دکتور کامران مەتین ماموستای زانکۆ لە کۆنفرانسی بۆ رۆژهەڵات کە لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کەنەکە رێکخرابوو، رایگەیاند کە یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان گرنگەو دەبێ گوشارێکی تووندی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئەو لایەنە سیاسیانە درووست بکرێت، بۆ ئەوەی یەکگرتوو بن. بەگوتەی دکتور مەتین هێزەکان پێویست ناکات لەیەکتردا بتوێنەوە، بەڵکوو دەبێ لەسەر خاڵە هاوبەشەکان رێکبکەون. بەشێک لە قسەکانی دکتور کامران مەتین: "هێزەکانی سیاسی بۆ ئەوەی لەیەک نزیک ببنەوە، دەبێ بنەمایەکی هاوبەشیان هەبێت. بۆ ئەوەش دەبێ سەرەتا جیاوازی نێوان سیاسەتی ئەخلاقی و سیاسەتی واقیعی بزانین. بەشێک لەو کەسانەی خۆیان وەکوو سەربەخۆیی خواز دەناسێنن، پرسەکەیان کردووەتە، سیاسەتی ئەخلاقی. بەو مانایەی کە باسی سەربەخۆیی و ئەو جوگرافیاییە دەکەن کە بە کوردستان ناوی دەبەن، هەستێکی خۆشیان لەلا دروست دەبێت، پێیانوایە لەهەموو کەس کوردترن و ئەوانەی کە ئاوا بیر ناکەنەوە بە کەسێکی کەمتر کورد و کۆلۆنیزەکراو ناو دەبەن. ئەوە راست نیە، چوونکە خودی سەربەخۆیی فۆرمێکە لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و هەمووشمان حەزمان لێیەتی. ئێمە لەچوارچێوەی ئێرانی ئێستادا کەمینەین، لەرووی سیاسییەوە دەوڵەتمان نیە، لەژێر سەرکوتێکی زۆرداین. هیچ دەوڵەتێک نایەت لەسەر سینییەک سەربەخۆییمان پێ بدات، پرسیار ئەوەیە کە ئەو سەربەخۆییە چۆن دەستەبەر دەکرێت؟ پرسەکە هەر ئەخلاقی نیە، واقیعێکیشە دەبێ لەبەر چاو بگیرێت. دەکرێ شتێک لەرووی ئەخلاقی دڵت خۆش بکات، بەڵام لەرووی سیاسیی زیانیشی هەبێت. جا لێرەدایە کە ئەو کەس و لایەنانەی باوەریان یان لەئێستادا لەگەڵ سەربەخۆیی نین، دەبێ روونی بکەنەوە کە بۆچی لەگەڵی نین. ئەگەر ئەو کارە نەکرێت، ئەو بۆشاییە بەردەوام زیاتر دەبێت. بەتایبەت هەر کاتێک سەرکوت لەلایەن کۆماری ئیسلامی زیاتر بێت، یەکگرتوویی ئێمەش کەمتر بێت و ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئاوا شۆڤێنی بن، ئاساییە کە رۆژهەڵاتیش بەرەو رادیکالبوون بروات. بۆیە دەبێ هێزە سیاسییەکان روونی بکەنەوە کە بۆچی باسی سەربەخۆیی ناکەن و، فۆرمەکەی دیکەش کە باسی دەکەن بەروونی بۆ خەڵکی باس بکەن. جا ئەگەر ئەو هێزانەی دەیانەوێ لەچوارچێوەی ئێراندا بمێننەوەو سیاسەت بکەن، ئیتر دەبێ ئەوەش وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەنەوە کە چ سیاسەتێک دەگرنە بەر. بەر لەهەموو شتێک ئەگەر لەچوارچێوەی ئێراندا بمێنینەوەو دەشزانین کە ناتوانین بەتەنیا ئەو دەسەڵاتە بروخێنین، ئیتر پێویستیمان بە ئیعتلاف دەبێت، ئیتر لێرەدا یەکگرتوویی کوردەکان مانا پەیدا دەکات، چوونکە ئەو کەسەی دەتهەوێ ئیعتلافی لەگەڵ بکەیت، دەبێ بزانێ کە ئەتۆ کێی؟ نوێنەری کوردی رۆژهەڵاتی یان نوێنەری حیزبی خۆتی؟ بۆ ئەو یەکەم هەنگاوە دەبێ ناوەندێک هەبێ کە لایەنی بەرامبەری بزانێ لەگەڵ نوێنەری لانیکەم زۆرینەی خەڵکی رۆژهەڵات بەرورووییە. جا بۆ ئەو درووستکردنی ئەو هەماهەنگییە، دەبێ سەرەتا لەسەر بنەما هاوبەشەکان رێکبکەون، چوونکە لایەنە سیاسییەکان هەر یەکەیان بۆچوونی جیاواز، ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەی جیاوازیان هەیە، یەکریزی بەمانای توانەوە لەیەکتردا موومکین نیە، هەربۆیە دەبێ لایەنە سیاسییەکان کە دەچنە ناو ناوەندە هاوبەشەکە هەست بکەن کە ئۆتۆنۆمی و بەرنامەی جیاوازی خۆیان هەیە. حیزبە سەرەکییەکان لەسەر خالی بنەڕەتی نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران کێشەیان نیە، بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەو خالە بەهێزە هاوبەشەش هەر لەیەک نزیکبوونەوەکە روونادات. هۆکاری ئەوەیە کە هەندێک لەو حیزبانە بەرژەوەندی خۆیان لە شێوازگەلی سیاسی دا دەبینن کە نایانەوێ لەسەری سازش بکەن، بۆ نموونە رەنگە بیانەوێ دانووستاندن لەگەڵ رژێم بکەن، رەنگە ئامادە بن سازش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران بکەن، بەڵام هەمان سازش بۆ لایەنی کوردی نەکەن. ئەوەی لەجۆرج تاونیش روویدا. یەکگرتوو نەبوونی حیزبەکان هۆکارەکەی ئەوە نیە کە ئەوان نازانن چۆن یەکگرتوو بن، یان نەزانن کە یەکگرتوویی باشە و تەنیا ئێمە بزانین کە باشە. ئەوانیش دەزانن، بەڵام بۆ روونادات، ئەوەش هۆکارەکە هەر ئۆبژەکتیڤە. هەربۆیە دەبێ گوشارێکی کۆمەڵایەتیی بەهێز لەسەریان هەبێت، کە ئەوان هەست بەوە بکەن کە دەبێ وەڵامی کۆمەڵگا بدەنەوە. یان دەبێ قۆناغێک وەکوو ساڵی ٥٨ رووبدات کە حیزبەکان بەناچاری بەیەکەوە کار بکەن. بەڵام ئێستا لەو قۆناغەدا نین، کەوایە دەبێ گوشاریان بۆ بهێندرێت، ئەو گوشارەش دەبێ لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بهێندرێت. ناچاریان بکەین، حیزبەکان لەچەند خاڵدا پلاتفۆرمی هاوبەشی خۆیان پێشکەش بکەن، بەو مانایە کە ئەو خاڵە هاوبەشانەی کە هەیانە بکرێنە بنەما بۆ کارکردن. ئەوکات هەر حیزبێک لەبەرامبەریدا وەستایەوە، ئیتر دەردەکەوێت و بەرپرسیارییەتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی خۆی. ئەوەش خۆی دەبێتە بەشێک لەدیپلۆماسی جەماوەری، خەڵک دەبێ بزانن چی روودەدات و لەپشت پەردەکان چی دەگوزەرێ، پێموایە ئەگەر ئەوە رووبدات لایەنە سیاسییەکانیش لەبەرامبەر هێزی رای گشتیدا یان دەبێ تەسلیم بن یانیش دەبێ وەڵامدەر بن. ئەگەر ئەو یەکگرتووییە روویدا، ئەمجارە باس لە گوتاری سیاسیی هاوبەش دێتەگۆرێ. پێموایە دروشمی ژن ژیان ئازادی زۆر بە پانایی و بە جوانی دەتوانێ بنەمایەکی باش بۆ یەک گوتاری بێت، دەشتوانێ بنەمایەک بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتی ئێرانیش بن، ئەگەرچی بەداخەوە ئەوان زۆر کەمن. بەرای من ئەو دروشمە سێ وشە لەخۆی دەگرێ کە سێ هیرارشی جێندەری، چینایەتی و سیاسیی دەکاتە ئامانج. کەوایە ئەو دروشمە دەبێ زیاتر لە ناوەندی سیاسیی کوردستاندا بێت و کاری لەسەر بکەن و وەکوو بنەما وەریبگرن."