Weather widget for website
لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٣ تا ئەمڕۆ ١٠٤ ژن لە ئێران کوژراون

لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٣ تا ئەمڕۆ ١٠٤ ژن لە ئێران کوژراون

4 . سەرماوەز . 2723


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و لە ڕاپۆرتێکدا که بەبۆنەی ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئامادەکراوە، لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٣ تا ئەمڕۆ ١٠٤ ژن لە ئێران کوژراون، هەر لەم ماوەدا ١٦ ژن لە سێدارە دران و بۆ ١٢٨ ژن سزای قامچی، بەندکران و سێدارە دەرچووە، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانی کەم ٣٠٨ ژنی چالاک لە ئێران دەستبەسەر کراون.

لە ساڵی ١٩٨١ی زایینی، ٢٥ی نۆڤەمبەر وەکوو ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناودێر کراوە، لەم ڕۆژەدا بە ئیرادەیەکی جیهانیەوە دەبێت هەوڵ بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی پشت بەستوو بە ڕەگەز بدرێت. ئەم بۆنەیە بۆ یادکردنەوەی کوشتنی خوشکانی میرابێڵە، کە چالاکی سیاسی لە دۆمینیکان بوون، بزووتنەوە فێمینیستییەکان و چالاکانی یەکسانیخوازی ڕەگەزی هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا چەندین کەمپینی جیاواز لە جیهاندا بە مەبەستی وشیاری لەسەر بابەتی توندوتیژی ڕێک دەخەن، ژنان لە ئێران چەندین دەیەیە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ نەبوونی هیچ جۆرە ئازادییەک بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە کەمپینانە ڕووبەرن، زیاتر لە یەک ساڵیشە و دوای کوژرانی ژینا ئەمینی سەرکوتی ژنان و چالاکانی یەکسانیخواز زیاتر بووە.


کوژرانی ١٠٤ ژن لە کەمتر لە ١١ مانگ، زیاتر لە ٣٢٪ی ئەم کوشتنانە کوشتن بە پاساوی نامووس و شەرەف بووە

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ زایینی تا ئێستا، لانی کەم ١٠٤ ژن لە شارەکانی ئێران لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی خۆیان یان کەسانی نزیکیان کوژراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لانی کەم ٣٤ ژن کە دەکاتە ٣٢.٥٪ کۆی گشتی ئەو ژنانەی لەم ماوەدا کوژراون بەپاساوی نامووس و شەرەف کوژراون.

زیاترین ڕێژەی کوشتنی ژنان لە ١١ مانگی ڕابردوو کە دەکاتە ١٩ حاڵەت و ١٨.٢٪ کۆی گشتی ئەو حاڵەتانە ڕووی داوە، لە پارێزگای تاران تۆمار کراوە، هەروەها لە پارێزگای ئورمیە ١٤ حاڵەت کوشتنی ژنان تۆمار کراوە کە ٩ حاڵەتی بە ناوی نامووس بووە زیاترین ئاماری کوشتنی ژنان بە پاساوی نامووس لەم پارێزگایەدا تۆمارکراوە. پارێزگای لە پارێزگای کرماشان ٨ حاڵەت و لە پارێزگاکانی فارس و کەرەج هەر کام ٧ حاڵەت کوشتنی ژنانی تۆمار کراوە.

نیوەی ئەو ژنانەی کە لە ماوەی ڕابردوو کوژراون لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژران کە دەکاتە ٤٩ حاڵەت واتە ٤٧٪ کۆی گشتی کوژراوەکان، هەروەها ٨ کەس لەلایەن هاوژینی پێشوویان و ٥ کەس لەلایەن دەزگیرانەکانیان کوژراون. دوای هاوژین زیاترین حاڵەتەکان لەلایەن باوک یان برا کوژراون کە دەکاتە ٢٤ حاڵەتی کۆی گشتی کوژراوەکان. حاڵەتەکانی دیکە لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون.

کوشتنی ژنان خراپترین شێوازی توندوتیژی دژ بە ژنانە کە لە سەرووی هێرەمە جیاوازەکانی بێزاری ژناندایە. بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی گشتی هەموو حاڵەتەکانی ژن کوژی بەپاساوی نامووس نییە و هەموو حاڵەتەکانی کوشتن لەسەر نامووس تەنیا ژنان ناگرێتەوە، بەڵکوو ژن کوژی ناوی ئەو کوشتنانەیە کە بە هۆی ژن بوونیانەوە دەکوژرێن و کوشتن لەسەر نامووس بەشێک لەم ژن کوشتنانەیە بەڵام لە زۆربەی قوربانیانی کوشتنی نامووسیدا دەکرێت پیاوانێکیش بکوژرێن.

بڵاوبوونەوەی زۆربەی ڕاپۆرتەکانی کوشتنی ژنان لە ساڵانی ڕابردوو بەو مانایە نییە کە لەوانەیە ئاماری ژن کوشتنەکان چووەتە سەرەوە بەڵکوو دەتوانێت بەم هۆکارە بێت کە هەستیارییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست بووە کە لە دوای کوشتنی ڕۆمینا و ژینا ئەمینی، حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان زیاتر میدیایی دەبێت.


-جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ١٦ ژن لە کەمتر لە ١١ مانگدا

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە سەرەتایی ساڵی زایینی لانی کەم ١٦ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دران کە ٣ کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و ١١ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

لەم ١٦ ژنە کە لەسێدارە دراون ٤ حاڵەتیان لە بەندیخانەی ئیسفەهان بووە و لە بەندیخانەکانی کرمان، مەشهەد و ڕەجایی شار هەرکام ٢ حاڵەت تۆمار کراوە. هەروەها لە کەهنووج، زاهیدان یاسوج، هەمەدان و قوم هەرکار یەک حاڵەت تۆمار کراوە.



١٢٨ چالاکی ژن سزای بەندکران، سێدارە و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری هەنگاو، لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٢٧ ژنی چالاک لە ئێران لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و هەشت کەسیان بە ناوەکانی فاتمە مێهری خەڵکی شاری کورد، لەیلا مەنسوور، ناتاشا خزری جەوادی، موژگان ئیلانلو و فەرناز حەسەنزادە خەڵکی تاران، مینا یەعقووبی خەڵکی ئەراک، پەریا کەریم عەدنانی خەڵکی سەقز و لالە وەهابی خەڵکی تالش سەرەرای حوکمی بەندکران سزای لێدان بە قامچیشیان بەسەردا سەپێندراوە. سزای لێدان بە قامچی بۆ لالە وەهابی جێبەجێ کراوە.

هەروەها ژنێکی چالاکی کورد بە ناوی نەسیم نەمازی لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

لە کۆی گشتی ١٢٧ ژنە کە بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، ٢١ژنی بەهایی و ١٩ ژنی چالاکی کورد بوون، ٢٨ ژن کە سزای بەندکران و قامچیان بەسەردا سەپاوە بە هۆی بەشداری لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری سزایان بەسەردا سەپێندراوە.


دەستبەسەرکرانی ٣٠٨ ژن لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە، لانی کەم ٣٠٨ چالاکی ژن لە سەرانسەری ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون

. لە کۆی گشتی ٣٠٨ ژن ٨٩ ژنیان کە دەکاتە ٢٩٪ کۆی گشتی ئەو ژنانەی کە دەستبەسەر کراون، چالاکانی ژنی کورد بوون. هەروەها ٥٠ ژنی بەهایی کە دەکاتە ١٦٪ کۆی گشتی. دەستبەسەر کراون.

5

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین