Weather widget for website
٦حیزبی سیاسی رۆژهەڵات بەیەکەوە داوای مانگرتنی گشتی دەکەن

٦حیزبی سیاسی رۆژهەڵات بەیەکەوە داوای مانگرتنی گشتی دەکەن

15 . خەرمانان . 2723

کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان!

خەباتکارانی سیاسی و مەدەنی!

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١، ژینا ئەمینی کچە کوردی لاوی سەقزی لە شاری تاران و لە ئاکامی پەلاماری هێزە دەست‌وەشێن و سەرکوتکەرەکانی رێژیمدا گیانی بەخت کرد. ناوی (ژینا) وەک لە سەر گڵکۆکەی نووسرا، بوو بە "ڕەمز"ی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەرین کە لە کوردستانەوە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێ کرد و زۆری نەخایاند سەرتاسەری شار و ناوچەکانی ئێران و دەرەوەی وڵاتیشی گرتەوە و لە درێژەی خۆیدا بە "شۆڕشی ژینا" و "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی" ناوی دەرکرد.

شۆڕشی ژینا جەماوەریترین و درێژترین سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییە کە توانیویەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر پرسیار و هەنگاو بۆ لە گۆڕنانی ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەرە بنێ. لە ماوەی یەک‌ساڵی ڕابردوودا و لە ڕەوتی ئەم شۆڕشەدا بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئیران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی دژبە ڕێژیمی زاڵ بە سەر ئێراندا، قۆناغی نوێ و جەماوەریی ئەزموون کردووە و هەنگاوی لێبڕاوانەی ناوە کە ڕاوەستان و گەڕانەوەی بۆ نییە. دەوری بەرچاوی ژنان لە پێشەنگایەتیی ئەو شۆڕشەدا کۆمەڵگەی ئێمەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە یەک هەنگاوی گەورە بەرەو پێش بردووە و ئاسۆی سەرکەوتنی روونتر کردووە و لاوان لەوپەڕی گیانبازیدا بۆ ژیانێکی ئازاد و ئارەزوومەند فیداکاریی کەم‌وێنە دەکەن.

لە ساڵوەگەڕێ دەستپێکی شۆڕشی ژینادا جێی خۆیەتی بە نیشانەی بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ئەم شۆڕشە نوێیە و ڕێزلێنان لە قوربانیان و زیندانییان سیاسی و زیندووڕاگرتنی بزووتنەوەی سیاسی، بە شکۆوە بەرەوپیلی ئەم یادە مەزنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بچین. لەم پێوەندییەدا دوای چەند جار دیدار و ڕاوێژی سیاسی، رۆژی چوارشەممە، ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بریتی لە:

- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

- کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

- پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)

- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێککەوتن؛

١- پشتیوانی لە داخوازیی تێکۆشەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوه سه‌ربه‌خۆکان بۆ ڕێزگرتن و بەشداریی چالاکانه له ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.

٢- ڕاگەیاندنی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی له هه‌موو کوردستان. له‌م ڕۆژەدا هه‌موو دووکان و بازاڕ و ناوەندەکانی کار و ئیدارەکان دادەخرێن؛ سەر لە بەیانیی ئەو ڕۆژه (٢٥ی خەرمانان)، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان سەردانی گڵکۆی ژینای جوانەمەرگ و سەرجەم شەهیدان و گیانبەختکردووانی شۆڕشی" ژن، ژیان، ئازادی" له شار و گوندەکانی کوردستان دەکەن و چەپکەگوڵی ڕێز و خۆشه‌ویستی له‌سه‌ر مەزارەکانیان دادەنێن و ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانیان بۆ بەڕێوه دەبەن.

٣- داوا لەسەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی ئێران (ژنان، لاوان، کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان، ژینگەپارێزان و نه‌ته‌وه‌بندەستەکان لە سەرتاسەری ئێران دەکەین؛ پشتیوانی لە مانگرتنی خه‌ڵکی کوردستان بکەن و بە مانگرتنی گشتی، به هەمووانی نیشان بدەن که شۆڕشی" ژن، ژیان، ئازادی" تا گەیشتن به ئامانجەکانی هەروا درێژه‌ی هه‌یه.‌

٤- داوا له هەموو تێکۆشەرانی خەباتکار، هێز و لایەنه پێشکەوتنخوازەکان له دەرەوەی وڵات دەکەین به هه‌موو شێوه‌یه‌‌ک پشتیوانی له مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خه‌رمانان بکەن و له‌و ڕۆژەدا خۆپێشاندان و ڕێپێوانی جه‌ماوه‌ری بەڕێوە بەرن و سەرنجی کۆمەڵانی خه‌ڵکی مرۆڤدۆستی جیهان بۆ پشتیوانی له شۆڕشی ژینا ڕابکێشن.

٥- هه‌رکام له حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی به‌شدار له‌م دانیشتنە، پشتیوانی و بەشداریی خۆیان له مانگرتنی ڕۆژی "٢٥ی خه‌رمانان" و ڕێوڕەسمەکانی سەر گڵکۆی شەهیدان و گیانبەختکردووان ڕادەگەیەنن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی

(٦ی سێپتامبری ٢٠٢٣)

10

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین