خۆزێ لێو ئاڵوارێس گومێز توێژەری دیاریی ئەمریکایی-ئیسرائیلی لە نووسینێکدا بۆ رۆژنامەی تایمز ئاو-ی ئیسرائیل باسی لە پەیوەندییە ستراتیژییەکەی عەرەبستان و پاکستان و کاریگەرییەکانی لەسەر پێگەی ئێران لە ناوچە کردووە. ئەو توێژەرە کە پسپۆری بواری ئیسرائیل و ژیۆپۆلۆتیک و ئاسایش و تیرۆریسمە، باس لەوە دەکات کە ئێران ئێستا کەوتووەتە نێوان دوو بەڕە، لە بەشی رۆژئاوای ئیسرائیل هەیەو لە بەشی رۆژهەڵاتیشی پاکستانی لێیە. هاوکات عەرەبستانی سعودییەش بە پشتیوانی هەردوولا خۆی لە ئیسرائیل نزیک دەکاتەوە. بەرای نووسەر، ئەو گۆرانکارییە دەتوانێ کۆی پێکهاتەی ژیۆپۆلۆتیکی رۆژهەڵاتی ناوەراست بگۆرێت، بەشێوەیەک هاوپەیمانە ناوچەییەکانی رۆژئاوا دەبنە هاوپەیمانی ئیسرائیل و بەمشێوەیە کۆتایی بە ئەفسانەی دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچە دێت. بەباوەری گومێز، بوومەڵەرزەیەک لەبەرچاوی تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست روویداوە، عەرەبستان چووەتە ژێر چەتری ئەتۆمی پاکستان. ئەوە تەنیا سیمبولێکی دیپلۆماسی نیە، بەڵکوو چەترێکی پاراستنی راستەقینەیە. ئەو توێژەرە پێیوایە، ئێران ساڵانێک پێیوابوو بە تەنیا توانای سەربازی و نفوزی ناوچەیی هەیەو سینگی خۆی هێنابووە پێش و لەسەر ئەو باوەرە بوو کە تەنیا ئیسرائیل رێگری بەردەم خەونەکانییەتی. بەڵام ئێستا کۆتایی بەو خەونە هاتووەو بە رێککەوتنی ستراتیژی ئەو دوایانە، ئێستا ریاز خاوەنی هەموو چەک و جبەخانەکانی ئیسلام ئابادیشە. بە باوەری گومێز، ئەوە مۆتەکەیەکی ترسناکە بۆ ئێران، ئێستا تاران لە بڕی ئەوەی دراوسێکانی بە مووشەک و درۆن بترسێنێت، لە دوو لاوە گەمارۆ دراوە. بەشی رۆژئاوای ئیسرائیل هەیەو پاکستانیش لە بەشی رۆژهەڵاتی ئێرانەو لە ناوەراستیشدا عەرەبستان هەیە کە لە لایەن تەلەڤیڤ و ئیسلام ئاباد پشتیوانی دەکرێت. بە بۆچوونی نووسەر هیلالی شیعی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، لەپڕێکدا داڕما، یان هەر لەسەرەتاوە هەر وەهم بووبێت. ئەوە لە کاتێکدایە ئێستا عەرەبستان چەترێکی پاراستنی ئەتۆمی هەیە، ئەوەش گرەنتی ئاسایشی دەکات. گومێز لەسەر ئەو باوەرەیە، تورکیاش نیگەران و تووڕەیە، چوونکە چیتر وەکوو جاران رۆڵی کاریگەری لەناو وڵاتانی سوننەی ناوچە نەماوە، قەتەریش کە هاوبەشێکی عەرەبی نزیکی ئێران بوو، لە پرێکدا لەرووی ستراتیژییەوە پەراوێز خراوە. لە بەرامبەردا وڵاتانی رۆژئاوا هەناسەیەکی راحەت هەڵدەکێشن، چوونکە عەرەبستانێکی بەهێز کۆتایی بە تۆری تیرۆری ئێران لە ناوچە دەهێنێت. بە باوەری نووسەر، گرنگترین دەرهاویشتەی ئەو رووداوە، دەستکەوتی دیپلۆماسییە. ریاز بە پشتیوانی پاکستان، دەست ئاوەڵاییەکی زۆرترین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و پەیوەستبوون بە پەیمانی ئابراهام دەبێت. ئەگەریش ئەوە رووبدات لەکۆتاییدا بەهێزترین وڵاتی سوننەی ناوچە دەچێتە ناو پەیمانی ئابراهام، ئەوەش بۆ ئیسرائیل رووداوێکی مێژووییە، چوونکە دەیسەڵمێنێت کە تەنیا هێز و نەک لاوازی تاکە زمانی راستەقینەی سەرکەوتن لە رۆژهەڵاتی ناوەراستە.