ماڵپەری ئەکسیوسی ئەمریکا لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمریکا و ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی داوای لە نەتانیاهۆ کردووە، دەست بە کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا بکات. هاوکات هانیشی داوە کە کارێکی هاوشێوە لە لوبنانیش بکات.
بەپێی ئەو راپۆرتەی ئەکسیوس کە رۆژی سێشەممە ٢٣ی پووشپەر بڵاوکراوەتەوە، دوناڵد ترەمپ بە نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە، مانەوەیان لەناو خاکی سوریە دەتوانێ کێشەکان قووڵتر بکاتەوە و ئەگەری پێکدادان لە داهاتووشدا زیاد دەکات. ترەمپ بە نەتانیاهۆی وتووە:" ئەوان ئێوەیان لەوێ ناوێت، هەر بۆیە دەبێ کارێکی هاوشێوە لە لوبنانیش ئەنجام بدەن."
ئەو داوایەی ترەمپ لە نەتانیاهۆ رۆژێک دوای کۆبوونەوەی ترەمپ و ئەحمەد شەرع لە ئەنکەرە دێت. بەڵام ئەکسیوس لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە سێ مانگی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئیسرائیل ماوە، هەر بۆیە ئەستەمە نەتانیاهۆ لەو ماوەیەدا هەنگاوێک بۆ کشانەوە لە سوریە و لوبنان بهاوێت، چوونکە ئەوە وەکوو پاشەکشێ سەیر دەکرێت و کاریگەری لەسەر دەنگەکانی نەتانیاهۆ دادەنێت.