Weather widget for website
لە لووتکەی حدکا و کۆمەڵەی شۆرشگێر چی گوزەرا؟ کۆکی و ناکۆکییەکانیان لە راپۆرتێکی تایبەتدا

لە لووتکەی حدکا و کۆمەڵەی شۆرشگێر چی گوزەرا؟ کۆکی و ناکۆکییەکانیان لە راپۆرتێکی تایبەتدا

1 . سەرماوەز . 2723

بۆ یەکەمجار دوای نزیکەی یەک ساڵ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە بە سەرپرشتی مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەری حدکا و عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێر بەرێوەچوو. موهتەدی لەرێگەی سکایپ و بەشێوەی راستەوخۆ لەکۆبوونەوەکەدا بەشداری کردبوو.
ئەو کۆبوونەوەیە دوای ناکۆکییەکی نۆ مانگەی نێوانیان بەرێوەچوو، ئەو ناکۆکییە دوای ئەوەی درووستبوو کە عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێر بەشداری لە کۆبوونەوەی جۆرج تاون کرد و مەنشووری مەهساشی واژۆ کرد.

حدکا پێشتر لەئاستی کەسی یەکەمی رایگەیاندبوو کە ئەوان ئامادەنین لەگەڵ رەزا پەهلەوی هاوکاری بکەن، بەڵام دوای ئەوە سکرتێری کۆمەلەی شۆرشگێر کە بەشێک لەناوەندی هاوکاری بوو، مەنشووری مەهسایان لەگەڵ رەزا پەهلەوی و چوار کەسایەتی دیکە واژۆ کرد. ئەوەش پەستەڵەکێکی قوورسی لەنێوان ئەو دوو حزبەدا درووستکرد کە هەرخۆیان پێکهێنەری ناوەندی هاوکاریش بوون.

دوای ئەوە ئەندام و لایەنگرانی هەردوولا لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان هێرشی تووندیان بۆ سەر یەکتر دەست پێکرد، حدکاش لە کۆبوونەوەیەک لە بروکسڵ بەشداری کرد، کە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک رێکیخستبوو. ئەوەش گریمانەکانی لە دوورکەوتنەوەی زیاتری حدکا و کۆمەڵەی شۆرشگێر زیاتر کرد.

دواتر ناکۆکیی ئەو دوو لایەنە قووڵتر بوویەوە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایانگەیاند کە پرۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان سەری نەگرتووەو ئیتر وەکوو کۆمەڵەی زەحمەتکێش کار دەکەنەوە، بەڵام کۆمەڵەی شۆرشگێری کوردستانی ئێران رایگەیاند کە یەکگرتنەوەکە کرابوو، بەڵام لایەنی بەرامبەر کودتایان کردووە، ئەو ناکۆکییە بووە هۆی ئەوەی دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان گیان لەدەست بدەن. حدکا هەر زوو لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوویەوەو بەجۆرێک ددانی بەو حزبەدا نا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ناکۆکی نێوان حدکا و کۆمەڵەی شۆرشگێر قووڵتر ببێتەوە.

ئێستا دوای ئەو قۆناغە دوورکەوتنەوەدا رۆژی سێشەممە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆرشگێری کوردستانی ئێران لەئاستی لووتکەدا کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەدا مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەری حدکا و عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێر بەشداربوون، ئەوان لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند کە بڕیاریان داوە هەوڵ بۆ لەیەکتێگەیشتی زیاتر بدەن و هەماهەنگی و هاوکارییەکانیان زۆرتر بکەن.



بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز هەردوولا لە گفتوگۆیەکی چوار کاتژمێریدا بەڕاشکاوی قسەیان کردووە. حەمەنەزیف قادری ئەندامی ناوەندی بەرێوەبەری حدکا بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە هەردوولا لەچوارچێوەی وەزعی نێوخۆیی کوردستان و ئێران باسیان لەخاڵە جیاوازو هاوبەشەکان کردووە. بەگوتەی قادری حدکا و کۆمەڵەی شۆرشگێر گەنگەشەی جۆرو شێوازی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە کوردی و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیان کردووە.

هاوکات عەبدوڵڵا ئازەربار ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری کۆمەڵەی شۆرشگێری کوردستانی ئێران بە رۆژهەڵات نیوزی گوت کە دوای ئەو ساردی و پەستەڵەکەی لەنێوانماندا هەبوو، بەڕاشکاوی قسەمان کردووە. بەگوتەی ئازەربار گفتوگۆیان لەسەر ئەو گووشارانە کردووە کە لە هەرێمی کوردستان لەسەریانەو بەرنامەی هاوبەشیشمان لەسەر کۆنترۆڵی ئەو گووشارانە هەیە.
رۆژهەڵات نیوز زانیویەتی کە یەکێک لە خاڵە جێی ناکۆکەکان گەورەترو پتەوترکردنی ناوەندی هاووکار بووە، عەبدوڵڵا ئازەربار ئەوەی بۆ رۆژهەڵات نیوز پشتڕاست کردەوەو گووتی گفتوگۆکان بە ئەنجام نەگەیشتوون، بڕیاردراوە هەدووڵا دەرەنجامی ئەو باسە بۆ سەرکردایەتی حزبەکەیان ببەنەوەو لەوێ بڕیاری لەسەر بدەن.

رۆژهەڵات نیوز لەو بوارەدا زانیویەتی کە حدکا داوای بەرفڕاوانکردنی ناوەندی هاوکاری کردووە، باسی هەبوونی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و تەنانەت پژاک و پاکیش کراوە، بەڵام لەو بووارەدا هەردووڵا بە ئەنجام نەگەیشتوون. لەو بووارەشدا حەمە نەزیف قادری ئەندامی ناوەندی بەرێوەبەری حدکا بۆ رۆژهەڵات نیوز ئەگەرچی وردەکارییەکانی باس نەکرد، بەڵام رایگەیاند کە حدکا بە پێویستی دەزانێ ناوەندی هاوکاری بەرفراوانتر بکرێ، ئەو ناوەنده پێویستی بە بەشداری سیاسی لایەنەکان هەیە.

کۆمەڵەی شۆرشگێرو حدکا بڕیاریانداوە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بن، هەردوولاش لە داهاتوویەکی نزیکدا لەسەر دوو تەوەری سەرەک بڕیاری کۆتایی بدەن، یەکەم شێوازی بەرفراوانکردنی ناوەندی هاوکاری و ئەویتریش شێوازی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لە هەرێمی کوردستان لەسەریانە.

9کۆمەڵەحدکا

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین