24 . ڕەشەمە . 2725
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

تایبەت - هەڕەشە لە کارمەندانی شاری سنه بۆ بەشداری لە رێورەسمی بەیعەتدان بە موجتەبا خامنەیی

تایبەت - هەڕەشە لە کارمەندانی شاری سنه بۆ بەشداری لە رێورەسمی بەیعەتدان بە موجتەبا خامنەیی
19 . ڕەشەمە . 2725

راپۆرت: رۆژهەڵات نیوز

لەشاری سنە و دەورووبەری سوپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەکان و حەراسەتی ئیدارەکان بەتووندی هەڕەشە لە کارمەندەکان دەکەن و داوایان لێدەکەن لە خۆپێشاندانە حکومییەکان و رێورەسمی کوژرانی خامنەیی بەشدار بن.

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران سوپای پاسداران لەهەموو شارێک رێپێوانی شەوانەی رێکخستووە، بۆ ئەوەی بەگوتەی خۆیان لەبەرامبەر هەڕەشە ناوخۆییەکان شەقامەکان چۆڵ نەبن. هاوکات بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، ئێستا ئەو گردبوونەوەیەی لایەنگرانی حکومەت جگە لە ئامانجی پێشوو، بۆ بەیعەتکردن لەگەڵ موجتەبا خامنەیی رێبەری ئێستاش بەکار دەهنێندرێت.
ئەمرۆ سێشەممە ١٩ی رەشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەشاری سنە بەرۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، لە سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممەوە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ سەرجەم کارمەندان ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێ لە گردبوونەوەی شەوانەی لایەنگرانی حکومەت بەشدار بن.
سەرچاوەکە خۆی کارمەندە و ناوی لای رۆژهەڵات نیوز پارێزراوە، ئاشکراشیکرد کە رۆژی رابردوو لە حەراسەتی ئیدارەکەی کۆبوونەوەیان پێکراوەو چەند ئەندامی سوپای پاسداران لەکۆبوونەوەکە بەشداربوونەو بەتووندی هەڕەشەی لێکردوون کە دەبێ لایەنگرانی حکومەت بۆ پوچەڵکردنەوەی بەگوتەی ئەو پیلانی "ضد انقلاب" لە شەقامەکاندا بمێننەوە، هاوکات راستەوخۆ ئاگاداریکردوونەتەوە کە دەبێ لە کۆبوونەوەی ئەمشەو (واتە شەوی رابردوو)-ی مەیدانی ئیقباڵ بۆ بەیعەتدان بە موجتەبا خامنەیی بەشدار بن. هۆشداریان بە کارمەندەکانی ئەو ئیدارەیە داوە، ناونووسی دەکرێن و ئەگەر بەشدار نەبن، حیسابی "ضد انقلاب"-یان بۆ دەکرێت.
لەگەڵ هەمووی ئەوانەش بەپێی ئەو وێنانەی لە گردبوونەوەی شەوی رابردووی مەیدان ئیقبالی سنە بۆ رۆژهەڵات نیوز نێردراون، ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس بەشدار بوونەو بە ڕوونیش دیارە تەنیا بنەماڵەی خانەی سازمانی و سوپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەکانی دیکەن و تەنانەت زۆرینەیان هەر کورد نین.
هەر لەرۆژی یەکەمەوە، ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی رژێم لەرێگەی میدیاکانیان بانگەوازی هاتنە دەری شەوانەی لایەنگرانی حکومەتیان بۆ بەگوتەی ئەوان پیلانی دوژمنان راگەیاند. لەو ماوەیەدا تەنیا لە شارەکانی قورەو بیجار بەشێک لەلایەنگرانی رژێم بەبیر ئەو بانگەوازەوە چوونە، بەڵام لەهیچ یەک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەس لەو خۆپێشاندانەی لایەنگرانی رژێم بەشدار نەبوونە.
بەپێی ئەو وێنانەی بۆ رۆژهەڵات نیوز نێردراون، لە شاری سنە، سەوڵاوا، کامیاران تەنیا ٣٠ بۆ ٤٠ کەسی بنەماڵەکانی سوپای پاسداران و خانەی سازمانی بەشدار دەبن، لەکاتێکدا لەو کاتەدا کۆی شارەکان چۆڵ دەبن و خەڵکەکە لەماڵەکانیان دەمێننەوە.