لە ئایدیای کۆنسێرڤاتیڤەوە تا تێئۆئیدئۆلۆژی چەپەوانەکراو (سەرەتایەک لە سەر دیستۆپیای چەپ لە کوردستان) تێگەیشتنی هزرمەندانە لە سیاسەت و سیاستکردن، نە گرێچن و گرمۆڵەی ڕوانینی مێتافیزیکی و ئیدئۆلۆژیکی و تێئۆلۆژیکی بەڵکوو داڕشتی ئاڵتەرناتیو یا پلەتفۆڕمێکی فابریکە لە ڕێئاڵ پۆلێتیک، کڕۆنۆپۆلێتیک و ژینــ/جیهانی سیاسی. ڕاستەقینەی چەپ وەک تێرمێکی مۆدێڕنی ڕۆژئاوایی لە کوردستاندا بە دەگمەنیش نەیتوانی ئەو پێوەرانە بپێکێ کە دەو ئاراستەیەدا خۆی مودەعی بوو. ئەوەش بە هۆی نەبوونی دەزگایەکی سیستماتیکی هزری لە کوردستاندا بوو چ لە بواری سیاسییەوە چ لە بواری فەلسەفی و ئایینییەوە و چ لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابووری و تێئۆریکەوە. دوابەدوای بڕیاری چەکدانانی خۆویستانەی پەکەکە، مشت و مڕی سیاسیش لەسەر چەپ و چەپیزم لە کوردستاندا هاتە ئاراوە کە پتر هەڵگری شێوازێک لە سەرلێشێواوی سیاسی یا شێواندنی سەرلەنوێی نیشتاوێکی ئیدئۆلۆژیکی یا پێک هەڵپڕژانی تاکلایەنە و هێرش بردنە سەر ئەم و ئەو بوو تا فۆڕمۆڵە کردنی عەقڵانییەتی چەپیزم لە پۆوتانی کوردستاندا. ئەوە کە چەکدانانی پەکەکە تاکتیک بوو یا تۆپۆلۆژییەکی سابجێکتیو باسێکە، ئەوەیکە دوابەدوای ئەو جم و جۆڵە بەرهۆکارانەی ئوجەلان، هەندێ فیگۆڕ کەوتنە پێناسە و تاوتۆی چەپ لە کوردستاندا، باسێکی تر. دروستە ئەوەی ئوجەلان و پەکەکە بڕیاریان بۆ دا، زەبرێکی بەهێز بوو لە سەر ڕەوتی دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەڵام، حەقیقەت ئەوەیە کە ئوجەلان بە گوێرەی ئەو پلەتفۆڕمەی لە سەرەتای داڕشتی پەکەکە و هەروەها دوای دەستبەسەربوونی لە نایرووبی هێنایە ئاراوە، ڕێک ئەو ڕەهەندە بوو کە لە بناغەوە پلانی بۆ داڕشتبوو. بەو پێیە ئوجەلان نە تەنیا لە گەڵ ستڕاتژییەکانی و مێژوو بەڵکوو لە گەڵ ئامانجەکانیشی ڕاستبێژ بوو. ئەوەیکە ئوجەلان و گوتاری ماڕکسیست/لێنینیستییەکەی هیچکات دەروەستی ناسیۆنالیزم و ختۆکەی دەوڵەت/نەتەوەی کوردی نەبوو، ڕێک بە هۆی داڕشتی فۆنداسیۆنی چەپ بوو کە لە بنەڕەتەوە هەڵگری بەرساختێکی ناسیۆنالیستی نەبوو جودا لەو ناسیۆنالیسمەی کە ڕۆزا لۆکزامبورگ و لێنین و ئیستالین هەیانبوو و لە سەرەتاوە فەشەلی هێنا. بەڵام ئەوەیکە ئوجەلان لەوبوارەوە تووشی چەشنێک ئاناکڕۆنیزمی پۆلیتیکاڵ(زمان پریشی سیاسی) و خەزڵانی پڕاکتیکاڵ و تێئۆریک بوو، جێگای ڕەخنە و مشت و مڕێکی زۆرە. ئەو گوتارگەلەی کە لە سەرەتاوە لە کوردستاندا نوێنەرایەتی چەپ و چەپیزمیان دەکرد، بە هۆی ئەوەیکە هەڵقوڵاو لە بەستێنێکی ئانتۆلۆژیکاڵی کوردی نەبوون، بە گشتی کەوتنە داوی گوتارێک کە خۆی دە خۆیدا پشتگیری لە هزر و کەلتووری کۆنسێرڤاتیزم دەکرد. گوتارە چەپڕەوەکان لە کوردستاندا بە هەموو شاخە و ژێرشاخەکانییەوە، لە پلەی یەکەمدا بە هۆی ئەوەیکە خسڵەتێکی ئیدئۆلۆژیکی بە چەپ و ئایدیاکانییەوە چەسپاندبوو، ئەوەندەی دە شێوازدا جیاواز بوون هەرگیز دە ناوەرۆک و پاشخانی هزریدا جیاواز نەبوون، بۆیە وێڕای ئەوەیکە دە ئاکامدا بە یەک ئاراستەدا ڕۆیشتن، ئەوەندەش شێوازی چەپ بوون لێکی جودا دەکردنەوە نەک جیهانبینی و مانیفێستی تایبەت. خاڵی هاوبەشی هەمووشیان ئەوە بوو کە نەیانتوانی وزەیەکی سۆبێکتیو و هزرمەند و ئانتۆلۆژیک بە دۆخی سیاسی کورد ببەخشن. لە کاتێکدا چەپ لە ڕۆژئاوا لە بنەڕەتەوە ئاوەزخواز و ڕاسیستیک بوو لە نێو مودەعیانی چەپ لە کوردستاندا ئەو ئاپاڕاتووسە تا ئاستی ئایدیا و ئیدئۆلۆژی دابەزی و ڕەنگ و ڕووی مێتافیزیک/ئیدئۆلۆژیکی بە خۆوە گرت. ئەوەندەی چەپ لە کوردستاندا دە حەولی بەشدارییەکی ڕەسەن و پڕ پڕستیژ دابوو بۆ ڕزگارکردنی کورد لە کۆت و زنجیری تێئۆلۆژی و بە پیرۆززانین، ئەوەندەش خۆی کەوتە ناو پەتا و ئێپیدمی تێئۆلۆژی و بە پیرۆززانینی خۆی، بۆیە هیچکات نەیتوانی دەوری ئەو ئاڵتەرناتیوە بگێڕێ کە خۆی لە پێناوی دا پێناسە کردبوو.