Weather widget for website

زۆربەی لایەنە سیاسییەکان پەیمانیان لەگەڵ رێبازی پێشەوا نوێکردەوە

29.03.2024 16:10:43
زۆربەی لایەنە سیاسییەکان پەیمانیان لەگەڵ رێبازی پێشەوا نوێکردەوە


ئەمرۆ ١٠ی خاکەلێوە ساڵرۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد سەرۆککۆماری کۆماری کوردستانە، بە بۆنەی ئەو رۆژەوە زۆربەی لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوازی و راگەیاندراوی جیاواز پەیمانیان لەگەڵ کۆماری کوردستان و سەرۆککۆمارەکەی نوێ کردەوە.


مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەریی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە لەم رۆژەدا کە بە رۆژی شەهیدانی کوردستان ناودێر کراوە، سەردانی گڵکۆی شەهیدان و بنەماڵەکانیان بکەن و پەیمانی درێژەدان بە رێبازی شەهیدان نوێ بکەنەوە.


هیجری لە پەیامەکەیدا ڕوونیکردەوە کە ١٠ی خاکەلێوە، مانایەکی هاوبەشی لای کوردستانییان هەیە، ئەویش درێژەدان بە رێبازی پڕ لەسەروەریی شەهیدان و زیندووراگرتنی رێبازی نەتەوەیی پێشەوای کوردانە. 

هاوکات کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە کە ئەگەرچی مەبەستی رژێمی پاشایەتی لە لەسێدارەدانی کۆماری کوردستان سەرکوت و تۆقاندنی بزوتنەوەی مافخوازانەو ڕەوای گەلی کورد لە رۆژهەڵات بوو، بەڵام نەک لەو پێناوەدا سەرنەکەوت، بەڵکوو هەڵوێست و خوێنی قازی محەمەد و هاورێیانی بوون بە بزوێنەرو بەستێنی درێژەپێدان بە رێگا و رێبازی رزگاری کوردستان. 


لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەی کۆمەڵەی شۆرشگێردا هاتووە، ١٠ی خاکەلێوە رۆژی ورە وەرگرتن و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ئاوات و ئامانجەکانی پێشەوا و هەموو گیانبەختکردوانی رێگای سەربەستی کوردستانە کە بە سەری نەترس و بەرزەوە تەنافی سێدارەیان لە مل کرد و بە وتەو کردەوەیان پیشانیاندا گەلی کورد لەپێناو گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانی سوورو شێڵگیرە.


هەر لەسەر ١٠ی خاکەلێوە، ساڵرۆژی شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەمەد حوسێن یەزدانپەنا سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوەو رایگەیاند کە هەر کوردستانییەک دەبێ بڕینی سەر گەردنی قازی محەمەد بە بڕینی خۆی بزانێ و ئێشی ئەو بڕینەی بۆ تازە بێتەوە. یەزدانپەنا داواشی لە خەڵک کرد لەو رۆژەدا جەماوەر سەردانی گڵکۆی پێشەوا قازی و هاورێکانی بکات، گوتیشی ئەگەر ئەوەش دەست نادات، هەر کەسەو لە شوێنی ژیانی خۆی بۆ رێزگرتن لەمێژووی خوێناوی و پڕسەروەری کوردستان و بەتایبەت پێشەوا قازی محەمەد ساتێک بەپێوە رابوەستێت و رابمێنێت.


هەر سەبارەت بە ١٠ی خاکەلێوە، ساڵرۆژی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەمەد سازمانی خەباتی کوردستانیش پەیامێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، لەمێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان دا، رۆژی ١٠ی خاکەلێوە، رۆژێکی خەمناک و بیرەوەریەکی تاڵ و دڵ بەژان و ئازارە، بەڵام لە هەمان کاتدا و لەبیرەوەری ئەو یادە دڵتەزێنەدا، خەباتکارانی رێگەی ئازادی پەیمان لەگەڵ ئامانج و خەباتی پێشەوای نەمر بۆ درێژەدانی رێگەی ئازادی و بە ئامانج گەیشتنی گەلەکەمان بە ئازاری نوێ دەکەنەوەو ئەو رۆژە وەک رۆژی پوچەڵکردنەوەی پلانی دوژمنانی گەلەکەمان پێناسە دەکەن.


جگە لەو رێکخراوە سیاسیانە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیان و کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی کوردستان بە پەیامی جیاواز پەیمانیان لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد و رێبازەکەی نوێکردەوە، هاوکات خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی هەینی ١٠ی خاکەلێوە، لە زۆربەی رەهای ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رێورەسمەکانی نەورۆزیان راگرت و، بەشێوەی جیاواز یادی پێشەوا قازی محەمەدیان کردووەو سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شۆرشی ژینایان کرد. ژمارەیەک لە بنەماڵەکانی شەهیدانی شۆرشی ژیناش بە پەیامی ڤیدیۆیی و نووسراو پەیمانیان لەگەڵ پێشەوا نوێکردەوەو ١٠ی خاکەلێوەیان وەبیرهێنایەوە.






0

هێڵی ئاژاوە..چۆن نەیارانی ئەمریکا یەکدەگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەزمی جیهانی
کەیوان رەشووزادە لەدۆخێکی خراپی تەندروستیدا، لەمانگرتن لەخواردن بەردەوامە
ئەمیر کەریمی و پەیمان ڤیان وەکوو هاوسەرۆکی پژاک هەڵبژێردران
کۆریدۆرەکان، ئامرازەکانی ئیمپریالیزمی تورکیا
راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران بەرەو کاڕەساتی مرۆیی دەروات
سۆلین یوسف دەرهێنەری فیلمی "براوە بە"