Weather widget for website
سێبەری شۆرشی ژینا بەسەر ساڵی نوێی خوێندندا

سێبەری شۆرشی ژینا بەسەر ساڵی نوێی خوێندندا

3 . ڕەزبەر . 2723


سالی نوێی خوێندن لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەستیپێكرد، ئەمساڵ لەچوار پارێزگای رۆژھەڵاتی كوردستان یەك ملیۆن و 405 ھەزارو 300 قوتابی لە پۆلەكانی یەك ھەتا دوازدە دەستیان بەخوێندن كردووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی RNA، ژمارەی قوتابیان بەپێی پارێزگاكان بەمشێوەیە: پارێزگای ورمێ 700 ھەزار قوتابی، پارێزگای كرماشان 325 ھەزار قوتابی، پارێزگای سنە 290 ھەزار قوتابی و پارێزگای ئیلامیش 90 ھەزارو 300 قوتابی ھەیە.

ھاوكات لە ئێران 3 ملیۆن و 200 ھەزار قوتابی زانكۆو پەیمانگاكان ئەمساڵ دەستیان بەخوێندن كردووەو بەپێی ئەو ئامارانەی RNA لە ژمارەی قبووڵییەكانی كونكوری ئەمساڵ دەریھێناوە، لە پارێزگاكانی ورمێ، كرماشان، سنەو ئیلام 124 ھەزار قوتابی زانكۆ ھەن، كە بەشی زۆریان بەدرێژەدان بە خوێندنی زانكۆ چوونەتە شارەكانی دەرەوەی رۆژھەڵاتی كوردستان.

لەھەموو ئێران 50 ھەزار پۆلی خوێندن (كلاس)-ی دیكە پێویستەو، ئەوەش وایكردووە لەھەندێك قوتابخانە قوتابیان سێ شیفت بخوێنن یان سەروو 50%-ی پۆلەكان سەروو چل كەسیان قوتابی تێدایە، لەكاتێكدا ستانداردی نێودەوڵەتی ژمارەی قوتابیانی ناو پۆلێكی خوێندن كەمتر لە 20 كەسە. ھاوكات زۆرترین بینای كۆن و كەڵاوەو كانێكس و تەنانەت خێمە بۆ خوێندن سەرەتا لە سیستان و بەلوچستان و دوایی لە پارێزگاكانی ئیلام و ورمێ و كرماشانە.

پرۆسەی خوێندن لە رۆژھەڵاتی كوردستان لەكاتێكدا دەستیپێكردەوە كە لە یەك ساڵی رابردوودا قوتابیانی كوردی زانكۆكان و قوتابیانی قوتابخانەكانی كوردستان بەشدارییەكی زۆریان لە خۆپێشاندانەكانی شۆرشی ژینادا ھەبووەو بەپێی ئامارەكان زۆرترین گوشاریان لەسەر بووەو قوربانییەكی زۆریشیان داوە. لە چوارچێوەی خۆپێشاندانەكانی شۆرشی ژینادا پێنج قوتابی كە سەرجەمیان تەمەنیان ژێر 18 ساڵ بووە، دەستبەسەر كراون و سزای بەندكران و لێدانی قامچیشیان بەسەردا سەپێندراوە. ناوی دەستبەسەرو حوكم دراوەكان: كوروش گەڕاوەند تەمەن 17 ساڵ و خەڵكی سەراوڵە، كیانوش ئەعزەمی تەمەن 17 ساڵ و خەڵكی جوانرۆ، ئەرشیا بەرزین تەمەن 17 ساڵ و خەڵكی جوانرۆ، فەخرەدین ئیبراھیمی تەمەن 17 ساڵ و خەڵكی شنۆ و فەرھاد نەوایی تەمەن 16 ساڵ و خەڵكی مەھاباد. سەرجەمیان سزای بەندكردن و لێدانی قامچیان بەسەردا سەپێندراوە.

ھەر لەو یەك ساڵەی شۆرشی ژینادا پێنج ماموستای قوتابخانەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانیش سزای بەندكران و لێدانی قامچیان بەسەردا سەپێندراوە كە بریتین لە سەڵاح ئازادی خەڵكی مەریوان، شەعبان محەمەدی خەڵكی مەریوان، سرور مەلایخەڵكی خەڵكی سنە، ئەحمەد عەلیزادە خەڵكی ئاودانان، سولەیمان عەبدی خەڵكی سەقز.

لەگەڵ ھەمووی ئەوانەش لە یەك ساڵەی شۆرشی ژینادا ھەستی شوناسخوازی لەنێوان قوتابی قوتابخانەكان و خوێندكارانی زانكۆ لەرۆژھەڵاتی كوردستان زۆر زیادیكردووە، لەگەڵ ئەوەی گوشارێكی زۆری ئەمنی لەسەر فێرگەكانی زمانی كوردی ھەبووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی RNA لە سێ مانگی ھاویندا رێژەی بەشداری ھاووڵاتیانی 7 بۆ 25 ساڵ لەفێرگەكانی رێنووس و رێزمانی كوردی سەرو 35% زیادیكردووە. لە بەدواداچوونەكاندا نموونەی شەش فێرگە لە چوار پارێزگای رۆژھەڵاتی كوردستان ھێندراوەتەوەو كە دوویان لە گوندەكان و لەناو مزگەوتەكاندا بەرێوەچوونە. سەرجەم بەشداربووان لەفێرگەكان كە تەمەنیان لەنێوان 7 بۆ 17 ساڵی بووە، پشووی ھاوینەیان بۆ فێربوونی زمانی كوردی تەرخانكردووەو ھەموویان قوتابین. ھاوكات بەشداری كچان لەفێرگەكانی زمانی كوردی لەو شەش فێرگەیەدا سەروو 50% زیادیكردووە، بەشێوەیەك لەو شەش فێرگەیەی كە بە نموونە ھێندراونەتەوە، لە پێنجیان ژمارەی كچان و ژنان لە فێرگەكان لە پیاوان (رەگەزی نێر بەگشتی) زیاتر بووە.

ئێستا لە رۆژھەڵاتی كوردستان لە ئاودانانەوە بگرە ھەتا ماكۆ دایك و باوكی منداڵان خۆیان منداڵەكانیان دەبەن بۆ فێربوونی رێنووس و رێزمانی كوردی، بەشێوەیەك كە ئەولەویەتی ئەوان سەرەتا فێربوونی زمانی كوردییە، دواتر چینی ناوەراست بۆ سەرەوە منداڵەكانیان لە ھاویناندا دەنێرن بۆ فێرگەكانی زمانی ئینگلیزی. ئەوە لەكاتێكدایە لە پێنج ساڵی رابردوودا پشووی ھاوینە بۆ منداڵی خێزانەكانی چینی ناوەراست بۆ سەرەوە بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی تەرخانكرابوو، كەچی ئەمساڵ ئەوانیش منداڵەكانیان لە فێرگەكانی زمانی كوردی ناونووس كردووە.






5

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین