25 . گەلاوێژ . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

بۆچوونی جیاواز لەسەر چارەنووسی سەگە بێڵانەکان لەسنە، گەندەڵی شارەوانی

بۆچوونی جیاواز لەسەر چارەنووسی سەگە بێڵانەکان لەسنە، گەندەڵی شارەوانی
24 . گەلاوێژ . 2726

چارەنووسی سەدان سەگی بێڵانە لە شاری سنە راوبۆچوونی جیاوازی لێکەوتووەتەوە. بەشێک لەهاووڵاتیان داوای کوشتن و لەناوبردنیان دەکەن و بەشێکی دیکەش داوای پاراستنیان دەکەن، هاوکات لەو بەینەدا شارەداری ئەو شارە سەدان میلیۆن پولی لەژێرناوی رێکخستنەوەوی ئەو سەگە بێڵانانە خواردووە.

لە دوو مانگی رابردوودا لەناو شاری سنە لانیکەم چوارجار هەواڵی پەڵاماردانی منداڵان لەلایەن سەگە بێڵانەکان بڵاوکراوەتەوە، لەو بەینەدا منداڵێکیش تەمەن ٣ ساڵان بەناوی ئاریان حوسێن پەناهیش لە کەڵەکەجاری سنە هەر بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا. ئەو دۆخە رای جیاوازی لەسەر چارەنووسی سەدان سەگی بێڵانە لەناو شەقام و کۆڵانەکانی شاری سنە لێکەوتووەتەوە. 

رۆژهەڵات نیوز بەدواداچوونێکی مەیدانی بۆ ئەو دۆخە کردووە، شایەتحاڵێک بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، ئەو سەگانە بەتایبەت لە گەڕەکە پەراوێزەکانی شاری سنە ژیانی خەڵکیان تێکداوە. دۆخێکیان دروستکردووە کە ناوێرین منداڵەکانمان بنێرینە دەرێ، چوونکە هەمیشە مەترسی ئەوە هەیە کە لەلایەن ئەو سەگانە پەڵامار بدرێن. هەر ئەو شایەتحاڵە دەشڵێ هەر ئەو سەگانە مەترسیان بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتیانیش دروستکردووە، چونکە بەردەوام لەناو سەتڵی زبڵدا بەدوای خواردن دەگەرێن و دیمەنێکی ناشیرینیان بە شەقام و کۆڵانەکان داوە. بەڕای ئەو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێ و دەبووا بەپەڵە بە لەناوبردنی ئەو سەگانە کوچەو شەقامەکانی شار پاک بکەنەوە. 

بەڵام هەموو کەس لەناو سنە وەکوو ئەو هاووڵاتییە بیرناکانەوە، خانمە چاڵاکوانێکی پاراستنی ئاژەڵان بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، سەگکوژییەکی گەورە لەناو شاڕ دەستیپێکردووە، شەوانە لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار دەنگی تەقە دەبیسترێت و مامورانی شارەوانی و هەندێکجار هاووڵاتیانیش سەرقاڵی کوشتنی ئەو سەگانەن. ئەو چاڵاکوانە دەڵێ، کەسێکی نزیکیان لە شارەوانی سنە دایەو پێی وتووە رۆژانە نزیکەی ١٠٠ سەگ دەکوژن. ئەوە لەکاتێکدایە شارەوانی چەندین میلیارد تومەنی بۆ خەساندن (عەقیم کردن) و بەزیندووگرتنی سەگەکان (زندەگیری) تەرخانکردووە، بەڵام یەک تومەنیشیان لەو پرۆسەیە خەرج نەکردووەو هەموویان خواردووەو ئێستا خەریکن شەوانە سەگەکان دەکوژن. 

سەگەکان لە ئاواییەکانی دەورووبەر روو لە گەرەکەکانی شاڕ دەکەن، زۆرتر لەگەڕەکەکانی ویلاشار، ئاوییەر، کیفکان، زاگرۆس و شارەکی وەحدەتن، چوونکە عەقیم ناکرێن، هەرجارە زیاتر لە ١٠ توڵە تێرن و بەردەوام بە ژمارەیان زیاد دەبێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش تەنیا چارەسەریان بووەتە ئەوە بیانکوژن.