ئەمرۆ چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پەیامێکی بەبۆنەی ١٠ی دێسەمبەر رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ بڵاوکردەوە. لەکۆتایی پەیامەکەدا ناوی بەرپرسیارییەتی عەبدوڵڵا موهتەدی وەکوو سکرتێری (حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران) هاتووە. رۆژهەڵات نیوز بەدواداچوونی بۆ ئەو باسە کرد، کە ئایا کۆمەڵەی شۆرشگێر بە فەرمی ناوەکەی گۆریوە یان نا؟ سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، باسی گۆرینی ناوی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە "حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران" هەیەو لە دوا کۆنگرەشدا باس کراوە، بەڵام لەوێ بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵام هەموو ئاراستەکان بۆ ئەوە دەچن لە کۆنگرەی داهاتوو ناوەکە بە فەرمی بگۆرن. سەبارەت بەهۆکاری گۆرینی ناوەکەش، ئەو سەرچاوەیە بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، ئەو رێکخراوەیە دەیهەوێ ناوی حیزبەکەیان بە هەموو زمانەکان وەکوو یەک بنووسرێت، هەربۆیە لەکۆنگرەی داهاتوودا بە فەرمی ناوی "کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" دەبێتە "حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران"