Weather widget for website
ساخارۆف بۆ ژینا  و راپەرینی ژن ژیان ئازادی

ساخارۆف بۆ ژینا و راپەرینی ژن ژیان ئازادی

27 . ڕەزبەر . 2723


ئەمرۆ پێنجشەممە پەرلەمانی ئوروپا خەڵاتی باڵای مافی مرۆڤی یەکێتی ئوروپا کە بە خەڵاتی ساخارۆف ناسراوە، بە ژینا ئەمینی و راپەرینی ژن ژیان ئازادی بەخشی. لەکاتی راگەیاندنی خەڵاتەکە سەرۆکی پەرلەمانی ئوروپا رایگەیاند کە ئەو خەڵاتە لەپێناو ئازادی بە ژینا و ژن ژیان ئازادی بەخشراوە.



خەڵاتی ساخارۆف کە بۆ ئازادی باوەرو بیرکردنەوەیە، گەورەترین خەڵاتی یەکێتی ئوروپایە کە ساڵانە بە چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەدرێت و خەڵاتێکی ٥٠ هەزار یۆرۆیشی لەگەڵ دایە. بڕیاریشە رێکەوتنی ١٣ی دێسەمبەر لە شاری ستراسبورگی فەرانسە ئەو خەڵاتە رادەست بکرێت، ئەگەرچی تاکوو ئێستا دیار نیە کە کێ یان چ ناوەندێک بە نوێنەرایەتی ژینا و راپەرینی ژن ژیان ئازادی ئەو خەڵاتە وەردەگرێت.

هەروەکوو پێشتر پەرلەمانی ئوروپا رایگەیاندبوو حزبی خەڵکی ئوروپا ژینا و ژنانی ئێرانی کاندید کردبوو، هاوکات حزبی سوسیالیستەکان و دموکراتەکان و حزبی ژیانەوەی ئوروپا ژینا ئەمینی و راپەرینی ژن ژیان ئازادیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆفا کاندید کردبوو.

لە ٢٢-ی گەلاوێژی ١٤٠١ هەتاوی، ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی سەقز، لە تاران و لەلایەن گەشتی ئیرشادی ئەو شارە دەستبەسەرکرا، لەکاتی لێپێچینەوەدا تووندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و بەهۆی لێدان دۆخی تەندروستی تێکدەچێت و دەکەوێتە ژێرچاودێری چڕی پزیشکییەوە، دوای سێ رۆژ ژینا لە نەخۆشخانەی کەسرا کۆچی دوایی دەکات.

لەکاتی بەخاک سپاردنی لە گۆرستانی ئایچی لەشاری سەقز بە هەزاران کەس بەشداری دەکەن و دوای رێورەسمی بەخاکسپاردنی لەسەقز خۆپێشاندان دەست پێدەکات و، دواتر هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە شارەکانی ئێرانیش دەگرێتەوە. بەدروشمی ژن ژیان ئازادی و هاوکات سەرهەڵدانی چەندین دروشمی نەتەوەیی بۆ ماوەی نزیکەی شەش مانگ لەئاستی جیاوازدا خۆپێشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو. بەپێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە خۆپێشاندانەکاندا زیاتر لە ٥٠٠ کەس لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران. ژمارەیەکیش ‌حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

هۆکاری سەرەکی بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەکان جگە لە رەوایی و سەرنجراکێشی دروشمەکەی، پێداگری و بوێری بنەماڵەی ژینا ئەمینی بوو، ئەوان تاکوو ئێستاش راپۆرت و بڕیارەکانی ‌حکومەتیان لەسەر کەیسی ژینا قبووڵ نەکردووە، تەنانەت ساڵح نیکبەخت پارێزەری بنەماڵەی ژینا بەهۆی قبووڵ نەکردنی راپۆرتی پزیشکی دادی ئێران دادگایی کرا و، سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.



یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شێوازی راگەیاندنی خەڵاتی ساخارۆفی ئەمساڵ ئەوە بوو، لەگەڵ ئەوەی گوشارێکی زۆر و هەوڵێکی زۆری میدیایی لەلایەن فارسەکان درابوو، بۆ ئەوەی خەڵاتەکە تەنیا بە ناوی مەهسا بڵاوبکرێتەوە، بەڵام پەرلەمانی ئوروپا خەڵاتەکەی بەناوی ژینا-مەهسا ئەمینی راگەیاند.

بۆیەکەمجار خەڵاتی ساخارۆفا لەساڵی ١٩٨٨ راگەیاندرا، بەناوی ئاندرێ ساخارۆف یەکێک لە چالاکانی دژبەری یەکێتی سۆڤیەت کرا. ساڵی رابردوو خەڵاتەکە بە خەڵکی بوێری ئۆکرانیا درا. پێشتریش بە نێلسۆن ماندێلا، ئەلێکسی ناڤالنی، مەلالە یوسف زی، کوفی عەدنان، ریپۆرتەرانی بێ سنوور درابوو، هاوکات لەکوردەکانیش پێش ژینا ئەمینی, لە ساڵی ١٩٩٥ لەیلا زانا سیاسەتمەداری باکووری کوردستان و ساڵی ٢٠١٦ نادیە موراد چالاکوانی کوردی ئێزدی خەڵاتەکەی وەرگرتبوو.




3

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین