23 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

هەورامان خەریکە لە ئاگڕدا دەسووتێت

هەورامان خەریکە لە ئاگڕدا دەسووتێت
22 . جۆزەردان . 2724


ماوەی دە رۆژە دارستانەکانی هەورامان لە پارێزگای کرماشان لە ئاگردا دەسووتێن و ئێستا هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی ژینگەیی دەدرێت.

ئاگرەکە سەرەتا لە دارستانەکانی بڵبزانی پاوە سەریهەڵدا، گەشەی ئاگرەکە بەرادەیەک بوو کە لە ماوەیەکی کەمدا پانتاییەکی زۆری لە دارستان و پووشی ناوچەکەی گرتەوە. ئەستەمی شوێنەکان و کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەک و هەبوونی گیا و پووش و پەڵاشێکی چڕ لەلایەکی دیکە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی ئاگڕەکەی بڵبزانی تاکوو ئێستاش بەردەوام بێت. 

رۆژی سێشەممە ٢٢ی جۆزەردان شایەتحاڵێک بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە جگە لە بڵبزان کە هێشتا لە ئاگردا دەسووتێت، هاوکات ئاگری بەرزاییەکانی مرخێل و ئیناخی لە هەورامانیش لەکۆنترۆڵ دەرچووەو ئاگڕەکە بەرەو ماسان پەڵ دەکێشێت. ئەو شایەتحالە دەڵێ ئەگەر هەرەوەزێکی نیشتمانی و بەپەلە لەلایەن هاووڵاتیانەوە نەکرێت، کارەساتێکی ژینگەیی درووست دەبێت.

ئەگەرچی رێکخراوە ژینگەپارێزەکان و خەڵکی ئاسایی لە کرماشان، کامیاران، پاوە، سنەو مەریوان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە چوونەتە هەورامان، بەڵام شوێنی ئاگرەکە زۆر ئەستەمەو پێویستی بە هەلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە هەیە، لەگەڵ ئەوە بەپێی زانیاری شایەتحاڵەکان ئەگەرچی مانگی سووری ئێران بە هەلیکۆپتەرەوە لەوێیە، بەڵام هیچ کارێکی ئەوتۆ ناکەن و هیچ کاریگەرییەکیان نیە، تەنیا رۆژێ جارێک خۆبەخشەکان هەتا نزیک ئاگرەکە دەبەن و دەگەرێنەوە. لەکاتێکدا دەتوانن لە ئاسمانەوە ئاو و مادەی ئاگرکوژێنەوە بەسەر ئاگڕەکەدا بکەن، بەڵام ئەو کارە ناکەن.