Weather widget for website
شكستی پرۆژەی ئاسایی نیشاندانی كوردستان

شكستی پرۆژەی ئاسایی نیشاندانی كوردستان

11 . ڕەزبەر . 2723


ھەفتەیەكە دەرو دیواری شاری سنە پڕییەتی لە بانگەشەكردن بۆ رێورەسمی جیاواز، لە فستیڤالی دەفژەنی مەولوودەوە بگرە، ھەتا فستیڤالی موسیقای بە ئەدەبیاتی حاكمیەت ئەقوامی ئێران. بەرپرسانی ئەو شارە، لە پارێزگار (ئوستاندار)-ەوە بگرە، ھەتا بەرپرسانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعات لەریزی پێشەوەی رێورەسمەكان دادەنیشن. تەنانەت پارێزگاری سنە یەك ھەفتەیە جلوبەرگی كوردی دانەناوەو بە كڵاشەوە لەریزی پێشەوە دادەنیشێت.
بەڵام حكومەت لەو كەشە ریتمیك و ھونەری و ھەتا رادەیەك كرانەوەیە لە كوردستان بەدوای چیدا دەگەرێت و چی دەست كەوتووە. (خ. م) چالاكوانی مەدەنی لەشاری سنە تایبەت بە RNA دەڵێ سەرجەم ئەو رێورەسمانە بەناوی ئیدارەی فەرھەنگ و ئیرشاد دەكرێت، بەڵام لەراستیدا ناوەندە ئەمنییەكانی وەكوو حیفازەتی سوپای پاسداران كارو ئامادەكارییەكانی بۆ دەكەن. ئەو دەلێ لە شەش مانگی رابردوودا زۆر بەئاسانی حەراسەتی ئیدارەی فەرھەنگ و ئیرشادی سنە مۆڵەتی چالاكی ھونەری و فەرھەنگی دەدات. ئەو چالاكوانە لەسەر زاری ھاورێیەكی خۆی روونیكردەوە كە حیراسەت ئامادەیە تێچووی رێورەسمەكانیش بدات، بەڵام ھەندێك مەرجیشیان ھەیە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی RNA شەش مانگی رابردوودا بەراورد بە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 1401 حیراسەتەكانی ئیدارەی فەرھەنگ و ئیرشادی پارێزگاكانی سنە، مەھاباد و كرماشان مۆڵەتی زۆرترین چالاكیان داوە، بەشێوەیەك لە سەنتەری شاری سنە لە شەش مانگی ساڵی 1401 تەنیا 18 چالاكی وەكوو (ئێوارە شێعر، پەردەلادان لەسەر كتێب، فستیڤالی موسیقا، فستیڤالی شلیك و....) ئەنجامدرابوون، بەڵام تەنیا لە شەش مانگی رابردوودا 34 چالاكی بە مۆڵەتی حیراسەتی ئیدارەی فەرھەنگ و ئیرشاد ئەنجام دراوە، ئەوە لەكاتێكدایە لەشۆرشی ژینادا پارێزگای سنەو بەتایبەت سەنتەری شاری سنە زیاتر لە 200 رۆژ خۆپێشاندان و مانگرتن و نارەزایی دەڕبینی جۆراوجۆری تێدا بووە.
كۆمەڵناسێكی شاری سەقز سەبارەت بەو ھەوڵەی حكومەت تایبەت بە RNA رایگەیاند كە جگە لەوەی حكومەت دەیەوێ دۆخەكە ئاسایی نیشان بدات، ھاوكات ئامانجی یەكەمی ئەوەیە كە وزەو تووڕەییە پەنگخواردووەكانی خەڵك و بەتایبەت گەنجان بەشێوەیەكی دیكە بەتاڵ بكاتەوە، ھۆكاریش بۆ ئەو قسەیەی ئەوە دەھێنێتەوە كە ئیدارەی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لەكوردستان ھیچ گرفتێكی لەگەڵ كۆنسێرتی ریتمیك نیەو تەنانەت ئێستا لە مەولوودییەكانیشدا ریتمەكان فەرقیان كردووەو نموونەی ھێنانی عەلیرەزا ئیفتخاری گۆرانیبێژی فارس بۆ سنە دەھێنێتەوە كە لە مەیدانی ئیقباڵ كۆنسێرتێكی بەرێوەبردووە، لەكاتێكدا بۆنەكە بڕیاربووە ئایینی-عیرفانی بێت.
وەكوو RNA بەدواداچوونمان بۆ كەشی چالاكییەكانی یەك ھەفتەی رابردووی سەنتەری شاری سنەش كردووە، لەپەراوێزی رێورەسمی دەفژەنی مەولوود و ھاوكات فستیڤالی موسیقای بەگوتەی حاكمیەت ئەقوامی ئێران، پێشانگایەكی تایبەتیش بۆ كاری كەڵتوری و مەزھەبی كراونەتەوە، زۆربەی ژوورەكان ھی لایەنە ئەمنییەكانن و بانگەشەی مەزھەبی و لایەنە ئەمنییەكانی وەكوو سوپای پاسداران دەكەن. شایەتحاڵێك كە سەردانی ئەو پێشانگایەی كردبوو، دەلێ ژوورەكانی پێشانگاكە بەشێوەیەك دیزاین كراون كە چاوی بەشداربووەكان لەگەڵ ھێماكانی ئەوان رابێت و بەلایانەوە ئاسایی ببێتەوە كە لەگەڵ گۆرانییەكی ناسر رەزازی كە لەفستیڤالەكە دەوترێتەوە، وێنەی قاسم سولەیمانی و پارچە مەزھەبییەكانی تایبەت بە شیعەمەزھەبەكانیش ھەبن.
لەگەڵ ھەمووی ئەوانەش سەرجەم ئەو ھەوڵانەی حكومەت بۆ ئاسایی نیشاندانی ھەرچوار پارێزگاكای كوردستان، بەتاڵكردنی وزەو تووڕەیی گەنجان و راھێنانی كۆمەڵگە بۆ ئەوەی سیمبولەكانی خۆی لەتەنیشت سیمبولەكانی حاكمیەت ببینێت، شكستی خواردووە. (ش م) لەلایەن RNA بۆ ھەر سێ رۆژەكە سەردانی خانەی كورد و عیمارەتی خوسرەو ئابادی سنەی كردووەو لەرۆژی دەفژەنییەكەی مەیدانی ئیقباڵی بەشدار بووە، كە وێنەو ڤیدیۆكانیش لای ئێمە بەردەستن. بە پێی زانیارییەكانی نێردراوی RNA سەرجەم رێورەسمەكانی حكومەت لەشاری سنە بەتەواوەتی بایكۆت كراون، بەشێوەیەك یەك لەسەر سێی كورسییەكانی عیماراتی خوسرەوئاباد لەرۆژی كرانەوەی فستیڤالی بەگوتەی حكومەت ئەقوام (نەتەوەكان) بەتاڵ بوونە، زۆرینەی رەھای بەشداربووانیش ئەندام و خێزانی بەرپرسانی حكومەت یان ھی خانەھای سازمانی بوونە. تەنانەت گۆرانیبێژە دیارەكانی كوردستان كە ناوی ھەندێكیان لای RNA پارێزراوە داواشیان لێكراوە، بەڵام ئامادە نەبوونە لە رێورەسم و فستیڤالەكانی ئەو ھەفتەیەدا لەشاری سنە بەشداری بكەن.
ئەو بایكۆتە مانادارە لە شەش مانگی رابردوودا زۆر بەڕوونی كەپێشتر وەكوو RNA كارمان لەسەر كردووەو بڵاوكراوەتەوە، لەفستیڤالی ترێی رەشی رەبەتی سەردەشت، لەفستیڤالی گێلاسی شنۆ، فستیڤالی شلیك یان تووفەرەنگی سنەو...ھتد بەروونی بەرێوەچووەو جگە لە ھاووڵاتیان كە سەردانی ئەو رێورەسمە حكومەتیانە ناكەن، تەنانەت چالاكوانە مەدەنی، ھونەرمەندە خەڵكییەكانیش ئامادە نەبوونە. بەشێوەیەك زێدەرۆیی نیە ئەگەر بڵێین سەرجەم ئەو فستیڤال و رێورەسمانەی لە خانەی كورد و عیمارەتی خوسرەوئابادی سنە ئەنجام دراون، ھەموویان ھەر بۆ خێزان و بنەماڵەی بەرپرسانی حكومەت و خانەھای سازمانی بووەو خەڵكی ئاسایی بە تەواوەتی بایكۆتی كردوون.


10

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین