی سەربازی عەینوڵئەسەد بووەو بەمووشەکی باڵستیک کراونەتە ئامانج.

ئەگەرچی زۆربەی کات سیستەمی دژە مووشەکی ئەمریکا بەرپەچی هێرشەکانی داوەتەوە، بەڵام ئەوەی عەینوڵئەسەد هەندێک لەمووشەکەکان کەوتوونەتەخوارێ و باس لە بڕیندار بوونی چەندین سەربازی ئەمریکایی و عێراقی دەکرێت. لەگەڵ ئەوەش جۆ بایدن لەژێر پاڵەپەستۆیەکی کەم وێنە دایە، ئەگەر تۆڵەو کاردانەوەی جیدیتری نەبێت، ئەمریکا وەکوو وڵاتێکی لاواز دەردەکەوێت، ئەگەر کاردانەوەی تووندتر و راستەوخۆتریشی هەبێ، لە ساڵی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا دەکەوێتە شەڕێکی بەربڵاوی ناوچەییەوە.

ئێکۆنۆمیست لە راپۆرتەکەیدا باس لە دۆخی ئاڵۆزی ئەمریکا لە ساڵی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکەی دەکات، چوونکە لێکدانەوەیەکی بچووکی هەڵە، دەتوانێ شەڕێکی ناوچەیی بەدوای خۆیدا بهێنێت و ئەوکاتیش ئەمریکا هیچ چارەیەکی نیە، جگە لەوەی راستەوخۆ سوپای پاسداران بکاتە ئامانج.

ئەو دامەزراوە میدیاییەی ئەمریکا دەڵێ ئەمریکا بۆ وەستاندنی حوسییەکان تەنیا لە یەک حەوتوودا ٧ جار ئەو گروپە چەکدارەی کردووەتە ئامانج. کەچی خودی بایدن-یش رایگەیاندووە کە حوسییەکان بەو هێرشانە راناوەستن. هەربۆیە ئەمریکا دەیەوێ رەشنووسی پرۆژەیەک ئامادە بکات، بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەکی سەربازی پتەوو هەمیشەیی لە یەمەن پێکبهێنێت.

ئەو وردبوونەوەیە لەسەر حوسییەکانی یەمەن لەکاتێکیشدایە کە بۆ یەکەمجار رۆژنامەی واڵ ستریت ژوورناڵی ئەمریکا لە راپۆرتێکی دوورودرێژدا ئاشکرایکرد کە کۆماری ئیسلامی ئێران راستەوخۆ و بەشێوازی جیاواز یارمەتی حوسییەکان دەدات، بۆ ئەوەی کەشتییەکان لە دەریای سوورو بابوڵمەندەب بکاتە ئامانج. لەوەش راشکاوتر ژەنەرال برێک کووپێر فەرماندەیەکی باڵای دەریایی ئەمریکا رایگەیاند کە ئێران بەشێوەیەکی زۆر راستەوخۆ لەپشت هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانە. هەموو ئەوانە گووشارەکانی بۆ سەر جۆبایدن بۆ کاردانەوەی جیدیتر و راستەوخۆتر بەرامبەر ئێران زیاد کردووە.

ئێکۆنۆمیست ئاماژە بە بەرەیەکی دیکەی ناکۆکی لە ناوچەش دەکات. حزبوڵڵای لوبنان کە بەهێزترین و کۆنترین هاوپەیمانی ناوچەیی ئێرانە، بەردەوام سنوورەکانی ئیسرائیل بوردوومان دەکات. لەگەڵ ئەوەش ئێران پشتیوانی خۆی لە حەماس دووپاتکردووەتەوە، بەڵام راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل نەکەوتووەتە شەڕ. کابینەی جۆ بایدنیش دوای هێرشی ٧-ی ئۆکتۆبەر هەرزوو ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە کە خۆی لە هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر حزبوڵلا بپارێزێت. بەڵام ئیسرائیل هۆشداری داوە کە ئەگەر دیپلۆماسی نەتوانێ حزبوڵلا رابگرێت و لەسەر سنوور دووریان بخاتەوە، لەناو خاکی لوبنان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات.

راپۆرتەکەی ئێکۆمۆمیست باس لەوە دەکات کە ئەمریکا و ئێران خەریکی راگرتنی هاوسەنگییەکی مەترسیدارن. لەلایەک ئێران یارمەتی هاوپەیمانەکانی لەژێر ناوی میحوەری مقاومەت دەکات کە لەهێرشەکانیان بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام بن، بۆ ئەوەی لاوازیان بکات و، بەهایەکی بە وڵاتانی عەرەبی نەهێلێتەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەمریکا خەریکی وەڵامدانەوەی سنوورداری هێرشی میلیشاکانی سەر بە ئێرانە. هەردوولا خۆیان لە پێکدادانی راستەوخۆ دەبوێرن، بەڵام بە ئەگەری زۆر ئەو هاوسەنگییە بۆ هەمیشە راناگیرێت.

ئیکۆنۆمیست هۆکاری تێکچوونی ئەو هاوسەنگییە بەمشێوەیە باس دەکات. بەر لەهەموو شتێک ئیسرائیل راستەوخۆ خەریکی شەڕە لەگەڵ حەماس و تەنانەت حزبوڵڵای لوبنانیش، هاوکات شەڕێکی مەیلەو ئاشکراشی لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەکانی دەستپێکردووە. کۆتاییەکانی دێسەمبەر فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی لە دیمەشق کوشت، هەفتەیەک دواتر ساڵح ئەڵعاروری یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی حەماسی لە بەیروت کوشت، رۆژی ٢٠-ی ژانویە ئیسرائیل لەهێرشێکی دیکە بۆ سەر دیمەشق ٥ ئەندامی دیکەی سوپای پاسدارانی کوشت، کە فەرماندەی ئیتڵاعاتی سوپای قودس لە سوریاشی تێدابوو و ..هتد.

لەگەڵ هەمووی ئەوانەش لەناوخۆش چەندین هێرش بۆ سەر ئێران کراون، لە تەقینەوەکانی کرمان کە داعش وەئەستۆی خۆی گرت، نزیکەی سەد کەس کوژران. لانیکەم یازدە سەربازی ئێرانی لەسنووری سیستان و بەلوچستان لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کوژران. ئێکۆنۆمیست نووسیویەتی کە تاکوو ئێستاش عەلی خامنەیی رێبەری ئێران داوای لە هێزە سەربازییەکانی کردووە کە "دانبەخۆداگرتنی ستراتیژیان" هەبێت، بەڵام وردە وردە بەرپرسانی ئێران بەتایبەت بەرپرسانی سەربازی دەگەنە ئەو رایە کە دەبێ واز لە بەرگری بهێنن و خۆیان کۆنترۆڵ دۆخەکە بکەن. سەرەداوەکانی ئەو بڕیارەش لە هەفتەی رابردوو دەرکەوتن کە کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشی مووشەکی بۆ سەر سێ وڵاتی دراوسێ کردووە. لەگەڵ ئەوەش‌ ئێرانییەکان هێشتاش ناوێرن بە ئاشکرا ریسک و سەرکێشی بکەن، ئەوان دەیانەوێ وا نیشان بدەن کە هێشتاش دۆخەکەیان لەکۆنترۆڵ دەرنەچووە، بەڵام ئەوەش نابێ لەبەرچاو نەگرین کە ئیسرائیل دەیەوێ ئێران بەو داوەوە بێت کە لەمێژە بۆی داناوەتەوەو بەمشێوەیە پاساوی بۆ شەڕەکە هەبێت و ئەمریکاش لەگەڵ خۆی راکێشی ناو شەڕەکە بکات.

گەورەترین هیوای جۆبایدن ئەوەیە کە ئیسرائیل بەزووی لە غەززە سەربکەوێت، یان لانیکەم ئۆپەراسیۆنەکە رابگرێت، بەمشێوەیە لەو تووڕەییەی ناوچەی گرتووەتە، کەم بکاتەوە. بەڵام ئیسرائیل تاکوو ئێستا حەماسی لەناو نەبردووە، بارمتەکانی نەگەراندووەتەوەو ئاماژەکانیش بۆ راگرتنی شەڕەکە زۆر لاوازن و بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش بە ئاشکرا داوای جۆبایدن بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی فەڵەستینیشی رەتکردووەتەوە.

لەکاتێکدا جۆبایدن هەوڵی پاراستنی بازنەی دۆستەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەدات، بەڵام دەیڤید میلێر یەکێک لە دامەزرێنەرانی ناوەندی کارنگی بۆ ئاشتی جیهانی دەڵێ تەنیا ئۆپەراسیۆن و هێرشێکی بچووک دەتوانێ شەڕێکی ٢٤ عەیاری لێبکەوێتەوە، بەگوتەی ئەو لەو دۆخەدا ئەگەر ژمارەیەک ئەمریکایی لەو ئاڵۆزییەدا بکوژرێن، ئەمریکا هیچ چارەیەکی نابێت و هێرشی بەرفراوانی سەربازی بۆ سەر سوپای پاسداران دەکات.








2

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین