رۆژهەڵات نیوز
ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە، کە رێککەوتنامەی ئەمنی عێراق و ئێران بە خێرایی جێبەجێ بکەن و داواشی کردووە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان بۆ دەرەوەی عێراق دوور بخەنەوە.
رۆژی یەکشەممە نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەفدێک گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، رۆژی یەکەمی سەردانەکە هیچ کۆبوونەوەیەکی تێدا نەکرا، سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە نێچیروان بارزانی لەیەکەم کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران کۆبوویەوە. سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە، راگەیاندنی هەردوولا زانیاری جیاوازیان بڵاوکردەوە.
سەرەتا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو دەقی راگەیاندراوەکە ئاوا نووسراوە:
" به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2024/5/6 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له تاران له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئيبراهيم ڕه‌ئيسى، سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و وه‌زيرى ناوخۆ و شاندێكى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا جه‌ختيان له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و په‌يوه‌نديى ئابوورى كرده‌وه، هه‌روه‌ها ستايشى په‌يوه‌نديى دێرين و مێژووييى نێوان كۆمارى ئيسلامى و هه‌رێمى كوردستانيان كرد.
سه‌رۆك ڕه‌ئيسى سوپاس و پێزانينى كۆمارى ئيسلامى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى بۆ ئه‌و هاريكارييه‌ى پێشكه‌ش به زياره‌تكارانى ئێرانى بۆ مه‌زارگه پيرۆزه‌كان له باشوورى عێراق ده‌كات له كاتى تێپه‌ڕبوونيان به هه‌رێمى كوردستاندا. لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانيش سوپاسى پشتگيرى و هاريكاريى ئێرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داكۆكييان له پێويستى و گرنگيى به‌رده‌واميى هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى هاوبه‌شى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه."
لەگەڵ ئەوەی راگەیاندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان زانیارییەکی ئەوتۆی تێدانیەو بەڵام راگەیاندراوی سەرۆککۆماری ئێران بە وردی باسی لە کۆبوونەوەکە کردووەو ئەولەویەتی و قسەی یەکەمی کۆبوونەوەکەش پرسی ئەمنی نێوانیان بووە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە ئێران متمانەی تەواوی بە دۆستایەتی برا عێراقی و کوردەکان هەیە، بەڵام چوونکە دوژمنە زاهیۆنییەکانی ئێران دوژمنایەتی خۆیان ناشارنەوە، دەبێ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان رێگری لەهەر جۆرە جولەیەکی زاهیۆنییەکان و حیزبە دژە شۆرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرن، کە لەخاکی عێراق، هەڕەشە لە ئێران بکەن. لەدرێژەی راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە سەرۆککۆماری ئێران داوای لە نێچیروان بارزانی کردووە کە رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق دەبێ بەخێرایی وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و ئەو حیزبانە چەک بکرێن و لە خاکی عێراقیش بخرێنە دەرەوە.
هاوکات بەپێی راگەیاندراوەکە رەئیسی بە بارزانی راگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام بەو مەرجەی کە بنەماکەی پرسی ئەمنییەت بێت. سەرۆککۆماری ئێران سوپاسی هەرێمی کوردستانیشی کردووە کە پێشوازییەکی باشی زیارەتکارانی کەربەڵایان کردووە، کە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان رەوانەی باشووری عێراق کراون.
هاوکات بەپێی راگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە کە ئەوان هەرگیز پەیوەندییە مێژووییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران لەبیر ناکەن و رایگەیاندووە کە پاراستنی ئەو پەیوەندیانەش بۆ ئەوان هێڵی سوورە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی کە ئەوانیش پێداگرن لەسەر جێبەجێکردنی رێکەوتنامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران.
نێچیروان بارزانی دوای سەردانەکەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، لەگەڵ هەر یەکە لە عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەو عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیش کۆبووەوە. ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند کە لەو کۆبوونەوەیەشدا داوا لە وەفدی هەرێمی کوردستان کراوە، کە رێگە نەدەن هیچ لایەنێکی سێیەم لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڕەشە لە ئاسایشی ئێران بکات.