14 . ڕەشەمە . 2725
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

پێنج کۆ یەک ناقیس یەک

پێنج کۆ یەک ناقیس یەک
6 . ڕەشەمە . 2725

رۆژی سێی رەشەممە پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوپەیمانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران-یان راگەیاند. هاوپەیمانییەکە دەرەنجامی هەشت مانگ گفتوگۆکردنی حەوت لایەنی ناو ناوەندی دیالۆگ بوو. لەکۆتاییدا گەڵاڵەی هاوپەیمانییەکە بەفەرمی لەلایەن پێنج لایەن واژۆ کرا و دوو لایەن واژۆیان نەکرد و، لەدەرەوەی هاوپەیمانییەکە مانەوە. ئەو دوو لایەنەش کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانن.

ئەو کورتە نووسینە، نایهەوێ بە وردی باس لەهۆکاری نەچوونی ئەو دوو لایەنە بۆ ناو هاوپەیمانییەکە بکات. چوونکە هەم هۆکارە سەرەکییەکان پێشتر زۆر باسکراون و هەمیش هەردوولا لە راگەیاندراوێکدا تێبینییەکانی خۆیان باسکردووە. بەڵکوو باسەکە ئەوەیە ئەو پێنج لایەنەی کە لەناو هاوپەیمانییەکەدان، دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو لایەنە بکەن، گەڵاڵەکەیان واژۆ نەکردووە.

جگە لەوەی نەبوونی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران درزی خستووەتە ناو یەکدەنگیی کوردستانی، هاوکات جارێکیتر دەتوانێ روو بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دیسان وێنایی یەکنەگرتوویی بکات. عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری ئەو حیزبە لەدوای شکستی جۆرج تاون، نەیشاردووەتەوە کە ئیدەیەکی سیاسیی بۆ ئێران هەیەو ئیدیۆلۆگێکی زۆر باشی ئیدەو بەرنامە سیاسییەکەی خۆی بووە. (جیاواز لەوەی بەرنامەکانمان بە دڵ‌ بێت یان نا). موهتەدی لەئاستی میدیایی و نێودەوڵەتیدا جموجۆلێکی زۆری لە دوو ساڵ و بەتایبەت لە شەش مانگی رابردوو هەبووە، کەواتا نەبوونی لە ناو هاوپەیمانییەکە، دەتوانێ وێنایەکی نایەکگرتوو بە دونیای دەرەوە بدات.

هاوکات عەبدوڵڵا موهتەدی لە ئاستی ئۆپۆزسیۆنی سەراسەریدا سەرقاڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکە لە ئاستی ئێران-دا، ژمارەیەک کۆماریخواز و تەکنۆکرات لە زۆربەی تەیفەکانیان سەرقاڵی درووست کردنی هاوپەیمانییەکن و عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رۆڵی سەرەکی هەیە و تەنانەت بەو مەرجەی واز لە سکرتێری حیزبەکەی بهێنێت، پێشنیاری رۆڵ بینینی سەرەکیان لەو هاوپەیمانییە پێداوە. لەو بوارەدا هەم شەهریار ئاهی لە بەرنامەیەکی بی بی سی فارسی و هەمیش ئەمیر فەخرئاوەر لە رێورەسمی رۆژی کۆمەڵە لە کەنەدا باسیکرد.

کەوایە نەبوونی کۆمەڵەی شۆرشگێر لەو هاوپەیمانییە، رەنگە دوا ژوانی ئەو حیزبە و سکرتێرەکەی لە کوردستان بێت، بەڵام سەرەتا دەتوانێ، وێناییەکی نایەکگرتوو لە کوردستان روو بەدەرەوە بداتە دەست. ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری ئێران دەتوانن لە دژی خواستی یەکگرتووانەی کوردستانی بەکاریبهێنن و، هەتا رادەیەکیش ماوەیەک سوشیەڵ میدیایی کوردستان بەخۆیەوە لەرووە نەرێنییەکەی سەرقاڵ بکات. لەکاتێکدا شەخسی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی وەکوو سیاسییەکی کۆنەکارو زمانزان دەیتوانی و دەتوانێ یارمەتیدەرێکی سەرەکی هاوپەیمانییەکەی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێت.

لایەنی دووەم، کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە. ئەو حیزبە هەر لەسەرەتاوە بەهۆی هۆکاری ئیدیۆلۆژیی و بەپێی راپۆرتێکی رۆژهەڵات نیوز بەهۆی هەبوونی (پاک و خەبات) لە ناو هاوپەیمانییەکەدا بەشدار نەبوو. هەردوو هۆکارەکەش هەر ئیدیۆلۆژییەو تێبینییەکانی دیکەیشیان لە بەیاننامەیەکدا بڵاوکردووەتەوە. نەبوونی ئەو رێکخراوەیە لەناو هاوپەیمانییەکەدا نەک زیانی نیە، بەڵکوو بەهۆی سیاسەت و دیدی دژە ئیسرائیل و ئەمریکایی دەتوانێ سوودیشی هەبێت.

کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی ماناداری نەبووە، کە بتوانێ ببێتە هۆی وێناکردنی نا یەکگرتوویی روو بەدەرەوە. لەئاستی ئێرانیشدا ئەگەرچی حیزبێکی سەراسەری ئێرانی، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لە بلۆکبەندی سیاسییدا نیە و، لەمێژساڵە هێزی پێشمەرگەیەکی ئەوتۆشیان نیە و خەباتی چەکداریشیان بە فەرمی رەتکردووەتەوە. لەگەڵ هەمووی ئەوانەش نەچوونیان بۆ ناو هاوپەیمانییەکە زیاتر ئیدیۆلۆژیی و بۆ هێشتنەوەی بەدەنە کۆمۆنیستییەکەیەتییە، پێشتریش دەریانخستووە ئەگەر لەناو هاوپەیمانیی کوردستانیشدا نەبن، لەکاتە هەستیارەکاندا یارمەتیدەر و هاوکارن.