23 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئێران ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکات

ئێران ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکات
14 . خەزەڵوەر . 2724

ئێران دەیەوێ هێرشێکی تووند و لەرووی شێوازیش ئاڵۆز بکاتە سەر ئیسرائیل، لەبەرامبەردا ئیسرائیل ئامادەیەو ئەمریکاش هێزی زۆری رەوانەی ناوچە کردووە.

رۆژنامەی وال ستریت ژورناڵی ئەمریکا لە راپۆرتێکی تایبەتدا وردەکارییەکانی بڵاوکردووەتەوە، رۆژنامەکە لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای میسری ئاگادار کراوەتەوە، کە ئێران دەیەوێ هێرشێکی ئاڵۆز و تووندتر لەوانەی پێشووتر بکاتە سەر ئیسرائیل.
وال ستریت ژورناڵ لەراپۆرتەکەیدا لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوەی ئێرانی و عەرەبی ئاشکرایکردووە کە ئەمجارەیان ئێران لە کوڵاوەی گەورەتر بۆ مووشەکەکانی کەڵک وەردەگرێت و هاوکات جگە لەسوپای پاسداران، ئەرتەشی ئەو وڵاتەش لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەشدار دەبێت.

لە هێرشی تۆڵەکردنەوەی ئیسرائیل لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئێران چوار سەربازی ئێرانی کوژران و چەند کەسی دیکەش‌ بڕیندار بوون. هاوکات بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەری ئەکسیۆس، نیۆیۆرک تایمز و هەواڵدەری رۆیتەرز و کەناڵی بی بی سی جیهانی چەندین ناوەندی سەربازی و بەتایبەت پەیوەندیدار بە مووشەکی ئێران زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

ئێستا ئێران دەیەوێ تۆڵەی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بکاتەوە، وال ستریت ژورناڵ دەڵێ هێڕشەکەی ئێران لە دوو هێرشەکە ئاسمانییە پێشووەکە تووندتر دەبێت. راپۆرتەکەی ئەو رۆژنامە ئەمریکاییە باسیشی لەوە کردووە کە پێدەچێ هێرشی ئێران دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەمریکا بەڵام پێش دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێ بێت.

ئەو زانیاریانەی رۆژنامەی وال ستریت ژورناڵ لەکاتێکدایە کە پێشتر ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکا ئاشکرایکردبوو، کە کۆشکی سپی بەراشکاوی و بەتووندی و بەشێوەی راستەوخۆ هۆشداری بە ئێران داوە کە نابێ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. ئەمریکاییەکان هۆشداریان داوەو گوتوویانە لەئەگەری هێرشی ئێران، ئەوان ناتوانن ئیسرائیل کۆنترۆڵ بکەن و وەڵامەکەی زۆر تووندو جیاوازتر لەجاران دەبێت.
ئەمریکا بەوەش نەوەستاوەو ژمارەیەک کەشتی فرۆکەهەڵگری دژە مووشەکی باڵستی و فرۆکەی بی ٥٢ی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کردووە.