Weather widget for website
ھەنگاو: سزای ٧٠٠ ساڵ بەندكردن و ٢٢٢٧ جار لێدانی قامچی بۆ دەستبەسەركراوان شۆرشی ژینا

ھەنگاو: سزای ٧٠٠ ساڵ بەندكردن و ٢٢٢٧ جار لێدانی قامچی بۆ دەستبەسەركراوان شۆرشی ژینا

21 . خەرمانان . 2723

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەیان هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزایان بەسەردا سەپاوە. لەم ژمارەیە هەنگاو هەتا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی ٢٠٢ کەسیان ئاشکرابکات.

لەم ڕاستایەدا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی محەممەد مەهدی کەرەمی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و سزاکەی جێبەجێکراوە. ٢٠١ کەسی دیکە سەرجەم سزای ٧١٥ ساڵ و ٦ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکران، ٢١ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی هەڵسەپێندراو، ٢٢٢٧ جار لێدانی قامچی پێبژاردنی پارە و بێبەشکرانیان لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بەسەردا سەپێندراوە.

سەرەڕای ئەم سزایانە، ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی سزای موحاڕەبە و "فساد فی الارض"ی بەسەر لانی کەم ١٥ کەسدا سەپاندووە، کە بریتین لە سامان یاسین، خەڵکی کرماشان؛ پوریا جەواهری، خەڵکی کامێران؛ ٩ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی: ئیحسان محەممەدی ١٦ ساڵە، فەرهاد تەهازادە، فەرزاد تەهازادە، فەریاد حەمزەشوور، شەهرام مەعرووف مەلا، ڕەزا ئیسلام دووست، کاروان شاهی پەروانە و فەرزاد مەحمودپوور؛ ڕەزا ڕەسایی، خەڵکی سەحەنە؛ چوار هاووڵاتیی خەڵکی سنە بە ناوەکانی: کەیوان زەندکەریمی، سەردار شامورادی، ئارام ئازاد و هۆشەنگ چوارگورگە. جێگای ئاماژەیە کە ئەگەری سەپاندنی سزای قورس و سێدارە بەسەر ئەم هاووڵاتییانەدا لەئارادایە.

سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر ٤ منداڵدا
بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لانی کەم ١٩٢ منداڵ و مێرمنداڵ، کە ناسنامەکانیان بۆ هەنگاو ئاشکرابووە، لەسەرتاسەری شارەکانی کوردستاندا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون. سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر٤ کەس لەم منداڵانەدا سەپێندراوە و دوو کەسی دیکەشیان سزای پێبژاردنی پارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

کوروش گەڕاوەند، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەراوڵە، سزای ٧ مانگ بەندکران؛ فەرهاد نەوایی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، سزای ٢ ساڵ بەندکران، ئەرشیا بەرزین، خەڵکی جوانڕۆ، سزای ٣ ساڵ بەندکران و ٧٤ جار لێدرانی قامچی و کیانووش ئەعزەمی، خەڵکی جوانڕۆ سزای ١٠ مانگ و ٧٤ جار لێدانی قامچی؛ بەسەریاندا سەپێندراوە.

سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر لانی کەم ٢٣ چالاکی ژن

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە سەرەتای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە هەتا ئێستا، لانی کەم ١٩ چالاکی ژن لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەسەرجەم سزای ٦١ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها ٤ چالاکی ژن سەرجەم سزای ٨ ساڵ بەندکرانی هەڵسەپێندرایان بەسەردا سەپێندراوە، کە یەکێک لەم ژنانە سەرەڕای ئەم سزایە، سزای ١٨ جار لێدانی قامچیشی بەسەردا سەپێندراوە.

سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر لانی کەم ٤ مامۆستا و ٨ خوێندکار

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا زیاتر لە ١٠٠ خوێندکار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوان کە هەتا ئێستا، ژمارەیەک لەم خوێندکارانە لە مافی درێژەدان بە خوێندن بێبەریکراون.٨ کەس لەم خوێندکارانە سەرجەم سزای ١٩ ساڵ دەستبەسەرکران و٣ ساڵ دەستبەسەرکرانی هەڵسەپێندراو بەسەریاندا سەپێندراوە. یەکێک لەم خوێندکارانەوە سەرەڕای سزای بەندکران، سزای لێدانی ٧٤ جار قامچیشی بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها، لانی کەم ٤ مامۆستا سەرجەم سزای ١٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەردا سەپێندراوە.

سزای سەپێنداو بەسەر مامۆستایانی ئایینی و چالاکانی ئایینیدا

لەڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بەهۆی پشتیوانی مامۆستایانی ئایینی لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، دەیان مامۆستای ئایینی لەلایەن ناوەدە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بانگکران و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری هەنگاو، هەتا ئێستا لانی کەم ١٣ مامۆستای ئایینی و فقێ قوتابخانە ئاینییەکان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تایبەتی دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە شارەکانی کرماشان، هەمەدان و ئورمیەوە سەرجەم سزای ٤٧ ساڵ بەندکران و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵسەپێندراو بەسەریاندا سەپێندراوە.

هەروەها چوار کەس لەم مامۆستایانی ئایینییە، سەرەڕای سەپاندنی سەرجەم سزای ٢٩٤ جار لێدانی قامچی سزا گەلێکی دیکە لە چەشنی، دوورخرنەوە، هەڵسەپاردن لە بانگخوازی و داماڵینی جولبەرگی مامۆستایەتی بەسەریاندا سەپێندراوە.


سەپاندنی سزای نامرۆڤانەی لێدانی قامچی بەسەر لانی کەم ٤٤ کەس لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شارەکانی کوردستان


سەپێندرانی لێدانی قامچی وەک سزا لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، سزای قامچی کارێکی نامرۆڤانە، زۆردارانە و لە دژی شکۆی مرۆڤە. مادەی ٧ی پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیسییەکان سەپاندنی ئەم جۆرە سزایانەی قەدەغەکردووە.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا سزای سەرجەم لێدانی ٢٢٢٧ جار لێدانی قامچی بەسەر لانی کەم ٤٤ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراودا لە کوردستان سەپێندراوە. سەرەڕای ئەم سزایە، ئەم کەسانەی سزای بەندکرانیش بەسەریاندا سەپێندراوە. لەم نێودا منداڵ، ژنان، خوێندکار و مامۆستای خوێندنگە و مامۆستایانی ئایینی بوونیان هەیە.

تیمی یاسایی هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە کەمترین مافەکانیان تەنانەت بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیش بێبەریبوون. زۆربەی دەستبەسەرکراوان لەسەرەتای دەستبەسەرکرانیانەوە لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا بوون و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە ڕاوێژکاری یاسایی و پارێزەری دڵخوازییان بێ بەریبوون. دۆسییەی ئەم کەسانە لەسەر بنەمای ویستی ناوەندە ئەمنییەکان داڕێژراوە و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش سزادراوان. کاربەدەستانی دادوەریی بەهیچ شێوەیەک سەربەخۆیی بڕیاردانیان نەبووە. لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی تیمی هەنگاو بۆ دەستبەسەرکراوانی دیکە درێژەی هەیە و لە ژمارەکانی داهاتوودا ئەنجامەکانی میدیایی دەکاتەوە.

تیمی یاسایی هەنگاو داوا لە قوربانیان و بنەماڵەکانیان دەکات، کە یارمەتی هەنگاو لە ڕاستای کۆکردنەوەی بەڵگە و لێکۆڵینەوەی زیاتر بدەن. هەروەها دڵنیایان پێدەدات کە بەهەموو شێوەیەک باری ئەمنی لەبەرچاو دەگیرێت و ناسنامەی ئەم کەسانە بەپشت بەستن بە پرتۆکۆلە نێونەتەوەیییەکان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە.

3

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین