11 . گوڵان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

عەباس وەلی: ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی فیدرالیزم قبووڵ ناکات، کورد دەبێ یەکدەنگ بێت

عەباس وەلی: ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی فیدرالیزم قبووڵ ناکات، کورد دەبێ یەکدەنگ بێت
7 . گوڵان . 2725

دکتور عەباس وەلی ماموستای زانکۆ و چاودێری سیاسی لە پانێلەکەیدا لە کۆنفرانسی بۆ رۆژهەڵات لە هۆڵەند رایگەیاند کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئێستا تەواو ناسیۆنالیستەو هیچیان ئامادە نین فیدراڵی بۆ کوردستان قبووڵ بکەن، هەربۆیە پێیوایە کوردەکان دەبێ ژووری عەمەلیانی هاوبەشیان هەبێت و پشتیوانی کۆمەڵگەو نەتەوەکانی دیکەش بۆ لای خۆیان رابکێشن.

بەشێک لە قسەکانی دکتور عەباس وەلی لە کۆنفرانسی بۆ رۆژهەڵات:
" شۆرشی ژن ژیان ئازادی، وەرچەرخانێکی گەورە لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، سیاسەت لەرۆژهەڵات هەرگیز ناتوانێ بچێتەوە پێش شۆرشی ژن ژیان ئازادی. سیاسەت لەدەرگایەکی مەدەنی هاتەژوورێ. هاوکات جیاوازییەک لە کەڵتووری سیاسیی کوردی دروستبوو. ئەگەر ئیدامەی هەبووا دەیتوانی کۆتایی سیاسەتی باب سالارانە لە ئێران بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام چەقی بەست و هۆکاری زۆری هەبوو.
سەبارەت بە پرسی کوردی لەرۆژهەڵاتی کوردستان، کاتێک ئەو شۆرشە دەستی پێکرد، ئەحزابی سیاسیی کوردستان نەیاندەزانی چی بکەن، تەواو سەریان سووڕما. دواتر نەیانتوانی لەرووی فیکری گەڵاڵەی بکەن، کە چی خەریکە روودەدات.
هاوکات حیزبەکان ویستیان لەدەرەوەرا رێبەری شۆرشەکە بکەن، ئەوە هەڵەیەکی یەکجار گەورە بوو، چوونکە هیچ سیاسەتێکی چاڵاکیان نەبوو، لەبەردەم خەڵکی لەناو شەقام دابنێن. لەگەڵ ئەوەش ژن ژیان ئازادی بۆشاییەکی لە ستۆرکتۆری کۆماری ئیسلامی دروستکرد،
بۆ جاری یەکەم دروشمێک کە لەسەقز وترایەوە و دوایی بەشی زۆری رۆژهەڵاتی گرتەوە، ئەو دروشمە حالەتێکی فەرامەرزی پەیدا کرد، دوایی بەشێوەیەکی سیمبولیک حالەتی نێودەوڵەتیشی بەخۆیەوە گرت. ئەوە دوو بۆشاییە، بووە هۆی ئەوەی بۆشاییەکی دیموکراتیکی پێکهێنا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی هەتا رادەیەک رادیکالیزە ببێت، هۆکارەکەش ئەوە بوو کە عامڵیەتێک نەبوو کە ئەو بۆشاییە دیموکراتیکە پڕبکاتەوە. دیتمان کە شۆرشی ژینا چی بەسەرهات، وەکوو سابژێکتێکی بەهێز هاتە مەیدان، بەڵام دوایی چەقی بەست و نەیتوانی عاملییەتی سیاسی دروستبکات، بۆ ئەوەی بۆشاییە دیموکراتیکەکە پڕبکاتەوە.
شۆرشی ژن ژیان ئازادی دوژمنی یەکجار زۆر بوو، دۆستی زۆر کەم بوو. وانیە کە هەموو کوردستانی گەورە لەپشت ژن ژیان ئازادی بووبێت، بەشێکی بەرچاو لەپارچەکانی دیکەی کوردستان بەشداری چاڵاکیان تێدانەبوو.
هاوکات شۆرشەکە رەوتی رووناکبیری خۆی نەبوو، مەبەست لە ئێنتجلێنسیای رووسیە نەک فۆرمە فەرانسییەکەی. ئەوانەی کە رەنگە یەکتر نەناسن، بەڵام لەرووی کارەکانیان کە رەخنە لەدەسەڵاتە یەکتر دەدۆزنەوەو دواتر شەپۆڵ دروست دەکەن، ئەوانە لەپاش شۆرشی ژینا لەدەرەوەی وڵات و ژوورەوەی وڵات بەوجود نەهات.
سەبارەت بە داهاتوو ئێرانیش، ئێستا گفتوگۆکان لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا لەئارادان، جارێ‌ نازانین کە ئەو رێککەوتنە سەردەگرێت یان نا، بەڵام راستییەکەی نابێ پێمانوابێت کە ئەو رژێمە حەتمەن دەکەوێت، لەگەڵ ئەوەش ئیحتمالی کەوتنی لەهەموو سەردەمەکانی دیکە زیاترە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە، کە کەوتنی ئەو رژێمە حەتمییە. ئێمە نازانین کە لە گفتوگۆکاندا ئێران چ ئیمتیاز دەدات و چی وەردەگرێت.
لەئێستادا پێویستە کوردەکان ژووری عەمەلیانی هاوبەشیان هەبێ، دەبێ وتەبێژێکی هاوبەشیان هەبێ. دەبێ ژوورەکە هی فیکری و سیاسی و تەنانەت سەربازیشیان هەبێ. چوونکە ئەگەر ئەو رژێمە بروخێت، هیچ یەک لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەو ناوەوە ئامادەن ین کە بۆچوونی فیدرالی قبووڵ بکەن، لەسەر ئەو باوەرەم کە تەنانەت سیستەمی نامەرکەزیش زۆر بە کەم قبووڵ دەکرێت، رەنگە هەتا رادەیەک موجاهیدین و میرحوسێن موسەوی ئەوە قبووڵ بکەن، بەڵام ئەوانەی دەرەوە بەگشتی دژی ئەو نامەرکەزیەشن.
کەوایە زۆر پێویستە ژوورێکی عەمەلیاتی کوردستانیمان هەبێ، نامانەوێ ئەزموونی هەشت مادەی و مادەکانی دیکەی لە ٥٨ دووپات بێتەوە. بەپێی ئەزموونی ٥٨ و ئەو تایبەتمەندیانەی لەو ٤٥ ساڵەدا دەرکەوتوون کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تەواو گەراونەتەوە سەر ناسیۆنالیزمی ئێرانی، هەربۆیە مامەڵەکردنی کوردەکان لەگەڵیان موومکین نیە.

لەلایەکی دیکەوە حیزبەکان لە کوردستان پێرەوی خۆیان بەشێوەی ئاسۆیی هەیە، تەشکیلاتی خۆیان هەیە، بەڵام هەوڵی ئەوەیان نەداوە بەشێوەی پانتایی لەیەکتر نزیک ببنەوە، واتە لەسەر خالە هاوبەشەکان رێکبکەون. ئەگەر ئەو کارە نەکەن و هەر حیزبە لەسەر بنەمای پێرەوپرۆگرامی خۆی و تەشکیلاتی خۆی مامەڵە بکات، لەداهاتوودا گرفتی یەکجار گەورە دروست دەکات. گرنگییەکی دیکەی ئەو پرسە ئەوەیە کە ئەگەر رژێم بروخێت و بەشێوەی ئۆتۆماتیک هێزی چەکدار گرنگی خۆی دەردەخات و، ئەوکات ئەگەر هەر هێزەو چەکداری خۆی هەبێت، کێشەکان ئاڵۆزتریش دەبن. هەربۆیە هەبوونی ژوورێکی عەمەلیاتی زۆر زۆر گرنگ و چارەنووسسازە.

هاوکات با بچینە سەر زنجیرەی دووەم، کە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی وەکوو عەرەب، بەلووچ، تورکەمەن و ئازەرییەکانە. ئێستا کەدەبینین هەندێک لەکوردەکان خەریتەی کوردستان دادەنێن کە نیوەی تورکیا، ئازەربایجان و زۆر شوێنی دیکەی تێدایە، یان دێن ئەوە زەق دەکەنەوە کە ئەوێ ئۆستانی ئورومییەیە. ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن پێیانوایە هەڵوێستێکی گەورەیان گرتووە، بەڵام ئەوە گەمژەییەکی یەکجار گەورەیە. چوونکە سەرەتا دەبێ هێزەکەت لەگەڵ ئەوەی باسی دەکەی بەراورد بکەیت، ئەگەر هێزەکەت بەقەد ئەو قسانە نەبوو کە دەیکەیت، کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

کێشەیەکی دیکەی ئەو بۆچوونە ئەوەیە، ئێمەی کورد ئەگەر بمانەوێ گفتوگۆ یان بەرگری لەخۆمان لە تاران بکەین، دەبێ پشتیوانی دیکەمان هەبێت، دەبێ کۆمەڵگەکانی دیکە، نەتەوەکانی دیکەش پشتیوانمان بن، ئەگەر ئەوان لانیکەم هاوڕای ئێمە نەبن، سەرکەوتن و بەدەستهێنانی لانیکەمی مافەکانیش لەتاران یەکجار قورس دەبێت.