1 . خەزەڵوەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

دوای بڕیارەکەی دادگا، ترەمپ دەتوانێ بگەرێتەوە کۆشکی سپی؟

دوای بڕیارەکەی دادگا، ترەمپ دەتوانێ بگەرێتەوە کۆشکی سپی؟
11 . جۆزەردان . 2724


بەدرێژایی مێژوو، هەرگیز ئەمریکا لەدۆخێکی ئاوادا نەبووە، ئەوە یەکەمجارە تاکە کاندیدی حیزبێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، کە بەپێی راپرسییەکان لەپێش رکابەرەکەشییەتی، بەڵام لەلایەن دادگای تاوانی ئەمریکا بەچەندین تاوان حوکم دراوەو بە تاوانباریش ناسراوە. دۆناڵد ترەمپ یەکەم سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا و کاندیدی سەرۆککۆمارییە کە دادگا بە تاوانباری ناسیوە.

دادگای ویلایەت لە دۆسییەکی نوێدا ترەمپی بە تاوانبار ناسیوە، بەپێی ئەو دۆسیەیە سەڵمێندراوە کە دۆناڵد ترەمپ لەبەرامبەر بێدەنگبوونیدا پارەیەکی زۆری بە ئەکتەرێکی فیلمە پۆرنەکان داوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ لەهەمان دادگادا بە ٣٤ تۆمەتی دیکەش، بە تاوانبار ناسراوە. ئەو بڕیارەی دادگای ویلایەتی نیۆیۆرک لەکاتێکدایە کە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا خەونی گەرانەوە بۆ کۆشکی سپی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەکاتە کابووس؟ 

ئەو بڕیارەی دادگا لەکاتێکدا دەرکراوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو حیزبی کۆماریی ئەمریکا، بە فەرمی دۆناڵد ترەمپ وەکوو کاندیدی سەرەکی ئەو حیزبەکەیان رابگەیەنن. ئەوەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ لەسەرجەم هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی حیزبەکەی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئێستاش لە زۆربەی راپرسییەکان لە ئاستی زۆربەی ویلایەتەکاندا ترەمپ بەرێژەی جیاواز لەپێش جۆبایدن کاندیدی دیموکراتەکانە.

تاکوو ئێستا دیار نیە، سزای دۆناڵد ترەمپ بەپێی ئەو مەحکووم کردنە چی دەبێ، بڕیارە رۆژی ١١ی ژووئیە سزاکەی لەلایەن حاکمی دادگای نیۆیۆرک رابگەیەندرێت، بەپێی سەرچاوەیەک کە بە بی بی سی راگەیاندووە، هەر یەک لەو تاوانانە دەتوانێ سزای چوار ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی ماڵی بەسەردا بسەپێندرێت، ئەوەش دەریدەخات کە سزایەکی زۆری بەندکران و پێبژاردنی مادی چاوەروانی دۆناڵد ترەمپ دەکات. هاوکات باس لە چەندین حوکمی دیکەش دەکرێت، بۆ نموونە سزای دەرچوونی بەمەرج لە ویلایەتەکان، بەو مانایە کە هەرکات لە ویلایەتێک بچێتەدەر، دەبێ پۆلیسێکی لەگەڵ بێت. 

لەگەڵ هەموو ئەوانەش پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا دۆناڵد ترەمپ دەتوانێ لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکان بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ بگەرێتەوە کۆشکی سپی؟ بەپێی یاسای ئەمریکا، ئەو حوکمانە هیچ رێگرییەک لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ  گەرانەوەی بۆ کۆشکی سپی ناکات. بەپێی یاسا تەنانەت ئەگەر زیندانیش بکرێت، سەرجەم ئەو سزایانە ناتوانێ رێگری لە دۆناڵد ترەمپ بکات، تەنیا کاریگەرییەک کە دەتوانێ لەسەر کەمپیەتی هەڵبژاردنەکانی دۆناڵد ترەمپ دابنێ ئەوەیە، کە هاووڵآتیانی ئەمریکا بەهۆی ئەو حوکمەی دادگا لەدژی ترەمپ، بڕیار بدەن کە دەنگی پێ نەدەن. هەربۆیە حوکمی دادگا دەتوانێ کاریگەری لەسەر رێژەی دەنگی دۆناڵد ترەمپ دابنێ، بەڵام ناتوانێ رێگری لە بەردەوامبوونی ترەمپ لە هەوڵەکانی بۆ گەرانەوە بۆ کۆشکی سپی بدات.