Weather widget for website
سوپای پاسداران دیسان تۆڵەی ئیسرائیلی لە منداڵانی کوردستان کردەوە

سوپای پاسداران دیسان تۆڵەی ئیسرائیلی لە منداڵانی کوردستان کردەوە

26 . بەفرانبار . 2723


کاتژمێر ١١ و ٤٥ خولەکی شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بە درۆن و مووشەکی باڵستی هێرش کرایە سەر هەولێرو دەورووبەری. ئەگەرچی چەندین مووشەک و درۆن لەدەورووبەری هەولێرو بنکەی سەربازی هەریر کەوتنەخوار، بەڵام زۆرترین زیان لە ماڵێکی نزیک گوندی مەڵاعۆمەری هەولێر بوو. هەرزوو راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایان کرد کە ئەو شوێنەی بە مووشەکی باڵستی لێیدراوە، ماڵی پێشرەو دزەیی سەرمایەدارو وەبەرهێنەری دیاری شاری هەولێرو هەرێمی کوردستان بووە.



لەو هێرشەدا کە بە نزیک دە مووشەکی باڵستی و درۆنی بۆمبرێژکراو کرابوو، تاکوو ئێستا یەکڵایی بووەتەوە کە پێشرەو دزەیی و سێ کەس لە ئەندامانی خێزان و هاورێیەکی کریستیانی کە میوانی بووە، گیانیان لەدەستداوە.
هەر زوو سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەکەم راگەیاندنیدا ئاماژەی بەوەدا کە لەتۆڵەی تەقینەوەکانی کرمان چەندین بنکەی گروپە دژبەرەکانیان و داعشیان لە عێراق و سوریا کردووەتە ئامانج.



دواتر سوپای پاسداران لە راگەیاندنی سێیەمیدا بەدیاریکراوی باسی لە هێرشەکانی سەر هەولێری کرد، لە راگەیاندنەکی سوپای پاسداران دا هاتبوو کە بنکەیەکی سیخوری موسادیان لە هەولێر کردووەتە ئامانج. هاوتەریب لەگەڵ ئەو راگەیاندنەی پاسداران میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتە کە پێشرەو دزەیی بازرگانی نەوت بووەو نەوتی کوردستانی بۆ ئیسرائیل هەناردە کردووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز و لەهەمانکاتدا شایەتحال و میدیاکانی هەرێمی کوردستان پێشرەو دزەیی کەسێکی ناسراو بووەو لەراستیدا دوور لەسیاسەت بووە، لە وەبەرهێنانەکانیشیدا هیچ کات کاری بازرگانی نەوتی نەکردووەو زۆرتر لە بەشی بیناسازیدا چالاک بووە.



هەر زوو کاردانەوەکان دەستیان پێکرد، ناوەندی فەرماندەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە ئاگاداری رووداوەکانن و وەڵامی هەر جۆرە دەسترێژییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەنەوە. دواتر کۆشکی سپی و پێنتاگۆنیش رایگەیاند کە هێرشەکان بۆ سەر بارەگا و بنکەکانی ئەوان نەبووەو هیچ زیانێکی مادی و گیانیشیان نەبووە. ئەوە لەکاتێکدایە سوپای پاسداران شەوی رابردوو لە یەکەم راگەیاندراویدا گوتبووی کە کۆنسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێریشیان کردووەتە ئامانج.
لە یەک ساڵی رابردوودا ئەوە دووەمجارە کە سوپای پاسداران ماڵی سەرمایەدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج، ئەوەش رای گشتی کوردستانی بەو ئاراستەیەدا بردووە کە ئێران دەیەوێ تەنانەت بنچینە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەناو ببات، دوای ئەوەی لایەنە سیاسییە شیعەکانی نزیک لەئێران چەندین ساڵە لە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق گرفتی بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.



لەهەرێمی کوردستانیش مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا رایگەیاند کە هێرشێکی وەعشیانە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی هەولیر کراوە، بارزانی داوا لە هاوپەیمان جیهانییەکان و حکومەتی عێراق دەکات لەئاست ئەو پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و راشیگەیاندووە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا جیهان لە دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەری ئاگادار دەکاتەوە.


2

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین