Weather widget for website

ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی راستەوخۆ لە ئیسرائیل دەکات

05.04.2024 09:43:47
ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی راستەوخۆ لە ئیسرائیل دەکات



ئێران لەرێگەی بالیۆزخانەی سوئیس، ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە وەکوو تۆڵەی هێرشکردنی سەر کونسوڵگەرییەکەیان لە دیمەشق، ئیسرائیل دەکەنە ئامانج. لەبەرامبەردا ئیسرائیلیش هۆشداری بە ئێران داوە کە ئەگەر ئەو کارە بکات، قۆناغێکی دیکە لە ئالۆزییەکان دەستپێدەکات.

دوای ئەوەی ئیسرائیل لەرێگەی فرۆکەو مووشەک بینای کونسوڵگەری ئێران لە دیمەشقی کردە ئامانج و بەو هۆیەوە چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کوژران، تاران لە بەرزترین ئاستدا رایگەیاندووە کە تۆڵەی ئەو هێرشە لە ئیسرائیل دەکەنەوە. ئەژانسی رۆیتەرز هەر زوو رایگەیاند کە تاران لەرێگەی دیپلۆماتکارە سوئیسییەکانی تاران، واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەوان تۆڵەی خۆیان راستەوخۆ لە ئیسرائیل دەکەنەوە. 
عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامی سەرەخۆشیکردن بۆ کوژرانی فەرماندەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند کە تۆڵەی کوژرانی ئەو پاسدارانە دەکەنەوەو وادەکەن کە ئیسرائیل لە کردەوەکانی پەشیمان ببێتەوە. ئەوەش‌ وەکوو فەرمانێک بە لایەنە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئێران لێکدرایەوە، هەربۆیە فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران و سەرۆککۆماری ئێرانیش راستەوخۆ دووپاتیانکردەوە کە تۆڵەی خۆیان راستەوخۆ لە ئیسرائیل دەکەنەوە.

لەبەرامبەردا ماڵپەری ئەکسیوسی ئەمریکایی لەسەر زاری بەرپرسانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل بە ئامریکای گوتووە کە ئەگەر ئێران بەپاساوی تۆڵەکردنەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوان بەشێوەیەک وەڵام دەدەنەوە کە قۆناغێکی نوێ لە ئاڵۆزییەکان دەستپێدەکات. ژمارەیەک ئەکاونتی ئەمنی نزیک لە مووسادیش لە ٤٨ کاتژمێری رابردوودا هۆشذاریان بە ئێران داوە کە ئەگەر خاکی ئیسرائیل بکاتە ئامانج، بەشێوەیەک وەڵام دەدەنەوە کە خەریتەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگۆرن.

لە چەند ساڵی رابردوودا شەڕێکی گەرمی ناراستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەردەوام بووە، ئیسرائیل سەدان جار هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێرانی لە سوریا کردووەتە ئامانج، لەبەرامبەریشدا میلیشیاکانی نزیک لەئێران وەکوو حەماس، حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی هێرشیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل کردووە، بەڵام هێرشی راستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کونسوڵگەری ئێران لەتەنیشت بالیۆزخانەی ئەو وڵاتە دۆخەکەی ئاڵۆزکردووەو وەکوو هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر خاکی وڵاتێکی دیکە لێکدەدرێتەوە کە چەندین فەرماندەی پلە باڵای سوپای پاسدارانی تێدا کوژراوە.


0

هێڵی ئاژاوە..چۆن نەیارانی ئەمریکا یەکدەگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەزمی جیهانی
کەیوان رەشووزادە لەدۆخێکی خراپی تەندروستیدا، لەمانگرتن لەخواردن بەردەوامە
ئەمیر کەریمی و پەیمان ڤیان وەکوو هاوسەرۆکی پژاک هەڵبژێردران
کۆریدۆرەکان، ئامرازەکانی ئیمپریالیزمی تورکیا
راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران بەرەو کاڕەساتی مرۆیی دەروات
سۆلین یوسف دەرهێنەری فیلمی "براوە بە"