Weather widget for website
تایبەت بۆ رۆژهەڵات نیوز: هونەرمەندەکان چۆن هێندرانە بەردەم کامێرا؟

تایبەت بۆ رۆژهەڵات نیوز: هونەرمەندەکان چۆن هێندرانە بەردەم کامێرا؟

10 . سەرماوەز . 2723

شەوی دووشەممە ڤیدیۆیەک لەسوشیال میدیای کوردستان بڵاوکرایەوە، لەو ڤیدیۆیەیەدا ژمارەیەک هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان لەکامیارانەوە هەتا پیرانشار لە گوندێکی بچووکی سەردەشت کۆببوونەوەو بۆ یادکردنەوەی هونەرمەندی شۆرشگێری کوردستان تاهیر خەلیلی سرودی "لەقەندیل"-ی سەربەرزەوەو چەندین سروودی دیکەی حەماسیان گوتەوە. ئەو ڤیدیۆیە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو وایرال کرا و کاردانەوەیەکی ئەرێنی زۆری لەناوخۆی رۆژهەڵات و دەرەوە لێکەوتەوە.

هێندەی نەخایاند و دوو رۆژ دواتر ڤیدیۆیەکی دیکە لە ئەکاونتەکانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەژێرگوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بڵاوکرایەوە، لەو ڤیدیۆیەدا ١٧ کەس لە بەشدارانی کۆرەکەی شەوی دووشەممە لەژووێکی بچووک و تەنگەبەردا و لەبەردەم کامێرا راوەستابوون، سەرەتا بەیاننامەیەک خوێندرایەوە، کە تێیدا پەشیمان بوونەوەی تێدابوو، پەلاماری شۆرشی کوردستان و حزبەکان درابوو، هاوکات باس لەوە کرابوو کە ئەو پێشمەرگەیەی کە لەسروودەکەدا باسکراوە، مەبەست پێشمەرگەی موسوڵمان! بووە. دوای ئەوەش هەر لەبەردەم کامێراکەدا سرودی "ای ایران" گوترایەوە. ئەوەش کاردانەوەی زۆری لەناو سوشیال میدیا لێکەوتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی RNA ئیدارەی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەردەشت سەرلەبەیانی ئەو شەوەی کۆرەکە بەرێوەچووەو سرودەکانی تێدانی وترایەوە، بەشێوەی جیاواز بەشی زۆری بەشداربووان بانگ دەکات و هەڵ دەکوتێتە سەر هەندێک ماڵ و ئەو شوێنەی کۆرەکەی تێدا بەرێوەچووە. بەپێی زانیارییەکان بەشێک لەبەشداربووەکان وەکوو کۆرگێر بە پاساوی هەندێک روونکردنەوە بانگی ئیدارەی ئیتڵاعات دەکرێن، هەر لەو کاتەوە بەشی زۆری ئەوانەی بانگکراون، ئامادە نابن کە بەبێ حوکمی دادگا سەردانی ئیدارەی ئیتڵاعات بکەن. بەڵام دوو کەس لە بەشداربووان هەندێکیان دڵنیا دەکاتەوە کە بانگکردنەکە تەنیا بۆ وەڵامدانەوەی هەندێک پرسیارەو گوایا ئەوان پێشوەختە ئەو بەڵێنەیان لە ئیدارەی ئیتڵاعات وەرگرتووە.

یەکێک لە بەشداربووان کە ناوەکەی لای رۆژهەلات نیوز پارێزراوە، رایگەیاند کە کاتژمێر ٣-ی شەو گەیشتووەتەوە ماڵ و کاتژمێر ٨-ی بەیانی تەلەفوونیان بۆ کردووەو وتوویانە کە دەبێ ئێستا بگاتەوە سەردەشت و سەردانی ئیدارەی ئیتڵاعات بکات، بەڵام ئامادە نەبووە کە بچێت. ئەو بەشدارەبووە گوتیشی کە هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووەو پێیان گوتووە کە ئێستا دەچنە ماڵ و بەتابووتیش بێت لەگەڵ خۆی دەیبەن، بەڵام ئەو گوتوویەتی هەتا نامەی دادگا لەگەڵ خۆیان نەهێنن، ئامادە نیە سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی دیکە بکات. ئەو بەشداربووە ئێستا لەماڵ و شوێنی خۆی نیەو خۆی حەشارداوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژهەڵات نیوز گوت کە بەر لە چوونی ئەو کەسانە بۆ ئیدارەی ئیتڵاعات لەماڵەکەی خۆیدا بێرێزیی و هەڕەشەیەکی زۆر بە ماموستا خلە دەرزی دەکرێت و تەنانەت بە پەلکێش لەگەڵ خۆی دەیبەن. دواتر ئەو کەسانەیش کە پێشتر لەلایەن دوو کەسی ناو کۆڕەکە بەلێنی ئەوەیان پێدراوە کە تەنیا وەڵامی چەند پرسیارێک دەدەنەوە، سەردانی ئیدارەی ئیتڵاعات دەکەن، تەنیا ٥ کەسیان خۆیان چوونەو ئەوانی دیکە لەلایەن ئیتڵاعات و سوپاوە وەکوو دەستبەسەرکراو دەبردرێن.

شایەتحالێکی دیکەش بە کەناوەکەی لای رۆژهەڵات نیوز پارێزراوە، رایگەیاند کە جگە لەوەی هەڕەشەیەکی زۆر لەو کەسانە دەکرێت و تەنانەت ئەشکەنجەیەکی زۆری دوو گەنجی ئامادەبوو دەکرێت، هاوکات هەڕەشەی گرتنی بنەماڵەکانیان لێ دەکرێت. دوای ئەوەش هەموویان بۆ نەمازخانەی ئیدارەی ئیتڵاعات دەبردرێن و لەوێ لەژێرگوشارێکی زۆردا بەیاننامەیەک کە هەر لەوێ نووسراوە، پێیان دەخوێندرێتەوەو گۆرانییەکی فارسیشیان پێ دەخوێندرێتەوە. سەرچاوەکە گوتیشی کە مەئمورانی ئیدارەی ئیتڵاعات پێی گوتوون کە ئەگەر ئەو کارە نەکەن، وەکوو تەشکیلاتی ئەحزابی موعانید و بە تاوانی فسادی فی ئەرز رەوانەی دادگا دەکرێن و هاوکات هەڕەشەی دەست نەپاراستن لە ئەندامانی بنەماڵەکانیشیان لێکردوون.

لەگەڵ چوونی ئەو کەسانە بۆ ئیدارەی ئیتڵاعات کە ژمارەیەک لەو کەسانەی کە ئامادە نەبوونە کە سەردانی ئیدارەی ئیتڵاعات بکەن، دەستبەگەسەرکراون کە تاکوو ئێستا ژمارەو ناوەکانیان یەکلایی نەبوونەتەوە.(دوو کەس ناوەکانیان لای رۆژهەڵات نیوز هەیە، بەڵام جارێ پشتراست نەکراونەتەوە) ژمارەیەک لە بەشداربووەکانی ئەو کۆڕەش ئێستا هەر یەکەو بۆ شوێنێکی نادیار رۆیشتوون و هەندێک تاکوو ئێستا شوێنەکانیان دیار نیە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز هەر یەکەم گوشاری سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ ئەو هونەرمەندانە، ناکۆکی دەکەوێتە ناویان و هەندێک پێداگرن کە نابێ بچنە ژێر هیچ جۆرە گوشارێک و هەندێکیش بەپاساو و دڵنیایی دوو بەشداربوو، لەگەڵ ئەوەن کە بچن دۆخەکە هێور بکەنەوە. هەر ئەمرۆش شاعیر کەریم دافعی (ک.د.ئازاد) کە یەکێک لەو کەسانە بوو کە ئیدارەی ئیتڵاعات ڤیدیۆکەیان لێ بڵاوکردەوە، لە ئەکاونتی تلێگرامییەکەی سێ کۆپلە شێعری دانا کە وا نیشان دەدات کە دەستێکی ناو کۆڕەکە تووشی ئەو دۆخەی کردوون.
لە جەنگەی شەڕ کە دەمامکم
لە ڕووی دوژمنم داماڵی
هەزار پەکوو دۆستی گیانی گیانی خۆم بوو!

هەوڵ نادەم؛
دۆستەکانم زۆر و بۆر بن
چونکە لە کاتی تەنگانە هەموویان دەبنە بێگانە!

کە جار جار لێم دڕدۆنگ دەبی
ناتکەم لۆمە
ئەوەی کە زۆر لێی دەترسم؛
هاوخوێنی کاڵفامی خۆمە!






11

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین