14 . گەلاوێژ . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

وای نێت - پرۆژەی موساد: هێرش و پێشڕەوی کوردەکان، هاتنی ئەحمەدی نەژاد بۆ روخاندنی رژێم

وای نێت - پرۆژەی موساد: هێرش و پێشڕەوی کوردەکان، هاتنی ئەحمەدی نەژاد بۆ روخاندنی رژێم
13 . گەلاوێژ . 2726

سەرچاوە: وای نێت - وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز

ئیسرائیل دەیهەویست زەمینە بۆ گۆرینی رژێم لە ئێران برەخسێنێت، ئەویش لە رێگەی هێرشی زەوینی کوردەکان، پەرەپێدان بە نارەزایی بەرفراوان و ناساندنی مەحمود ئەحمەدی نەژاد وەکوو جێگرەوەی رێبەری ئێران. بەڵام ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی سەرەکی ئەو پرۆژەیەی راگرت، ئەوەش لە کاتێکدا ناکۆکییەکی قووڵ لەنێوان مووساد، ئەرتەشی ئیسرائیل و ئەندامانی کابینەی دەوڵەت لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەبوو.

لەساڵی ١٩٣٢، زێئۆ ژابوتینسکی وتارێکی بڵاوکردەوەو دواتر وەکوو بنەمانی رەوتی پێداچوونەوەخوازی زاهیۆنیزم ناسێندرا. ناوەرۆکی ئەو وتارە لەسەر «سەرکێشیکردن» بوو. لە کەشی کۆمەڵگەی جووەکانی ئورووپای شەرقی، «سەرکێش» بە کەسێکی سەربەکێشە و سەرەرۆ دەوترا و دەستەواژەکە مانای نەرێنی هەبوو. 

بەڵام ژابۆتینیسکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی «کتێبی سپی»-ی بەریتانیا، بۆچوونێکی تەواو جیاوازی هێنا ئاراوە، ئەو نووسی لە هەندێک قۆناغی مێژووییدا هەبوونی کەسانی سەرکێش پێویستە، ئەو کەسانەی دەتوانن رێرەوی مێژوو بگۆرن، بەڵام تەنیا کاتێک پێیان هەڵدەڵێین، هەر کاتێک تووشی شکەست بن، هەر زوو مەحکووم دەکرێن.

ئەو لەو وتارەدا دەنووسێ :" لەکوێ نووسراوەو لەسەر چ بنەمایەک بەو ئەنجامە نەگۆرە گەیشتووین کە لەنێوان کەرەستەکانی شەڕدا، شوێنێک بۆ «سەرکێشیکردن» نیە؟ مێژوو پێچەوانەی ئەوەی سەڵماندووە. مێژوو فێرمان دەکات کە تەنانەت سەرکێشیکردنێکی ناسەرکەوتووش دەتوانێ ئامرازێکی شەڕ بێت، بەتایبەت کاتێک ئەو سەرکێشیکردنە هی کەسێک نەبێت، بەڵکوو دەرەنجامی هەڵسووکەوتی گروپێک بێت."

ژابۆتینسکی هەر لەو وتارەدا، پێشنیاری ئەوە بە جووەکان دەکات کە گوێ بە رێگرییەکانی بەریتانیا نەدەن و بگەرێنەوە بۆ خاکی ئیسرائیل.

بە لەبەرچاوگرتنی پرۆژە گەورەکەی ئیسرائیل بۆ رووخاندنی رژێمی ئێران، ئەستەمە بیرمان بۆ چەمکی «ئاوانتورا» نەچێت. هەوڵدان لەرێگەی لاوازکردنی رژێم لە رێگەی گوشاری ئابووری، پرۆژەی دزەکردن، دروستکردنی ترس و ئاڵۆزی و داڕمانی هەنگاو بە هەنگاو بابەتێکە، بەڵام هەوڵدان بۆ راکێشانی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و کەسێک کە بە رەتکردنەوەی هۆڵۆکۆست ناوی دەرکردووە، وەکوو کەرەستەیەک و هێنانی وەکوو کەسی یەکەمی ئێران و رێکخستنی هێرشێکی بەرفراوانی هێزە کوردییەکان، بابەتێکی تەواو جیاوازە، پرۆژەیەک کە رەنگە هێزە گەورەکانی جیهانیش لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتوو نەبن.

بەپێی ئەو راپۆرتە، ئیسرائیل هەوڵی زۆری بۆی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە دا، سەرچاوەیەکی زۆریشی بۆ تەرخانکرد. لە چەند حەوتووی رابردوودا، رۆژنامەکانی نیۆیۆرک تایمز و هائارتس وردەکاری سرنجراکێشیان بڵاوکردەوە، ئەوەی ئێستاش وردەکاری زیاتری ئەو پرۆژە گەورەو سەرکێشانەی ئیسرائیل باس دەکات، هەوڵی روخاندنی رژێم لە وڵاتێکی نزیکەی ١٠٠ میلیۆن کەسی، وڵاتێک کە هێزێکی ناوچەییە. پرۆژەیەک لە ناو شەڕدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ تاکە زڵهێزی جیهان، ئەمریکا. 

لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکە، مووساد وردەکاری لەگەڵ کابینەی دەوڵەت باسکرد و وتی گۆرینی رژێم لە ئێران «ساڵێک هەتا سێ ساڵ»ی پێدەچێت. بەراورکردنی ئەو کاتە لەگەڵ واقیعییەتە مێژووییەکان یەکی دەگرتەوە، چوونکە شۆرشی ئیسلامی ئێرانیش لە شەوێکدا رووینەدابوو. بەڵام لێکدانەوەی وەزیرەکان جیاوااز بوو. یەکێک لە ئەندامانی کابینە وتی:" ئێمە ئاوا تێگەیشتین کە بڕیارە بە خێرایی و بەشێوەی بەرفراوان رژێم بگۆرێت، لەرێگەی لەناوبردنی رێبەر، هێرشی هێزە کوردییەکان، بەکارهێنانی ئەحمەدی نەژاد و هێنانی نارازییەکان بۆ ناو شەقامەکان."

سرنجراکێش ئەوەیە کە ئەو پرۆژەیە چەندینجار وەکوو «ئۆپەراسیۆنی مووساد» ناوی هێندرا، بەڵام راستییەکەی وانەبوو. ئەگەرچی مووساد پڵاندارێژەر، بزوێنەری سەرەکی و گەورەترین پشتیوانی ئەو پرۆژەیە بوو، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە، پرۆژەی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو، بە بڕیاری کابینەش کەوتە بواری جێبەجێکردن. ئەو پرۆژەیە هەر زوو لەنێوان رێبەرانی سیاسیی ئیسرائیل جێگیر بوو، بەسەر ناوەندە ئەمنیی و سەربازییەکان سەپێندرا. تێروانینی پشت ئەو پرۆژەیە ئەوە بوو کە بەبێ گۆرینی رژێم لە ئێران، نە قەیرانی ئەتۆمی چارەسەر دەبێت و مڵمڵانێکان لەگەڵ تاران کۆتاییان پێدێت.

لەدوای شەڕی ١٢ رۆژەو هاوکات لەگەڵ هەبوونی دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی، ئیسرائیلییەکان ئەوەیان بە دەرفەتێک بۆ گۆرینی رژێم لە ئێران دەبینی. ئیسرائیل دەبووا کەڵک لەو دەرفەتە وەربگرێت، رەنگە جارێکیتر ئەوە دووپات نەبێتەوە. بۆچوونەکە ئەوە بوو کە تێچووی هیچ نەکردن، تەنانەت بە هەبوونی مەترسی سەرنەکەوتن، لە تێچووی دەستپێکردن زیاترە. بنیامین نەتانیاهۆ ئەوەی بە ڕاشکاوی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکا باس کردبوو، لەراستیدا، نەتانیاهۆ پڵاندارێژی سەرەکی ئەو بیرۆکەیە بوو.

ئەو خاڵانە تەنیا لێکدانەوەو تەفسیرکردن نیە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنی روارینگ لیۆن هیچ کات بۆ رای گشتی بڵاونەکرایەوە، بەڵام گفتوگۆکردن لەگەڵ ژمارەیەک زۆر لە سەرچاوە سەربازی و سیاسییەکان ئەوەی دەرخست کە ئامانجی ئۆپەراسیۆن، لاوازکردنی بنەڕەتی یان لەناوبردنی هەڕەشەکانی ئێران لەدژی ئیسرائیل لەرێگەی رەخساندنی دۆخی گۆرینی رژێم لەو وڵاتە بوو. رەنگە ئەو رەستەیە بە ڕوونی لە بەڵگەکاندا نەهاتبێت، بەڵام «رەخساندنی دۆخ بۆ گۆرینی رژێم» بنەمای سەرەکی ئەو ستراتیژییە بوو.

لە رۆژی یەکەمەوە، فەرماندەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەرە بوون کە بەتەنیایی ناتوانن رژێم لە ئێران بگۆرن. بەرپرسیارییەتی سەرەکی ئەرتەشی ئیسرائیل، لێدانی گورزی ستراتیژی لە ئێران و لەناوبردنی هەنگاو بە هەنگاوی توانا سەربازییەکانی ئێران بوو. یارمەتیدانی مووساد بۆ گۆرینی رژێم لە ئێران، لە پەراوێزی ئەولەویەتەکانی ئەرتەش بوو.

یەکێک لە بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە جیاوازی نێوان «رەخساندنی دۆخ بۆ گۆرینی رژێم» لەگەڵ «گۆرینی رژێم» پێیوایە، ئەرتەش ئامانجی گۆرینی رژێمی ئێرانی پێ ئاڵۆز و دەستپێراگەیشتنیشی پێ ئەستەم بوو. هەربۆیە نەیدەویست بچێتە ناو شەرێک کە ئامانجەکەی ئەوەندە موتڵەق بێت کە بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام بێت. ئەویش لەکاتێکدا ژمارەی موشەکی گەرۆکی دژە موشەک سنووردارن. بەڵام لەگەڵ ئەوەش، کابینەی دەوڵەت دەنگی بە ئامانجێک دابوو کە هەوڵدان بۆ گۆرینی رژێم لە ئێران بوو.

ئیشتیا، بە خواردن زۆرتر دەبێت

ئەو پرۆژەیە لەماوەی چەندین ساڵ کامڵ کرابوو. هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر و بڕیاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ چوونە ناو شەڕ لەدژی ئیسرائیل، بووە هۆی ئەوەی گۆرینی رژێم لەئێران ببێتە ئەولەویەتی یەکەمی بنیامین نەتانیاهۆ. هاوکات، مووساد ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و ئاڵۆزی بۆ دزەکردنە ناو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێکردبوو.

بەپێی راپۆرتەکان، دەیڤید بارنیا سەرۆکی مووساد، لە بوداپۆست لەگەڵ مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران کۆببوویەوە، کۆبوونەوەیەک کە دوای چەندین پەیوەندی بە ئەنجام گەیشتبوو. ئەحمەدی نەژاد وەکوو یەکێک لەسەرەکیترین بژاردەکان بۆ جێگرەوەی رێبەری ئێران لەبەرچاو گیرابوو. بەپێی دارێژەرانی ئەو پرۆژەیە، ئەزموونی ئەو لە نێو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەیتوانی ئیعتبارێکی زۆرتری لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە پێ بدات. هاوکات راپۆرتی زۆر لەسەر پێگەی ئەحمەدی نەژاد لەناو خەڵک بە رێبەرانی سیاسی ئیسرائیل درابوو. ئەو زانیاریی و لێکدانەوانە پێشووتریش راستبوونیان سەڵمێندرابوو.

لەگەڵ ئەوەش، فەرماندەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل دژایەتییەکی تووندی ئەو پرۆژەیان دەکرد. هێرتزی هاڵۆی، سەرۆک ئەرکانی ئەرتەش و ئاهارون هالیوا، سەرۆکی ناوەندی زانیارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا باسیان لەوە کردبوو کە تواناکانی ئیسرائیل بۆ ئەندازیاریکردنی وەکوو پرۆژەیەک بۆ گۆرینی رژێم لە ئێران سنووردارە. ئەو فەرماندە سەربازیانە هۆشداریان لەهەندێک سیناریۆ دابوو، بۆ نموونە لێکدانەوەکانی مووسادیان لەسەر کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر کۆمەڵگەی ئێرانیان بە سەرکێشی و تەنانەت بێ پشتیوانەی کردارەکی دەزانی. یواو گاڵانت، وەزیری ئەوکاتی بەڕگری ئیسرائیلیش بە قەناعەت نەگەیشت. گومانەکان دوای گۆرانی ئەو فەرماندانەو هاتنی ئەیال زەمیر وەکوو سەرۆک ئەرکان و شلومی بیندەر وەکوو بەرپرسی زانیارییە سەربازییەکانیش‌ هەر بەردەوام بوو. 

رەنگە لە دەرەوەرا دژایەتییکردنی ئەرتەش سەیر بێت، بۆ مەگەر گۆرینی رژێم لە ئێران بۆ خراپە؟ بۆ نابێ هەوڵی بۆ بدرێت؟ وەڵامی تەکنیکی ئەوە بوو، هیچ کارێکی گەورە بەبێ تێچووی گەورە نابێت، تەرخانکردنی سەرچاوەکان بۆ پرۆژەیەک، بە مانای بێبەشکردنی پرۆژەکانی دیکە لەو سەرچاوانەیە. پلاندارێژی بەرگری لەسەر بنەمای دیاریکردنی ئەولەویەتەکانە، فەرماندەکانی ئەرتەش مەیلیان نەبوو، تێچووی گەورە بۆ پرۆژەیەک بدەن، کە ئەگەری سەرنەکەوتنی زۆر بوو. 

یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل دەڵێ :" هەتا ئەو کاتەی کوردەکان لەناو پرۆژەکەدا بوون، هەمووان لەگەڵی بوون. بەڵام لەگەڵ وەڵا نانی رۆڵی کوردەکان، ناکۆکییەکانیش دەستیپێکرد." بەرپرسێکی دیکەش وتی:" خاڵی سرنجراکێش ئەوە بوو، کاتێک ترامپ بەشداریکردنی کوردەکانی رەتکردەوە، نەتانیاهۆ پرۆژەی جێگرەوەی مووسادی بەسەر هەموواندا سەپاند."

لەرووی ستراتیژیش پرسەکە روون بوو، ئەگەر ئیسرائیل بۆ گۆرینی رژێم هەوڵیدا با و شکستی خواردبا، لەکۆتاییدا ئەوە رێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون کە خۆیان وەکوو بڕاوە نمایش دەکرد. 

لەدوای شەڕی دوازدە رۆژە، تێروانینەکان گۆران. بە وتەی یەکێک لە بەرپرسە ئەمنییەکان، شکستی ئێران بەرادەیەک روون بوو کە «چاوەکانی ئێمەی کردەوە.» بەوتەی نووسەر، «ئیشتیا بە خواردن زۆرتر دەبێ.»

هەتا هاوینی ٢٠٢٥ ڕوون کرابوویەوە، ئێران بە خێرایی و زیاتر لە پێشبینییەکان سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی توانای موشەکی باڵستییە. لەروانگەی ئیسرائیل، چیتر کاتی رووبەرووبوونەوەی کاتی و دووپاتە لەگەڵ ئێران نیە. یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل لەکابینەی دەوڵەت وتی:"بەو ئەنجامە گەیشتووین، تەنیا رێگەی ستراتیژی گۆرینی رژێمی ئێرانە. ئەگەر وا نەکەین، ناچار دەبین بەردەوام سەتڵی ئاوەکە بەتاڵ بکەین، جارێک بە کەوچکی بچووک و جارێکیش بە کەوچکی قووڵ. وەها دۆخێک تەحەمووڵ ناکرێت."

لەو قۆناغەدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی موساد بەو ئەنجامە گەیشتبوون کە دەبێ هەوڵ بۆ گۆرینی رژێم لە ئێران بدەن، موسادیش رۆڵی سەرەکی لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە هەبوو. لەبەرامبەردا، ئەرتەشی ئیسرائیل نیگەرانی نۆژەنکردنەوەی توانای موشەکی ئێران بوو. ئەگەرچی ئەرتەش گومانی لە پلانی گۆرینی رژێم هەبوو، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی پرۆژەی موشەکی باڵستیک و لەناوبردنی پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە ئەولەویەتی یەکەم و زەروورەت دەزانی.

موساد پێیوابوو، ئەو ئۆپەراسیۆنە دەبێ لە مانگی مای و ژووئەنی ٢٠٢٦ دەستپێبکات، لەکاتێکدا ئەرتەش وەرزی پاییزی پێ باشتر بوو. لەگەڵ ئەوەش، نەتانیاهۆ بەردەوام هەوڵی زووتر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی دەدا.

لە دێسەمبەری ٢٠٢٥، شەپۆلێک لە نارەزاییەکان و ئاڵۆزییەکی بەرفراوان لە ئێران دەستیپێکرد، نووسەر پێیوایە، دەتوانرێ شیمانەی ئەوە بکرێت کە شەڕی رەوانی موساد بەشێک لەو نارەزاییانە بووبێت، چوونکە موساد بۆ جێبەجێکردنی وەها ئۆپەراسیۆن گەلێک دامەزرابوو. رژێمی ئێران دەستی بە سەرکوت و کوشتارێک گەورەی هاووڵاتیان کرد.

دۆنالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بەڵێنی دابوو پشتگیری لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران بکات. لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە موساد و سوپای ئیسرائیل فەرمانی دا بۆ «جەنگی گەورە» ئامادە بن و خێرایی بە ئامادەکردن و تەواوکردنی پلانە عەمەلیاتییەکان بدەن. لە مانگەکانی ژانویە و فێوریەی ٢٠٢٦، نزیکەی هەموو دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل سەرنجی خۆیان خستبووە سەر ئامادەکاری بۆ جەنگ. بەڵام زۆربەی پلانەکان، بە تایبەتی پلانی پەیوەندیدار بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێشتا تەواو نەبووبوون. دروشمی سەرەکیی ئەو قۆناغە ئەمە بوو: «نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدرێت.»

موساد هەوڵی دا لە کەمترین ماوەدا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ گرووپە کوردییەکان فراوان بکات و بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە ئامادەیان بکات. ئەم هێزانە بووبوونە یەکێک لە بنەڕەتە سەرەکییەکانی پلانی گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران. بەپێی ئەم پلانە، هێزە کوردییەکان دەبوو لە ڕۆژئاواوە بچنە ناو ئێران، شار بە شار پێشڕەوی بکەن، سەرەتا کوردەکان و پاشان ئێرانییەکانی تر بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و لە کۆتاییدا بەرەو تاران بڕۆن. هەروەها، دوای دەستپێکردنی یەکەم قۆناغی بۆمبارانەکان، چاوەڕوان دەکرا خەڵکیش وەک ناڕەزایەتییەکانی ژانویە ٢٠٢٥ بێنە سەر شەقامەکان؛ سناریۆیەک کە لە دیدی دارێژەرانی پلانیەکەوە دەتوانی «تۆفانێکی تەواو» دروست بکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئیسرائیل بۆ ئەم مەبەستە چەکی دابینکردبوو بۆ هێزە کوردییەکان و هەوڵی دەدا هاوپەیمانییەک لە گرووپە کوردییەکان پێکبهێنێت. نووسەری ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە زۆرێک لە ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، کە ساڵانێکی زۆر لەسەر پرسی ئێران کاریان کردووە، پشتبەستن بە هێزە کوردییەکان بە «وەهم و ناواقیعی» دادەنا. وەڵامی موساد بەو ڕەخنانە ئەوە بوو: «پرسی ئێران لە بەرپرسیارییەتی ئێمەدایە و باش دەیناسین. مەبەست ئەوە نییە کوردەکان ئێران داگیر بکەن؛ ئەرکی سەرەکییان ئەوەیە هێزەکانی حکومەت سەرقاڵ بکەن، تاکو خەڵک بتوانن دەسەڵات بڕوخێنن.»

بەشێکی گرنگ لە ئاڵۆزییەکانی ئەم پلانە، لایەنی سیاسیی بوو. ئیسرائیل دەبوو گرووپە جیاواز و هەندێکجار ناکۆکییەکانی ناو هێزە کوردییەکان قایل بکات پێکەوە کار بکەن و هەنگاوێک بنێن کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی گۆڕانی سیاسی لە ئێران. یەکێک لە مەرجەکانی ئیسرائیل ئەوە بوو کە هێزە کوردییەکان، لە جیاتی ئاڵای کوردستان، ئاڵای «شیروخورشید»ــ هێمای دەسەڵاتی پەهلەوی ــ بەکاربهێنن. تەنانەت دابینکردن و گواستنەوەی ئەو ئاڵایانەش لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام درابوو.

پلاندانانی عەمەلیاتەکە تا وردترین وردەکارییەکان بەرەوپێش چوبوو. موساد نیگەرانی ئەوە بوو کە هێزە کوردییەکان لە کاتی پێشڕەوییان لە ناو ئێران دەست بدەن بە کوشتار یان تۆڵەسەندنەوە. بۆیە داوایان لێکرابوو کۆمەڵە یاسایەک، کە بە «دە فەرمان» ناسراو بوون، قبووڵ بکەن. ئەم یاسایانە قەدەغەی کوشتن، تاڵانکردن، دزی، دەستدرێژی سێکسی و ئەنجامدانی تاوانی جەنگی لەخۆ دەگرت. بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییان پێدابوون: «ئەگەر لەم یاسایانە دەرچوون، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل چیتر پشتگیریتان ناکات و هێزە ئێرانییەکان لەناوتان دەبەن.»

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بەشێکی سەرەکیی ئەم پلانە بوو. ئیسرائیل ئەم پلانەی تەنها وەک هێرشێکی زەمینیی هێزە کوردییەکان بە کۆشکی سپی، دۆنالد ترامپ و دەزگای سیا باس نەکردبوو، بەڵکو وەک عەمەلیاتێکی هاوبەش نێوان هێزە کوردییەکان و هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ناساندبوو. بەپێی ئەم سناریۆیە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەبوو ڕێگا زەمینییە پێویستەکان بۆ پێشڕەوی هێزە کوردییەکان بکەنەوە و هەر جۆرە مەترسییەکیان لەسەر رێگە لابەرن.

لە قۆناغی یەکەمدا، پلانیان وابوو نزیکەی ١٥ هەزار چەکداری کورد بچنە ناو ئێران، شارەکان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و بە ڕاکێشانی هێزی زیاتر، ژمارەی هێرشبەران بگەننە ١٥٠ هەزار تا ٢٠٠ هەزار کەس؛ ئەوانەش بە پشتگیریی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرەو تاران پێشڕەوی بکەن.

بەڵام پێش گەیشتن بەو قۆناغە، پێویست بوو کۆمەڵێک ڕووداوی دیکەش ڕووبدەن؛ لەوانە ڕاپەڕینی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکە و هەروەها دەستپێکردنی خۆپیشاندانە فراوانەکانی خەڵک لە سەرانسەری ئێران، دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکی هێرشە سەربازییەکان. لە سوپای ئیسرائیل زاراوەیەکی عیبری هەیە بە ناوی «تیخلول» (Tichlul)، کە واتای هاوئاهەنگکردن و یەکخستنی هەموو بەشەکانی ئۆپەراسیۆنێک دەگەیەنێت. لە دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیل، بەرپرسیاریەتی ئەم جۆرە هاوئاهەنگییانە لە ئەستۆی ئەرتەشە.

لە هەمان پەیوەندییەدا، مایکل هاوزەر تۆڤ، ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی، لە ڕاپۆرتێکدا نووسی کە بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی سەربازیی سوپا بە توندی دژ بە پلانی گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران بوو و بەشی لێکۆڵینەوەی ئەو دامەزراوەیەش پێیوابوو کە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم جۆرە عەمەلیاتە زۆر کەمە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، شڵۆمی بیندەر، سەرۆکی زانیاریی سەربازیی سوپای ئیسرائیل، گەیشتبووە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەری ڕووخانی دەسەڵاتی ئێران زۆر لاوازە.

ئەم هەڵسەنگاندنە تەنها بۆچوونێکی گشتی نەبوو، بەڵکو لەسەر بنەمای لێکدانەوە و بەڵگەی پیشەیی ئامادە کرابوو. بۆ نموونە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو گومان و نیگەرانییەکی زۆر لە پشبەستن بە هێزە کوردییەکان هەبوو، ئاستی پشتگیریی ئەمریکاش «نادیار» ـە. بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی سەربازی هەروەها ئاگاداری دابوو کە رژێمی ئێران هەر زوو ئینتەرنێت دەبڕێت؛ هەنگاوێک کە توانای هاوئاهەنگکردنی شۆڕش یان ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

هۆشدارییەکی گرنگی دیکەش لەم ڕاپۆرتەدا هاتبوو؛ بەشی لێکۆڵینەوەی زانیاریی سەربازی پێی وابوو ئەگەر هەوڵی گۆڕینی دەسەڵات شکستی بهێنێت، ئەگەری ئەوە زیاد دەبێت کە ئێران بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆم بچێت؛ مەترسییەک کە بە وتەی ئەو دامەزراوەیە «دەبوو کۆنترۆڵ بکرێت.»

ئەم هەڵسەنگاندنە، کە بە شێوەی نووسراو پێشکەش کرابوو، هۆشدارییەکی زۆر گرنگ بوو. تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کرابووەوە کە نرخی شکستی پرۆژەی گۆڕینی دەسەڵات دەتوانێت زۆر قورس بێت. زۆرێک لە شارەزایانی کاروباری ئێران تا ئێستاش پێیان وایە موجتەبا خامنەیی لەوانەیە بە جدی هەڵبژاردەی چوون بەرەو دروستکردنی چەکی ناوکی لەبەرچاو بگرێت.

یەکێک لە بەرپرسانی بەئەزموونی ئەمنیی ئیسرائیل لەو بارەیەوە وتی: «لێکدانەوەی دروست لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار ئەوە بوو کە دەسەڵاتی ئێران شەڕی مانەوەی خۆی بردووەتەوە. خۆپیشاندەران کوژران، هاوڕێکانیان پاشەکشەیان کرد و دەسەڵات هێزی کوشندەی بەکار هێنا. ئەمە بەخۆی بەڵگەیەک بوو کە دوو مانگ دواتر نەدەبووا هەوڵی ڕووخاندنی رژێم بدرێت.»

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم خاڵانە گرنگییەکی زۆریان هەیە. زۆرێک لە شارەزایانی کاروباری ئێران لە سەرانسەری جیهان، کاتێک وردەکاریی ئەم پلانەی ئیسرائیل دەبیستن، بە جۆرێک لە ناباوەڕی و تەنانەت گاڵتەجاڕی سەیری دەکەن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، دامەزراوەی فراوان و ئاڵۆزی کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەیەکی دەرەکی، ئەویش لە ناوەڕاستی جەنگدا، نەدەکرا بڕوخێندرێت. لەم ڕووەوە، گومان و تێڕوانینی بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی سەربازیی ئیسرائیل ورد و ڕاستبینانە دەردەکەوێت، هەرچەند ئەنجامەکەی ناخۆش بوو.

بەڵام ڕوایەتی موساد تەواو جیاوازە. بەرپرسانی ئەم دەزگایە دەڵێن بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی سەربازی (ئامان) نەک تەنها دژایەتیی پلانەکەی نەکرد، بەڵکو هاوکارییەکی فراوانیشی لەگەڵدا هەبوو.

نووسەری ڕاپۆرتەکە دەڵێت کاتێک لەگەڵ بڕیاردەرە سیاسییەکانی ئیسرائیل گفتوگۆی کردووە، تەنانەت ئەوانەش کە دواتر بە توندی ڕەخنەیان لە پلانی گۆڕینی دەسەڵاتی موساد گرت، هەموویان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هەرگیز هۆشدارییەکی جدیی ئەرتەشیان لەبارەی ئەم ئۆپەراسیۆنە نەبیستووە. بە وتەی ئەوان، نە لە کۆبوونەوەکانی کابینەی سنوورداری سیاسی، کە لە سەرکردەی پارتەکانی هاوپەیمانی حکومەت پێکهاتبوو، و نە لە کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنی، کە مۆڵەتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی بە سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری دا، هیچ ناڕەزایییەکی ئاشکرا لەلایەن فەرماندەکانی ئەرتەش نەخراوەتە ڕوو.

یەکێک لە وەزیران بە نووسەری ڕاپۆرتەکەی وت: «ئایا بەڕاستی وا بیر دەکەنەوە ئەگەر هەموو ئەو هەڵسەنگاندنانەی بدبینانەمان بیستبا، کە هیچ شانسی سەرکەوتن نییە، ناکرێ پشت بە کوردەکان ببەستین،  ئەمریکاییەکان لەگەڵمان نین، ئێران لەوانەیە بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بچێت و لە کۆتاییدا پلانەکە شکست بهێنێت، ئایا لە کابینەدا هیچ گفتوگۆیەکی فراوان و گرنگ دروست نەدەبوو؟»

وەزیرێکی دیکەش وتی: «ئەرتەش بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ ئەم پلانەدا ڕازی بوو و ئەگەر ناڕەزایەتییەکی هەبوو، بە زۆر نەرمی و وریایی دەری دەبڕی. ئەمە تەنها پلانی موساد نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لە ئامانجە سەرەکییەکانی جەنگ. ئەرتەشیش بەشداریی تێدا کرد. ئەگەر بەڕاستی باوەری پێ نەبووا، ئەو پەیامە هەرگیز نەدەگەیشتە ئێمە.»

نووسەر دەڵێت لەگەڵ چەندین کەس کە لەو کۆبوونەوانەدا ئامادە بوون گفتوگۆی کردووە و نزیکەی هەموویان هەمان ڕوایەتیان پێشکەش کردووە: «سوپا بە تەواوی لەگەڵ ئەم پلانەدا هاوڕا بوو.»

بەڵام، ئەرتەشی ئیسرائیل ئەم ڕوایەتە بە توندترین شێوە ڕەت دەکاتەوە. بەرپرسانی سەربازی جەخت دەکەنەوە کە هەموو گومان، مەترسی و هۆشدارییە پەیوەندیدارەکان بە ئەم پلانە، چ بە شێوەی زارەکی و چ لە ڕاپۆرتە نووسراوەکاندا، لە کۆبوونەوە پەیوەندیدارەکاندا خراونەتە ڕوو و بەڵگە و تۆمارەکانیانیش هەیە.

بەڵام ئەم بانگەشەیە چۆن لەگەڵ قسەکانی وەزیران یەکدەگرێتەوە؟ هەندێک لە بەرپرسانی باڵای پێشووی دامەزراوە بەرگرییەکانی ئیسرائیل وەڵام دەدەنەوە کە وەزیران هەندێکجار تەنها ئەوە دەبیستن کە خۆیان حەزیان لێیە بیبیستن. بە وتەی ئەوان، کاتێک پلانێک شکست دەهێنێت، زۆرێک لە بڕیاردەرەکان هۆشدارییەکانی پێشوو کە پێیان دراوە، لەبیر دەکەن.

لە ئێرەدا پرسیارێکی حەتمی دروست دەبێت: ئەو هۆشدارییانە بە وردی لە کام کۆبوونەوە و لەبەردەم کام دەزگا و لیژنانە خراونەتە ڕوو؟ کابینەی تەواوی ئەمنیی ئیسرائیل، بەهۆی ترس لە دزینی زانیاری، بە دەگمەن لەسەر هەموو وردەکارییەکانی ئەم پلانە گفتوگۆی کرد. بۆیە، باس و لێکۆڵینەوەکە سنووردار بوو بە کۆبوونەوەکانی کابینەی بچووک و دانیشتنە نهێنییەکان لەنێوان سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری.

هیچ گومانێک نییە کە بنیامین نتانیاهو ڕاپۆرتی بەشی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی سەربازی، کە بە ڕاشکاوی گومانی لە ئەگەری سەرکەوتنی پرۆژەی گۆڕینی دەسەڵات هەبوو، وەرگرتبوو. بەڵام ئەم پرسیارە هێشتا ماوەتەوە: ئایا نتانیاهو ڕێگری لە خستنەڕووی تێبینی و رەخنەکان گرتبوو؟ و گرنگتر لە هەموو، چ شتێک ئەو جیاوازییە زۆر گەورەیە لە نێوان ڕەوایەتی وەزیران و موساد لە یەک لاوە و ڕەوایەتی ئەرتەشی ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە ڕووندەکاتەوە؟

لە نێوان «گاڵتەجاری» و «پێکەنیناوی»-دا

لە ١١ی فێوریەدا، بەرپرسانی ئیسرائیل پلانی ئۆپەراسیۆنی خۆیان بە سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشکەش کرد. لەو کۆبوونەوەیەدا، دەیڤید بارنیا، سەرۆکی موساد، و ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیلیان ڕوونکردەوە.

لەو کاتەدا، بەرپرسانی ئیسرائیل نەیاندەزانی کە دواتر ماگی هابەرمان و جۆناتان سوان لە راپۆرتدا ئاشکرای دەکەن کە بەرپرسانی ئەمریکا بە گۆرینی رژێم لە ئێران رازی نەبوون. بەپێی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەم پلانەی بە «گاڵتەجاری» ناوبردبوو. هاوکات سەرۆکی سی ئای ئەی ئەو پرۆژەیەی «پێکەنیناوی» ناوبردبوو.

چەند ڕۆژ دواتر، بە وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، چرای سەوز لەلایەن کۆشکی سپییەوە درا و تەنها ١٧ ڕۆژ دواتر جەنگ دەستی پێکرد. کۆبوونەوەی کابینەش لە دوا ساتەکاندا تەنها بۆ وەرگرتنی پەسەندکردنی فەرمیی وەزیران ئەنجام درا؛ ڕێکارێک کە لە سەردەمی سەرۆک وەزیرایەتیی نتانیاهودا بۆتە شتێکی ئاسایی. پاشان، ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی چووە قۆناغی جێبەجێکردن.

لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکرد بۆ دابینکردنی پشتگیریی ئاسمانی بۆ هێزە کوردییەکان، هەرچەند هێرشکردنە سەر ئامانجە گرنگەکان لە پێشەوەی کارەکاندا بوو. هێزە کوردییەکانیش ئامادە بوون لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر دوای وەرگرتنی فەرمان، هێرشی خۆیان دەست پێبکەن، بەڵام ئەو فەرمانە هەرگیز دەرنەچوو. 

نزیکەی یەک هەفتە دوای دەستپێکی جەنگ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە جێبەجێکردنی بەشی پەیوەندیدار بە هێزە کوردییەکان ڕێگری کرد. دواتر لە راپۆرتەکاندا هات کە رەجەب تەئیب ئەردوغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا داوای لە ترامپ کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بوەستێنێت. ئەردۆغان دواتریش ڕایگەیاند کە هێرشی هێزە کوردییەکان بۆ سەر ئێران دەتوانێت وەڵامی سەربازیی تورکیای لێبکەوێتەوە و تەنانەت ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیسرائیل. سێ ڕۆژ دواتر، بەرپرسانی ئیسرائیل تێگەیشتن کە واشنتن بە تەواوی ڕێگای جێبەجێکردنی هێرشی هێزە کوردییەکانی بۆ ناو ئێران داخستووە.

لە ڕوانگەی موسادەوە، وەڵامی ئەم ڕووداوە زۆر سادە بوو: پلانێک هەبوو، بەڵام هەرگیز مۆڵەتی جێبەجێکردنی نەدرا. بۆیە، ناتوانرێت سەرکەوتن یان شکستی پرۆژەی گۆڕینی دەسەڵات هەڵبسەنگێندرێت، چونکە فەرمانی دەستپێکردنی عەمەلیات هەرگیز دەرنەچوو. سەرەڕای ئەوەش، بە وتەی موساد، سەرچاوە، ئامراز و هاوپەیمانانی دیکەش هەبوون کە هەرگیز نەخرانە گەڕ. دڵنیایی تەواو بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە نەبوو، بەڵام تەنانەت دەرفەتی تاقیکردنەوەشی بە موساد نەدرا. 

بەڵام، یەکێک لە وەزیرانی ئیسرائیل ڕەوایەتێکی جیاواز پێشکەش دەکات. ئەو دەڵێت: «موساد تەنانەت پێش ئەوەی بەشی پەیوەندیدار بە هێزە کوردییەکان هەڵبوەشێتەوە، لە جێبەجێکردنی زۆرێک لە بەڵێنەکانی خۆی شکستی هێنابوو. هەر لەو کاتەوە هەندێک لە ئێمە دەستمان کرد بە بیرکردنەوە لەوەی لەوانەیە لەگەڵ کەسانی خەیاڵ ئاوی کار دەکەین.»

بەپێی وتەی زۆربەی ئەو بەرپرسانەی لە پرۆسەی بڕیارداندا بەشداربوون، هەتا بەر لە شکستی پرۆژەی پەیوەندیدار بە هێزە کوردەکان، کەشی گشتی ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل هەماهەنگ و یەکدەنگ بوو. ئامانجی هاوبەش، دروستکردنی کەشی پێویست بۆ راپەرین لە ئێران بوو. ئەرتەشی ئیسرائیل بە لێدانی گورزێکی گەورە لە رژێم پێناسەی دەکرد، لەکاتێکدا موساد لێکدانەوەیەکی زۆر سەرکێشانەتری هەبوو. لەگەڵ ئەو جیاوازیانەش، هەتا ئەوکات هەردوو دامەزراوە، لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەکی بۆ ئۆپەراسیۆن لە تەنیشت یەکتر چاڵاکیان دەکرد. 

بەڵام کاتێک کۆشکی سپی رێگری لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە کرد، هەموو شتەکان گۆران. بنیامین نەتانیاهۆ و دەڤید بارنیا، سەرۆکی موساد، لەسەر ئەوە پێداگربوون کە هێشتا کاری زۆر ماوە، ئەنجامی بدەن. یان لانیکەم شتی زۆر هەن کە دەکرێ تاقی بکرێنەوە. لە کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا، موساد پلانێکی جێگرەوە و خێرای ئامادە کرد؛ پلانێک کە یەکێک لە بەشداربووانی پرۆسەی بڕیاردان بە «پەچەیەک لەسەر پەچەیەکی دیکە» وەسفی کرد. خۆی موسادیش جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەمە چیتر پلانە سەرەکییەکە نییە، بەڵکو هەولێکی خێرای فریاگوزارییە لە دوا ساتەکاندا، چوونکە ئاستی چاوەروانییەکانیش دابەزیبوو. 

ئەگەر تا ئەو کاتە جۆرێک لە هاوئاهەنگیی دیاریکراو لەنێوان دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل هەبوو، لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەم هاوکارییە تەواو هەڵوەشایەوە. سوپای ئیسرائیل، سەرۆکی ستافی گشتی و ژمارەیەک لە وەزیران پێیان وابوو بەردەوامبوون لە هەوڵی گۆڕینی رژێم لە ئێران تەنها دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی سەرچاوە گرنگەکان؛ لەوانە کاتژمێرەکانی فڕین، چەک و تەقەمەنی و گرنگتر لە هەموویان، ئەو کاتەی کە بە خێرایی کەم دەبووەوە و پێویست بوو پێش کۆتاییهاتنی جەنگ سوودی لێ وەربگیرێت. بە وتەی سەرچاوەکان، ناکۆکی و مشتومڕەکان زۆر توند بوون.

یەکێک لە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل وتی: «لە قۆناغی یەکەمدا، کاتێک کوردەکان بەشێک لە پلانەکە بوون، هەموو کەس هاوڕا بوو یان لانیکەم وایان پیشان دەدا. بەڵام کاتێک ڕۆڵی کوردەکان لە پلانەکە هەڵگیرا، هەموو شتێک هەڵوەشایەوە.»

بەرپرسێکی دیکەش زیادی کرد: «ئەوەی سەرسوڕهێنەر بوو ئەوە بوو کە دوای ئەوەی ترامپ بەشداریی کوردەکانی ڕەت کردەوە، نتانیاهو پلانی نوێ و خێرای موسادی بەسەر هەموواندا سەپاند؛ پلانێکی خەیاڵیی دیکە کە لە هەر سەرەتایەوە دیار بوو سەرناکەوێت.»

بەپێی ئەم پلانە جێگرەوەیە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ئەرکی پێ سپێردرا شوێن و بارەگاکانی هێزەکانی بەسیج بکاتە ئامانج. لە هەمان کاتدا، نتانیاهو بە ئاشکرا بانگەوازی لە خەڵکی ئێران کرد هاوکات لەگەڵ نەورۆز بێنە سەر شەقامەکان. ئیسرائیل هیوای زۆری بەو بانگەوازە بەستبوو، بەڵام خەڵکی ئێران هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە و لە ماڵەکانی خۆیان مایەوە.

یەکێک لە بڕیاردەرانی ئیسرائیل لەبارەی ئەوەوە وتی: «بایەخێکی زۆر قورسمان بۆ ئەم پلانە جێگرەوەیە دا. سەرچاوەکان سنووردار بوون. هێزی ئاسمانی نەیتوانی هەموو توانای خۆی دژ بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەکاربهێنێت، چونکە بەشێک لە تواناکەی بۆ ئامانجی دیکە تەرخان کرابوو.»

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا، دووبارە ئەم پرسیارە دەخرێتە ڕوو کە هیچ گومانێک نییە بنیامین نتانیاهو ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی سەربازی، کە تێیدا بدبینی لەبارەی سەرکەوتنی پرۆژەی گۆڕینی دەسەڵات دەربڕابوو، وەرگرتبوو. ئایا ئەو ڕێگری لەوە کرد کە ئەم ڕەخنانە بە تەواوی لە کابینەدا، تەنانەت لەو دانیشتنەی مۆڵەتی دەستپێکردنی جەنگی دا، بخرێنە ڕوو؟ و چۆن دەکرێت ئەم جیاوازییە قووڵە لەنێوان ڕەوایەتی وەزیران و موساد لە یەک لاوە و سوپای ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە ڕوون بکرێتەوە؟

نووسەر جەخت دەکاتەوە کە چیرۆکی تەواوی ئەم ڕووداوە زۆر فراوانترە لەوەی تا ئێستا بڵاو کراوەتەوە. بە وتەی ئەو، پلانی موساد بەشە گرنگ و تا ڕادەیەک قایلکەرێکی دیکەشی تێدا بووە کە هێشتا ئاشکرا نەکراون و نەهێشتنی ئەوان لە ڕاپۆرتەکاندا لەوانەیە ئەو تێگەیشتنە دروست بکات کە پلانی موساد لە ڕاستیدا لاوازتر بووە. بەڵام، تەنانەت ئەم زانیارییانەش کە بڵاو کراونەتەوە، پرسیارگەلێکی زۆر گرنگ دروست دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، وەزیران، ئەرتەش و موساد هەر یەکەیان تێگەیشتنێکی جیاوازیان لە ئامانجی سەرەکیی جەنگ هەبوو. سوپای ئیسرائیل عەمەلیاتی موساد بۆ ڕووخاندنی رژێم لە ئێرانی تەنها وەک ئەرکێک دەبینی کە دەبوو پشتگیریی لێ بکرێت، نەک ئامانجی سەرەکیی جەنگ. وەزیران گۆڕینی رژیمی بە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی جەنگ دەزانی، هەرچەند باوەڕیان وابوو کە بەدیهاتنی ئەو ئامانجە پێویستی بە کات هەیە. بەڵام لە دیدی موسادەوە، گۆڕینی دەسەڵات ئامانجی ناوەندیی جەنگ بوو.

دەستەواژەی «رەخساندنی کەشێک بۆ رووخاندنی رژێم» هەوڵێک بوو بۆ شاردنەوەی ئەو جیاوازییە قووڵانە. لە ڕاستیدا، ئەم دەستەواژەیە زیاتر فۆرموولەیەکی سیاسی بوو؛ کۆمەڵێک وشە کە لەگەڵ یەک دانران تاکو هەموو لایەنەکان تا ڕادەیەک هەست بە ڕازیبوون بکەن، بەڵام لە کرداردا ئامانجێکی ڕوون و دیاریکراوی بۆ جەنگ پێناسە نەدەکرد.

موساد دەڵێت سوپای ئیسرائیل، تەنانەت لە دانیشتنە نهێنییەکانیشدا، هیچ ناڕەزایەتییەکی لە پلانی سەرەتایی نەبوو. لە بەرامبەردا، سوپا جەخت دەکاتەوە کە هەموو گومان، مەترسی و هۆشدارییەکانی ئەم پلانە، چ بە زارەکی و چ بە نووسراو، بە تەواوی خستووەتە ڕوو. وەزیرانیش دەڵێن هەرگیز ڕەخنەیەکی ڕاشکاو و ئاشکرایان لەلایەن ئەرتەش لەبارەی پرۆژەی گۆڕینی دەسەڵاتەوە نەبیستووە. لە لایەکی دیکەوە، باوەڕیان وایە موساد تەنانەت پێش وەستاندنی پلانی پەیوەندیدار بە کوردەکانیش نەیتوانیبوو بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات. نووسەر ئەم جیاوازییە قووڵە لە ڕوایەتەکاندا بە «قبووڵنەکراو» وەسف دەکات.

بە وتەی نووسەر، بەپێی هەڵوێستی شارەزایان، زۆربەی هەرە زۆری پسپۆڕانی کاروباری ئێران، چ لە ئیسرائیل و چ لە دەرەوەی وڵات، پلانی موساد ــ کە هێرشی هێزە کوردییەکان، ڕاپەڕینی کەمینەکان، هەنگاوە تەواوکەرەکان و بەکارهێنانی مەحموود ئەحمەدینژاد لەخۆ دەگرێت ــ بە شکستێکی گەورە دادەنێن. لە بەرامبەردا، موساد هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەم پلانە لەسەر بنەمای بەڵگەی ئەزموونی، ڕاستبینانە، جێبەجێکراو و جێی متمانە بووە. 

لەکۆتاییدا، راپۆرتەکە ئەو پرسیارە دەورووژێنێت، دژایەتیکردنی تورکیا بۆ چوونی هێزە کوردییەکان بۆ ناو وڵاتێکی سەربەخۆ، ئەویش لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی ئیسرائیل، چاوەروانکراو بوو. جگە لەوەش هەر کەسێک دۆناڵد ترامپ بناسێت، دەزانێ کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردوغان هەیە. کەوایە ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، ئیسرائیل چۆن پێشبینی دژکردەوەی تورکیای نەدەکرد؟ و چ کەسێک بەرپرسی هەڵسەنگاندنی کاردانەوەی ئەردوغان لەو پرۆژەیەیە؟

لەبەڕگری لە سەرکێشی-دا

شەڕ لەگەڵ ئێران هێشتا تەواو نەبووە، زیانێکی قورس لە پیشەسازی سەربازی و پرۆژەی ئەتۆمی ئێران کەوتووە. هەروەها حکومەتی ئێران، قەیرانی گەورەی هەیە، قەیرانی هەڵاوسان و گوشاری تووندی ئابووری بە ڕوونی هەست پێدەکرێت. هەندێک کات لە مێژوودا، کردارو هێزی زۆر بچووک توانیویانە ئیمپراتۆرییەک بڕوخێنن، تەنانەت وڵات گەڵێک کە لە ئێران گەورەتر و بەهێزتر بوونە. بۆ نموونە، بۆ روخاندنی یەکێتی سۆڤییەت تەنیا پێویستی بە کەمتر لە ١٥ هەزار چەکدار هەبوو.

کێ دەزانێ؟ رەنگە ئەگەر دۆناڵد ترامپ لەسەر هێرشی کوردەکان رەزامەندی دەڕبریبا، حکومەتی ئێران ناسەقامگیر دەبوو، یان لانیکەم دەچووە ناو شەرێکی ناوخۆ. ئەگەر ئەوە روویدابا هەموو کەس بە «سەرکێشییەکەی» موسادی هەڵدەکوت. لەو وەها پرۆژەگەڵێکدا تەنیا پێویستە یەک جار سەربکەویت.