23 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر هێرش ئەمینی زانستوان و پەتاناسی ژینگەی

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر هێرش ئەمینی زانستوان و پەتاناسی ژینگەی
25 . پووشپەڕ . 2724


ئەم وتووێژە لە ژمارەی ۱۱ی گۆڤاری زانستیی هۆژین کە بەهاری ساڵی ۲۰۲۱ چاپ بووە وەرگیراوە.

 

پێناسەی دکتۆر هێرش ئەمینی(Heresh Amini):

دکتۆر هێرش (حەسەن) ئەمینی، زانستوان و پەتاناسی ژینگەییە. ئەو ماستەری لەسەر ئەندازیاریی تەندروستیی ژینگە لە ساڵی ٢٠١٢ لە زانکۆی زانستە پزشکییەکانی تاران وەرگرتووە. هەروەها، دکتۆرای لەسەر پەتاناسی لە ساڵی ٢٠١٧ لە زانکۆی بازڵ لە وڵاتی سویس خوێندووە. ئەو بۆ پۆستدکتۆرا لە ساڵەکانی ٢٠١٨ تا ٢٠١٩ چووەتە زانکۆی هارڤارد لە وڵاتی ئەمەریکا. دکتۆر هێرش ئێستا وەک زانستوانی میوان لە زانکۆی هارڤارد و وەک پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و وانەبێژ لە زانکۆی کۆپێنهاگی وڵاتی دانمارک خەریکی توێژینەوە و چالاکیی زانستییە. ئەو زیاتر لە ۶٠ وتاری لە ژوورناڵە بڕواپێکراوە زانستییەکان بڵاو کردووەتەوە و بەرپرسی پێداچوونەوەی زانستیی زیاتر لە ١٠٠ وتاری زانستیی دیکەش بووە، هەروەها وەک هەڵەگری هاوبەش لە ژورناڵی نێونەتەوەیی تەندروستیی گشتی چالاکە. دکتۆر ئەمینی بۆ چەندین جار ڕاوێژکاری کاتیی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهان بووە و لە ساڵی ٢٠١٨دا خەڵاتی فیزیا و کیمیای ئەتمۆسفێڕیکی لەلایەن ئەکادیمیی زانستەکانی سویس پێ بەخشراوە. لە هەموو بەرچاوتر، دکتۆر ئەمینی خەڵاتی ساڵی ۲۰۲۰ی ڕۆزنبلێسی لەم دواییەدا پێ بەخشرا. ئەم خەڵاتە لەلایەن ئەنستیتۆی هۆکارە کاریگەرەکان لەسەر تەندروستی دەبەخشرێت بە کەسانێکی لاو کە پڕۆفیسۆری یاریدەدەرن و لەسەر کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا توێژینەوەیان هەیە.

 


وشەی سەرەکی: پەتاناسی، تەندروستیی ژینگەیی، ئێپیدێمی، پاندێمی، زانکۆی هارڤارد 

 

١.  تکایە زیاتر خۆت بناسێنە. لەکوێ لەدایک بوویت و لەکوێ گەورە بوویت و هەروەها لەکوێ دەرست خوێندووە؟

پێش هەموو شتێک زۆر سپاستان دەکەم بۆ ئەوەی کە منتان بۆ ئەم وتووێژە بانگهێشت کردووە. بۆ من زۆر جێی شانازییە کە لەم وتووێژەدا بەشدار بم و هیوادارم کە ئەو وتووێژە بتوانێت هاندەرێکی باش بێت بۆ لاوانی کورد کە بەدوای خوێندنەوەن.

من خەڵکی سەردەشتی شەهید لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. نزیکەی ٣ ساڵ تەمەنم بوو کە باوکم لە کاتی کیمیابارانی سەردەشت لەدەست دا، کە بەڕاستی زۆر ڕووداوێکی دڵتەزێن و ناخۆش بوو. لەو کاتەوە باوەگەورەم وەک فریشتەیەک پاڵپشتی ئێمە بوو و سەرپەرشتیمانی لەئەستۆ گرت. هەر لە سەردەشت گەورە بووم. یەک براشم هەیە کە ئێستا لە شاری سنە پسپۆڕی پێستە. تاکوو قۆناغی پێش زانکۆم هەر لە سەردەشت خوێندووە. دواتر ڕۆیشتمە زانکۆ و ژیانی زانستیی من لەوێوە بە شێوەیەکی بەرچاوتر دەستی پێ کرد. بۆ ماوەی دوو ساڵ بواری تەندروستیی ژینگەم خوێند و زۆر حەزم پێ کرد. لەو کاتەوە چەندین ئامانجی گەورەم بۆ خۆم دیاری کرد کە دەبێت لە پێنج ساڵی داهاتوودا لەم شوێنە بم و لە دە ساڵی داهاتووشدا لەم شوێنە بم. وردە وردە و بە هەوڵدانی بەردەوام ئامانجەکانم بەدی هاتن و تا ئێستاش تا ڕادەیەک توانیومە شتگەلێک فێر بم و بە دەستکەوتگەلێکیش بگەم. هەڵبەت من خۆم لە ئاستی ئەو کەسایەتییە گەورانەی کە پێشتر لەگەڵیاندا وتووێژتان کردوون نابینم، بەڵام هەر خوشحاڵ دەبم بتوانم هاندەرێک بم بۆ لاوانی نیشتمانەکەم.

 

 

دکتۆر ئەمینی لە ئۆفیسی کارەکەی لە زانکۆی هارڤارد.

۲. تا ئێستا چ پلەوپایەگەلێکی ئەکادیمی و تەکنیکیت بەدەستەوە بووە؟

من کارزانیی تەندروستیی ژینگەم لە شاری ورمێ خوێند. بۆ کارزانی لە دەورەی شەوانە دەرچووم، واتە تەنانەت ڕۆژانەکەشی دەرنەچووبووم. وا دیارە لە تاقیکاریی کونکوور زۆر سەرکەوتوو نەبووم. بەشێکی ئەمە بە هۆی کۆچی دوایی دایکم لەو سەردەمەدا بوو کە زۆر باری دەروونیی تێک دام. بەڵام کە ڕۆیشتمە زانکۆ، زۆر شت دەستیان دایە دەستی یەکتر کە بەجددیتر دەست بە خوێندن بکەم و حەز بە لێکۆڵینەوە لە مندا پێک بێت.

ئەوکات کە بڕوانامەی کارزانییەکەم وەرگرت، بەڵێنم بە خۆم دا کە دەبێت زۆر باش بخوێنم تاکوو بۆ قۆناغی کارناسی لە یەکێک لە زانکۆ باشەکانی تاران دەربچم. بەپێی بڕیارەکەم، زۆر چاکم خوێند و بۆ کارناسی لە زانکۆی شەهید بێهێشتی تاران دەرچووم. پاش ئەوەی کە کارناسیم وەرگرت، دیسان هاتمەوە بۆ سەردەشت و ماوەیەک لە کلینیکی بریندارانی کیمیایی کارم کرد. بەڵام دواتر بەو بڕیارە گەیشتم کە خوێندن بۆ من باشترە لەوەی کە کاری فەرمانبەری بکەم. بۆیە زۆر باش خوێندم و بۆ ماستەر و بۆ زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران و لە بواری تەندروستیی ژینگە دەرچووم.

لەو کاتەوەی کە کارزانیم دەخوێند، خوێندنی زمانی ئینگلیزیم دەست پێ کردبوو و بەردەوام دەڕۆیشتم بۆ پۆلی فێرکاریی زمانی ئینگلیزی. تا کۆتایی ماستەر و بۆ ماوەی چوار پێج ساڵ زمانی ئینگلیزیم خوێند، چونکە بڕیارم دابوو کە پاش ماستەر بڕۆمە دەرەوەی وڵات. بەخۆشحاڵییەوە، هەر لە کاتی ماستەریشدا کەسانی گەورە هاتوچۆی زانکۆی تارانیان دەکرد. بۆ نموونە، مامۆستایەکی دواتری من لە وڵاتی سویسەوە، بۆ وۆرکشاپێک کە ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ وەزارەتی بێهداشتی ئێران ڕێکیان خستبوو، هات بۆ تاران. بیست کەس بانگهێشت کرابوون کە لەو وۆڕکشاپەدا بەشداری بکەن و یەکێک لەو کەسانە ئەو مامۆستایە بوو کە یەکێک لە گەورەکانی بواری تەندروستیی ژینگە لە دنیادایە. من لەوێ مامۆستاکەم بینی و پێشنیاری کاری توێژینەوەی هاوبەشم پێ دا. ئەویش زۆر پاڵپشتیی کرد و پێی خوشحاڵ بوو. داخوازینامەیەکی سکاڵرشیپم ئامادە کرد و دوای دوو وتووێژ و هەروەها هەڵسەنگاندنی زانستیی داخوازینامەکە لەلایەن دەوڵەتی سویس، سکاڵرشیپی باڵای دەوڵەتی سویسم پێ بەخشرا و بۆ قۆناغی دکتۆرا چووم بۆ وڵاتی سویس. لەوێ حەزم بۆ فێربوون زیاتر بوو و لەگەڵ مامۆستایەکی زانکۆی هارڤارد ئاشنا بووم کە چەند جار لە کۆنفڕانسەکاندا دیتبووم و پێشتر ویستبووم دکتۆراکەم لەگەڵ ئەو بخوێنم، بەڵام بە هۆکارگەلێک جێبەجێ نەبوو. لەگەڵ ئەو مامۆستایەش، پێشنیارنامەیەکی توێژینەوەی دیکەمان نووسی بۆ وەرگرتنی پاڵپشتیی ئابووری (فاند) لە زانکۆی هارڤارد کە بە بۆنەی ئەو پێشنیارنامەیەوە براوەی فاندەکە بووم، بۆ ماوەی دوو ساڵ. بەڵام من یەک ساڵ و نیو لە زانکۆی هارڤارد مامەوە و دوای ئەوە وەک یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە زانکۆی کۆپێنهاگی دانمارک دەستم بە کار کرد، ئەمەش تا ئێستا باڵاترین پلەیەک بووە کە لە ژیانی زانستیمدا بەدەستم هێناوە. هەڵبەت ئێستا هاوکات لەگەڵ زانکۆی هارڤاردیش وەک زانستوانی میوان هاوکاری دەکەم و توێژینەوەکانم لەگەڵ تیمی ئەو زانکۆیە لەسەر چەند پڕۆژەی دیکە هەر درێژەی هەیە.

 

۳. بواری سەرەکیی توێژینەوەی بەڕێزت چییە و بۆچی ئەو تەوەرەتان بۆ توێژینەوە هەڵبژاردووە؟

لە ڕاستیدا چونکە بواری توێژینەوەی من تەندروستیی ژینگە بوو، زۆر حەزم لە باسی نەخۆشییەکان بوو کە چ شتێک دەبێتە هۆی ئەو نەخۆشییانە، بەتایبەت فاکتەرگەلێک کە لە ژینگەدان. بۆیە حەزم لە پەتاناسی کرد و دکتۆراکەشم هەر لە بواری پەتاناسی وەرگرتووە. هەروەها، پۆستدکتۆراکەشم لە بواری پەتاناسیی ژینگەیی بوو. لە بواری ژینگەدا ئەو بوارەی کە زۆر حەز دەکەم خوێندنەوم لەسەری ببێت باسی پیسیی هەوایە، لەبەر ئەوەی کە تەواوی خەڵکی سەر زەوی لە هەر چرکەیەکدا کە خەریکن هەناسە هەڵدەکێشن و بچووکترین شتێک کە لە هەوادا هەبێت، دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستیی هەموو خەڵک هەبێت. بۆیە کەسانێکی یەکجار زۆر بە هۆی پیسیی هەواوە لە مەترسیدان و وەک دەخەمڵێنرێت ساڵانە هەشت ملیۆن کەس بە هۆی پیسیی هەواوە دەمرن. بۆیە باسی پیسیی هەوا گرینگیی یەکجار زۆری هەیە، تا ڕادەیەک کە پێی دەڵێن بکوژی بێدەنگ، واتە شتێک کە بەبێدەنگی خەڵک دەکوژێت. بۆیە زۆر حەزم لێ بووە کە لەسەر ئەم بوارە کار بکەم.

 

۴. چ دەستکەوتێکی بەرچاو و بەنرخت لە بواری توێژینەوەی زانستی هەبووە؟ هەروەها داهاتووی ژیانی زانستوانیی خۆت چۆن دەبینی؟

لە ڕاستیدا، جەختی کاری توێژینەوەی من لەسەر یەک شت نەبووە، بۆ نموونە تەنیا لەسەر پیسیی هەوا. جیا لەوە چەندین جۆر ماددەی پیسکەر، گاز و تەنۆلکە هەن کە لەسەریان توێژینەوەم هەبووە. جگە لە بواری پیسیی هەوا، کاری دیکەی ژینگەییشم کردووە، بۆ نموونە لە بواری ئاودا، بۆیە بەڕاستی نازانم لەسەر کامیان باس بکەم. بەڵام لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا خەڵاتێکی زۆر گەورەیان پێ دام کە لەلایەن ڕێکخراوەیەکەوە لە ئەمەریکا بە ناوی ئینستیتۆی کاریگەرییەکانی تەندروستی کە پارە دەدات بۆ توێژینەوە لەسەر پیسیی هەوا و تەندروستیی ژینگە. ئەم ڕێکخراوەیە کە یەکێک لە بەرزترین شوێنەکانی دنیایە بۆ پاڵپشتیی ئابووری لەو جۆرە توێژینەوەگەلە، ساڵی یەک تا سێ کەس وەکوو توێژەرێکی نوێ هەڵدەبژێرێت کە ئەو کەسە نابێت حەوت ساڵ زیاتر لە وەرگرتنی دکتۆراکەی تێپەڕ بووبێت. نرخی خەڵاتەکە نیو ملیۆن دۆلارە کە دەیدەن بەو کەسەی پێشنیارنامەکەی نووسیوە کە دەبێت بۆ توێژینەوەکەی سەرفی بکات. من لە یەک ساڵی داهاتوودا لەسەر بوارێک بە ناوی تەنۆلکە یەکجاروردەکان کار دەکەم کە زۆر بوارێکی گرینگە، بە هۆی ئەوەی کە توێژینەوەی زۆر کەمی لەسەر کراوە. تەنۆلکە یەکجاروردەکان، تەنۆلکەگەلێکن ئەوەندە بچووکن کە قەبارەیان لەژێر نانۆمەترەوەیە. ئەو تەنۆلکانە کاتێک کە دەڕۆنە ناو لەشی مرۆڤ، دەتوانن بچنە ناو خوێن، مێشک و تەواوی ئەندامەکانی لەش و لەوێدا بمێننەوە و بەپێی ناوەرۆکی کیمیایی ئەو تەنۆلکانە، کاریگەرییان لەسەر هەر چەشنە نەخۆشییەک هەبێت. من بۆ سێ ساڵی داهاتوو لەسەر تەنۆلکە یەکجاروردەکان و کاریگەریی ئەوان لەسەر شەکرە، زەواڵی مێشک، نەخۆشییە هەناسەییەکان، نەخۆشییە دڵیدەمارییەکان، شێرپەنجەی سی و هتد. توێژینەوە دەکەم. ئەم توێژینەوانە هەموو لە زانکۆی کۆپێنهاگ دەبن و لە نزیکترین کاتدا خوێندکارێکی پۆستدکتۆرا و خوێندکارێکی دکتۆرا بۆ ئەم مەبەستە بە تیمی من زیاد دەبن.

 

۵. تا چ ڕادەیەک تەوەری توێژینەوەی بەڕێزت لە زانستگەکانی کوردستان هەیە و جێ کەوتووە؟ ئایا هیچ هاوکارییەکت لەگەڵ زانستگەکان و توێژەرانی ناو وڵات هەیە؟

کاری من هەم دەگەڕێتەوە سەر تەندروستیی ژینگە و هەم دەگەڕێتەوە سەر پەتاناسی. بەڵام بەشی پەتاناسیی کاری من، پەتاناسیی ژینگەیییە. تا ئەو شوێنەی ئاگادار بم، لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان لە شاری سنە و هەروەها لە زانکۆی ورمێ بواری تەندروستیی ژینگە هەیە و لەسەر ئەو بابەتانە کار دەکەن. لە بەشەکانی دیکەی کوردستان زۆر ئاگادار نیم.

من دوای ئەوەی کە ماستەرەکەم تەواو کرد، بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو پەیمانی خزمەتم لە سەرشان هەبوو، چونکە لە زانکۆی دەوڵەتی خوێندبووم. بە هۆی ئەوەی کە توانای ئابووریی ئازادکردنی بڕوانامەکانم نەبوو، دوو ساڵ و نیو لە شاری سنە لە ناوەندی تەندروستی و توێژینەوەی ژینگەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان کارم کرد. بۆیە لەگەڵ توێژەرانی شاری سنەش توێژینەوەی هاوبەشم کردووە و تا ئێستاش لەگەڵ هاوکارەکانم پەیوەندییەکی کەمم هەر ماوە. هەر ئەوکات لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان، لەگەڵ بڕێک توێژەری دیکەی دەرەوەی وڵات، چەندین وتارمان نووسی کە لە ژورناڵی لانسێت چاپ بوون و بۆ زانکۆی کوردستان زۆر گرینگ بوون. لە ئاکامدا ناوی زانکۆی کوردستان لەو ژورناڵەدا نەخشێنرا کە ئەوە زۆر گرینگ بوو بۆ بەرزبوونەوەی پلەی زانکۆی کوردستان لە پۆلێنبەندیی زانکۆکانی ناو وڵات و هەروەها دنیادا.

 

۶. بەڕێزت لە یەکێک لە باشترین زانستگەکانی جیهان، واتە زانستگەی هارڤارد، توێژینەوەت کردووە. جیاوازیی کاری توێژینەوە لە زانکۆیەک وەکوو هارڤارد لەگەڵ زانکۆکانی تری ناو وڵات و جیهان کە پلەیان لە خوارترە، لە چیدا دەبینی؟ چۆن دەکرێت کە خوێندکارێکی کورد بتوانێت لە زانکۆیەکی ئاوا باش وەربگیرێت؟

بەگشتی بۆ کەسێک کە لە ئەکادیمیادا کاری توێژینەوە دەکات، لە هەموو شتێک گرینگتر ئەوەیە کە بچێت لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان و لە گرووپە جیاوازەکان ئەزموون وەربگرێت، بە هۆی ئەوەی کە لە زانستدا هەر کەسێک لە شتێکدا توانای هەیە، واتە هیچ گرووپێک بەتەنیا هەموو شتێک نازانێت. من هەندێک شت لە تاران فێر بووم، هەندێک شت لە ورمێ و لە سنە فێر بووم، هەروەها بڕێک شت لە سویس و لە چەند زانکۆش لە ئەمەریکا فێر بووم. لە کۆپێنهاگیش ئێستا شتی تازە فێر دەبم و لە داهاتوویشدا لەوانەیە بچمە زانکۆیەکی دیکە. واتە هەر چی مرۆڤ زیاتر بگەڕێ لە وڵاتان و زانکۆ جۆراوجۆرەکاندا، شتی زیاتر فێر دەبێت. بەڵام جیاوازیی زانکۆی هارڤارد لەوەدایە کە بەڕاستی خاوەنی یەکێک لە بەرزترین پلەکانە لە پۆلێنبەندیی زانکۆکانی جیهاندا، لە هەر ڕوانگەیەک کە چاوی لێ بکەی، وەک لە ڕوانگەی ڕێژەی مامۆستا بە خوێندکار، بودجەی توێژینەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە خەڵاتی جۆراوجۆر دەبەنەوە و هتد. بەکورتی، ئەو کەسانەی کە لە زانکۆی هارڤارد کاری توێژینەوە دەکەن، هەموو لەنێوان باشترینەکانی دنیا لە بواری خۆیاندان. بۆ نموونە، لە قۆناغی کارناسیدا تەنیا ۵٪ی ئەو خوێندکارانەی کە داواکاریی وەرگیران بۆ ئەو زانکۆیە دەنێرن، وەردەگیرێن؛ واتە لە ۱۰۰ کەس کە داوای وەرگیران دەکەن، پێنج کەس وەردەگرن و ٩۵ کەس ڕەت دەبنەوە. بۆیە کارکردن و هەستان و دانیشتن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە هارڤارد کار دەکەن، کارکردن لەگەڵ باشترینەکانی دنیایە، لە هەر بوارێکدا کە چاوی لێ بکەیت. کەواتە جیاوازیی زانکۆی هارڤارد لە جیاوازیی ئەو کەسانەدایە کە لەوێ کار دەکەن. شتێکی گرینگ کە دەتوانم لەسەر ئەم باسە بیڵێم ئەوەیە کە ئەو کەسانە کە هەموو زۆر وریا و لێهاتوون لە کارەکانیاندا، لەگەڵ یەکتر هاوکارییان هەیە و بەردەوام لەگەڵ یەکتر قسە دەکەن و لە یەکتر شت فێر دەبن. هەندێک جار چەندین کەس کە هەموویان لە ڕیزی باشترینەکانی دنیادان، لەپەنای یەک دادەنیشن و هەموو مێشکەکانیان لەسەر یەک دادەنێن و لەوێیە کە بیرۆکەگەلێک دێتە مەیدان کە تا ئێستا هیچ کەس ئەو کارانەی نەکردووە، ئایدیاگەلێک دێتە گۆڕێ کە سنوورەکانی زانست دەباتە پێشەوە. هەڵبەت ئەو شتە دەکرێت لە هەموو زانکۆیەک ڕوو بدات، بەڵام جیاوازیی هارڤارد لەوەدایە کە جیاوازترین کەسەکان لەوێن.

زانکۆی هارڤارد لە ئای. ڤی. وای. لیگدایە، کە لە هەشت زانکۆی پلە بەرزی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا پێک دێت. لە وڵاتانی دیکەش باشترین زانکۆکانیان لیگیان هەیە، بۆ نموونە ئاکسبریجمان هەیە لە بەریتانیا کە تێکەڵی زانکۆی ئاکسفۆرد و کەمبریجە کە هەردووکیان دوو زانکۆی باشی ئەوێن، یان بۆ نموونە لە چین ″سی ٩″مان هەیە کە ۹ زانکۆی پلە بەرزی وڵاتی چینن، هارڤاردیش هەر وا یەکێک لە باشترینەکانی ئەمەریکا و دنیایە.

من پێشتر لە وڵاتی خۆمان لەگەڵ هەر کەسێک کە باسی زانکۆی هارڤاردم دەکرد، بە شتێک کە “دەست ناکەوێ” چاویان لێ دەکرد. دەیانوت شتی وا هەر نابێت، هەر نابێت بیریشی لێ بکەیتەوە! جا دەمهەوێت ئەوە بڵێم تۆ ئەگەر قەت بیری لێ نەکەیتەوە و هەوڵی بۆ نەدەی، هەر لە ئێستاوە ئاشکرایە کە قەت بەدەستی ناهێنی. من پێم وایە کە دەکرێت خوێندکارانی نیشتمانمان لە باشترین زانکۆکانی جیهان وەربگیردرێن، تەنیا دەبێت هەوڵی خۆیان بدەن. هەر زانکۆیەک و هەر بوارێک و هەر قۆناغێک کە تۆ دەتهەوێت بیخوێنی، هەندێک پێداویستیی هەیە کە هەموو ئەوانە ئێستا لەسەر ماڵپەڕی زانکۆکان هەن، دەبێت ئەوانە بخوێنیتەوە و بزانی کە چییان دەوێت. پێش هەموو شتێک زانکۆکان لە بواری زمانی ئینگلیزیدا بڕێک مەرجیان هەیە کە دەبێت لە تاقیکاریی ئایێڵس یان تافێڵ نمرەی قەبووڵی بەدەست بهێنیت. هەروەها، هەر کەسێک لە بواری زانستیی خۆیدا دەبێت هەوڵ بدات کە لە ڕیزی باشترینەکان بێت. دەبێت تەواوی سەرنج و وزەی خۆی لەسەر ئەوە دانێت کە لە هەر بوارێکی زانستی کە کار دەکات، بڕوات بۆ قەراغی سنووری زانستەکە، لەوێش دەبێت هەوڵ بدات ئیدەگەلێک بدات و کارگەلێکی نوێ بکات کە سنووری زانستەکە بباتە پێشەوە. ئەگەر لەو قەراغەدا بێ، بەدڵنیاییەوە دەتوانێت خۆی بگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە سنوورەکانی زانست بگوێزێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە گرینگە کە پەیوەندیی ببێت لەگەڵ مامۆستاکانی زانکۆ باشەکانی دنیادا کە ئەوانە دێنە کۆنفرانسە نێونەتەوەییەکان. من زۆر جەخت دەکەم لەسەر ئەوە کە هەر کەسێک کە دەیهەوێت پەیوەندیی هەبێت لەگەڵ زانکۆ باشەکانی دنیا، لە کۆنفرانسە زانستییە نێونەتەوەییەکاندا بەشداری بکات. لەو کۆنفرانسانەدا دەتوانن ئەو کەسانەی کە لە بواری خۆیاندا لە باشترینەکانی دنیان، بدۆزنەوە. کاتێک کە وتەبێژە سەرەکییەکان  لەسەر سەکۆ هاتنە خوارێ، یەکسەر بچن قسەیان لەگەڵ بکەن، یان خۆیان پێ بناسێنن. زۆر لەو وتەبێژە سەرەکییانە کە گەورەترین مامۆستاکانی زانکۆکانی دنیان، زۆر حەزیان لێیە کە لەگەڵ توێژەرە لاوەکان کار بکەن لە زۆر جێی دنیادا و لێرەدایە کە مرۆڤ دەتوانێت پەیوەندی دروست بکات و ژیانی توێژەریی خۆی بباتە قۆناغێکی دیکە. هەروەها، هەر کەسێک کە لە هەر بوارێک کاری توێژینەوە دەکات و هەر بیرۆکەیەکی نوێی هەیە، دەبێت کاری خۆی بە دنیا بناسێنێت. بۆیە جەخت دەکەمەوە کە لاوە خۆشەویستەکانی وڵاتەکەمان کارە زانستییەکانیان بنووسن و لە ژورناڵە بڕواپێکراوەکانی دنیادا چاپیان بکەن، واتە دەست بە نووسین بن. تاکوو هیچ شتێک نەنووسی، هیچ کەسێک ناتناسێت، من تا هەر قسە بکەم هیچ کەس نامناسێت، ئێستا کە ئێوە ئەم وتووێژە سەبارەت بە من دەنووسن، خەڵک دەمناسێت. هەروەها لە کۆنفڕانسەکان “پوختە” بنێرن، بەشداری بکەن و لەگەڵ هاوکارەکانتان وتووێژ بکەن و لەگەڵیان ئاشنا بن. بەو شێوەیە کە دەتوانن وردە وردە بچنە باشترین زانکۆکانی دنیا.

 

 

دکتۆر ئەمینی لە نەخۆشخانەی ماساچۆسێت لەتەنیشت عەرەبانەیەک کە کاتی خۆی وەک ئەمبوڵانس کەڵکی لێ وەرگیراوە.

 

۷. گرفت و کێشەکانی توێژەرێکی لاو کە بۆ یەکەم جار لە وڵات دێتە دەر، چین و بەڕێزت بۆ ئەو دۆستانە چ پێشنیارێکت هەیە کە بتوانن بە بەرزترین ئاستەکانی زانستی بواری خۆیان بگەن؟

بەڕاستی وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە زۆر ئەستەمە و تۆزێکیش نادیارە. بارودۆخ لە حاڵی گۆڕاندایە و کێشەکانی دەرەوەی وڵاتیش هەم کێشەی کەسییە هەم کێشەی کاری. واتە لە بواری کەسییەوە وڵاتێکی نوێیە، کولتوورێکی نوێیە، خەڵکێکی نوێیە، کە دەبێت لەسەر هەموو ئەوانە بەخێرایی شت فێر ببیت.

لە بواری کاریشەوە کێشەگەلێک کە دێتە پێش هەر بە هۆی ئەوەوەیە کە مرۆڤ کێشەی کەسیی هەیە کە کاریگەریی لەسەر کارەکەشی دادەنێت. شێوەی هەستان و دانیشتن لە وڵاتانی گەورەی دنیادا و لەگەڵ توێژەرە بەناوبانگەکانی دنیادا، بۆخۆی فێربوونی دەوێت. من بۆخۆم ئەوەم نەدەزانی بەڕاستی کە چۆن دەبێت بنووسی، چۆن دەبێت لەگەڵیان قسە بکەی و چۆن دەبێت لەگەڵیان هەستی و دافنیشی، ئەوە شتێکە کە بە تێپەڕبوونی کات و تێکەڵبوون لەگەڵ خەڵکانی دەروڵات فێری دەبیت.

 

۸. بیروڕای به‌ڕێزت سەبارەت بە گۆڤاری زانستیی هۆژین چییە؟ چۆن ڕۆژنامەوانیی زانستی، واتە زانست بۆ گشت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی زمان و کۆمەڵگە؟

بەڕاستی من زۆر خوشحاڵ بووم کە دیتم ئەو گۆڤارە هەیە و زۆریش داخ و ناڕەحەتیم بۆ خۆم هەیە کە گۆڤارێکی ئاوا چەند ساڵە هەیە و من ساڵێک یان دوو ساڵە کە دەیناسم، بریا زۆر زووتر زانیبام. هیوادارم نموونەی گۆڤارەکەتان سەد جار زیاتر بێت. ئێمە هەتا نووسینمان ببێت هەر کەمە، لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەت لە بواری زانستییەوە کە ئێمە کاری لەسەر دەکەین. ئەگەر تا ئەو جێگەی کە دەتوانین بنووسین و ڕوومان لە نووسین بێت و زانستێک کە هەمانە لە ناو خەڵکدا بڵاوی بکەینەوە، خەڵکێکی تێگەیشتووتر دەبین لە هەموو بوارێکەوە. بۆیە زۆر خوشحاڵم بە بوونی ئەو گۆڤارە و پێم وایە کە بەڕاستی یەکجار زۆر دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر هەموو شتێکی خەڵکەکەمان.

 

 

دکتۆر ئەمینی لە سەردەشت.

 لەم بەشە لە وتووێژەکەماندا دێینە سەر بڕێک پرسیاری تەکنیکی کە لە بواری شارەزایی بەڕێزتان نزیکترە.

 

 ۹. پەتاناسی چییه؟ تکایە پێناسەیەک له پەتاناسیمان بۆ باس بکە و بفەرموو گرینگیی ئەم تەوەرە لە چیدایە.

بەگشتی، پەتاناسی زانستی لێکۆڵینەوەیە لەسەر دابەشکردنەکان، لەسەر ئەوەی کە چ کەسێک، کەی و لەکوێ، کام پەتێرنانە. لەسەر ئەوەی کە چ شتێک سڵامەتی دیاری دەکات. پەتاناسی لەسەر حەشیمەت کار دەکات، واتە لەسەر تاکەکەس کار ناکات. زانستی ئەوەیە کە لەنێو حەشیمەتدا لێبکۆڵینەوە و بزانین چ نەخۆشیگەلێک هەیە و چ فاکتەرگەلێک بوونەتە هۆی ئەم نەخۆشییانە. من لە کوردەواریدا پەندێکم بیستووە کە دەڵێن بە گوڵێک بەهار نایات، پەتاناسییش ڕێک ئەوە دەڵێت. من زۆر جار بینیومە کە لە کوردەواریدا بە دیتنی یەک شت یان ڕووداو هەڵسەنگاندنێکی زۆر گشتی دەکەین. بۆ نموونە، یاریزانێکی لاو دەبینین کە لە سی ساڵیدا تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت و دەمرێت، ئایا دەتوانین بڵێین کە وەرزش بووەتە هۆی جەڵتەی دڵ؟ نا، چون ئەو یەک نەفەرە و بە گوڵێک بەهار نایات! بەپێچەوانەوە، کاتێک کە چاو لە حەشیمەت دەکەی، دەبینی نە تەنیا وەرزش نابێتە هۆی جەڵتەی دڵ لە لاوێکدا، بەڵکوو زۆر بەرگری دەکات لە نەخۆشییەکان و زۆر بەکەڵکە. یان بۆ نموونە، دەڵێن فڵان کەس دەناسم کە ۹۰ ساڵە جگەرە دەکێشێت و قەتیش شێرپەنجەی سیی نەگرتووە، لێرەشدا دەبێت بڵێین بە گوڵێک بەهار نایات، واتە بە یەک کەس ناتوانی بڵێی کە جگەرە دەبێتە هۆی شێرپەنجە یان نابێت، دەبێت لە حەشیمەتدا چاوی لێ بکەی، بۆ نموونە گرووپێک کە لە ماوەی ۲۰-۳۰ ساڵ جگەرە دەکێشن لەگەڵ گرووپێک کە بۆ ماوەی ۲۰-۳۰ ساڵ جگەرە ناکێشن، بەراورد بکەی؛ ئەوکات دەبینی ئەو گرووپەی کە جگەرە دەکێشێت دە بەرانبەر زیاتر لەوی دیکە شێرپەنجەی سی دەگرن. جا بۆیە زانستی پەتاناسی زانستی لێکۆڵینەوە لەسەر فاکتەرەکانی سڵامەتی و نەخۆشییەکان لەناو حەشیمەتدایە. 

 

۱۰. سەرچاوەی ئەو زانسته چ شوێنێکە و له چ کاتێکەوە دەستی پێ کردووه (مەبەست مێژووی کۆنی زانستەکەیە)؟ هەروەها، شێوەی بەکارهێنانی نوێی ئەو زانسته له چ کاتێکەوە و له چ شوێنێک دەستی پێ کردووه (مەبەست مێژووی نوێی زانستەکەیە)؟

پەتاناسی دوو مێژووی هەیە: یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی زۆر کۆن کە لەبەر دەستی پزیشکەکانەوە بووە. هەر ئێستاکەش بواری پزیشکی بەشێکی زۆر گەورە لە بابەتەکانی پەتاناسی لەخۆ دەگرێت. بەگشتی، مێژووی زۆرینەی زانستەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانییەکان. یۆنانییەکان مێژوویەکی نووسراوەیان هەیە و ئەم شتەی بەڕوونی تێدا دیارە. هەروەها لە سەردەمی ئۆقراتیشدا کە پزیشکێکی یۆنانی بووە، باسی شتێک بە ناوی پەتاناسی بوونی هەبووە. لە ڕاستیدا وشەی ئێپیدێمیۆلۆجی (هاوواتای ئینگلیزیی پەتاناسی) لە سێ وشەی یۆنانی پێک هاتووە کە بریتین لە: ١. ئێپی، بە واتای لەسەر، ٢. دێمۆس، بە واتای خەڵک، و ٣. لۆگۆس، بە واتای توێژینەوە و تاوتوێکردن.

 

11. پەتاناسی بە دەستی پزیشکەکانەوە داهات، دەیانویست بزانن کە هۆکاری نەخۆشکەوتنمان چییە؟ ئایا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر خواردن، کولتوور و وەرزشکردن؟ یان دەگەڕێتەوە سەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، میکرۆبەکان، هەوا، ئاو، خواردن و هتد.؟

مێژووی دووهەمی پەتاناسی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست، کە دەبێتە سەدەی ١٨ و ١٩ی زایینی، کە کەسانێک وەکوو “جان ئێسنۆ” و “ئێدوارد جێنێر” لێکۆڵینەوەگەلێکیان دەست پێ کرد. “جان ئێسنۆ” لەسەر نەخۆشیی “وەبا” لێکۆڵینەوەی کرد و هەروەها “ئێدوارد جێنێر”یش لەسەر “ئاوڵە” کاری کرد.

 

۱۲. ئامانجه سەرەکییەکانی پەتاناسی چین؟

ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە کە دەیهەوێت خەڵک تەندروست بن، کە پێی دەڵێن تەندروستیی گشتی. هەروەها، ئامانجێکی دیکەی ئەوەیە کە چۆن سیاسەتێکی تەندروستی دابمەزرێنێت کە ببێتە هۆی بەرزبوونەوە و باشتربوونی ئاستی تەندرووستیی گشتیی خەڵک.

 

 ۱۳. پەتاناسی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ زانستی ئامار  و زانستی پزیشکی هەیە. ئەم وتەیە چەندێک ڕاستە؟ ئایا بوارگەلی زانستیی تریش هەن کە لەگەڵ پەتاناسیدا پەیوەندیی نزیکیان بێت؟

بەڵێ، بەدڵنیاییەوە ڕاستە. کاتێک کە دکتۆرێک هەژمارێکی زۆری نەخۆش و هەموو جۆرەکانی نەخۆشییەک ببینێت، دەتوانێت تا ڕادەیەک لەسەر چۆنیەتیی نەخۆشییەکە بڕیار بدات. بۆیە ئامار زۆر گرنگە لەم بوارە زانستییەدا. دەبێت تەواو ئامارەکان زووبەزوو نوێ و تۆمار بکرێنەوە. بۆیە بنەمای پەتاناسی ئەوەیە کە دەبێت ئامار ببێت. کاتێک کە ئامارەکان تۆمار کران، ئەوجار بە شێوازەکانی زانستیی ئامار دەتوانین پێداچوونەوەی بەسەردا بکەین و هەڵیبسەنگێنین. بۆیە پەتاناسی زۆر پێویستی بە ئامارە. بۆ نموونە، لە پەتاناسیدا هەبوونی ئاماری “جین“ەکان زۆر گرنگە کە بزانین چ “جین”گەلێک لە کۆمەڵگە و دونیادا بوونییان هەیە و لەسەر چ جینگەلێک کاریگەرییان هەیە.

 

۱۴. چ جیاوازیگەلێک لەنێوان ڕێبازی پەتاناسی و پزیشکیدا هەن؟ پەتاناسی چ یارمەتییەک به زانستی پزیشکی دەدات؟

یەکێک لە بەشەکانی لێکۆڵینەوەی هەر نەخۆشییەک، باسی پەتاناسی ئەو نەخۆشییەیە. پزیشکێک کە دەیهەوێت لەسەر هەر نەخۆشییەک تاوتوێ بکات، یەکێک لەو شتانەی کە دەیخوێنێتەوە، باسی پەتاناسییەکەیەتی کە بزانێت جیاوازیی نێوان خۆنیشاندانی نەخۆشییەکە لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەپێی ژن یان پیاوبوونیان، یان بەپێی منداڵ و گەورەبوونیان چییە.

دەتوانم بیڵێم کە پەتاناسی وەکوو چرایەک وایە کە ڕێگاکە بۆ پزیشکان ڕووناک دەکاتەوە. بۆ زانینی ئەوەی کە چ گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگەدا بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە ڕوو دەدات، یان چ گرووپگەلێک لە کۆمەڵگەدا هەن کە بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە ئامادەترن. بۆیە پەتاناسی لە بواری پزیشکیدا زۆر گرنگە.

من پزیشک نیم و ناتوانم بە شێوەیەکی زۆر پسپۆڕانە لەسەری قسە بکەم، بەڵام پێم وایە کە پزیشکی زۆرتر لەسەر تاکەکەس جەخت دەکات تا بزانێت مێکانیزمەکانی نەخۆشییەکە چۆنە. بزانێت لە ناو جەستەدا چ ڕووداوگەلێک ڕوو دەدەن و چۆن دەتوانن ئەو نەخۆشییە دەرمان بکەن. بەڵام پەتاناسی لەسەر کۆمەڵگە و گشت کەسەکان باس دەکات.

دەتوانم بڵێم کە ئەو دوو زانستە زۆر پێکەوە یەکانگرییان  هەیە و زۆریش پێکەوە جۆرن. واتە هەم پزیشکی لەگەڵ پەتاناسی جۆرە و هەمیش بەپێچەوانەوە، هەردووک زانستەکە یەک ئامانجیان هەیە کە تەندروستیی مرۆڤە. هەروەها، ئەو پزیشکانەی کە دێنە بواری پەتاناسی و لەم بوارەدا لێکۆڵینەوەیان هەیە، بەگشتی زۆر سەرکەوتوون.

 

۱۵. لەنێوان ئەو دوو زانستەدا (واتە پەتاناسی و پزیشکی)، زانستێکی ترمان هەیه به نێوی تەندروستیی گشتی. ڕۆڵی تەندروستیی گشتی و پێوەندیی ئەو لەگەڵ پەتاناسی و پزیشکیدا چییە؟

لە ڕاستیدا هەم پزیشکی و هەم پەتاناسی لە خزمەتی تەندروستیی خەڵکدان و لەسەر نەخۆشییەکان لێکۆڵینەوە دەکەن، بۆیە پێوەندییەکی ئێجگار زۆر گەورەیان لەگەڵ بواری تەندروستیی گشتی هەیە و دەتوانم بڵێم تەندروستیی گشتی دایکی هەمووانە. هەروەها، تیمێکی یەکجار گەورە لەپشت تەندروستیی گشتیدایە، کە پێک دێن لە پەرەستارەکان، مامانەکان و هتد.

بە کورتی، “پەتاناسی” یارمەتیی دانانی سیاسەت و کادری دەرمان و پزیشکەکان دەدات، “پزیشکی” سەرچاوەی نەخۆشییەکە و دەرمانەکەی دەدۆزێتەوە، و “تەندروستیی گشتی” چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ئەو بەرنامەگەلە کە پێوەندییان بە تەندروستیی خەڵکەوە هەیە، دابین دەکات. پێوەندیی ئەمانە پێکەوە وەکوو سێ گۆشەیەکە کە بۆ دابینکردنی تەندرووستیی گشتیی کۆمەڵگا، بەردەوام پێکەوە هاوکاری دەکەن.

 

۱۶. به هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشیی کۆرۆنا، چەند وشەیەک هەن که لەم ڕۆژانەدا زۆر گوێبیستیان دەبین، دووان لەم وشانە “ئێپیدێمیک” و “پاندێمیک“ن (یان ئێپیدێمی و پاندێمی)، پێناسەی ئەو وشانە چین؟ جودا لەم دوو دەستەیە، چ دەستەبەندییەکی دیکەش بۆ نەخۆشییەکان هەیە، بۆ نموونە ئێندێمیک؟

لە سەرەتادا، وشەی ئێندێمیک لە کورتکراوەی دوو وشەی یۆنانی “ئێن” (بە واتای لەناو) و “دێمۆس” (بە واتای خەڵک) پێک هاتووە، واتە ئەو نەخۆشییە کە لەناو خەڵکدا هەیە. ئەم چەشنە نەخۆشییە بە جۆرێکە کە نە تا ئەو ڕادەیە بەربڵاو دەبێ کە نیگەرانمان بکات، نە تا ڕادەیەک کەم دەبێتەوە کە لەناو بچێت، واتە هەر هەیە و لەناو ناچێت. لە نەخۆشیی ئێندێمیک، هەر نەخۆش دەتوانێت تەنیا یەک کەسی دیکە تووشی ئەو نەخۆشییە بکات.

بەڵام لە ئێپیدێمیک، یەک کەس دەکرێت دوو کەسی تر تووشی نەخۆشییەکەی خۆی بکات و بەم شێوەیە ڕێژەی نەخۆشییەکە لە کۆمەڵگادا بەرز ببێتەوە. کەواتە ئەو دەستەبەندییانە پێوەندییان بە ڕادەی بەرزبوونەوەی هەژماری نەخۆشەکان لە ڕۆژدا هەیە. ئێپیدێمیک بەو شێوەیە کە هەژمارێکی کەم تووشی نەخۆشییەک بن، بەڵام لەناکاودا ئاستی تووشبووان زۆر بەرز بێتەوە. لە پێناسەیەکی گشتیدا، دەتوانین بڵێین کە تا ئەو کاتە کە هەژماری تووشبووان لە ڕۆژێکدا لە ڕادەیەکی دیاریکراودا دەمێنێتەوە، نەخۆشییەکە ئێندێمیکە، بەڵام ئەگەر لەو ڕادەیە چووە سەرترەوە دەتوانین پێی بڵێین ئێپیدێمیک.

بەڵام دەستەیەکی دیکەی نەخۆشییەکان هەیە کە پێی دەڵێین سیندێمیک. وشەی سیندێمیک لە ساڵی ١٩۵٠وە دانراوە کە دەبێتە چەند دانە ئێپیدێمیی جیاواز، بەڵام هاوکات کە پێکەوە ڕوو دەدەن.

سەبارەت بە دەستەی نەخۆشییەکانی پاندێمیک، ئەم نەخۆشییانە لە سەرەتاوە ئێپیدێمین، دواتر کە لە وڵاتانی جیاواز بڵاو بوونەوە و لەهەر شوێن و وڵاتێکدا ئێپیدێمییەکیان ساز کرد، پێیان دەڵێن پاندێمیک.

لە ژوورناڵی پزیشکیی لانسێت هاتووە کە دەبێت نەخۆشیی کۆرۆنا ناو بنێینن سیندێمیک، واتە هاوکات لەگەڵ پاندێمیی کۆرۆنا کە ئێستا لە هەموو دونیادا هەیە، ئێپیدێمیی نەخۆشیگەلێکی دیکەشمان لەگەڵیدا هەیە کە هەموویان لەسەر یەک کاریگەرییان هەیە، بەمە سیندێمیک ئێپیدێمیش دەڵێن.

 

۱۷. باس له پاندێمی کرا. گرینگترین پاندێمییە تۆمارکراوەکانی مێژوو کامانەن؟ پاندێمی کۆرۆنا لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ئەو پاندێمییانەی تر، چۆن دەبینن؟

دەتوانم زۆر بەکورتی بڵێم کە نەخۆشیی کۆرۆنا یەکەمین پاندێمی نییە و ئاخرینیشی نابێ. بەدڵنیاییەوە ئێمە لە دەوروبەری خۆمان لەگەڵ هەزاران جۆر لە ڤایرۆس یان بەکتریا نزیکیمان هەیە. دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە زۆربەی ئەو نەخۆشییانەی کە لەنێو مرۆڤەکاندا بوون بە پاندێمیک، یەک هۆکار و هاوکاری ئاژەڵیشییان هەبووە، چونکە مرۆڤ ڕۆژانە لەگەڵ هەژمارێکی زۆری ئاژەڵدا ژیان دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بەشێکی زۆر لە نەخۆشییەکان.

چەندین نەخۆشی و ڤاێرۆسی دیکەش هەبوون کە لە دە ساڵی ڕابردوودا دەیانتوانی ببنە پاندێمی، وەکوو ئێبۆلا، سارس، مێرس و هتد.، بەڵام کۆنترۆڵ کراون.

 

۱۸. دوو وشەی تر که به هۆی پاندێمی کۆڕۆنا زۆر گوێمان لێیان دەبێت، یەکیان “پێکوتە” و دووهەم “مەودای کۆمەڵایەتی“ە. گرینگیی ئەم باسانە لە چیدایە و بۆچی بەرهەمهێنانی پێکوتەی بڕواپێکراو هێندە پڕۆسەیەکی درێژخایەنە؟

مەودای کۆمەڵایەتی باسێکی زۆر گرینگە بۆ تووشنەبوونمان بە نەخۆشی، لە کاتی هەبوونی ئێپیدێمی یان پاندێمی، لە ڕێگەی نزیکیی جەستەییەوە. واتە هەر چەند خەڵک مەودای کۆمەڵایەتییان لە ڕێگەی جەستەییەوە زۆرتر بێ، ئەگەری کەمترە کە تووشی نەخۆشییەکە بن.

بابەتی پێکوتەش زۆر بابەتێکی گرینگە و تەواوی جیهان بەدوایدا لێکۆڵینەوە دەکەن. پێکوتە بۆ کۆنترۆڵی نەخۆشییە پاندێمیک و ئێپیدێمیکەکان زۆر کاریگەرە و بڕێک لە پێکوتەکان تا ڕادەیەکی زۆر پارێزراویی جەستە دەبەخشن کە زۆر بۆ کۆمەڵگا گرینگە.

سازکردنی پێکوتە چەندین قۆناغی هەیە. قۆناغی سەرەتایی سازکردنی پێکوتە لە تاقیگەکان ئەنجام دەبێت کە توێژەران لەسەر چۆنییەتیی ئیشکردنی ڤایرۆسەکان لێکۆڵینەوە دەکەن. بەپێی دەستکەوتی لێکۆڵینەوەکان، بۆ سازکردنی پێکوتەی گونجاو بیرۆکە و ڕێکار پێشنیار دەدەن و پاشان پێکوتەی بەرهەمهێنراو لەسەر ئاژەڵان و تەنانەت کەسانی خۆبەخش تاقی دەکەنەوە. لە قۆناغی دواییدا لە چەند کەس واتە لە گرووپێکی بچووک کەڵک وەردەگرن بۆ تاقیکردنەوەی پێکوتەکە. ئەگەر قۆناغی دووەم سەرکەوتوو بوو، لە قۆناغی سێیەمدا لە کەسگەلێکی زیاتر کەڵک وەردەگیردرێت. لە قۆناغی چوارەەمدا، پێکوتەکە لەسەر چەندین هەزار کەس لە وڵاتانی جۆراوجۆری دونیا تاقی دەکەنەوە.

هەندێک لە پێکوتەکان قۆناغێکی پێنجەمیشیان هەیە، کە لەودا لەسەر ئەو ئاسەوارە نەخوازراوانەی کە لەوانەیە پێکوتەکە لەدوای خۆی بەجێی بهێڵێت، لێکۆڵینەوە دەکرێت. کەواتە لەبەر زۆربوونی قۆناغەکان و پڕۆسەکەیە کە ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تاکوو پێکوتەکان ئامادە دەبن.

لە کۆتاییدا دیسان دەستخۆشی لە بەڕێزتان دەکەین کە کاتتان بۆ ئەم وتووێژە دانا. تکایە ئەگەر باسێکی کۆتایی هەیە بیفەرموون.

لەکۆتاییدا، دەبێت سپاسی کەسانێکی زۆر بکەم کە لە منداڵییەوە پاڵپشتی من بوون و بەبێ ئەوان من نەمدەتوانی تا ئەم قۆناغە پێش بکەوم. پێش هەموو کەس، زۆر سپاسی بنەماڵەکەم دەکەم، بەتایبەت باوەگەورە و دایەگەورەی بەڕێزم کە جێی دایک و باوکیان بۆ ئێمە پڕ کردەوە، زۆریش سپاسی پوورەکانم دەکەم کە لە کچە خوێندەوارەکانی شاری سەردەشت بوون و لە منداڵییەوە چێژی خوێندنیان لە دڵی من و براکەمدا چاند. هەروەها، زۆر سپاسی هاوسەری خۆشەویستم دەکەم کە لە سەردەشتەوە بۆ سویس و ئەمریکا و دانمارک شانبەشانی من هاتووە و پشتی گرتووم بۆ ئەوەی من بتوانم زیاتر جەخت لەسەر خوێندن و کاری توێژینەوەم بکەم. بەڕاستی بەشێکی زۆر لە پێشکەوتنی من لە دەرەوەی وڵات، بە بۆنەی پاڵپشتیی هاوسەرمەوە بووە. سپاسی زۆر کەسانی تر وەک مامۆستاکانی قوتابخانە و هاوشارییە سەردەشتییەکانیشم دەکەم، کە ئەرکم بەسەر شانیانەوە بووە و هەموو کات هاندەرم بوون.

خاڵێکی تر کە پێویستە بیڵێم ئەوەیە کچانی وڵاتەکەمان دەبێت ئاستی متمانەبەخۆییان بەرز بێت و بزانن کە بە هەوڵ و خوێندنی زۆر دەتوانن بە زۆربەی پلە بەرزە زانستییەکان بگەن. لە وڵاتانی دەرەوە پاڵپشتیی زیاتر و فاندینگی ئابووری هەیە کە تایبەت بە کچانە و زۆر گرنگی دەدرێت بە گەشەپێدانی کچان. بە بڕوام لەلای خۆشمان دەبێت گرنگییەکی زۆر بەم بابەتە بدرێت بۆ ئەوەی کچانی وڵاتەکەمان زیاتر لەباری زانستییەوە پێش کەون.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە دۆستان و خوێندکارانێک کە پرسیارێکیان لە من هەیە، یان دەیانهەوێت لەگەڵ مندا لە پێوەندیدا بن، دەتوانن بەو دوو ئادرەسی ئیمەیلە کە لە ژێرنووسدا هاتوون، پەیامم بۆ بنێرن و من بەخۆشحاڵییەوە وەڵامی پرسیارەکانیان دەدەمەوە.

لەکۆتاییدا پێم خۆشە ئەوەش ڕابگەیەنم کە من تێزی دکتۆرای خۆم لە زانکۆی بازڵی سویس پێشکەش کردووە بە باوکی شەهیدم و هەموو شەهیدانی کیمیابارانی سەردەشت.

https://www.google.com/search?client=firefox-b-m&biw=408&bih=712&tbm=isch&sxsrf=ALeKk00YAxL9FKRbbVlE93544KPG3lkmBQ%3A1612637077975&sa=1&q=harvard+university+john+harvard&oq=harvard+university+john+&aqs=mobile-gws-lite.0.0l5

– environmental epidemiologist همەگیرشناس محیط زیستی

– epidemiology همەگیرشناسی

– University of Basel دانشگاه بازل

– visiting scientist دانشمند مهمان

– assistant professor استادیار

– associate editor سردبیر مشترک

– International Journal of Public Health ژورنال بین المللی سلامت عمومی

– World Health Organization (WHO) سازمان بهداشت جهانی

– Atmospheric Chemistry and Physics (ACP)

– Swiss Academy of Sciences (SCNAT)

– Rosenblith

– Health Effects Institute (HEI)

– pre-university  پیش دانشگاهی

– environmental health بهداشت محیط

– employee کارمند

– workshop ورکشاپ

– scholarship اسکالرشیپ

– Swiss Government Excellence Scholarship                      ماڵپەڕی پڕکردنەوەی داواکاری بۆ ئەو سکاڵرشیپە لەخوارەوەدا هاتووە  https://www.sbfi.admin.ch/sbfi/en/home/education/scholarships-and-grants/swiss-government-excellence-scholarships.html

– research proposal پروپوزال تحقیق

– Harvard هارڤارد

– assistant professor استادیار

– University of Copenhagen دانشگاه کپنهاگن

– visiting scientist دانشمند مهمان

– epidemiology همەگیرشناسی

– postdoctoral فوق دکترا

– silent killer قاتل خاموش

– particle ذرە

– Health Effects Institute انیستیتوی اثرات سلامت

– ultrafine particles ذرات بسیار ریز

– cardiovascular قلبی عروقی

– Lancet لانست

– IVY league لیگ آی وی وای

– C9 league لیگ سی ٩

– keynote speaker سخنران کلیدی

– abstract چکیدە

– distribution توزیع

– population جمعیت

– John Snow

– Edward Jenner

– public health سلامت عمومی

– statistics آمار

– gene ژن

– overlap همپوشانی

– epidemic اپیدمیک

– pandemic پاندمیک

– endemic اندمیک

– syndemic سیندمیک

– Lancet لانست

– Ebola ابولا

– SARS سارس

– MERS مرس

– Vaccine واکسن

– social distancing فاصلە اجتماعی