30 . بەفرانبار . 2725
سەرەکیهەواڵوتاروتووێژھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژووکەڵتوورسپۆرتکورتە هەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

دوای چەندین ساڵ بەرخۆدان لەدژی ئێران، کوردەکان خۆیان لەسەرکەوتن نزیکتر دەبینن

دوای چەندین ساڵ بەرخۆدان لەدژی ئێران، کوردەکان خۆیان لەسەرکەوتن نزیکتر دەبینن
29 . بەفرانبار . 2725

بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین، تاریک داهات!
دانا ڕەئووف
نرخ: 7,51 €
بەردەستە: 1,00

راپۆرت: CNN
وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز

پیاوێکی گەنج بە جامانەیەکی رەش و سپی خەریکە پارچەکانی چەکەکەی لەیەک جیا دەکاتەوە، پارچەکان لەسەر تاشە بەردێک دادەنێت. نێوچاوانی تێکناوە. ئەو ناتوانێ یەکێک لە پارچەکانی لەشوێنی خۆی دابنێت، هەوڵ دەدات چەکەکەی بخاتەوە سەر یەک.
ئەو پێشمەرگە گەنجە. ئەو چەمکێکە بە مانای " کەسێک کە بەرەورووی مەرگ دەروات".
هەموویان پێدەکەنن، راهێنەرەکەیان چەکێکی دیکەی پێ دەدات و بۆ ئەوەی لەسەر را کارەکانی بکاتەوە.
کەریم فەرخەپوور بە ئاماژەدان بە پێشمەرگەکان دەڵێ:" ئەوانە تازە هاتوون."
کەریم فەرخەپوور یەکێک لە رێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە، ئەو حیزبە کۆنترین و گەورەترین حیزبی چەکداری کوردی ئێرانە. ئێمە لە یەکێک لە بنکەکانیان لە ناو کوێستانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی عێراق دیدارمان کرد، ئەو شوێنە نزیکەی ٢١ کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی سنووری ئێران دوورە.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە ساڵی ١٩٤٥ بۆ مافی کوردەکان لە ئێران کە نزیکەی ١٠ لەسەدی دانیشتوانی ئێرانن تێدەکۆشێت. سەرەتا ئەوان لەدژی شای ئێران شەڕیان کرد، دوای شۆرشی ١٩٧٩، بەرخۆدانیان لەدژی حاکمە مەزهەبییەکان لە تاران دەستپێکرد.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لە گروپەکانی دژبەری حکومەتی ئێرانن. بەڵوچەکان لە رۆژهەڵاتی ئێران، کوردەکان لە رۆژئاوا و عەرەبەکان لە باشووری رۆژهەڵات، ساڵانێکە بۆ خودموختاری یان سەربەخۆیی هەوڵ دەدەن.
بۆ بەشێک لە کوردەکان، ئەو شەپۆڵە نوێیەی نارەزاییەکانی مانگی رابردوو، هیوایەکی دروستکردووە، کە رەنگە دوای ٤٧ ساڵ لە کۆتایی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیک بووبێتنەوە.
مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ: "رژێم هەموو رۆژێک زیاتر لاواز دەبێت، لاوازییەکەی دەرفەتێکی زۆرتر بە ئێمەو حیزبە ئازادیخوازەکانی دیکە دەدات، بۆ ئەوەی تێکۆشانیان لەدژی ئەو رژێمە زیاتر بکەن."
هیجری لەسەر ئەو باوەرەیە کە حیزبەکەی لەناو ئێران لەهەموو حیزبەکانی دیکە گەورەترەو یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی پشتیوانی نارەزاییەکانی ئەم دواییانەیە، بەتایبەت لە پارێزگاکانی رۆژئاوای ئێران. (مەبەست رۆژهەڵاتی کوردستانە).
فارینا تەمەنی نۆزدە ساڵە، یەکێک لە ئەندامەکانی ئەو حیزبەیە. ئەو چەکێکی دراگانۆفی سەردەمی شۆرەوی و کامێرایەکی مۆدێل نوێی لەسەر شانی چەپی پێیە. ئەو دەڵێ لە ئێران هەڵاتووە، چوونکە لەژیانێکی بێ داهاتوو هیوابڕاو بووە.
فارینا دەشڵێ:" تەنانەت ئەگەریش لە خوێندن بەردەوام بام، ئەگەر لایەنگری رژیم نەبیت، کارێکم دەست نەدەکەوت. ئێمە هیچ مافێکمان نیە، بەتایبەت وەکوو ژن. هەربۆیە بووم بە پێشمەرگە، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانم، وەکوو کورد و وەکوو ژنێک."
هێزەکەی ئەو لە ژن و پیاو پێکهاتوون. بەدەستهێنانی مافی یەکسان بۆ ژنان، یەکێک لە تایبەتمەندی لایەنە کوردەکان لە ئێران، تورکیا، سوریا و عێراقە.
رەستەیەکی دووپاتە وەکوو کڵێشە هەیە:"کوردەکان جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکیان نیە." وەکوو رۆژنامەوانێک بەردەوام لە بەکارهێنانی ئەو رەستەیە دوودڵ بوومە. لەگەڵ ئەوەش لێرە لەنێو ئەو شاخە بەرزو داپۆشراو لە بەفرە کە هەوری رەش دایپۆشیون و ئەو دنکە بەفرانەی کە خەریکە دەبارن، مرۆڤ هەست بە دوورەپەرێزی لەناو ئەو شاخانە دەکات و هەستێکی ئاسوودەشت پێدەدات.
هەستێک کە لەناو سەردەمێکی نوێ و وێران شاری و تەکنەلۆژیای سەربازی بەخێرای بەرەو نەمان دەچێت.
چەندین جیل لە کوردەکانی ئێران هاتوونەتە ئەو شاخانە، بە حیزب گەلێکی وەکوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەیوەست بوونە، بەو هیوایەی نیشتمانەکەیان بگۆرن، لێرە زستانەکانی زۆر سارد و دۆخێکی زۆر دژوارە.
بەڵام بۆ فارینا، ئەوە بەهاکەی زۆرە. ئەو دەڵێ: "ئێمە گیانمان لەو پێناوە داناوە، ئێمە هاتووین فیداکاری بکەین."