نووسەر: ئارێز محەمەدی لە کاتێکدا جیهان چاوی لە بۆمب و هێرش و هەڕەشەی نێوان هەردوو حکومەتی ئێران و ئیسرائیلە، ئێمەی ژنان، ئێمەی فێمینیستە سیاسییە کوردەکان و نەتەوەکانی دیکەی بندەست، پێشووتریش لە ناو جەنگێکی قووڵتر و بەردەوامتردا وەستاوین. باش دەزانین کە کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکە لە ماڵ و شەقام و جەستە و دەنگی ئێمەی ستەملێکراودا جەنگ دەکات. جەنگێک دژی ژیان و دژی ئازادی و دژی ڕزگاری. هەمان ئەو جەنگەی کە بە تۆپ و تفەنگ نەهات، بەڵکوو بە یاساو ڕێسا هات. بە حیجابی زۆرەملێ، بە سانسۆر، بە سێدارەدان، بە فەقر و هەژاری و بە داگیرکاری. لە لایەکی دیکەشەوە ئێمەی ژنانی کورد تا ئێستا لە چوار چین شەڕدا ژیاوین: شەڕی نەتەوەیی، شەڕی جێندەری، شەڕی چینایەتی، شەڕی کولتووری. ئێمە لە چوارچێوەی سنووری جوگرافی و دابەشبوونی کۆمەڵایەتیدا ژیاوین، لەگەڵ حکومەتێک کە سیاسەتی بەرهەمهێنانی ترسە و میتۆدەکەی پشتگوێخستنی مرۆڤایەتییە. بۆیە سیمۆن دی بۆڤوار لێرەدا بە دروستی دەڵێت : "من لە ژیاندام، بەڵام ناژیم." لە کتێبی "هەموو کەسێک دەمرێ دەمرێت " All men are mortal" جەنگی دوو دەسەڵاتی زلهێز؛ ئاشکرایە کە ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران ودەوڵەتی ئیسرائیلدا ڕوودەدات، درێژەپێدەری لۆژیکی ئەو نەزمە ئیمپریالیستیەیە کە لە ڕێگەی شەڕ و سەرکوت و لە ناوچوونی خەڵکی مەدەنیەوە مانەوەی خۆی لە هەر حاڵەتدا بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەمەشبەدەر نیە لە دەرەنجامی ساڵها شەڕەنگێزی ڕژیمی ئێران کە شەرعیەتی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیی لەدەست داوە. ئەم شەڕەشەڕی دادپەروەری دژ بە ستەم نیە، نە بەرەنگاربوونەوەیئیمپریالیزمیش. بەڵکوو شەڕی نێوان دوو ماشینی هەژموونییە و ئێمەباوەڕمان بە سیاسەتی هیچکام لەم دوو دەوڵەتە نیە. هاوکاتیشکاتێک هەڵوێست دەگرین، لە هەڵوێستێکی بێلایەنەوە نایەت، بەڵکوو لەهەڵوێستی دەرەوەی دووانەی ئەم دەوڵەتانەوە قسە دەکەین. شەڕیدەوڵەتان شەڕێکە بۆ دەسەڵات و بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی ناسیونالیستی ناوەند . بەڵام شەڕی گەل و نەتەوەیبندەست شەڕێکە بۆ ژیان و ئێمەی فێمینیستەکانی کورد دەبێتهەڵگری ئەم شەڕەی ژیان و کەرامەتی ئینسانی و ناسنامەیینەتەوەییەی خۆمان بین و بتوانین تەواوی دەستکەوتی ساڵها خەباتی خۆمان بپارێزین و لەم کات و ساتەدا بیکەینە سپەرێک بۆ ئامانجەکانمان. ئەزموونی ئێمە لە جەنگی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی؛ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ لە ژێر ئاگری جەنگێکی دەرەکیدایە، بەڵام ئەوەی ساڵانێکە ئێمە ئەزموونمان کردووە، جەنگی ناوخۆی نێوان ڕژیم و گەل و نەتەوەی سەرکوتکراوە. ساڵەهایە لە شاخ و شار، لە شەقام و زانکۆکان ئێمە لەگەڵ سیستمی داپڵۆسیوی ڕژیمی ئێراندا شەڕ دەکەین. شۆڕشی ژینا نموونەی هەرە زیندووی ئەم ساڵانەی نزیکە کە ڕاپەڕینێک بوو لە دڵی هەموو ئەو برینانەی هەڵمانگرتبوو. ئێمەی ژنانی کورد، لەم ساتە هەستیار و هاوکات چارەنووس سازەدا دەبێت، نە ئاشتی پاسیڤ لە سیستمی فاسدی کۆماری ئیسلامی و نە باوەڕ بە دەوڵەتی سەرکوتگەری دیکەی وەک ئیسرائیل بکەین. ئێمە داوای پێناسەکردنەوەی ڕزگاری دەکەین. نەک ڕزگاربوون لە دەسەڵاتێک بۆ قازانجی دەسەڵاتێکی تر، بەڵکوو ڕزگاربوون لە هەموو جۆرەکانی هەژموون. ئێمە داوای خەباتێک دەکەین کە پرسی نەتەوەیی لەگەڵ فێمینیزم، دادپەروەری لەگەڵ ئازادی و خاک لەگەڵ ژیان یەکبخات. مێژووی خەباتی ژنانی کورد؛ هەروەک چۆن دەیەکانی پێشوو، پێش ئەوەی کۆماری ئیسلامی پێی بخاتە کوردستان، ئێمە شەڕمان دەکرد. شەڕێک بۆ ئازادی و بەرابەری و ڕزگاربوون لە فەرمانە پیاوسالاری و باڵادەستەکان و شەڕێک بۆ بوون بوو. ژنانی کورد، پێش ساڵی ١٣٥٧ و دوای ئەوەش، خاوەن ڕێکخراوی ژنان و هەڵوێستی ڕوونی و ڕادیکاڵی خۆیان بوون، خەباتیان کرد و بارگرانی ئازادییان لە دڵی بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی کوردستاندا هەڵگرت. ئێمە تەنیا بەدوای مافی خوێندن بە زمانی دایکی نەبووین، لە هەمان کاتدا پێکهاتەی پیاوسالاری خێڵەکی و حکومەتی ناوەندی و عەقڵیەتی کۆلۆنیالیزمیان دەکردە ئامانج. ئێمە هەر لە سەرەتاوە کۆماری ئیسلامیمان بە دوژمنی ڕزگاری ژن و نەتەوەیی دەزانی نەک “هیوایەکی نوێ”. فێمینیزمی کوردستان: لە برینی مێژووەوە بۆ شۆڕش؛ بۆیە فێمینیزمی ئێمە لە مێژووی برینداری کوردستانەوە سەرهەڵدەدات. فێمینیزمێک کە تێیدا خەبات بۆ جەستەی تاک، ناسنامەی ئینسانیی و نەتەوەیی و ئازادی لەیەکتردا تێکەڵاون. ئەم فێمینیزمە لە یەک کاتدا دژە سەرمایەداری و دژە ناسیۆنالیزمی زاڵ و دژە ستاتیزم و دژە کۆلۆنیالیزمە. ئێمە نابێت بە دوای چاکسازی لە نەزمی ئێستا و ئاشتی لە چوارچێوەی ڕژیمێکی کۆنەپەرەستدا بین و دەبێت بە بێ هودەی بزانینن. ئێمە شۆڕشێکی قووڵ و فرەلایەنمان ئامانجە. داواکاری ئێمەی فێمینیستە سیاسییەکان و ژنانی کورد دەبێت لەناوبردنی تەواویەتی نەزمی ناوەندیی ڕژیمی دینی ئێران بێت. لەم هەلوومەرجەدا دەبێت باوەڕمان بە یەکگرتنێکی جەماوەریی و شۆڕشێکی جەماوەری هەبێت و پێمان دروست بێت هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە بەبێ هەڵکەندنی دەسەڵاتی هەنووکەیی لەپاڵ ڕێکخستن و سەرکردایەتی بەکۆمەڵ، نییە. بۆیە کوردستان بۆ چارەنووسی خۆی دیسان لە بەردەم هەلێکی مێژووییدایە.