24 . ڕەشەمە . 2725
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

دۆخی شارەکانی مەریوان و پیرانشار - هەڕەشەی کۆشتن لە خەڵک دەکرێت

دۆخی شارەکانی مەریوان و پیرانشار - هەڕەشەی کۆشتن لە خەڵک دەکرێت
23 . ڕەشەمە . 2725

راپۆرتی تایبەت - رۆژهەڵات نیوز

لە شار سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆخێکی تەواو سەربازی و ئەمنیی هەیە، هێزێکی زۆری سوپای پاسداران بە جلوبەرگی کوردی لەسەر سنوورەکان جێگیر کراون، سوپای پاسدارانیش هەڕەشەی تەقەکردن لەهەر جۆرە جموجۆلێکی سەر سنوور دەکات.

ئەمرۆ شەممە ٢٣ی رەشەممە و دوێنێ هەینی ٢٢ی رەشەممە رۆژهەڵات نیوز قسەی لەگەڵ ٥ سەرچاوە لە شارەکانی مەریوان و پیرانشار کردووە، لەهەردوو شاردا دۆخ تەواو نائاسایی و ئەمنیەتییە، دەروازە سنوورییەکانیش وەکوو سەربازگەی لێهاتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەریوان بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، بنەماڵەی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و بەرپرسە ئەمنییە ناوخۆجێییەکان لە ناو شار نەماون. بینا ناسراوەکانی سوپای پاسداران، ئیدارەی ئیتڵاعات و تەنانەت نیروی ئینتزامی خاپوور کراون، ئەوانەی کە ماویشن، چۆڵ کراون.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا، فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکانی پاسداران و ئیتڵاعات بە یارمەتی ژمارەیەک چەکداری خۆجێیی سەر بەرژێم (جاش) لەهەندێک خانە تیمی جێگیر کراون. ئەو شایەتحاڵە وتیشی بیناییەکی دوو نهۆمی لە ناوەراستی شار کراوەتە شوێنی کۆبوونەوەی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتڵاعات، دوکانەکانی ژێر بیناکەش ئەوە زیاتر لە هەفتەیەکە بە زۆرەملێ پێیان داخستوون.

هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە مەریوان بە رۆژهەڵات نیوزی گوت، بەچاوی خۆی دیتوویەتی کە جاشەکانیان لەسەر سنوورو لەناو دەروازە سنووری لەگەڵ باشوور جێگیر کردووەو فەرماندەو ئەفسەرە ناخۆجێیەکانیان لەسەر سنوورەوە گواستووەتەوە بۆ ناو شار. بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، هۆشداریان بە خەڵک و کۆڵبەران داوە، هەر جۆرە جموجۆلێک لەسەر سنوور بە هاوکاریکردن لەگەڵ بەگوتەی ئەوان دوژمنی ئەمریکایی-زاهیۆنی سەیر دەکەن.

هاوکات شایەتحالێکی دیکەش لە شاری پیرانشار رۆژی هەینی بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، بەرپرسە سەربازی و ئەمنییە غەیرە کوردەکانیان لە سنووری تەمەرچیان گواستووەتەوە بۆ ناو شاری پیرانشار و نەغەدە، لەجێگەی ئەوان رۆژی پێنجشەممە ئێوارە دەیان ئۆتۆمبیلی سەربازی چەکداری خۆجێیی (جاش)-یان رەوانەی سەر سنوور کردووە. بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، هەر لە سەرەتای رێگەی کۆنەخانە بەرەو سنوور هەتا دەگاتە سەر سنوور سێ خالی پشکنینیان داناوەو رێگەی چوون بەرەو سنوور-یان سنووردار کردووە، تەنانەت دانیشتووانی گوندەکانی تەمەرچیانیش بۆ هاتووچۆ کێشەیان بۆ دروستبووە.

بەپێی زانیارییەکان، لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرپرسە ئەمنی و سەربازییەکانی رژێم لە بیناکانیان-دا نەماون و بەیارمەتی جاشەکان لە ناو شار لە چەندین بینایی مەدەنی جێگیر کراون.