1 . خەزەڵوەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئاژوان کیانی چۆن کوژراوە، قاچاغچی بووە یان تێکۆشەری ئاڵای سوور؟

ئاژوان کیانی چۆن کوژراوە، قاچاغچی بووە یان تێکۆشەری ئاڵای سوور؟
7 . جۆزەردان . 2724


لەتێکهەڵچوونێک لە جادەی گاڕان بۆ کۆماسی مەریوان هاووڵاتییەک بەناوی ئاژوان کیانی لەلایەن چەکدارانی سوپای پاسداران شەهید کرا.

ئێوارەی یەکشەممە ٦ی جۆزەردان لە جادەی گاڕان بۆ کۆماسی مەریوان چەکدارانی سوپای پاسداران تەقە لە ئۆتۆمبیلێک دەکەن، کە بە هۆیەوە هاووڵاتییەک بەناوی ئاژوان کیانی گیان لەدەست دەدات. سەرچاوەیەک لە یەکێک لە پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، تێکهەڵچوونەکە لەنێوان تێکۆشەرانی ئاڵای سوور و چەکدارانی سوپای پاسداران بووەو لەو تێکهەڵچوونە، پێشمەرگەیەکی تێکۆشەرانی ئاڵای سوور شەهید بووە. دواتر ئەو رێکخراوەیەش راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند تێکهەڵچوونەکە ٤٥ دەقەی خایاندووەو لەکۆتاییدا ئەندامێکی تێکۆشەرانی ئاڵای سوور شەهید بووە.

هاوکات شەوی یەکشەممە ماڵپەری هەنگاو بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند بەپێی زانیاری شایەتحاڵەکانیان هێزەکانی سوپای پاسداران بە گومانی هەڵگرتنی کەڵوپەڵی قاچاغ تەقەیان لە ئۆتۆمبیلێک کردووەو بەو هۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە بەناوی ئاژوان کیانی کوژراوە. هەنگاو ئاشکراشیکردووە تەرمی ئاژوان کیانی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی مەریوان گواستراوەتەوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

رۆژهەڵات نیوز بەدواداچوونی بۆ ئەو رووداوە کردووە، سەرچاوەیەک لە ناوچەی کۆماسی بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە ئێوارەی یەکشەممە گوێبیستی تەقەو تێکهەڵچوون بوونە، بەڵام وردەکاریی رووداوەکەیان لە سوشیاڵ میدیا دیتووە. هاوکات سەرچاوەیەکیش لە مەریوان کوژرانی هاووڵاتییەکی لە جادەی گاڕان لەلایەن سوپای پاسداران پشتراستکردەوەو رایگەیاند کە بەپاساوی هەبوونی کەڵوپەڵی قاچاغ دەسترێژی گوڵڵە لە ئۆتۆمبیلەکە کراوە، بەڵام زانیاری لەسەر شۆفێر یان سەرنشینەکانی ناو ئۆتۆمبیلەکەی لەلا نەبوو.