1 . خەزەڵوەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

گروسی نیگەرانە، ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم نزیک دەبێتەوە

گروسی نیگەرانە، ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم نزیک دەبێتەوە
8 . جۆزەردان . 2724


بەپێی راپۆرتێکی نهێنی کە هەواڵدەری ئەسۆشیتێدپرێس بڵاویکردووەتەوە، ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم بەرزکردووەتەوەو گفتوگۆکانی نێوان ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و ئێران وەستاون.


بەپێی زانیارییەکانی هەواڵدەری ئەسۆشیتێدپرێس، رافائێل گروسی سکرتێری ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکدا کە نهێنییەوەو دزەی پێکراوە، باسی لەوە کردووە کە دوای مردنی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆکانی ئەژانس و ئەو وڵاتە هەڵپەسێردراون. 


بەپێی راپۆرتە دزە پێکراوەکە، رافائێل گروسی نیگەرانە، چوونکە بەپێی راپۆرتەکە ئێران خاوەنی زیاتر لە ١٤٢ کیلۆگرام یۆرانیۆم کە ٦٠ لەسەد پیتێندراوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ تەنیا ٢٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی ٦٠ لەسەد پیتێندراوی هەبووە. ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، ئەو رێژە یۆرانیۆمە پیتێندراوەی ئێران، خەریکە لەو ئاستە نزیک دەبێتەوە کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم پێویستە.


ئەو راپۆرتە لەکاتێکدایە کە رافائێل گروسی هەفتەیەک بەر لە کوژرانی ئیبراهیم رەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی تاران و ئیسفەهانی کردبوو، بەڵام گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکی دیاریکراوی نەبووە. ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەڵێ چاودێری بەسەر بەشێک لە بنکە ئەتۆمییەکانی نەماوە، دەستیان بە زانیاریی کامێراکانی هەندێک بنکەی ئەتۆم راناگات و پشکێنەرانی ئەژانسەکەش کاروبارەکانیان سنووردار کراوە.