Weather widget for website

گرفتەکانی هێزی سیاسی و بژاردەی کوردستانی لە ڕوانگەی "سێ ئایندە"

13.03.2024 09:12:48
گرفتەکانی هێزی سیاسی و بژاردەی کوردستانی لە ڕوانگەی "سێ ئایندە"


سێ ئایندە یان سێ ئاسۆ، ئامرازێکە بۆ ستراتیژی و سیاسەتی پلانداڕشتن و ڕووبەڕووبوون لەگەڵ کێشەکان و سێناریۆ و بە تیوری و مودێلکردن و تێڕوانین بۆ گۆڕانکارییەکان و بەکارهێنانی شێوازی پێویست لە کات و زەمەنی گونجاو و بە پێی تایبەتمەندییەکان.
یەک: ئایندەی یەکەم پێی دەگوترێت "ئێستای درێژکراوە". گریمانەی سەرەکی ئەوەیە کە داهاتوو هاوشێوەی ئەوەیە کە ئێستا هەمانە یان دەتوانرێت بەراورد بکرێت بە ڕابردوو و ئێستامان. پرۆسەی مەعریفی 
مۆدێرن زۆرجار بە جۆرێکە کە وامان لێدەکات ڕوو لە زانستی ڕابردوو بکەین بۆ کۆکردنەوەی داتا و پەرەپێدان و فیلتەرکردنی هەندێک زانیاری بەسوود کە دەتوانن یارمەتیدەرمان بن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانێک. ئەو پرۆسە مەعریفییەی کە لەم قۆناغەدا باڵادەستە، زاڵە بەسەر ڕێکاری توێژینەوەی ئێستادا و چوار تایبەتمەندی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە دەتوانن وەک بەربەست لە پرۆسەی مۆدێلکردنی داهاتوودا کاربکەن:
ئەلف: بیرکردنەوەی هێڵی کە لەسەر بنەمای پەیوەندی هۆکار و بەرهۆ دامەزراوە و هاوکات، هەڵگری ئاڵۆزی و ئاژاوەی فراوانە لە سەردەمی دوا ئاساییدا. ڕێبازێکی لەو شێوەیە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی چاوەڕوانییە ناعەقڵانیەکان و بەرهەمهێنانی تەنبەڵی فیکری.
ب: ئێستقرا کاتێک سنووردارە کە دەرئەنجامدان سەبارەت بە بابەتێکی گشتی لەسەر بنەمای وێنای سنووردار بێت. لێرەدا ڕووداوێک یان واقعێکی بچووک دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری توند وگەورە لە واقیعی ئاڵۆزی کاتەکانی دوائاسایی، بۆیە ئێستقرا لەسەر بنەمای وێنای سنووردار، ڕەنگە وێنەیەکی بەشەکی و کۆکراوە دابین بکات و ڕاستییەکان بە هەڵەدا ببات.
پ: دووانە بیرکردنەوە کە ئەگەر شتێک ڕاست بێت پێچەوانەکەی هەڵەیە. لێرەدا کێشەیەکی دوولایەنە سەرهەڵدەدات:
- پـێشگریمانەیەکی لەو شێوەیە هەوڵە شیکارییەکان تووشی گرفت دەکات.
- کوانتەم کار ناکات
ت: پسپۆڕی بواری تایبەت، کە پۆلێنکردنی ورد و بەشکردنی زانستە. لە ژێر ئەم بارودۆخانەدا شیکارییەکە سادە دەکرێتەوە چونکە بابەتەکانی لێکۆڵینەوە دابەش دەکرێن بۆ پێکهاتەکان و ئاراستەی گشتی لەدەست دەچێت، جگە لەوەش لە کاتەکانی دوائاساییکردنەوەی سیستەمی ئاڵۆز ناتوانرێت بە پەیوەندییەکی میکانیکی سادەی تاکە بەشەکان بنیات بنرێتەوە. بە بیرکردنەوەی هێڵی کاردەکات بەڵام خۆی لە بیرکردنەوە لە بەدیلەکان دەپارێزێت کە گرینگە بۆ دروستکردنی بژاردەی داهاتوو.
کەواتە بۆیە پێی دەگوترێت ئێستای درێژکراوە، چونکە سیناریۆکانی، پێوەندی و بەردەوامییەکی زۆریان لەگەڵ ئێستا هەیە. بە واتایەکی تر هەر وەک جاران دەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی کەمێک جیاواز گریمانەی یەکلایەنەیە.
دوو: ئایندەی دووهەم کە بە "داهاتووی ئاشنا"ش ناسراوە، لێکۆڵینەوەیە لە بارودۆخە تێکدەرەکان بەبێ ئەوەی هەوڵی پەیوەستکردنی داهاتوو بە ئێستاوە بدرێت، بە کام ئاراستەدا دەڕۆن و چ کاریگەرییەکیان دەبێت؟ هیچ شتێک ناتوانرێت بە شتێکی ئاسایی وەربگیرێت، بە سەرچاوەی زانیاری و تایبەتمەندییەکانیشەوە، ئەم دۆخە هانمان دەدات بۆ بەکارهێنانی ڕێبازێکی بەین زانستی بۆ لێکۆڵینەوە چونکە بۆ نموونە هەندێک ڕەفتار لە ڕوانگەی ئابووری یان سیاسی، دەتوانێت ڕوون نەکرێتەوە، بەڵام لە ڕوانگەی ئایینی یان فەرهەنگی، جێگای تێگەیشتن بێت.
لێرەدا ڕەنگە تووشی بارودۆخێک ببینەوە کە ئەوەندە نائاسایی و نوێ بن کە بە سادەیی ئەزموون و زانیاری پێشوەختەمان نییە بۆ لێکدانەوەیان، پاشان بۆ ئەوەی داهاتوو بنیات بنێین دەبێت ئارگیومێنتی گریمانەیی هەڵبگرین و گریمانە لەسەر پێشهاتەکانی داهاتوو بکەین.
لە ئایندەی دووهەم، بژاردەکانت نەک تەنها بە پشتبەستن بە داتاکان و ئاماری ئەزموونی ئاشنا، بەڵکوو تێڕوانین، ناخودئاگا، زانست، وێنە، خەیاڵ، فیلم یان مێدیا و کامپیۆتەر سنووری فراوانبوونی، دادەمەزرێنێت.
ئەمە یارمەتیدەرە بیرکردنەوە و سیستەمی مەعریفی پەرە دەستێنێت و تێگەیشتن ددرووست دەکات بەرەو داتا و ئاسۆی نوێ و نائاسایی.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەنجامی ئایندەی یەکەم دەتوانێت وەکو تەختەیەکی پەڕینەوە بۆ ئایندەی دووهەم و ڕوونکەرەوەی ئەو پێکهاتانەی بێت کە بۆچی و چۆن لە ئایندەی یەکەمدا پشتگوێ خراون.
ئایندەی دووهەم پێویستی بە بڕێکی دیاریکراو لە خەیاڵ هەیە بۆ ئەوەی لە ڕاستیدا داهاتوویەکی بەدیل دروست بکات، ئەمەش دەتوانێت زۆر کارا بێت بۆ ئەو کەسانەی کە ڕاهاتوون بە کارکردن لە چوارچێوەیەکی دۆگماتیکی ڕەقدا.
سێ: ئایندەی سێهەم یان "داهاتووی بیرلێنەکراوە" یارمەتیدەرە بۆ بەرفراوانترکردنی بەدیل و جێگرەوە سەراتییەکان و بژاردە پەسەندکراوەکان.
چەمکی بیرلێنەکراوە ڕۆڵێکی گرینگی لەم پێناسەدا هەیە و واتای ئەوەیە لە دەرەوەی مەرج و ئەکسیۆمەکانی جیهانبینی ئێمەدا بیر دەکاتەوە و لە دەرەوەی سنوورەکانی خەیاڵ و عەقڵی باو و سیستەمی مەعریفی ئێستا و ئێرەدایە.
لە ئایندەی سێهەمدایە کە زانست و زانیاری پێشوو، پرسیاری لێ درووست دەبێت، یاساکانی دەچێتە ژێر پرسیار، تووشی ڕەخنە و نکۆلیکردن دەبێت، داتای نوێ و ئاڵۆزی نوێ، پێناسە دەکرێت و فوڕموولە دەکرێت، داهاتووی گریمانەیی، وێنا دەکرێت و تێگەیشتنی بەرفراوانتر و قووڵتر بۆ ئاسۆی دواڕۆژ، عەقڵێکی نوێ و مەعریفەی نوێ و ئەنجامێکی نوێ، دەخولقێنێ.
٭٭٭٭
لێرەدا دوای پێناسەکردنی سێ ئایندە، ئاماژە دەکرێت بە گیرو گرفت و کێشەگەلێک کە ئێستاکە نەک بەرەوڕووی هێزە سیاسییەکانی کوردستانە بەڵکوو کۆمەڵێکی بەرچاو لە بژاردە و ئێلیتی کۆمەڵگای کوردستانیشی لە خۆ گرتووە و نیشانەگەلێکی بەرچاوی تێدایە کە لە باشترین حاڵەتدا، هێزی سیاسی کوردستانی و ئەو کۆمەڵە بژاردەیە، تەنیا بە پێی دوو ئایندە، بەرنامەداڕشتن، بیر کردنەوە، لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە، هەڵسووکەوت و ڕەفتار، و ئانالیزی ڕووداوەکان و چاو لە داهاتوو دەکەن و ئایندەی سێهەم، بە دەگمەن پشکێکی هەیە لەو خاڵانەی باس کرا:
یەک: زاڵبوونی ڕابردووی درێژکراوە بە سەر ئێستادا و هەوڵدان بۆ درێژکردنەوەی سیستەم و سازمان و بیرکردنەوە و ئاخافتن و هەڵسووکەوت بە بیرکردنەوە دەربارەی ئایندە.
دوو: بیر کردنەوەی هێڵی و هۆکار و بەرهۆ بە کۆمەڵێک پاڕامێتری دەروونزا و دووپاتە و چەند پاتە و موعادلاتی زۆر سادە و ئاسایی کە زۆر جار تا ئاستی "موعادلەی یەک مەجهوولی" و بگرە "سیفر مەجهوولی" دادەبەزن.
سێ: گرینگینەدان بە ڕووداوە نوێکان لە سەر ئەساسی پاڕامێترگەلی نوێ کە دەرەنجامگەلی ئاڵۆز و پیچیدە وەدیدەهێنن و زۆرجار، ڕووداوگەلێک دەخولقێنن کە چونکی ئاگاداری و زانیارییەکان، پشتبەستوو بە ڕابردوون، وەک ڕووداو و واقیعی سەیر و سەمەر و چاوەڕواننەکراو دێنە ئەژمار و سیاسەت و هزر، تووشی حەپەسان دەکەن.
چوار: خۆ لادان لە پاڕامێترگەل و گۆڕاوە دەرەکییەکان بە جۆرێک کە زۆرجار، لێکدانەوەکان لە هەردووک بابەتی سیاسەت و هزر، وا دێنە بەرچاو کە گوایە ئێمەی کورد، لە دوورگەیەک، بە تەنیا دەژین.
پەنج: دووانەی گەر ئەمە ڕاستی بێت ئەوەی بەرانبەری حەتمەن هەڵەیە و بگرە هەرچێک بێجگە بیرۆکە و ڕوانین و هەڵسووکەوتی من، لە دەرەوەی حەقیقەت و بەڕژەوەندی و خێری گشتییە، بە سەر مێشکی زۆرینەی ڕەهای سیاسەت و زۆرینەی ڕێژەیی هزردا زاڵە.
شەش: پیرۆز کردنی ڕابردوویەک بە مێژوو و کەسایەتی و ڕێگەنەدان بە ڕەخنە، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی بەردەم ئایندەی یەکەمە کە هۆکارە بۆ بەردەوامبوون لە هەڵەکان و خولانەوە نێو بازنەدا.
حەوت: لای مرۆڤی سیاسی کورد بە زۆرینەی ڕەها و هزروان بە زۆرینەی ڕێژەیی، کوانتۆم کار ناکات، هەموو لێدوان و بۆچوون و ئەنجامگیریەک، ڕەهایە و گریمانەکان، کەمترین بەها و بەکارهێنانیان هەیە.
هەشت: پسپۆڕی بواری تایبەت لە بەشی هزریدا، تەنیا لە کۆنەڕۆچنەی پسپۆڕایەتی خۆی بۆ ڕووداوەکان دەڕوانێ کە واتە چونکی "زۆرتر و زۆرتر لە بارەی کەمتر و کەمتر دەزانێت" تەنیا لە یەک گۆشە نیگا دەڕوانێ بۆ بابەت و ڕووداو و واقیع و ئەم دیاردەش، ئاڵۆزی گەورەی لێ پەیدا دەبێت. وەک ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەم بابەتە، مێکانیکی ئوتۆمبیلێک بێنە بەرچاو کە کێشەی تڕۆمبیلەکە، تەنیا لە ڕوانگەی کارەبا ببینێت و گرینگی بە کێشەکانی دیکە نەدات یان نەیهەوێت بیانبینێ.
نۆ: کێشەیەکی دیکەی پێوەندیدار بە بیر کردنەوەی هێڵی کە وەک تایبەتمەندی هاوبەشی سیاسەت و هزری کوردستانی دەبێت سەیر کرێت ڕۆچنەی تەنگی ئیسم و ئایدیۆلۆژییە کە هەوڵ دەدرێ، تەنیا لەو ڕێبازەدا، بڕوانێت بۆ داهاتوو و بەو فورمووڵاسیۆنەی وا پێی ڕاهاتووە، ئایندە بخوێنێتەوە.
دە: گریمانە و پێشبینی بەدیلەکان و "لەوانەیە ڕوو بدەن"، "ئەگەر ڕوویاندا چی بکەین"، "ئەسڵی نادڵنیایی" (عدم قطعیت)، بە ڕێژەیەک بەرچاو، لای سیاسەت و هزری کوردی بوونی نییە.
یانزە: نائاسایی، هەمیشە سیاسەت و هزری کوردی دەشڵەژێنێ و بۆ ئارامی دووبارە، یان پەنا بۆ ڕابردوو دەبات یان وەهمی پیلان یان "خۆمی خاوین و دراوسێی ناپاک".
دوانزە: خەیاڵ و وێناکردنی داهاتوو، بە هۆی ئەوەی ناتەبایە لەگەڵ ڕابردوو و ئێستا، لای سیاسەت بە ڕەهایی و لای هزر بە ڕێژەیی، تا ئاستی تاوان و خولیای شێتانە بەرز دەبێتەوە. هەموو شتێک ئەو واقیعە سەقەت و نوسک و ناهۆمێدەیە کە پێشتر، ئێستای نالەباری ئێمە، هۆنیوەتەوە.
سیانزە: چوارچێوەی دوگماتیکی ڕەق، بە دەگمەن ڕێگە دەدات بە بیرکردنەوە لە "داهاتووی بیرلێنەکراوە".
چواردە: ترس و تێنەگەیشتنی سیاسەت و هزر لە ماتماتیک، سیاسەت و هزری ڕاوناوە بەرەو فەلسەفەیەکی وەهمی دۆ و دۆشاو کە جێگرەوەی سوکناییدەر بێت بۆ هەڵاتن لە بیر کردنەوە لە داهاتووی بیرلێنەکراو.
ئەنجام: بە پێی مۆدێلی سێ ئایندە و پێناسەی مۆدێلەکە، هەوڵی ئەوە درا کە ڕۆشناییەک بخرێتە سەر ئەو وێنایە کە سیاسەت و هزری کوردستانی بۆ داهاتووی پرسی کورد دەیکەن. لە ڕاستیدا چ لە ئایندەی ئێستا وەک ئایندەی یەکەم، و چ لە ئایندەی ئاشنا وەک ئایندەی دووهەم، ئەو گرفتگەلە کە باسیان لێکرا بە ڕوونی و زۆر زەق دەبینرێت و ئەگەر ئەم دوو ئایندە، وەک تەختەی پەڕینەوە بۆ ئایندەی سێهەم یان ئایندەی نائاشنا، ببینرێتەوە هەروەها کە لە پێناسەی مۆدێلەکەش ئاماژەی پێکراوە، سەرشکستەکانی یەک و دوو، ئاستەنگێکی گەورەیان لە بەردەم گرینگی بەخشین و ڕوانین و بەکارهێنانی ئایندەی سێهەم لە سیاسەت بە ڕەهایی و هزر بە ڕێژەیی کوردستان و کورد دروست کردووە.
بڕوانە بۆ:
Future Study
هەروەها:
Three Horizons
ماڵپەڕێک بۆ زانیاری زۆرتر دەربارەی داهاتوو توێژی:
Journal of Futtures Studies



0

ئیسرائیل دەبێ جۆن بجوڵێتەوە، عەقڵانییەت لەسیاسەتی نێودەوڵەتییدا
گرفتەکانی هێزی سیاسی و بژاردەی کوردستانی لە ڕوانگەی "سێ ئایندە"
عمیق‌تر از شادی و عظیم‌تر از غم
داستان این دو شهر (نگاهی بە وضعیت هستی شناسانە کوردها در انتخابات اخیر اورمیە)
ئایا تورکیا و ئێران لەسەر ئازەربایجانی رۆژئاوا بەرەو پێکدادان دەچن؟
دین و نیشتمان لە ڕوانگەی بابا سەرهەنگ و حاجی وە