Weather widget for website

لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش چی گوزەرا؟

15.04.2024 15:33:44
لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش چی گوزەرا؟



ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا، ئەو کۆبوونەوەیە شەوی یەکشەممە بەکاتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرێوەچوو، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی پشتیوانیان لە ئیسرائیل کرد، بەڵام رووسیا بەرگرییەکی تەواوی لە ئێران کرد و وڵاتی چینیش هەتا رادەیەک بێ لایەنی خۆی پاراست، هەر ئەوەش وایکرد کە بەیاننامەیەک لەدژی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بڵاونەکرێتەوە.

لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا ئانتۆنی گۆترێس سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتاری دەستپێکدا رایگەیاند کە رۆژهەڵاتی ناوەراست لەلێواری تەقینەوەدایە، هەربۆیە داوای لەهەموو لایەک کرد کە دان بە خۆیاندا بگرن و هەوڵ بۆ تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان نەدەن. 

هاوکات رابێرت وود نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە وتارەکەیدا بەتووندی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی ئیدانە کرد و، رایگەیاند کە ئەمریکا بەهەموو شێوەیەک پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و هەربۆیەش لە وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران بەشداری کردووەو زۆربەی درۆن و مووشەکییەکانی بەر لەوە بگەنە سەر سنووری ئیسرائیل لە ئاسمان تەقاندووەتەوە. رابێرت وود گوتیشی هەوڵەکانی ئێران بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچە بەردەوامن و داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ئێران پابەند بکات، بە یاسا نێودەوڵەتییەکان. 

باربارا وودوارد نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ لەبەرامبەر هەڵسوکەوتە قبووڵنەکراوەکانی ئێران یەک دەنگ بن. باربارا وودواردیش پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل دووپاتکردەوەو بەتووندی هێرشی ئێران بۆ ئیسرائیلی ئیدانە کرد و، راشیگەیاند کە بەریتانیا پشتیوانی خۆی لە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی وەکوو ئۆردن و عێراق دووپات دەکاتەوە.

لەبەرامبەریشدا رووسیا لەو کۆبوونەوەیەدا بە ئاشکرا پشتیوانی لە ئێران کرد، واسیلی نیبینزیا نوێنەری رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشیش رەخنەی لە ئامادەبوونی سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو کۆبوونەوەیە گرت و رایگەیاند لە کۆبوونەوەی سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵگەری ئێران بەشداری نەکردووە، و بە بەشداری ئێستای گۆترێس دەریدەخات کە لایەنگری دەکات. نوێنەری رووسیا رایگەیاند کە ئێران مافی ئاسایی خۆی بووە کە تۆڵەی خۆی بکاتەوەو پێشیوابوو کە وڵاتان دەبێ‌ هەڵسوکەوتی ئیسرائیل لە ناوچەش لەبەرچاو بگرن و تەنیا گوشار بۆ سەر ئێران نەهێنن.

دواتر گیلاد ئیردان نوێنەری ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکە لە وتارەکەیدا بەتووندی رەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت کە نایانەوێ‌ قبووڵی مەترسیداربوونی ئێران بکەن و لەدژی ناوەستنەوە. ئیردان گوتی هیچ جیاوازییەک لەنێوان رایش و نازییەکان و کۆماری شیعەی ئیسلامی ئێران نیە، بەگوتەی ئەو خامنەیش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ هیتلەر نیە. نوێنەری رووسیا رایگەیاند کە ئێران و پرۆکسییەکانی ئیسرائیلیان گەمارۆ داوەو چەندین ساڵە هەوڵی لەناوبردنی وڵاتەکەی دەدەن، هەربۆیە ئیسرائیل بە مافی خۆی دەزانێت کە بەهەموو شێوەیەک بەرگری لەخۆی بکات. گیلاد ئیردان داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ئەگەر خامنەیی خاوەن چەکی ئەتۆم بێت، چی لەناوچەو جیهان روودەدات، هەربۆیە رایگەیاند کە ئەوان تۆڵەی خۆیان دەکەنەوەو داواشی لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە گوشارەکانیان بۆ سەر ئێران زیاد بکەن.

لەکۆتاییدا نوێنەری ئێرانیش‌ رایگەیاند کە ئەوان تۆڵەی خۆیان لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵگەرییەکەیان کردووەتەوەو هیچ شوێنیکی مەدەنی و ئابووری ئیسرائیلیان نەکردووەتە ئامانج و تەنیا ناوەندە سەربازییەکانیان کردووەتە ئامانج. نوێنەری ئێران هەڕەشەی وڵاتەکەی دووپاتکردەوەو رایگەیاند کە نایانەوێ لەگەڵ ئەمریکا بکەونە شەڕو ناکۆکی، بەڵام ئەگەر ئەمریکا بیەوێ لەبەرژەوەندییەکانیان بدات، ئەوانیش‌ بنکە سەربازییەکانیان لەناوچە دەکەنە ئامانج.

0

هێڵی ئاژاوە..چۆن نەیارانی ئەمریکا یەکدەگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەزمی جیهانی
کەیوان رەشووزادە لەدۆخێکی خراپی تەندروستیدا، لەمانگرتن لەخواردن بەردەوامە
ئەمیر کەریمی و پەیمان ڤیان وەکوو هاوسەرۆکی پژاک هەڵبژێردران
کۆریدۆرەکان، ئامرازەکانی ئیمپریالیزمی تورکیا
راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران بەرەو کاڕەساتی مرۆیی دەروات
سۆلین یوسف دەرهێنەری فیلمی "براوە بە"