Weather widget for website

وردەکاری هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کونسوڵگەری ئێران لەدیمەشق

01.04.2024 18:26:10
وردەکاری هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کونسوڵگەری ئێران لەدیمەشق



دوا نیوەرۆی ئەمرۆ دووشەممە فرۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بینای کونسوڵگەری ئێران لەدیمەشق و شوێنی مانەوەی سەرکونسوڵی ئەو وڵاتەیان کردە ئامانج، سەرچاوەکان باس لە وێران بوونی بینای کونسوڵگەری و کوژران و بڕینداربوونی سەرجەم کارمەندان و ئەو کەسانە دەکەن کە لەناو بیناکەدا بوونە. هەواڵدری رۆیتەرزیش ئاشکرایکردووە فەرماندەیەکی باڵای سوپای قودس لەو هێرشەدا کوژراوە.

هەواڵدەری رۆیتەرز ئاشکراشیکردووە کە ئەو فەرماندەیەی کوژراوە ناوی محەمەد رەزا زاهیدییەو لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودسە، میدیا ئێرانییەکانیش ئەوەیان پشتراست کردووەتەوەو رایانگەیاندووە کە زاهیدی ساڵی ١٣٨٤ فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بووەو دواتر پەیوەندی بە سوپای قودسەوە گرتووەو فەرماندەی سوپای قودس لە سوریە و لوبنان بووە.

وەزارەتی بەرگری سوریە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە بینای کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە سەرجەم ئەو کەسانەی لەناو بیناکەدا بوونە کوژراون یان بڕیندار بوونەو پرۆسەی گەران بەدوای تەرمی کوژراوان و بڕیندارەکانیش بەردەوامە.

هاوکات رۆژنامەی یەدعووت ئاحرونووتی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل لەکاتێکدا ئەنجامدرا کە لە ناو بینای کونسوڵگەری ئێران کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان فەرماندەکانی سوپای پاسداران و رێکخراوی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین هەبووە، تاکوو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی دیکە ئەو هەواڵەی پشتراست نەکردووەتەوە، بەڵام کوژرانی فەرماندە باڵاکەی سوپای قودس راستبوونی ئەو هەواڵە بەهێزتر دەکات.

هەندێک سەرچاوەی نافەرمی ئاشکرایانکردووە، سەردا سەرتیپ حوسێن ئەمیروڵڵا بەرپرسی ناوەندی گشتی سوپای پاسداران بۆ کاروباری سوریە و لوبنان کە جێگری محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندە کوژراوەکەی دیکە بووە، کوژراوە. 

لەگەڵ هەمووی ئەوانەش بالیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق رایگەیاندووە کە تاکوو ئێستاش ناتوانن بە وردی ژمارەی کوژراوەکان رابگەیەنن و گەران و پشکنین لەناو بیناکەدا بەردەوامە. هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل راستەوخۆ بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام گوتەبێژی فارسی زمانی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆری کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیویەتی، "ئەمجارە زۆر بە تووندی و جیدی لە تەنیشت بالیۆزخانە دراوە، دەبێ ئامانج و پەیامەکەی چی بێت؟"


2

هێڵی ئاژاوە..چۆن نەیارانی ئەمریکا یەکدەگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەزمی جیهانی
کەیوان رەشووزادە لەدۆخێکی خراپی تەندروستیدا، لەمانگرتن لەخواردن بەردەوامە
ئەمیر کەریمی و پەیمان ڤیان وەکوو هاوسەرۆکی پژاک هەڵبژێردران
کۆریدۆرەکان، ئامرازەکانی ئیمپریالیزمی تورکیا
راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران بەرەو کاڕەساتی مرۆیی دەروات
سۆلین یوسف دەرهێنەری فیلمی "براوە بە"