10 . گوڵان . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

پلاتفۆڕمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا ڕاگەیاندرا

پلاتفۆڕمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا ڕاگەیاندرا
10 . گوڵان . 2726

ژمارەیەک رێکخراوی تایبەت بە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا پڵاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - ژینا-یان راگەیاند. ئەوان لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێن ئامانجیان ئازادی نیشتمان بەبێ ئازادی ژنان بەدی نایەت.

دەقی راگەیاندراوی پڵاتفۆڕمی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان - ژینا


بۆ ئازادیی_یەکسانی_مافە ڕەواکانی ژنان.
بۆ هەموو ژنانی ئازادیخوازی کوردستان!
تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی و یەکسانی!

لە سەت ساڵی ڕابردوودا خەباتی نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاریی، بەردەوام و بێپسانەوەیە و بەو ڕۆڵەی ژن تێیدا گێڕاویەتی سەلماندوویەتی کە ئازادیی نیشتمان بێ ئازادیی ژن وەدی نایەت و ژنی کوردیش تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتی خۆیدا و دوور لە داگیرکاری و عەقلییەتی پیاو سالاری و دەسەڵات و نەریتە سەپێندراوەکان، دەگاتە مافە ڕەواکانی و هاوکات پارێزەری ڕاستەقینەی ماف و ئازادییەکانیشی دەبێت.

ژنی کورد بە درێژایی مێژوو، نەک هەر بەشێک بووە لە ناسنامە و خەباتی نەتەوەیی بەڵکوو، ڕوحی ڕاپەرینیش بووە و پێشەنگایەتی و قورسایی ئەو خەباتەی خستۆتە سەرشانی خۆی، لە سەردەمی نوێی دا لووتکەی پێشەنگایەتی ژنان لە ڕاپەرینی(ژینا) ژن_ژیان_ئازادیی دەستی پێکرد کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەر جوغرافیای ئێرانی گرتەوە، ئەو قۆناغە وێنەی (ژنی وەک، قوربانی) گۆڕی بۆ (ژن وەک بزوێنەری گۆڕانکاری). ژنان نەک هەر وەک داواکار، بەڵکوو وەک ڕێبەر و داڕێژەری نەخشەی داهاتوو دەرکەوتن، ئەمەش وایکرد جیهان بە چاوێکی سیاسیی قووڵترەوە سەیری تواناکانی ژن بکات لە بەڕێوەبردنی قەیرانە گەورەکاندا.

ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانیی زوڵم و ستەمێکی دوو لایەنەیە. لە لایەکەوە وەک کورد مافە نەتەوەییەکانی لێ زەوت کراوە و لە لایەکی تریشەوە وەک ژن لەژێر یاسا کۆنەپەرستەکاندا دەچەوسێندرێتەوە.
ئێمە پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان " ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان_ نینا، ئاسۆی ژنی کورد_ ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە، ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران، یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_کەژار

دوای چەندین مانگ و کۆبوونەوە بە شێوەی ئامادە بوون و ئۆنلاین، بە پێویستمان زانی کە بە تێگەیشتن لە پێویستیی یەکڕیزی و کاری پێکەوەیی، پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا وەک چەترێکی مەدەنی_نەتەوەیی و پارێزەر و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی شکۆ، ئازادیی، یەکسانی و مافی ژنان ڕابگەیەنین.

ئەم پلاتفۆرمە گرێدراویی خەباتی نەتەوەیی و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان بەهێزتر دەکات و بەرەنگاری ئەم ستەمە مێژووییە دەبێتەوە کە دژی "ژنی کورد"هەیە.
ئامانجە سەرەکییەکانی پڵاتفۆرمی ژینا خۆی لە یەکخستنی ئیرادەی نەتەوەیی ژنان و بە هێز کردنی جێگەو پێگەی ژن لە نێو کۆمەڵگە، ڕووبەرووبوونەوەی داگیرکەر و ستەمی سیستماتیکی دژی ژنان، دەوڵەمەند کردنی خەباتی مەدەنی_ سیاسیی ژنان دەبینێتەوە.

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا داوا لە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، وێڕای پێداگریی و داکۆکییەکانتان لەسەر مافە ڕەواکانیان، لە دەوری ئەم پلاتفۆرمە کۆببنەوە.
کاتی ئەوە هاتووە ژنانی نیشتمان، جیاوازییەکان وەلا بنێن و وەک یەک دەنگ و یەک ئیرادە، لە پێناو شکۆی نەتەوەیی و مافەکانیاندا بوەستنەوە.
١٠ گوڵانی ١٤٠٥
٣٠ ئاپریلی ٢٠٢٦