21 . ڕەشەمە . 2725
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

راگەیاندراوی بەپەلەی کۆمەڵگەی مەدەنی مەریوان

راگەیاندراوی بەپەلەی کۆمەڵگەی مەدەنی مەریوان
15 . ڕەشەمە . 2725

کۆمەڵگەی مەدەنی شاری مەریوان لە بانگەوازێکدا لەژێر ناوی "لەسەر قەیران، کێشە وپێشهاتەکانی شەڕ لە ئێران و کوردستان" حەوت داواکاری لە خەڵکی مەریوان و دەورووبەری دەکەن. لەپێشەکی بانگەوازەکەدا هاتووە:"ئەگەری دروستبوونی کێشە و گۆڕانکاری لە ئارادایە، هەربۆیە پێویستە هەموو هاووڵاتیانی ئازیز بە ورە و هیوا بە داهاتووییەکی گەش و باشتر، خۆیان بۆ تێپەراندنی ئەو دۆخە ئامادە بکەن."

لەدرێژەی بانگەوازەکەدا ئەو حەوت داواکارییە لە هاووڵاتیان کراوە:
١- داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەت مەریوان، سەوڵاوا، هەورامان دەکەین، هێمنی و ئارامی خۆیان و بنەماڵەکانیان بپارێزن و بەوردی و بە هیوایەکی گەش بە داهاتوو ڕەچاوی پێشهات و گۆڕانکارییەکان بکەن.
٢- پێویستە لەم کاتە هەستیارەدا، هەستی دڵسۆزی و هاوکاری و یارمەتی لە ئاستی بەرزی خۆیدا ببێت و هەمووان وێڕای پاراستنی گیان و ماڵی خۆیان، پاراستنی گیان و ماڵ و سامانی هاووڵاتیان بە ئەرکی خۆیان بزانن.
٣- لەم دۆخەدا کە باری ئابووری کۆمەڵگا و زۆربەی خەڵک تووشی قەیران بووە، لەوانەیە بازار لە گەڵ ئاستی کەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانی بژێوی ژیان رووبەروو ببێتەوە، هەربۆیە پێویستە خاوەن دوکان و بازاری پێداویستییەکان بە دوور لە بەرژەوەندی تاکەکەسی و قازانج خوازی لە پێشکەش کردنی تەواوی پێداویستییەکانی خەڵک، رۆڵی ئینسانی و کۆمەڵایەتی خۆیان بە تەواوەتی بگێرن.
٤- داوا لە هەموو دڵسۆزانی نیشتمان، ماموستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەر، ماموستایانی قوتابخانەکان، خەڵکی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی لەم کاتە هەستیارەدا رۆڵی دڵسۆزانە و نیشتمانپەروەرانەی خۆیان لە پێناو ئارامی هاووڵاتیان و ناوچەکە بگێرن.
٥- پێویستە ئیدارە و بنکە خزمەتگوزارییەکان (ئیدارەی ئاو، گاز، بەرق، شارەداری، بنکەکانی دابینکردنی بەنزین، گازوییل و سوتەمەنی، بنکەکانی سەڵامەتی و تەندروستی و …) لە ئەگەری هەر جۆرە پێشهات و بۆشاییەک، بە تەواوی توانای خۆیان لە ئەرکی خزمەتگوزاری بەردەوام بن.
٦- داوا لە هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین لەم دۆخەدا، خۆیان لە هەر جۆرە کێشەیەکی شەخسی و بنەماڵەیی بەدوور بگرن، لە ئەگەری هەر بۆشاییەکی ئەمنی و یاسایی، سەربەخۆ بڕیار نەدەن و پابەندی بەها و ئاکارە ئەخلاقییەکان بن.
٧- داوا لەهەموو لایەنەکانی ئەم شەڕە دەکەین، گیان و ماڵی سەرجەم هاووڵاتیان بپارێزن و شوێنی نیشتەجێبوون، بازار، قوتابخانە و شوێنە گشتی و خزمەتگوزارییەکان نەکەنە مەیدانی شەڕ و ئاڵۆزی.

بەهیوای سەڵامەتی و داهاتووییەکی پڕ لەخۆشی بۆ هەموو هاووڵاتیان
کۆمەڵگەی مەدەنی مەریوان
١٥ی رەشەمەی ٢٧٢٥