Weather widget for website
پارێزگارێکی کوردیپۆش، جێبەجێکاری پیلانێکی مەترسیداری رژێم لە سنە

پارێزگارێکی کوردیپۆش، جێبەجێکاری پیلانێکی مەترسیداری رژێم لە سنە

8 . سەرماوەز . 2723

دروشمەکانی لەشۆرشی ژینا وەکوو هەمیشە بەڵام ئەمجارە بەرزتر لەجاران رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی هەڵتەکاند. ئەوانیش وەکوو زۆر کەسی دیکە لەگەڵ ئەو دروشمە نەتەوەیانەی وترانەوە شۆک بوون. "داگیرکەری ئێرانی قاتڵی ژینامانی"، "کوردستان گۆرستانی فاشیستان" و دەیان سروودی نیشتمانی و نەتەوەیی لەزۆربەی شارەکانی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سنە و سەنتەری ئەو شارە گوترانەوە.

شۆرشی ژینا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری فارسەکانیش وەکوو کابووسێکی لێهات، ئەوان جارێکیتر راچلەکینەوە، کوردستان وەکوو مانیفێست و ئەکتیش لەهەموو ئێران جیاواز بوو، ئەوان دروشمی شوناسخوازی و نیشتمانیان ئاوێتەی ژن ژیان ئازادی کردبوو. رژیم خۆپێشاندانەکانی سەرکوت کرد، ١٣٧ کەسی لەکوردستان شەهید کرد و سەدان کەسی دیکەی بڕیندارو بەهەزارانیشی دەستبەسەر کرد. دوای ئەو سەرکوتە خوێناوییە، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران (سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعات) بەسەرپرشتی ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە گەیشتنە ئەو باوەرەی کە دەبێ شێوازی کارکردن لە شاری سنە بەتایبەت و پارێزگاکە بەگشتی گۆرانکاری بەسەردا بێت.

بە پیلانەکانیانەوە دیاربوو، کە ئەوان لە کۆبوونەوەکاندا ئەو بڕیارەیانداوە کە دەبێ بەشێوەیەک هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستان ماڵی یان رام بکرێت و، خۆیان لەرێگەی بەرێوەبردنی کۆروکۆبوونەوە ئەدەبی، هونەری و فەرهەنگییەکان کەشێکی کوردەواری دروستبکەن، خۆشیان رێکخەرو بەرێوەبەریان بن. ئەرکی جێبەجێکردنی ئەو پیلانە بە ئیسماعیل زارعی کوشای پارێزگار یان ئۆستانداری ئەو شارە سپێردرا و راستەوخۆش لەگەڵ سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتڵاعات و وەزارەتی ناوخۆ لەپەیوەندیدا بێت.
رژیم دەیەویست بەدوو ئامانج بگات، یەکەم خۆی بە خاوەنی کەڵتوورو کەڵەپووری کوردستان دابنێت و دووەمیش ئاسایی نیشاندانی کوردستان، دوای ئەوەی شۆرشی ژینا کپ کرابوو، بەشێوەیەک ژینگەی کوردستان بۆ قۆناغی پێش خۆپێشاندانەکان بگەرێنێتەوە.

ئیسماعیل زارعی کوشا کوردەو ساڵی ١٣٥٧ لەشاری قوروە لەدایکبووە، هەر لەمێرمنداڵییەوە دەچێتە ناو سوپای پاسداران و خوێندکارێکی زیرەکی زانکۆ و رێکخەرێکی چالاکی بەسیج لە قوتابخانە و زانکۆ بووە. زارعی کوشا کارناس (لیسانس)-ی لەحیسابداری هەیەو ئێستا خوێندکاری دوکتۆرای فیقە و یاسایە. حەزی ئەو بۆ فیقهی شیعی وای لێدەکات هەر لە مێرمنداڵییەوە رێگەی بەرەو شاری قۆم دەکرێتەوە، هەر لەوێ دەخوێنێ و دەژی و لەبواری فیقهی و ئەمنی و ئیداری پەروەردە دەکرێت، هەر ئەوەش وادەکات لەتەمەنی ٣٠ ساڵی دەبێتە قائیمەقام (فەرماندار)-ی گەورەشاری قۆم. دواتر لەوێ چەندین بەرپرسیارییەتی ئیداری و ئەمنی و کەڵتووری پێدەدرێت. لەسەردەمی مەحمود ئەحمەدی نەژاد زۆر گرنگی پێدەدرێت و وەکوو فەرمانداری هەمەدان، نەهاوەند دیاری دەکرێت. دەیان پۆستی بەرێوەبەرایەتی لەئاستی ئێران هەبووە، بەڵام دیارترین و هەستیارترین پۆستەکانی ئیسماعیل زارعی کوشا ئەوە بووە کە نوێنەری تاموڵئیختیاری دەفتەری عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بۆ کاروباری کەڵتوری لەزانکۆی بەهشتی تاران بووەو دواتریش وەکوو نوێنەری کەڵتووری خامنەیی بۆ هەموو زانکۆکانی ئێران دەستنیشان کراوە.

ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران (ئیتڵاعات، سوپا و وەزارەتی ناوخۆ) ئیسماعیل زارعی کوشا بە باشترین پاکێج بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیان دەزانن، ئەو دەبووا هەموو چاڵاکییە هونەری و کەڵتورییەکان بەحکوومەتی بکات و شێوە کڕانەوەیەکیش بکات و ئینجا مۆڵەتی زۆر بە چالاکییە هونەری و ئەدەبییەکان بدات، بەڵام هەر هەموویان لەژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسداران و حەراسەتی ئۆستانداری و شەخسی خۆی بێت.
بۆ ئەو کارە لە یەکەم هەنگاودا سەرجەم چالاکییە خۆبەخش و خەڵکییەکان لە پارێزگای سنە هەڵدەوەشێنێتەوە، گوشارێکی زۆر بۆ سەر چالاکوانان دەهێنێت و ناهێلێت هیچ یەک لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان رێورەسمەکان بەرێوەببەن، دواتر کاریگەری لەسەر هەندێک چالاکوانی کۆنی شارەکان دادەنێت و بە ئیمتیازو هەڕەشە دەیانبەنە ناو سیستەم و پیلانگێرییەکانی خۆیان، وەکوو زانیاری RNA زۆربەی چالاکوانە مەدەنییەکان بەو پیلانەیان زانیوەو خۆیان دوور گرتووە.

زارعی کوشا زۆربەی کات جلوبەرگی کوردی لەبەرو کەڵاش لەپێ دەکات، لەزۆربەی رێورەسمەکان لەریزی پێشەوە دادەنیشێت و نیوەنیوەش بەکوردی قسە دەکات، بە ئاڵای ئێران و لۆگۆی سوپای پاسداران و وێنەی قاسم سولەیمانی لەسەر ستەیجەکان دەست بەسەر چالاکییەکاندا دەگرێت، لەگەڵ ئەوەش جۆرە کرانەوەیەکیشی بەدی هێناوەو خۆی داوای گۆرانی نۆستالیژیکی کوردی دەکات و هەندێک کاتیش رێگە دەدەن کە گۆرانی حەماسی و سروودی تەنانەت ناسر رەزازیش بوترێتەوە.

ئەو سێ ناوەندە ئەمنییە بودجەیەکی تایبەتیان بۆ رێورەسمەکانی پارێزگای سنە دیاری کردووەو پێشتریش هیچی ئەو بودجەیە لە رەدیف بودجەدا دیاری نەکراوەو وەکوو بودجەی بەپەلە نێردراوە، بۆ ئەوەی لەرێگەی سەرکوتکردنی چالاکوان و رێکخراوە خەڵکییەکان و دروستکردنی رێکخراوو رێورەسمی حکوومی خاوەندارییەتی روحی کوردایەتی لە کوردستان بکەن و ئەو هەستە لە سیاسەت و نیشتمان پەروەری و روحی کوردی بەتاڵ بکرێتەوە، هەموو پرسەکە لە چالاکیی فەرهەنگی بە گوتەی خۆیان مەحەلی کورت بکرێتەوە. هەموو ئەو پیلانەش لەلایەن ئۆستاندارە گەنجە ئەمنییەکە بەرێوەدەچێت.





9

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین