29 . گەلاوێژ . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژکۆحەفتەوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

پڕۆژەی "کۆحەفتە"ی ڕۆژهەڵات نیوز

پڕۆژەی "کۆحەفتە"ی ڕۆژهەڵات نیوز
29 . گەلاوێژ . 2726

کۆحەفتە پڕۆژەیەکی نوێی ڕۆژهەڵات نیوزە بۆ نووسینەوە و تۆمارکردنی ڕاڤەی حەفتانەی کوردستان و سەکۆ و دەلاقەیەکی نوێیە بۆ ڕوانگە و بۆچوونە جۆربەجۆرە کوردستانییەکان لەسەر ڕووداو و پێشهاتەکانی حەفتە. لەم نووسراوەیەدا بەکورتی پڕۆژەکە دەناسێنین.

١- ناوی پڕۆژە: کۆحەفتە
کۆحەفتە ناوێکی داڕێژراوە و لە ڕووی زمانەوانی و مۆرفۆلۆژییەوە لە دوو بەشی "کۆ" و "حەفتە" پێک هاتووە. شیکاریی ناوەکە لە ڕووی زمانەوانییەوە بەم شێوەیە:
ئەلف- "کۆ"، پێشگرە و لێرەدا لە ڕەگی کۆکردنەوە و کۆبوونەوە و کۆی ئەو شتانەیە کە لە ماوەی حەفتەیەکدا ڕوو دەدەن، گیراوە. هەروەها لە زمانی کوردیدا پێشگری "کۆ" جەخت لەسەر گشتگیری و دروستکردنی گشتێک لە بەشەکان یان بەشگەلێکی جیاواز دەکاتەوە؛ وەک: کۆمەڵ، کۆبەند، کۆدەنگ و ...
ب- حەفتەش دیارە چییە؛ بەڵام زۆر بەکورتی دەکرێت بوترێت یەکەی کات و چوارچێوەیەکی کاتیی دیاریکراوە کە مرۆڤ بۆ پۆلینکردنی ڕۆژەکان بەکاری دەهێنێت.
پ- لە ڕووی فۆنۆلۆژییەوە، وشەکە لە سێ بڕگەی سووک و ڕەوان پێک هاتووە، واتە: کۆ + حەف + تە. لەم ڕووەوە ناوێکی بەکێش و ئاوازدار و ڕەوانە و زۆر بەسانایی لەسەر زمان بێژە دەکرێت، هیچ گرێیەکی دەنگیی تێدا نییە و گۆکردنی ئاسانە.
ت- بۆچی "کۆحەفتە"؟ جیا لەوەی کە لە ناوە کلیشەیییەکانی وەک: وتاری هەفتە، پوختەی هەفتە، ڕووداوەکانی حەفتە و ... "کۆحەفتە" هەم پێوەندیداری ناوەڕۆکی پڕۆژەکەیە و هەمیش ناونیشانێکی سەرەکیی سەربەخۆ دروست دەکات کاتێک خوێنەر دەیبینێت یان دێتە بەر گوێی، ڕاستەوخۆ دەیناسێتەوە و تێکەڵی ناوی بەشەکانی تر ناکات.

٢- ناساند
ئەلف- کۆحەفتە، کۆی ڕووداو و پێشهاتەکانی ماوەی حەفتەیەک بە شێوەیەکی تایبەت بە ڕۆژهەڵات نیوز دادەڕێژرێتەوە و لە چوارچێوەی ڕاپۆرت (تەنیا وەک ڕاپۆرتێکی سادە و هەواڵی نا)، وتار، بابەت یان ڕوانگە بە شێوازی شیکاری، بنکۆڵکاری، تێڕامان، هزری و ڕەخنەیی و ... لەلایەن نووسەران و ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانەوە ئامادە دەکرێت و دەرەنجامێکی دیاریکراو و ڕوون دەدات بەر خوێنەر و  بینەر و بیسەران کە بەئاسانی وەریگرێت.
ب- کۆحەفتە هەموو بوارەکان دەگرێتەوە و تەنیا تایبەت نییە بە بوارێکی دیاریکراو؛ دەکرێت لە بواری سیاسی، فکری، هونەر و ... بێت. بەڵام هەر نووسراوەیەک لە هەر فۆرمێکدا لەژێر ئەم ناوەدا هات بۆ ڕۆژهەڵات نیوز، ئەگەر پێوەرەکانی کۆحەفتەی تێدا نەبێت، لە بەشی وتاردا بڵاو بکرێنەوە، (کۆحەفتە و وتارەکانی ڕۆژهەڵات نیوز دوو بەشی جیاواز دەبن).
پ- مەرج نییە ئامادەکارانی کۆحەفتە تەنیا ئەندامانی کارگێڕیی ڕۆژهەڵات نیوز بن و دەکرێت داوا لە کەسانی دەرەوەی ڕۆژهەڵات نیوزیش بکرێت لەو بارەیەوە یارمەتیدەر و هاریکار بن.

٣- ڕوونکردنەوەی شێوازی
لەو چەند نموونەدا ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەدەرێت.
ئەلف- وتاری شیکاریی: خوێندنەوەی ڕەهەندە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، هونەری، فەرهەنگی و هزرییەکانی ڕووداوێکی دیاری حەفتە یان کۆی گشت حەفتەکە.
ب- وتاری ڕەخنەیی: هەڵسەنگاندن و شیکاریی ڕخنەگرانە بۆ بەرهەمێکی نوێی ئەدەبی، فەرهەنگی، هونەری، هزری؛ یان کردارێکی سیاسی، دیلپۆماسی، کۆمەڵایەتی؛ یان دیاردەیەکی کولتووری و نەریتی کە باسودۆزیی لەسەرە.
پ- ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری: ڕاپۆرتێکی گشتگیر لەسەر هەر پرس و بابەتێکی حەفتە کە پێویستی بە کۆکردنەوەی زانیاری و سەرچاوەی جیاواز هەیە، بە شێوەازێکی سەردەمیانە و شارەزایانە.
ت- تێڕامان: نووسینی هەر شتێکی ڕامانی و سەربەخۆ لەسەر بابەتە هەنووکەیییەکان لە ماوەی یەک حەفتەدا.
ج - ڕوانگە: نووسینی ڕوانگەی جیاوازی پێنووسبەدەستانی کوردستانی لەسەر هەر شێک لەو حەفتە ڕووی داوە یان ڕوو دەدات.
تێبینی: بەڵام هەر جۆرە نووسراوەیەکمان بۆ هات و لە هەر کام لەم چوارچێوانەدا بوون، لە گۆشەیەکی نووسراوە یان ڕاپۆرتەکەدا دەنووسرێت. بۆ نموونە دەنووسسرێت ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری، یان وتاری ڕخنەیی، یان ڕونگە و ... 

٤- کاتی بڵاوکردنەوە
ئەلف- نوورسراوە نێردراوەکان لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی بڵاو دەکرێنەوە. 
ب- لە دۆخی ئاوارتە و بەپەلەدا نووسراوەکان دەستبەجێ و لە هەمان ڕۆژدا بڵاو دەکرێنەوە؛ بەڵام بەو مەرجەی ئەو نووسراوەیەی کە بۆ ڕۆژهەڵات نیوز هاتووە،  لە چوارچێوەی کۆحەفتەدا بێت و کۆی گشت حەفتەکە لە خۆی بگرێت یان تایبەت بە ڕووداوێک نێت و پێوەرەکانی کۆحەفتە بگرێتەوە.
پ- ئەم ڕاپۆرت و وتارانەی کە بە شێوەی نووسراوەیی بڵاو دەکرێنەوە، بە شێوەی پۆدکاست یان بە ڤیدیۆ یان وەک بەرنامە تۆمار دەکرێن و بەپێی جۆری ڕووداو و نووسراوەکە، کەسانی شارەزاش لە هەر بوارێکی پێوەندیداردا بۆ بەرنامەکە بانگهێشت دەکرێن.

۵- ئامانج
ئەم پڕۆژەیە چەند ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە کە بریتین لە:
ئەلف- تێپەڕاندنی ڕووکاری هەواڵ و چوونەناو قووڵاییی ڕووداو و بابەتەکان لە ڕێگەی ڕاپۆرت و وتاری بنیاتی و دەربازکردنی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات نیوز تەنیا لە ماڵپەرێکی هەواڵدەریی وشک.
ب- بەرزبوونەوەی ئاستی متمانەی زیاتری خوێنەران بە ناوەڕۆکی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵآت نیوز و بەکارهێنانی ماڵپەڕ وەک سەرچاوەیەک بۆ نووسین (نەک تەنیا هەواڵ، بەڵکوو بوارەکانی تریش).
پ- هێنانەئارای دۆخێکی جیاواز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵات نیوز و دروستبوونی دیبەیت و گفتوگۆی جیددی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بابەتە بڵاوکراوەکان و هەورەها دۆخی ڕۆژەڤ.
ت- دروستکردنی ئەرشیڤێکی دەوڵەمەند لە ڕاپۆرت و وتار و شیکاریی قووڵ بۆ مێژووی ڕووداوەکانی کوردستان.

داوا لە سەرجەم پێنووسبەدەستان و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەکەین لەم پڕۆژەیەدا بەگوێرەی دەرفەت و توانا هاوکار و یارمەتیدەرمان بن.