راپۆرتی مەیدانی رۆژهەڵات نیوز
تووڕەییەکی کۆمەڵایەتی رۆژهەڵاتی کوردستانی داگرتووە، شەڕی خێزانی یان کۆمەڵایەتی کە کوشتنی لێدەکەوێتەوە، ئەو دزە چەقۆ بەدەستانەی دەمامکیان بەستووەو تەنانەت کوشتنی دراوسێیەک تەنیا بەهۆی دەنگەدەنگێی ئاسایی، نموونەیەکن ئەم رۆژانە لە رۆژهەڵات دەبینرێن.
رۆژی یەکشەممە ٣١ی جۆزەردان دەمەقاڵەیەکی ئاسایی نێوان دوو کەس لە دەشتی عەباسی دێلۆران شەڕێکی بەکۆمەڵی لێدەکەوێتەوە، شەڕەکە ٢ کوژراو و ٣ بڕینداری لێکەوتەوە. ئەوە نموونەیەکی هەرە نوێی تەقینەوەی تووڕەیی هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە خوێن تێیدا دەرژێت.
٢٦ی جۆزەردانیش لەناو شاڕی سنە گەنجێکی ٢٦ ساڵان لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەی دەکوژرێت، لێرەش هەر وەکوو نموونەکەی دەشتی عەباس چەکی گەرم لەئارادا نەبووە، بەڵکوو بە چەقۆ لەو گەنجە دراوەو کوژراوە.
تووڕەیەکە گەیشتووەتە ناو دراوسێکانیش، باوکێک لە شاڕی ورمێ بە قەمەی دراوسێ تووڕەکەی دەکوژرێت و کوڕەکەشی بڕیندار دەبێ. مۆبینا کچی ئەو کوژراوە بە رۆژنامەی هەمشەهری ئێرانی گوتووە: "دراوسێ تووڕەکەمان تەنیا بەهۆی دەنگەدەنگێکی ئاسایی رۆژانە هاتە بەردەرکی ماڵمان و بە قەمە لە زگی باوکمی دا و کوشتی."
ئێستا لەو یەک مانگەدا دزەکانیش تووڕەترن لە جاران، سێ کەسی دەمامکدار لە تەپەی قازی شاڕی مەهاباد دەچنە ناو حەوشەی ماڵێک و هەوڵ دەدەن دایکی ماڵەکە ببەستنەوە بۆ ئەوەی بتوانن پوڵ و ئاڵتوونی ژنەکەو هەرچی لەناو ماڵدا هەیە بیبەن، ژنەکە بەڕگری دەکات و دەمامکدارەکان ناچار دەکات، ڕابکەن. بەڵام هەر لەو مانگەدا لە ئاواییەکانی دەورووبەری مەهابادیش ژمارەیەک دزی دەمامکداری قەمە بەدەست هەمان هەوڵ دەدەن. چەقۆ، دەمامک و ماشێنی بێ پڵاک بوونەتە مۆتەکەی خەڵک لە مەهاباد و دەورووبەری.
ئەوانە بەشێکن لە دەیان نموونەی شەڕ و پێکداهەڵپرچانی کۆمەڵایەتی و دزیکردن کە لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە، هۆکارەکان زۆرن و یەکێک لەوان دۆخی خراپی ئابووری و تووڕەیی پەنگخواردوویی دیکە و بەتاڵکردنەوەی لە شوێنێکی دیکە.
دکتورێکی دەروونناسی دانیشتووی یەکێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو دۆخە هەتا ڕادەیەک بە ئاسایی دەزانێت، لەگەڵ ئەوەی هۆشداری لە پەرەسەندنی دەدات. ئەو دەروونناسە بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند:" دۆخی ئابووری خراپە، کۆمەڵگە لە دوای کوشتارەکەی بەفڕانبار تووڕەو هەستیان بە بێهیوایی کرد، دواتر لەدۆخی شەڕی ٤٠ رۆژەدا ئەگەرچی هەستیان بە هیوایەک دەکرد، بەڵام لە دەروونیاندا هەستیان بە کۆڵەوارییەک (درماندگی) دەکرد."
بەرای ئەو دکتورە لە دۆخی (درماندگی آموختەشدە)-دا مرۆڤ بەدوای نزیکترین کەسدا دەگەرێ کە تووڕەییەکەی بەسەردا بەتاڵ بکاتەوە، لێرەدا بنەماڵەو دەورووبەری نزیکترین کەسن بۆ ئەوەی کۆڵەوارییە گشتییەکەی خۆی بەسەردا بەتاڵ بکاتەوە. هاوکات ئەو دەروونناسە پێشیوایە دۆخی خراپی ئابووری کارئاسانییەکی دیکەشی بۆ هەڵڕشتنی ئەو تووڕەییە بە هاووڵاتیان داوە. هەربۆیە ئەو خەڵکەی لەرووی سایکۆلۆژییەوە داماوەو سفڕەکەشی خاڵییە، جۆری تووڕەبوونەکەی ئینفجارییەو ئەو دۆخەی لێدەکەوێتەوە کە ئێستا دەیبینین.
لەگەڵ ئەوەی رۆژانە رێژەی تووندوتیژییەکان لەناو شارەکان زیادیکردووە، هاوکات دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی رژێمیش بێدەنگییەکی ماناداریان هەڵبژاردووە. رۆژهەڵات نیوز لە سێ شاری بۆکان، سراوڵە و سنە بەدواداچوونێکی مەیدانی کردووەو لەرێگەی هاوکارەکانی کاردانەوەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەو دۆخەی تاقیکردووەتەوە. لەهەر سێ شارەکە کاتێک لەدۆخێکی ئاوادا پەیوەندی بە ١١٠ دەکرێت، یان وەڵام نادەنەوە، یانیش بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ رووداوەکە دەکەن کە گوایا هیچ رووینەداوە. سەرچاوەیەک لە سەراوڵە دەڵێ ئێستا دۆخەکە وەکوو سوودانی جنوبی لێهاتووە، دزی دەمامکدارەکان، شەڕو نیزاعی بنەماڵەیی یان خیابانی و تەنانەت چاندنی گوڵی خەشخاش و مامەڵە بە مادەی هۆشبەر بۆ رژێم وەکوو شتێکی ئاسایی و عادی لێهاتووەو هیچ کاردانەوەیەکی لەبەرامبەریان نیە.