Weather widget for website
دوای دێرەزوور شوێن پێی ئێران ئەمجارە لە ئاڵۆزییەکانی کەرکووک

دوای دێرەزوور شوێن پێی ئێران ئەمجارە لە ئاڵۆزییەکانی کەرکووک

11 . خەرمانان . 2723


دوای شەش رۆژ کوردەکان ویستیان رێگەی سەرەکی کەرکووک بۆ هەولێر بکەنەوە، کوردەکان نزیکەی هەفتەیەک بوو پەیوەندیان بە هەولێرەوە نەمابوو، چوونکە هەندێک عەرەب و تورکمان بەپشتیوانی حەشدی شەعبی نزیک لەکۆماری ئیسلامی ئێران بەپاساوی رێگریکردن لە هاتنەوە پارتی بۆ کەرکوک رێگەی سەرەکی کەرکوک بۆ هەولێریان داخستبوو. بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتووی زائینی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کەرکووکیشەوە ئەنجام بدرێت، پارتی بڕیاریداوە ئەمجارەیان بەشداری بکات و بڕیاری کردنەوەی بارەگاکانی خۆی لەو شارە بکاتەوە. بەڵام بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکان دژی گەرانەوەی پارتی بوون، پشتیوانی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێرانیان هەبووە.
دوای شەش رۆژ ئەمرۆ شەممە بەشێک لە کوردەکان بڕیاردەدەن لەدژی گیرانی رێگەی سەرەکی هەولێر و کەرکوک خۆپێشاندان بکەن، لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندان هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی تەقە لە خۆپێشاندەران دەکەن و کەسێک شەهید دەکەن و زیاتر لە ١٢ کەسیش بڕیندار دەبن.
دوای ئەوەی شەهیدێک لەو خۆپێشاندانە کەوتەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاندنێکی تووندی بڵاوکردەوەو هەڕەشەی ئەوەی کرد کە کوشتنی هاووڵاتیانی کورد باجێکی قورسی بۆ بکەرەکانی دەبێت، بەهەمان شێوە نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراویان بڵاوکردەوەو لەگەڵ ئیدانەکردنی کوشتنی خۆپێشاندەرانی کورد، داوایان لە محەمەد شیاع سوودانی کرد کە بەپەلە ئەو دۆخە کۆنترۆڵ بکات، بۆ ئەوەی کار لەکار نەترازێت.
لەئێوارەوە یەکێتی دوو راگەیاندراویان بڵاوکردووەتەوە، سەرەتا مەڵبەندی دوو یەکێتی لە کەرکوک راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو پارتی دیموکراتی کوردستانی بەهۆکاری ئەو دۆخە ناوبرد، کە دەیەوێ پەڕە بە ئاڵۆزییەکان بدات و، لەپێناو گەرانەوەی حزبەکەیان لەهەولێرەوە خۆپێشاندەران لە کەرکوک هان دەدات. بەڵام دواتر مەکتەبی سیاسی یەکێتی راگەیاندراوێکی دیکەی بڵاوکردەوەو تێیدا داوای لە محەمەد شیاع سوودانی کرد، بەپەلە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی RNA ئێستا حەشدی شەعبی لەلایەک و هەندێک هاووڵاتی عەرەب چەکیان هەڵگرتووەو هەڕەشەی کاردانەوەی تووند لە کوردەکان دەکەن، هاوکات لە گەرەکە کوردنشینەکانیش کوردەکان لەشەقامەکانن و ئەوانیش داوای تۆڵەی کوژرانی هاووڵاتییە کوردەکە دەکەن. لەگەڵ ئەوەش بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوبووەتەوە، هێزەکانی دژەتیرۆر و زێرەڤانی کوردستان کەوتوونەتە حالەتی ئامادەباشییەوەو لەسنووری پردێ جێگیر کراون.


4

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین